پاشناو، ناسناو، نازناو و ناوی گه‌وره
دوێنێ 90 – 20 – 2011، وێڕای نامه‌یه‌کی گچکه بۆ کاک دارا ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی ماڵپه‌ڕی “ئه‌مڕۆ”،بابه‌تێکم بۆ بڵاوکردنه‌وه له ماڵپه‌ڕی www.emrro.com دا، نارد. کاک دارا ئه‌حمه‌د، ئه‌مڕۆ 10 – 20- 2011، ئه‌م نامه‌یه‌ی خواره‌ی بۆ ناردووم، که ڕێک وه‌ک خۆی بڵاوی ده‌که‌مه‌وه:
رێزدار کاک ئه‌مجه‌د،
پاش سڵاو خوازیاری ئاسوودهییتانین.
ئێمه له‌و دواییانه‌دا ئه‌و بڕیاره‌مان وه‌رگرت:
ناسناوی خێڵه‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی نیشانه‌ی پاشڤه‌ڕۆیی و خولیای ره‌گه‌زپه‌رستییه
هه‌رچه‌نده ئێمه وای بۆ ده‌چین که هه‌ڵگرتنی ئه‌و ناسناوهتان (شاکه‌لی) لای ئێوه هیچ هه‌ستێکی نه‌رێنیی خێڵه‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی پێوه نییه، به‌ڵام به داخه‌وه زۆرمان پێ ناخۆش بوو که بڕیاره‌که‌مان له چوارچێوه گشتییه‌که‌دا به‌ڕێزیشتان ده‌گرێته‌وه، ناکرێ له پاش بڕیارێکی له‌و جۆره هه‌ندێک که‌سی وه‌ک به‌ڕێزتانی لێ هاوێر بکه‌ین، چونکه ئه‌وکات ئه‌و که‌سانه‌ی که ناسناوی له‌و جۆریان هه‌یه و له راستییشدا هه‌ستی خێله‌کیی یان ناوچه‌گه‌ریی یان دینیی ئه‌و ناسناوانه‌ی پێ دروست کردوون قسه‌یان دێ بڵێن ئێمه‌ش ئه‌و جۆره ههستانهنه نه‌بوونه‌ته هۆ دروستکردنی ئه‌و ناسناوانهمان.
بۆیه داوای بووردنێکی گه‌وره ده‌که‌ین که ناتوانین بابه‌ت بۆ هیچ که‌سێک بڵاو بکه‌ینه‌وه که هه‌ڵگری ئه‌و جۆره ناسناوانهن، دیاره هه‌ر ههنگاوێکی پێشکهوتووخوازنهش – وه‌ک ئه‌و بڕیاره‌ی ئێستای ئێمه که لای خۆمان لامان وایه پێشکه‌وتووخوازانه‌یه – هه‌ندێک قوربانیدانی ده‌وێ وه‌ک ئه‌وه‌ی که چه‌ند که‌سێکی وه‌ک به‌ڕێزتان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین که ئه‌مڕۆتان رۆشن کردبۆوه.
ئێمه هه‌رگیز مافی ئه‌وه‌مان نییه به به‌ڕێزتان بڵێین ناسناوه‌که‌ت لا بده یان بیگۆڕه، چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناسناوهشت هه‌یه به‌ڵام هه‌ر له‌ژێر ئه‌و ناسناوهدا به هۆی بابه‌ته به سووده‌کانت مێژوویه‌کی گه‌شت بۆ خۆت دروست کردووه، به‌ڵام ئێمه وای بۆ ده‌چین که ئه‌گه‌ر هاوکارمان بن له‌و رووه‌وه ئه‌وا خزمه‌تێکی پتر به (ئه‌مڕۆ) و فه‌رهه‌نگی کوردی ده‌که‌ن و پێمان وایه مێژوویه‌کی گه‌شتریش بۆ ناوی گه‌شاوه‌ی (ئه‌مجه‌د) دروست ده‌که‌ن، ئه‌وه قسه‌ی ئێمه وه‌ک بۆچوون و پێشنیار، به‌ڵام مه‌رج نییه ئێمه ته‌نیا خۆمان پێ راست و له‌سه‌ر هه‌ق بێ، به‌ڕێزتان خۆتان خاوه‌ن تێڕوانینی تایبه‌تی خۆتان و بڕیاری خۆتانن.
هه‌ر ئاسووده و سه‌رفراز بن
دارا ئه‌حمه‌د – له‌جیاتی ستافی ئه‌مڕۆ
له‌مه‌ڕ نامه‌که‌ی کاک دارا و بووچوونه‌کانی و له‌مه‌ڕ ئه‌و گوتاره یا ڕوونکردنهوهیشیهوه (ناسناوی خێڵه‌کیی و ناوچه‌گه‌ریی نیشانه‌ی پاشڤه‌ڕۆیی و خولیای ڕه‌گه‌زپه‌رستییه)، که له باره‌ی هه‌مان مه‌به‌سته‌وه نووسیویه‌تی، من چه‌ند سه‌رنجێکم هه‌یه و ده‌یانخه‌مه پێش چاوی کاک دارا خۆی و هه‌موو خوێنه‌ران:
1. من دوای ئه‌وه‌ی نامه‌که‌ی کاک دارام پێگه‌یشت و خوێندمه‌وه، چوومه نێو ماڵپه‌ڕی “ئه‌مڕۆ”وه و له به‌شی نووسه‌راندا ئه‌م ناوانه‌م بینی، که سه‌رجه‌میان پاشناو و نازناو و ناسناو و ناوی گه‌وره‌یان هه‌یه(ئه‌وه‌ی هێڵی به ژێردا هاتووه ناسناو و پاشناو و نازناو و ناوی گه‌وره‌یه) و به‌رده‌وام له ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆدا نووسین بڵاو ده‌که‌نه‌وه و ناویان زووزوو ده‌که‌ونه به‌رچاوی خوێنه‌ران. من ناوه‌کانیان به ڕێنووسی ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ ده‌نووسمه‌وه:
ئاسایش عوسمان دانش، ئه‌نوه‌ر سوڵتانی، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی، ئه‌میری حه‌سه‌نپوور، ئیسماعیل خورماڵی، ئیبراهیم کۆنه‌پۆشی، ئه‌حمه‌د خوسره‌وی، ئه‌یوب ره‌حمانی، ئاراس قه‌ره‌داغی، ئیبراهیم بالیسانی، ئاسۆ بیاره‌یی، ئاشتی گه‌رمیانی، ئیبراهیم حه‌یده‌ری، بههرهوهز مه‌رزانی، پۆڵا زیندانی، تریفه دۆسکی، تاریق حوسێن هه‌مه‌وه‌ندی، جه‌لال ده‌باغ، جه‌مال عهلیالی، جه‌مال نه‌به‌ز، جه‌بار دووبزیی، ح.س.سۆران، حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ، حه‌یده‌ر هه‌مه‌وه‌ندی، حوسێن حوسێنی، خالید هه‌رکی، خۆشناو مه‌ریوانی، ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی، دینا چه‌له‌بی، راوێژ هیرانی، ره‌زا شوان، ره‌سوڵ سه‌فه‌ریانی، روناک شوانی، رێبوار ئالانی، رێبوار هه‌مه‌وه‌ندی، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، ره‌سوڵ سوڵتانی، زیاد نادر عاللایی، زانا گه‌ڵاڵی، زانا کوردستانی، سه‌ڵاحی گه‌رمیان، سه‌دیق ره‌نجبه‌ر، سه‌رهه‌نگ خاموش، سیروان کاوسی، سه‌ردار پشده‌ری، سروه دڵخۆش، سیامه‌ند هاریکی، شاناز به‌رزنجی، شه‌هلا نیگاداریی، شنه پێنجوێنی، عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د گه‌رمکی، عهبدولواحیدی خه‌نده‌ڕه‌ش، عارف عه‌زیزی، عه‌تا قاجری، غیاسه‌دین نه‌قشبه‌ندی، غه‌مگین بۆڵی، فوئاد قه‌ره‌داغی، فه‌هد گرده‌وانی، فریاد هیرانی، فه‌رشید شه‌ریفی، کامیل ژیر، که‌ریم سه‌رکه‌ش، کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی، که‌مال چۆمانی، کاوه کافرۆشی، کارزان پیرداودیی، کوێستان عومه‌رزاده، کاوه دیهپوویاد، گه‌شاوه جاف، گوڵاڵه پشده‌ری، گۆنا جاف، گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی، گۆران دوکانی، مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی، مه‌نسور جیهانی، ناسح قه‌ره‌داخی، نامق هه‌ورامی، نه‌جات رۆستی، نیاز که‌رکووکی، نیهاد جامی، هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی، هاوار بانیخێڵانی، یوسف کانی مارانی، یاسین حسه‌ینی.
