Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
وێنەکانی یادەوەرییم …  باران

وێنەکانی یادەوەرییم … باران

Closed
by January 8, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

من (سەبا)ی فۆتۆگرافم. جیهان لە چاوی کامێراکەمەوە دەبینم. مێژوو لە چوارچێوەی وێنە دەگرم و دیمەن و بەسەرهاتەکان لەسەروەختی ڕوودان و بوونیان دا، بۆ هەمیشە جێگیر دەکەم. 

بەرگم وەک کچە قەرەجێکی دەشتەکی ئاودامان و ئاڵوواڵایە، لێ لە منداڵییەوە ڕاهاتووم، قژم بە شێوازی فەڕەنسی کوڕانە دەبڕم. ڕۆژانە ئەگەر لە وێنەگرتن نەبم، زۆرترینی کاتەکانم لە ستۆدیۆ تاریکەکەمدا، لە ژێر ڕۆشنایی شتنەوەی فۆتۆکاندا بەسەردەبەم.

وەک ئەوەی لەناو دەریایەک وێنە دا مەله بکەم. وەک ئەوەی لە جێی بەفر فۆتۆ باریبێت و من وەک زاڕۆیەکی تامەزرۆ، تەپوتلی بە ناودا بدەم و عەکس بەسەر خۆمدا بکەم، چواردەور و شتومەکی من، هەموو، پڕیانه لە ڕەسم. ناو جانتاکەم، داروبەردی ستۆدیۆکەم، سەر مێزی نان خواردن، ژێر سیسەمەکەم، سەر تاق و پەنجەرە و گشت سووچ و پەنای ماڵەکەم. هەموو پڕیانە لە وێنە و چوون ڕۆحی زیندوو هۆگریانم. من دیمەن بە دیمەنیانم لەبیرە، هەر ساتەوەختی وێنەیەکیان وەکوو دڵ لە هزرمدا لێدەدەن. 

دووان لەو وێنانەی چیرۆکەکانیان مەراقمە، پۆستەری دوکانە داخراوەکەی (سیامەند)ی ئاسنگەر و عەکسە پڕ حەسرەتەکەی (مینا)ی کفن درووە. ئەم دوو وێنەیە کسپەیان لێوە دێت. هەرچەند تەماشایان دەکەم، چوون پریشکی لەحیمەکەی سیامەند، فلاشی زنجیرەیەک وێنە لە یادەوەرییمەوە، شەوق دەدەنەوە. مەخابن کە وێنەکانی یادەوەرییم، ئەو دیمەنە قەتیسانەن کە بەر لە بەدەستەوەگرتنی کامێرا، زاکیرەم گرتوونی و ناخرێنە سەر پەڕەی فۆتۆ و ناشۆردرێنەوە.

شێوەی گەڕەکەکەم هەر لەبەر چاودایە. لە بەری ڕاستەوە بە ماڵی مینا دەستیپێدەکرد و لە بەری چەپەوە بە دوکانی ئاسنگەرییەکەی سیامەند کۆتایی دەهات. نازانم جوگرافیای چۆنکەوتنی شوێنەکان چەند کاریگەرن لەسەر چۆنییەتی قەدەری زاتەکانی جێگاکه بەڵام چۆنییەتی چارەنووسی سیامەند و مینا، دەکرێت ئاماژەیەک بن بۆ هەبوونی وەها پەیوەندییەک! ئەمە بۆیە دەڵێم چوونکە پاش کۆتا هەواڵ و بزر بوونی سیامەند، مینا بوو کە دەروازەی سەرەتای، هیوای دۆزینەوەی ئەو لاوەی لە دڵی خۆی دا کردەوە.

لەو سەروەختە دا، وڵات بە دەست بێ دادی ڕژێمەوە دەیناڵاند. ژیانی هەر تاکێک ناسەقامگیر بوو، ژینگەی ویست و خەونەکانیان، تەنگ تر لە مستی زۆردار دەینواند. سیامەندی روح سووک یەکێک بوو لە دڵگەرمترین گەنجەکانی شار کە تیشکی ژیان لە چاوەکانی دا، بەتین تر له کوورەی ئاگرەکەی بڵێسەی دەسەند. ئەو بە جلە ژەنگاوییەکانییەوە لە دەرکی دوکانەکەی دا، ئەزیزترین وێنەی یادەوەرییمه که دەمخواست پێڕابگەشتمایه و به چاوی کامێراکەم بمگرتایه.

بەوبەری دوکانەکەی سیامەندەوە، سەرتاشخانەیەک هەبوو. من وەکوو منداڵێکی گەڕەک، وێڕای کچ بوونم، دەچووم لەوێ پرچم کوورت کوورت دەکردەوە. هەمیشە سیامەند لە بەردەم سەرتاشخانەکە دەیگرتم، دەیدواندم و یاری لەگەڵدا دەکردم. ئەمە منی زۆر خۆشحاڵ دەکرد و وایدەکرد زیاتر کەیفم بە قژ بڕین بێت. پێشموایە قەدەری کوورت مانەوەی پرچی من تا ئێستاش، لە مەیلی ئەو کاتەوەیە.

