وڵاتێکی بێ ژن … دلۆڤان عەلی
Closed
شارەکەی من
هەرچەندە سەر دێنم و دەبەم
بە درێژای کوچەکانت
بەقەدەر سێبەری کالیپتۆسەکانی دەروازەکەت
بۆنی خوێنی ژن و
سوتوی مەمک و
بۆنی بەناحەق کوشتنی ژنت لێ دێ
خودایە ئەگەر ژن نەبوایەن
کێ لە باغەکانی عەدەندا باغەوان دەبوون
کێ نیگای منی پڕ دەکرد لەو هەموو قەسیدە و شیعرانە
کێ کالیپتۆس و دارەکانی ئەم شارەی سەرخۆش ئەکرد
ئەگەر ژن نەبوایەن کڕنوشم بۆ باوەشی کێ بردبایە
خودایە
خۆ بۆخۆت ئاگات لێە
لێرە چۆن ژن بەردباران دەکرێ
هەر بەرد ئەگیرێتە ڕوخساری ژن
خوێنی ژن وەکە باڵندەیەک لە ئاسمان دایە
خودایە سەیرکە چۆن کوفر بەرامبەر ژن دەکرێ
خودایە
هەر من لێرە
نیگاکانم پڕن لە ژن
ژن بەشێکن لە جەستەم
خودایە من لەم وڵاتەدا هیچ شتێک نابینم
نە تۆ دەبینم نە پێغەمبەرەکان دەبینم
نە مرۆڤەکان دەبینم
ئەوەی دەیبینم و بەرچاوم دەکەوێ هەر ژنە ژن هەموو گیانم بۆتە ژن