هه‌ر ئه‌مڕۆش(10/20/2011) بابه‌تی: مه‌هدی کاوانی، ئه‌میری حه‌سه‌نپوور، جه‌بار دووبزیی، ره‌زا شوان، له ماڵپه‌ڕی”ئه‌مڕۆ”دا دانراون، که ئه‌وانیش هه‌موو پاشناو و ناسناویان هه‌یه.
2. به‌شێک له‌و پاشناوانه، وه‌ک هه‌موو پاشناو و نازناو و ناسناوێکی مرۆڤ له هه‌موو جیهاندا، له هۆز و خێڵه‌وه و به‌شێکیان له ناوی باپیره‌گه‌وره یا داپیرهگهورهیهکهوه و به‌شێکیان له شوێنی نیشته‌جێبوون و زێد و له‌دایکبوون و ناوچه و ده‌ڤه‌ره‌وه و به‌شێکیان له پیشه‌وه و به‌شێکیشیان ته‌نیا وه‌ک نازناوێک بۆ خۆ جیاکردنه‌وه له خه‌ڵکی دیکه، وه‌رگیراون.
3. بڕێک له‌و ناوانه‌ی، که که‌سێک بۆ خۆی هه‌ڵیبژاردووه، له دواییدا بووه به پاشناوی منداڵ و نه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه و ئیدی ماوه‌ته‌وه. پاشناوی”گۆران”، “بێکه‌س”، “مه‌حوی”، “هه‌ژار”، “قانیع”، “ناکام” که له‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی به‌و ناوانه‌وه ناسراون ماونه‌وه، ئێستا بوونه‌ته پاشناو بۆ منداڵ و نه‌وه‌کانی ئه‌و که‌سانه. ڕاسته ناوی”بێکه‌س”، کاتی خۆی فایه‌ق بێکه‌سی شاعیر بۆ خۆی هه‌ڵیبژاردووه، به‌ڵام ئێستاکه کوڕی فایه‌ق بێکه‌س، که شێرکۆیه ده‌نووسێ”شێرکۆ بێکه‌س” و کوڕی شێرکۆ بێکه‌س، که هه‌ڵۆیه، ده‌نووسێ”هه‌ڵۆ بێکه‌س”. نازناوی”گۆران”ی شاعیریش هه‌ر له خۆیدا ڕانه‌وه‌ستا، به‌ڵکه بۆ ئه‌ژی”ئه‌ژی گۆران” و هێرۆ”هێرۆ گۆران” و منداڵی ئه‌وانیش مایه‌وه. هه‌روه‌ها پاشناوی”مه‌حوی” و “قانیع” و “هه‌ژار”یش هه‌ر به‌و جۆره، بورهان قانیع، مه‌ریوان وریا قانیع، شێرکۆی هه‌ژار، خانی هه‌ژار و زۆری دیکه. چه‌ند ساڵێکی تر، هه‌ڵمه‌ت، په‌شێو ، زامدار، بێگه‌رد، په‌رۆش، په‌رێشان و… ده‌یانی تریش، ده‌بنه پاشناوی کۆمه‌ڵێک زارۆک و نه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه. ئه‌و خێزانانه به تێپه‌ڕبوونی ساڵان، ده‌بنه خێزانی گه‌وره‌تر و ده‌بنه تیره و هۆز.
