وه‌ڵام به پرسیارێکی رۆژنامه‌ی ڕوماڵ
ڕه‌خنه‌گری کورد، چ ڕۆڵێک ده‌گێڕێت له چاودێریکردنی ناوه‌نده‌کانی ڕاگه‌یاندندا به‌گشتی؟ پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و 2 بواره چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ باوه‌ڕناکه‌ی میدیای کوردی به ڕه‌خنه‌گره‌کانیشیه‌وه که‌وتونه‌ته قه‌یرانی بێپرسیاری، و نه‌بونی به‌رپرسیارێتی و، نه‌بونی جه‌ده‌لێک بۆ زانیاری و خوێندنه‌وه‌ی ڕوداو؟
تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن/ بۆئه‌وه‌ی به‌دروستی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه، ده‌بێت باش تێبگه‌ین له‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ سه‌رجه‌م میدیا‌و ڕاگیه‌یاندنێک هه‌یه به زۆرینه‌یان سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتن و، خه‌ریکی پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ن بۆ قازانجی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانیان و حیزبه‌کانیان به‌کار ده‌هێنرێن. ته‌نها بڕی ئه‌و سه‌روه‌ته مادیه‌ی ته‌رخان ده‌کرێت بۆ بردنه پێشی چه‌واشه‌کاریه‌کانی ئه‌و خه‌ته فکری و ڕۆشنبیریه‌ی که به شێک له نوسه‌ران و ڕه‌خنه‌گره‌کانیش ئیلهام به خشی ته‌مه‌ن درێژی نێو ئه‌و ڕاگه‌یاندنانه‌ن، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له نه‌خۆشی و ده‌ردو به‌ڵاکانی ناو خێزانه هه‌ژاره‌کان چاره‌سه‌ر بکات. ئاخۆ ده‌بێت هۆکار چی بێت بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌رده‌م بانگه‌شه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ژیانێکی باشتر ده‌کات، وا به ئه‌ندازه‌یه‌ک خه‌ریکی به‌رهه‌م هێنانی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنێکه، که ته‌نها وه‌ک کوته‌کی سه‌ر خه‌ڵکی وایه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی به‌ش مه‌ینه‌ت نه‌توانێت ئاوڕێک له خۆی و بوونه‌که‌ی بداته‌وه. ئه‌مڕۆ له هه‌رکات زیاتر ده‌رده‌سه‌ریه‌کانی نێو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خێڵه‌کی و چینایه‌تیه بۆ خه‌ڵکی ڕونتر ده‌بێته‌وه، که چیتر ئه‌وانه نوێنه‌ری خه‌ڵکی چه‌وساوه و ئازادی خواز نین، هێنده‌ی نوێنه‌رایه‌تی چینێک ده‌که‌ن که هه‌رچی هه‌یانه به‌ری ڕه‌نج و کڵۆڵی ئه‌و چینه‌یه، که ڕۆژانه ده‌کرێت به‌سوته‌مه‌نی بۆ بره‌و دان به‌ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌و چینه مشه‌خۆره. خۆ ئه‌گه‌ر پرسیار له ئه‌وه بکه‌ی که ڕه‌خنه‌گره‌کان له بێپرسیاری و نه بوونی جه‌ده‌ل دا ده‌ژین، ده‌بێت بپرسین کامه جۆر له ڕه‌خنه‌گر مه‌به‌سته؟ ئاخۆ مه‌به‌ست ئه‌و ڕه‌خنه‌گره‌یه که ئێستا له هه‌وڵی پینه‌و په‌ڕۆ کردنی ڕووه دزێو ناشیرینه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته و میدیاکه‌یدایه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌و توێژه له ڕه‌خنه‌گران بێت، ئه‌و کات ناتوانین وه‌ڵامێکی دروست بده‌ینه‌وه به قه‌یراناوی بوونی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستای ده‌سه‌ڵاتی کوردی، چونکی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتێک هه‌یه خۆی له بونیات و پێکهاته‌یه‌کی چینایه‌تیدا ده‌بینێته‌وه، بۆیه ئه‌و به‌شه له ڕه‌خنه‌گران وا بێتاقه‌تی خۆیان ده‌رده‌بڕن له‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌بوا به‌م شێوه‌ی ئێستای بێت و ده‌بوا به‌و شێوازه بێت که ڕه‌خنه‌گران باسی ده‌که‌ن، واته خه‌ریکی ڕیفۆرم کردن و میکیاج کردنه‌وه‌ی سه‌روسیمای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خۆی به‌بێ به‌رپا کردنی ئه‌و مه‌ینه‌تیانه‌ی سه‌رشانی خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش، ناتوانێت ئاوا به‌و ئه‌ندازه‌یه له عه‌نته‌ریاتی خۆیدا بژیه‌ت، ئه‌مه‌ش نه‌گه‌شتنه به ئامانجێک که‌سه‌رجه‌م خه‌ڵکی بتوانن به ژیانێکی شایسته به‌هره‌مه‌ند بن.
