Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پارتی لە خۆماڵیکردنی هەولێردا

پارتی لە خۆماڵیکردنی هەولێردا

Closed
by July 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

لە دوای ٣١ی ئابەوە، هەموو هەوڵی  پارتی بریتی بووە لەوەی هەولێر خۆماڵی  بکات! شارێک بێ نوزەو ناڕەزایەتی، لانیکەم ئارام و سەرکپ لە زاهیردا، دانیشتوانەکەی سەرکز و دەستگرتوو بە کوڵاوی خۆیانەوەو ئومێد بەوەی خوداو پارتی خراپتر نەدەن.  پارتی  وەک  چۆن ” بەهەر شێوازێک و بەهەر ڕێگاو بەهایەک بوبێت ” هەولێری خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ئاواش  ویستوویەتی ” ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت ”  نیشانی یارو نەیاری بدات کە توانیویەتی ئیدارەی شارەکە بکات و ئاسایشەکەی ” لە بەرژەوەندی خۆی ”  ڕابگرێت و لە ژێر هەیمەنەی خۆیدا بیهێڵێتەوە، کە بێگومان لەو کارەشی دا سەرکەوتوو بووە ئەگەرچی ئەو سەرکەوتنەی بە قیمەتێکی گران لەسەر ڕاوەستاوەو مەجبور بووە ڕەفتاری دزێوترین ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی دونیا و دەوروبەر ” بە زیادەوە ”  دووبارە بکاتەوە!

بە بڕوای من، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەولێر بەگشتی و بەتایبەتیش ئەو شوێنەی( ناوەڕاستی شارو بەردەم چایخانەی مەچکۆ) کە لەو ڕۆژانەدا  بەڕێز د. کمال سید قادر، ویستی تێیدا کۆبونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژ بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم،  ئەنجام بدات و هەمووان دەزانن بەو شێوە دڕندانەیە بەرپەرچ درایەوە، بۆ پارتی بە ئەندازەی ئارامی و ئاسایشی ” سەری ڕەش ”  گرنگە !  چونکە  دەیەوێت لە سۆنگەی ئارامی ئەو شارەوە ڕەوایەتی بداتە هەیمەنەی حکومڕانی خۆی وەک دەلیلی ڕەزامەندی خەڵکی ئەو شارە بە حکومڕانیەکەی!

 ئەوەی وایکردووە پارتی خۆی پێ گەورەترین هێزی سیاسی بێت لە کوردستاندا بریتییە لە دەسەڵاتی پارتی بەسەر هەولێردا وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان! نەک ملکەچی و پاشکۆیەتی یەکێتی نیشتیمانی بۆ سیاسەتەکانی  پارتی وەک بەڕێز د. مەریوان وریا قانع ئاماژەی پێدەکات.

پارتی ئەو دەمە لە گەورەیی و زلهێزی خۆی وەشک دەکەوێت و دەست لە سەپاندنی بە زۆر و بێمنەتانەی سیاسەتەکانی  خۆی هەڵدەگرێت بەسەر حکومەت و هێزە سیاسیەکانی دیکەی کوردستاندا، کاتێک هەیمەنەی بەسەر شاری هەولێردا  نەما و ئەو شارە لە ئەسارەتی ئەو پارتە ڕزگاری بوو و بوو بە شاری سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاجیاکان، لە سەرجەم بوارە جیاجیاکانی ئیداری، سیاسی و ڕۆڵە مەدەنی و کۆمەڵایەتیی و پیشەییەکان.    