4. پاشناو(Surname) له هه‌موو جیهاندا هه‌یه، هه‌ر له چین و هیندوستان و پاکستان و ئه‌فغانستان و ئێران و تورکیا و عه‌ره‌بستانه‌وه بیگره تا ده‌گاته ڕووسیا و ته‌واوی ئه‌وروپا و هه‌ردوو ئه‌مه‌ریکای سه‌روو و خواروو و ئه‌وسترالیا، واته: هه‌موو جیهان ئه‌و جۆره ناوه به‌کار ده‌به‌ن. له‌و وڵاته‌ی، که کاک دارا بۆ خۆی نیشته‌جێیه لێی(بریتانیا)، تاکه یه‌ک که‌سی بریتانی(ئینگلیز، ئایرله‌ندی، سکۆتله‌ندی، وێڵزی)م بۆ ده‌ستنیشان بکه، پاشناوی نه‌بێت، مه‌گه‌ر ته‌نێ ئه‌وانه‌ی، که له عیراقه‌وه(به کوردستانهکهیشیهوه) هاتوون، که ئێستاش قانوونه‌کانی سه‌ددام حوسه‌ین، پێڕۆ ده‌کات! کامه ئینگلیز ناوی “ده‌یڤید پیته‌ر جیمی”یه بۆ نموونه! له کام پاسپۆرت یا ناسنامه‌ی ئینگلیزدا ناوی باوک و دایک ده‌نووسرێن! ڕه‌نگه بڵێن: پاشناوی ئینگلیز و ئه‌وروپاییان، له هۆز و خێڵه‌وه نه‌هاتوون! پاشناو ئه‌گه‌ر له خێڵیشهوه نه‌هاتبێت، بۆ خۆی ده‌بێته خێڵ. ئێستاکه له کوردستان سه‌دان خێزان هه‌ن، پاشناوی کاریان هه‌یه، وه‌ک: حه‌ڵواچی، قه‌زاز(قه‌ززاز ڕاسته)، خه‌فاف(خهففاف ڕاسته)، حه‌داد(حه‌دداد ڕاسته)، ئاسنگه‌ر، قه‌ساب(قه‌سساب ڕاسته)، به‌زاز(به‌ززاز ڕاسته)، خه‌تیب، موفتی، قازی، ده‌باغ(ده‌بباغ ڕاسته)، نه‌جاڕ(نه‌ججاڕ ڕاسته)، عه‌تار(عه‌تتار ڕاسته) و سه‌دانی دیکه، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته بنه‌ماڵه و تیره و تا دێتیش گه‌وره‌تر ده‌بنه‌وه و که که‌سێک سه‌ر به‌و خێزانانه نه‌بێت، هه‌ر له‌خۆڕا ناتوانێت ئه‌و پاشناوه‌ی ئه‌وان هه‌ڵگرێ.
5. ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتنخوازیی به به‌کاربردن و جۆری ده‌ربڕین و نووسین و تۆمارکردنی ناو بێت، خۆ ده‌بێ ئه‌و مه‌رجه له، مارکس، ئه‌نگلز، لێنین، ترۆتسکی، ستالین، پلیخانۆف، کاسترۆ، گیڤارا، ما‌و زهدۆنگ، باکۆنین، پرۆدۆ‌ن، چۆمسکی و هه‌زارانی وه‌ک ئه‌وان وه‌ربگیرێته‌وه و ئه‌وانه هه‌واڵه‌ی خانه‌ی کۆنه‌په‌رستی و دواکه‌وتوویی بکرێن. ئه‌گه‌ر به‌کاربردنی پاشناویش به پاشڤه‌ڕۆیی و وابه‌سته‌یی به فه‌رهه‌نگی خێڵ و ناوچه‌گه‌رییه‌وه بزانرێ، له کوێی ئه‌م جیهانه و له هه‌موو مێژوودا، خه‌ڵکانی له‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه ناخێڵهکیتر و ناناوچهگهریتر و ته‌نانه‌ت نانهتهوهییتریش ده‌دۆزرێنه‌وه! خۆ کاک دارا بۆ خۆی له په‌رستگه‌کانی ئه‌و هێژایانهدا نوێژه‌کانی ده‌کات و پێڕۆی هێڵی ئه‌وانه!
6. شێخ مارف به‌رزنجی، که بێجگه له‌وه‌ی تێکۆشه‌رێکی ناسراو و شۆڕشگێڕ و پێشکه‌وتنخواز بوو، چیرۆک‌نووس و نووسه‌رێکی لێهاتوو و توانایش بوو، له ساڵی 1963دا له که‌رکووک له لایه‌ن به‌عسه‌وه له سێداره درا، له سه‌ر کوردبوون و کۆمۆنیستبوون، تۆ ئه‌گه‌ر پاشناوی”به‌رزنجی” و شێخه‌که‌ی لێ بکه‌یته‌وه، هیچ که‌سێک نایناسێته‌وه، ئه‌وده‌م ناوه‌که‌ی، به گوێره‌ی پێوه‌ره‌که‌ی ئێوه ده‌بێته”مارف یا مه‌عرووف عه‌بدولکه‌ریم حوسه‌ین”. حه‌سه‌نی قزڵجی، چیرۆک‌نووسی ناودار، تا مرد کۆمۆنیست بوو، قزڵجییهکهی لێ بکه‌وه، وه‌ک مه‌له‌که‌ی مه‌لای نه‌سره‌ددینی لێ دێت. هه‌روه‌ها بۆ مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس و موحه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم و…سه‌دانی دیکه، هه‌ر به‌و جۆره‌یه.