ئێستا ته‌وژمێک به‌ڕێوه‌یه، واته ته‌وژمی بێحورمه‌ت کردنی سه‌روسیمای ئینسانی بوون و نامۆ بوونی بارودۆخێک که بنه‌مایه‌کی وا نامێنێته‌وه ئیتر به‌هرچ نرخێک بێت بتوانرێت بۆ خه‌ڵکانێک خۆیان به ئازادی خواز و یه‌کسانی خواز ده‌زانن، بێن دیفاع له‌م ته‌وژمه هێرشکارانه‌یه بکه‌ن. ئه‌وه‌ی وا ئیستا بێئاسۆی له نێو خه‌ڵکیدا بره‌و پێده‌دا، ته‌نها له نه‌بونی وشیاری سیاسی ئه‌و بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه ناڕازیه‌دایه، که ڕۆژانه هه‌ست به ناعه‌داله‌تی ته‌رتیب کردنی ژیانی ده‌کات و له ئاوا بارودۆخێکدا، سه‌یر ده‌که‌ی هه‌رچی ده‌گری هه‌ر نارازیه، به‌ڵام هیچ کات بیر له‌وه ناکرێته‌وه ئه‌م ناڕازی بوونه چۆن ده‌توانرێت ڕێک بخرێت و به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه وه‌ڕێ بخرێت، که چیتر ڕه‌خنه گرتن و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه به‌ته‌نها به‌س نیه‌و، به‌ڵکو ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که سه‌رجه‌م پایه‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و چینایه‌تی ئه‌مڕۆی بزوتنه‌وه‌ی خێڵه‌کی و کوردایه‌تی له‌سه‌ر دامه‌زراوه ده‌بێت بگۆڕدرێت، به سیستمێک که به‌های مرۆڤ بوونی تیا پارێزراو بێت، واته ژیانێک که‌سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگا به‌هره‌مه‌ند بن له سه‌رجه‌م پێداویستیه‌کانی ژیانیان و داماڵینی هه‌رچی فه‌رهه‌نگ و که‌لتورێکه که بووه به دریژه پێده‌ری ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته چینایه‌تیانه.
ئه‌مڕۆ له نه‌بوونی هاتنه مه‌یدانی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئاو جه‌ماوه‌ریدایه، بۆ یه ڕه‌خنه‌گرانیش ته‌نها خه‌ریکی جۆرێک له بۆڵه‌بۆڵ و چاوکوێر کردنی جه‌ماوه‌ردان، ئه‌گه‌ر نا خۆ ئێستا زیاد له سه‌دان ڕۆژنامه و گۆڤار هه‌یه له کوردستاندا، به‌ڵام ده‌بێت بڵێین کاریگه‌ری ئه‌م به‌شه له میدیا توانیویه‌تی چ هه‌ڵوێستێک له زهن و بیر کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا دروست بکات؟ ئاخۆ به‌شێکی زۆر له‌و ڕۆژنامه‌و گۆڤارانه، هه‌ر خه‌ریکی دوباره کردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌وانه بۆماوه‌ییه نین، که له بری ئه‌وه‌ی خه‌ریکی ڕێکخستنی جه‌ماوه‌ر بن به‌دژی ناهه‌قیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران و ئه‌حزاب گه‌لێکی چوارده‌وری ده‌سه‌ڵات، توانیویانه چیتر بکه‌ن. ئه‌م خۆ دوباره کردنه‌وه‌یه ته‌نها سه‌روسیمای ناعه‌داله‌تی درێژه پێده‌دات، بۆیه تا له‌م شێوازه‌ی ئێستادا ژیان و گوزه‌ران بره‌وی پێبدرێت، نه ئاسۆیه‌کی روون بۆ ئاینده‌ی خه‌ڵکی کوردستان دیار ده‌بێت، وه نه ئه‌و ره‌خنه‌گرانه‌یش، که ئێوه باسیان ده‌که‌ن ده‌توانن بگه‌ن به‌و بڕوایه‌ی که ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئه‌وان پێی له‌سه‌ر داده‌گرن، هیچ کات ئه‌و پێداگریه نیه که به قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان ته‌واو ببێت، هێنده‌ی لاڵانه‌وه‌یه له‌ده‌سه‌ڵاتداران، که ڕۆحمێک به‌وان و به خه‌ڵکیش بکه‌ن.12/09/2009
هؤڵه‌ندا