جەختی سەرسەختانەی پارتی لەسەر پاراستنی ئاسایشی هەولێرو هێشتنەوەی لەدەستی خۆیدا بە ئەندازی بێدەنگی ئەو شارە گەورەیەیە!  ئەوە تەنیا دانیشتوانی ئەو شارەن کە دەزانن پارتی چ تۆڕێکی پان و پۆڕو تۆکمەی بەسەر هەولێرو خەڵکەکەیدا کێشاوە تاکو ڕێ لە بچوکترین جموجوڵ و ناڕەزایەتی بگرێت لەلایەن خەڵکی ئەو شارەوە دەرهەق بە سیاسەتە تەسکە حزبییەکانی!  دانیشتووانی ئەو شارە زۆر بە وردی ئاگاداری  ناو بازاڕی شار و بەتایبەتیش لەناو باخچەکەی بەردەم قەڵان کە دەیان کەس لەبەرگی کاسبکاری جیاجیادا چاوەدێری خەڵک دەکەن و لەهەر حاڵەتێکی نائاساییدا وەدەنگ دێن، ئەوە وێڕای ئەوەی کە لەناو وەزارەت و فەرمانگە و گەڕەک و شوێنە گشتیی نیمچە گشتییەکاندا ” ڕێکخراو ناوچەکانی سەر بەو پارتە ” بەردەوام لە ڕێی کادیرو لایەنگرانی خۆیان و ئەو موختارانەی خۆیان لە گەرەکەکاندا دایانناون چاوەدێری خەڵکی  دەکەن! بە چەندین شێوازی جیاوازی ” نەرم و توند ”  لە هەوڵی ڕاکێشانی ئینتیمای خەڵکەکەدان یان ئەوەتا گەرەکیانە بێلایەن و بێ کاریگەریان بکەن!

شاری هەولێر بۆ پارتی هەم ئامانجە و هەم ئامرازە ! حکومکردنی هەولێر واتا حکومکردنی ڕووبەرێکی فراوان و هەرە گرنگ لە ڕووبەری ئەو سێ پارێزگایەی کە هەرێمی کوردستانیان لێ پێک دێت! هەولێر پایتەختی دانپێدانراوی هەرێمە بەتایبەتی لەلایەن هیزە کوردستانییەکانەوە.  حکومەت و پەرلەمان و وەزارەتەکان و قونسوڵیە و نوێنەرایەتی زۆربەی ووڵاتانی دەوروبەرو دونیا هەروەها پرۆژە زەبەلاحە گەورەکان لەو شارەدان و وەک ناوەندێک کە سەرچاوەی بڕیاری سیاسی هەرێمەکەیە، قەڵایەکی گەورەو گرنگی پاراستن و پاڵپشتیکردنی ناوچەی سەرکردایەتی پارتییە لە ” سەری ڕەش ” ، بۆیە هەوڵی هێشتنەوەو  خۆماڵی کردنی ئەو شارە لەلایەن  پارتییەوە یەکێکە لەهەرە ئامانجە باڵاکانی ئەو پارتە چونکە وەک ئامرازێکیش بەکاریدێنێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەرێمی کوردستان  لە ئاستی دەرەوە و لە ئاستی ناوەخۆشدا بۆ خۆ نیشاندان لە سەرەوەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان وەک گەورەترین هێز کە دەسەڵات و هەیمەنەی  بەسەر دوبەش لە سێبەشی هەرێمدا هەیە  کە ئاشکراشە پایتەختی هەرێمەکە دەکەوێتە ناو یەکێک لەو دوو بەشەی کە پارتی تێیدا باڵادەستە!  

لەوانەیە هەڵە نەبم کە بڵێم تەنگەتاوترین ڕۆژگاری سیاسی و ئەمنی پارتی دیموکراتی کوردستان  بریتین لەو ڕۆژانەی کەلە سەردەمی شەڕی ناوەخۆدا، یەکێتی نیشتیمانی دەستی بەسەر هەولێردا گرتوو پارتی لێ وەدەرنا،  لە بەرامبەردا پارتی چەندین جار بە هەموو هێزی سەربازی خۆیەوە هەوڵی گرتنەوەی هەولێری دا  ، لێ سەرکەوتوو نەبوو تا لە دوایدا،  واتا لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ ،دەستی بۆ ڕاکێشانی ڕەشترین وەرەقە برد کە سوپای ڕژێمی بەعسی داوەت کرد بۆ گرتنەوەی ئەو شارە! پێموابێت پارتی قورسترین و حەیاتیترین باجی مێژووییدا لە پێناوی هەولێردا  بۆیە ئامادەی باجێکی لەوەش قورسترە لە پێناو پاراستن و بە خۆماڵی هێشتنەوەی ئەو شارەدا. 

