Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
وەڵامێک بۆ چیرۆکنووس: ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل

وەڵامێک بۆ چیرۆکنووس: ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل

Closed

 لە ژمارە (50)ی کۆواری نەوشەفەق، کە لە دەزگای ڕۆشەنبیریی شەفەق لە کەرکووک دەردەچێت، هەردوو نووسەر چنوور نامیق حەسەن و سەباح ئیسماعیل بە جووتە مێزگرێکیان بۆ تەنگژەی سستیی چیرۆکی هونەریی کوردی لێل چەند نووسەر و چیرۆکنووسێک سازدا بوون. تێیدا عەوداڵی سۆراخی ئەو قەیرانەن کە ئەدەبی کوردی بە گشتی و چیرۆکی هونەریی کوردی وەتایبەتی ئەمڕۆ پێیدا تێدەپەڕێ، کە جۆرە سستی و چەقبەستووییەکی پێوە دیارە، بۆ ئەو مەبەستە هەر خۆشیان دەبێژن: لێ هۆکارەکانی شارەوەن و ئەوەی لە بەرهەمەکان بەدی دەکرێت، ئەمەی لێ دەخوێندرێتەوە..هتا، جا لە میانەی ئەو نووسەر و چیرۆکنووسانەدا، چیرۆکنووسی بەتوان و خودان سەلیقە(ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل)یشی تێدایە. کە ساڵانێکی زۆر لە بوارێن: چیرۆکنووسین و وەرگێڕاندا مینا ستارەی سیوەیل دەدرەوشێتەوە. مامۆستا ئەحمەد لە وەڵامی پرسیارەکەدا، بەرایی سەرپێی و تیژڕەو باسێکی هونەری چیرۆکنووسین و چیرۆکنووس دەکات و ئینجا دەڵێت: چیرۆکنووس مەرجە لەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژێت، شارەزایی هەڵسوکەوتی مەردمەکانی بێ و هەمیشە کالادانەکەنێ و بەدوای بەرهەمی نووسەرە خودان ئەزموونەکانی گەلانی تر بکەوی. دواتر لە بەرەوپێشڤەچوونی چیرۆکی کوردی دەئاخفی و کۆوار و بڵاوکراوە کوردییەکان دەکات وەبەڵگە. پاشتر هەر خۆی دەڵێت: (کوا کۆڕە ئەدەبییەکان سەبارەت بە چیرۆک و هونەری چیرۆک، یەکێتی نووسەران لەم ڕووەوە ناجوولێ? خۆ یەکێتی نووسەرانی کەرکووک، سەرەڕای ئەوەی پارەیەکی زۆریش لە دەسەڵات وەردەگرن! کەچی نەک جموجۆڵی هەر نییە، دەرگاکەشی کڵۆمە. سەرنج بدەن! خۆ یەکێتیی نووسەرانی کەرکووک سەرەڕای ئەوەی پارەیەکی زۆریش لە دەسەڵات وەردەگرن، کەچی نەک جموجۆڵی هەر نییە دەرگاکەشی کڵۆمە). ئەز لێرەدا پرسیارێک ڕووبەڕووی خۆی دەکەمەوە: ئەگەرەکو خۆی لە جێگەی  ئێمەی دەستەی گارگێڕی بوایە و لە هەمبەر دوو کەبابخانەی پلە یەک! هەروەکو ئێمە کڵۆمی نەدەکرد و بچێت تیکە بادات? دواتر ئەو پارەیە زۆرەی ئەوی باسی دەکات، ئەگەر ئاوای تەخشان و پەخشان نەکەین چی تەواوی دەکات? من ناڵێم مامۆستا ئەحمەد بێویژدانی بەرانبەر لقی کەرکووکی یەکێتی نووسەرانی کورد کردووە? چونکە وێدەچێت جەنابیان بە حیسابی پێشان، کە ئێواران نووسەران و ئەدیبان لە یانەی (مووەزەفین یا بەهوو) چارەکێ عەرەق یا دوو بیرەیان هەڵدەدا و یاپشە یاپشە بەرەو ماڵ دەبوونەوە، ئەویش بەهەمان بۆنە و یادەوە دوای بانگی عیشا سەرێکی نووسەرانی دابێت? شار شامی شەریفە? کە تماشا دەکات بارەگا چۆڵ و زیندەوەری تیا بەدی ناکات، دەگەڕێتەوە و (Notebook)کەی گیرفانی دەردێنێ و دەنووسێت: بەخوا هەبێ و نەبێ! چیرۆکی کوردی ئەمڕۆ سستە! پەتاکەی لە سۆنگەی کڵۆمدانی ئەم لقەوەیە! لێرەدا ئێمە داوای لێبوردن دەکەین کە بووینە مایەی سستی چیرۆکی کوردی! دیارە ئەگەرەکو بارەگاکە کڵۆم نەبووبا نووکە چیرۆکی کوردی چەند قۆناغێ تر لە پێشەوە بوو. وێڕای ئەوەش ئەگەر نووکەیەکی کردبا بە مۆبایلەکەی، ئێمە هەموو لە پێشوازیدا دەبووین! لێ شیمانەیەکی دیش هەیە لە گوینە مامۆستا ڕۆژانی هەینی یا پشوو تەشریفی هێنابێت و دەرکەی بە کڵۆمکراوی دیبێت? دیسانەوە داوای بەخشین دەکەین مامۆستا ئەحمەد بۆ خۆی بەرەوای دەزانێ کە سوودمەندە لە هەردوو دەسەڵاتەکەی کوردستان، کەچی پێیناخۆشە ئێمەش بڕێک لەو پارەیەی کە بەرپرسان لە کاری ناڕەوا بە هەدەری دەدەن چەردەیەک لە بەڕکمان بنێین! مامۆستا ئەحمەد بێئاگایە لەوەی چیرۆکنووسان! ئەوانەی نا وا لەژێر نێوەکانیان دەنووسن کەرکووک و کەچی لە جێگەیەکی دی ڕۆنیشتوون، ئەوانەی بەڕاستی و بە خێزانەوە لەنێو شارەکە جێگیرن، هیچ یەکێک لەوان پێگاڤی ڕووە و نووسینی ڕۆمان نەناوە، تا کڵۆم کردنی بارەگاکە کاریگەری بووبێت و چیرۆکی کوردی بەرەو سست بوون و تەنگەژە چووبێت. بەس لە گوینە دیاردەکە لە کەرکووکەوە گوێزرابێتەوە بۆ شارەکانی تری کوردستان، بەمەش بارەگای لقی کەرکووکی نووسەران کەمتەرخەمە، چونکە ئەگەرەکو دەرکەیان کڵۆم نەکردبا و ئەو هەموو بڕە پارەیەی کە لە دەسەڵاتی وەردەگرن، بۆخۆیان نەیانخواردبا هەنووکە لەوەبوو چیرۆکی کوردی چەند شەقاوی لە پێشی پێشەوەی ئەم قۆناغەی ئێستەوە بوایە. بەڵام لەلایەکیشەوە حەقیانە، چونکە ئەوانەی وا لە دەرەوەی شاری کەرکووک نیشتەجێن هەرچی ئیمتیازێک بۆ نووسەران هاتبێت ئەوان بۆخۆیان قۆرخیان کردووە و نووسەرە کەرکووکییەکانیان بێبەش و پەراوێز کردووە? بۆ نموونە: – ئەگەر ئیفادێک بۆ دەرەوە بووبێت، نەیانهێشتووە ئەمان هەر بزانن. – ئەگەر فیستیڤاڵێک لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچووبێت ئەوا هەر خۆیان پێش قەرەوڵ بوون. – لە هەردوو دەسەڵاتەکە دەپچڕنەوە و کەچی چاویان هەر لە کەرکووکە. ئەمانەی نووسیتم ویستم بیدەم بە تایپێستەکەدا تایپیکات و بینێرم و بۆ بڵاوکردنەوە، ناگەهان دوو جنۆکەم لێ پەیدابوون گوتیان بنووسە? گوتم: چی?  گوتیان ئێمەش ئەم کارانەمان کردووە و تا ئێستە هەر بەردەوامین لەسەری:  1- دەرکەی بارەگا بۆ ساتێکیش دامان نەخستووە و بە گەواهی نووسەرانی شارەکە لە دەمژمێری 2 تا 5 ئێوارە کراوەیە. چاو و قاوە و شەربەت و ئاوی سارد و هەرکەسێک هاتبێت بە دەستی بەتاڵ نەگەڕاوەتەوە. 2- 93 کتێبمان چاپ کردووە و چەندانی دی لەژێر چاپن. 3- ژمارەی گۆڤارەکەمان (گۆڤاری گزنگ) گەیشتووە بە 56 و 57 لەژێر چاپدایە. 4- زیاتر بۆ 15 نووسەر و ئەدیب کۆڕیان بۆ گیراوە، لە کاتێکدا ماوەی یەک ساڵ و نیویشە لەبەر ڕەوشی ئەمنی شارەکە لەم چالاکییە وەستاوین. 5- زیاتر لە 10 نووسەر و هونەرمەندی شارەکە کۆمەک و باربوو کراون بەڕادەیەکی باش. 6- کتێب و گۆڤارەکەمان بە دیاری و بێ بەرانبەر بە نووسەران دراون. 7- زۆربەی ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی کە لە کەرکووک دەردەچن لەلایەن لقەوە یارمەتی و کۆمەک کراون، ئەوی داوای یارمەتی کردبێت دەست بەڕوویەوە نەنراوە. 8- سەرەڕای نووسەرانی کەرکووک، کتێبمان بۆ نووسەرانی شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، دووز، کەلار، کفری، بەغدا و چەند شوێنێکی دی چاپ کردووە. زۆر شت مابوون بۆیان دەنووسم، تاقەتم چوو گوتم: ئێوە هەڵەن، گوایە ئەو نووسەرە گەورەیە بوختان دەکا? گوتیان: حەدی ئەوەمان نییە بڵێین: بوختانی بۆ  کردوون، بەڵام ئێمە دەڵێین: سوعبەتی دەگەڵ کردوون.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.