مینا دڵسۆزترین خاتوونی گەڕەک بوو. لە ساڵانێکی زووەوە دایکی کۆچی دوایی کردبوو. ئەو بۆ ئەوەی باوکی پاش مەرگی دایکی ژن نەهێنێتەوە، بڕیاریدابوو هەرگیز هاوسەرگیریی نەکات و ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی باوکی تەرخان بکات. ئەمە بە لای زۆر لە دانیشتووانی گەڕەکەوە نەفامی و دواکەوتوویەتی بوو. هاوکاتیش جێبەجێکردنی وەها خواست و ویستێکی بەهێز، جێگای ڕامانی زۆری تر بوو. بە هەرشێوە، ئەو خانمێکە، وەها گوزارشت لە خۆشەویستی خۆی بۆ دایکی و خۆبەخشی خۆی بۆ باوکی دەکات!

من شەش ساڵان دەبووم کە بیستم سیامەند کوژراوە و گۆڕ بزر کراوە. ئا من هەر ئەوەندەم گوێ لێبوو، بەڵام تەواوی کارەساتەکە هاتە بەر چاوم. شەوانێکی زۆر لەرزم لێهات و ڕۆژم لێ تاریک بوو. تا ئێستاش ڕەنگی سوور موچوڕک بە لەشمدا دێنێت. تا ئێستاش دەیبینم، کراسەکەی خەڵتانی خوێنە و نیگای چاو لە ڕێ دەڕوانێت. من وەکوو شتێک دڵنیام کە لە پشتەوە زەفەری پێبراوە. ئەو کوڕێکی هێند جوامێر و پۆڵایین بوو، مەحاڵە توانرابێت ڕووبەڕوو بپێکرێ. سیامەند بۆچی و چۆن کوژرا، کەس نەیتوانی بزانێت. لەگەڵ ئەوەشدا کەس بە ڕووداوەکه سەراسیمە نەبوو، چوونکە کوشتن لەو دەڤەرەی ئێمە میحنەتێکە چوون گێژەڵووکه هەر جارەی لە ئاڕاستەیەکەوە هەڵدەکات و قوربانیی هەڵدەگرێ.

مینای میهرەبان، که بە تەمەن بە دایکی سیامەند دەشیا، لە پاش کوشتن و بێسەروشوێن بوونی تەرمی گەنجە خوێنشیرینەکەی گەڕەکەکەیەوە، عەهدی کرد تا دۆزینەوەی لاشەکەی، کفنی هەموو ئەو مردووانە بدوورێ کە لە مزگەوتەکەی نزیک گەڕەکەکەیان دەشۆرێ. ئەو تەنیا کەس بوو، ئومێدی زۆری بە دۆزینەوەی سیامەند بوو، گەر به مردووییش بێت. 

ئەم خاتوونە، ئافرەتێکی سپیکەلە و باریک بوو، هەمیشە سەرپۆشێکی شلی دەبەست و جار جار دەمبینی دەهاتە دەر، ئاوی دار تووەکانی بەر دەرگاکەیانی دەدا. ئەو لە پاش کارەساتەکەی سیامەند و عەهدەکەیەوە، به مینای کفندوور گاز دەکرا.

هەنووکە مینا بەساڵا چووە و باوکە کەنەفتەکەشی هێشتا لە ژیاندا ماوە. مەغریبان بەدەم دوورینی کفنەوە، خەفەتی ئەوە دایدەگرێت، هەر ساتێک بێت مەرگ باوکی لێ بەرێت و ئەم تەنیا بمێنێت. خەمیشێتی پاش مردنی باوکی، لە دابەشکردنی میراتی دا، براکانی ئەو خانووە بفرۆشن کە مینا هەموو تەمەنی تێدا بەسەر بردووە. خانمەکەمان لە هاتنی مەرگ و بێماڵی دەترسێت. ئەو که هیچ دەنگێک هاودەنگی نییە و کە لەو گەڕەک و خانووەی خۆیان بەولاوە، بە هیچ جێیەکی تر ئاشنا نییە، ڕۆژانە، تێکەڵ بە دەنگی مەکینەی خەیاتییەکەی، دەنگۆی وێنە نادیارەکانی سبەینێی، خەیاڵی پڕ دەکەن له خامۆشی.

من (سەبا)ی فۆتۆگرافم. ئەگەر ڕۆژێک لە تەسویری سەرگوزشتەی خوێن و چارەنووسی میناکان ببمەوە، گەرەکمە دەست بکەم بە وێنەگرتنی چرکەساتەکانی ئومێد و دەروازەی تاهەتاییان لەسەر بکەمەوە. ئەوکات بەردەوام وێنەی گوڵ دەگرم بە ڕوحی بۆنەوە. وێنەی پێکەنین به سەدای قاقاوە، وێنەی ئەڤین بە دەنگی شەققەی باڵی فڕینەوە …  

 باران

 ستۆکهۆڵم

      September 2012 

www.baran.nu

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.