ئاشکرایە ئەوەی کە وادەکات کە جگە لە پارتی، هێزە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنی و پیشەییە سەربەخۆکان لەناو شاری هەولێردا کەم جموجۆڵ بن بریتی نییە لە نەخواستن یاخود کەم نفوزی و بی ئومێدیان بە خەڵکی ئەو شارە ، وێڕای ئەو هەموو هەڵاواردن و نا دادپەروەریەی کەلەو شارەدا هەیە بەڵکو ئەوە سانسۆر و کۆنتڕۆڵی توندی پارتییە بەسەر ئەو شارەدا کە وایکردووە بچوکترین پەڕاوێز بۆ جموجۆڵ و چالاکی ئەوان نەهێڵێتەوە وەک تۆڕێکی فراوان و سەرتاپاگیر!

هەڵبەت شکاندنی ئەو تۆقە تۆکمەیەی پارتی بەسەر هەولێردا، لە تاقەتی ئیرادەیەکی  بەهێز و پڕحەوسەڵە دایە کە شکاندنی ئەو تۆقەی کردبێتە ئامانج و بەردەوام لە پێناویدا بجەنگێت و کۆڵ نەدات! ئەو هەوڵەی ئەو ڕۆژانەی بەڕێز کەمالی سەید قادر هەوڵێکی ئیرادەمەندانە و نەترسانە بوو کە پێموایە لە بارتەقای هەوڵی سەرجەم هێزە سیاسیەکان گەورەتر بوو! هێندە هەیە هەنگاوێکی ئاوا بە تاکە هەنگاو ناکرێت، پێویستە هەوڵی ڕاشکاوانەو هەنگاوی دەستەجەمعی بۆ بنرێت! هیزە سیاسیەکان، ڕێکخراوە مەدەنیەکان، نوخبەی ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنکاران و هەروەها خەڵکی ئازاد و دیموکراتخوازن، دەست بە دەست وەک تۆڕێکی بەرفرەوان دەتوانن ئەو تۆڕە وردە هەڵوەشێننەوە کە پارتی چنیویەتی و دەرگای قەڵاکە بخەنە سەر گازەرەی پشت، بە پێچەوانەوە گومانی تێدا نییە کە هەم هەوڵی تاکەکەسی و هەم هەوڵی تاکە هێزی سەرکەوتوو نابن و دووچاری نوشوستی دەبن! 

خۆماڵیکردنی هەولێر لەلایەن پارتییەوە پرۆسەیەکە لەناو زەماندا خۆی درێژ دەکاتەوە! هەڵبەت هەر پرۆسەیەکیش پەیوەست بە هەر بوارێکی جیاجیای سیاسی، کۆمەڵایەتی و شارستانی …هتد،  بەر هەورازو نشێو و سەختی و ڕاحەتی خۆی دەکەوێت! ئەوەی گرنگە و چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت ئەو پرۆسەی خۆماڵیکردنە تاکلایەنییە  پەکبخات یاخود دوچاری سەختی تاقەتپڕوکێنی بکاتەوە، دەستدانە خەباتی مەدەنی و دیموکراتخوازانەیە دژی ئەو پرۆسە تاکڕەوییەی پارتی! خەباتێک کە هێزی بەرەنگاربوونەوەی هەر مەحاڵێکی هەبێت!

 

کازم بیتوێنی

kazmgoran@gmail.com 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.