7. ئه‌حه‌ی خوله سنه‌یی، حه‌مه‌ی نێرگز، خۆله پیزه، ڕه‌سووڵ گه‌ردی، سدیقی ئامهدرێژ، بله‌ی سه‌عه‌که‌ڕ، عه‌مه‌ری ئه‌جێ، سه‌لاح داووده، موزه‌ففه‌ر ئهلنهوواب، موحه‌ممه‌د مه‌هدی ئه‌لجه‌واهیری، عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی، ئه‌حمه‌دی خانی، مه‌لای جزیری، مه‌وله‌وی، بێسارانی، شێخ مارفی نۆدێ، شێخ عوسمانی نه‌قشبه‌ندی، سواره‌ی ئێڵخانیزاده، سه‌مه‌دی بیهرنگی، ئه‌حمه‌دی شاملوو، به‌در شاکیر ئه‌لسه‌ییاب، شوکروڵڵای بابان و….سنه‌یی، نێرگز، پیزه، گه‌ردی، ئامهدرێژ، سه‌عه‌که‌ڕ، ئه‌جێ، داووده، ئهلنهوواب و ئه‌لجه‌واهیری و سه‌ججادی و خانی و جزیری و مه‌وله‌وی و بێسارانی و نۆدێ و نه‌قشبه‌ندی و ئێڵخانیزاده و بیهرنگی و شاملوو و ئه‌لسه‌ییاب و بابانیان لێ بکه‌وه، یه‌ک که‌س له‌م جیهانه نایانناسێته‌وه.
8. هه‌رچی فیلۆسۆف و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و گه‌وره سیاسی و زانای ئه‌م جیهانه هه‌ن، هه‌موو به پاشناوهکانیانهوه ده‌ناسرێنه‌وه. ئه‌لکیندی، ئه‌لفارابی، شه‌یکسپیر، ئه‌لڕازی، ئهلمهعهڕڕی، سارتر، فۆکۆ، کامۆ، لۆرکا، هه‌مینگوای، شۆڵۆخۆف، تۆڵستۆی، ده‌ستۆیێڤسکی، کازانتزاکی، گۆته، نیرۆدا، کووێلۆ، خارا، مارکێز، بێلزاک، ئاراگۆن، دیکنز، گۆرکی، ئاینشتاین، بێریمان، جاکسن، دیلان، مارلی، ئه‌لعه‌ززاوی، ئه‌لعه‌له‌وی، شه‌جه‌ریان، شاملوو، تاڵه‌بانی(شێخ ڕه‌زا)، ئه‌لبه‌یاتی، ئه‌لسه‌ییاب، پاچینۆ، دێ‌نیرۆ، هۆفمان، کۆهن، فرۆید، چه‌رچڵ، لانکۆڵن، ماندێلا، گاندی، نه‌هرۆ، سۆکارنۆ، پاڵمێ، تاچچه‌ر، ئۆباما و هه‌زارانی دی، تۆ ئه‌گه‌ر به دووی ناوی خۆیان و باوک و باپیریاندا بگه‌ڕێیت، هه‌رگیز نایاندۆزیته‌وه و که‌س نازانێت، کێن و چین!
9. به چیدا ده‌زانرێ ئه‌وانه‌ی پاشناو و نازناو و ناسناو به‌کار نابه‌ن و ناوی سێیانی خۆیان، کوڕ یا کچ و باوک و باپیر، به‌کار ده‌به‌ن و ده‌نووسن، له خه‌ڵکانێک، که پاشناو به‌کار ده‌به‌ن، ناخێڵه‌کی و ناهۆزییترن و ئه‌وانه‌یشی پاشناویان هه‌یه له بێپاشناوان، کۆنه‌په‌رستر و پاشڤهڕووتر و هۆزگهر و تیرهگهرترن! ئه‌وی کاک دارا باسی باشووری کوردستان ده‌کات، که خه‌ڵک شانازی به ناو و پاشناوی خۆیانه‌وه ده‌که‌ن، ئه‌وه دیارده‌یه‌ک نییه، پێوه‌ندی به سیستمی به‌کاربردنی پاشناوه‌وه هه‌بێت، به‌ڵکه پێوه‌ندی به گه‌وجی و سه‌قه‌تی و ئیفلیجی بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکێکه‌وه هه‌یه، که ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست و به‌وانه‌یشه‌وه، که خۆیان به‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه هه‌ڵواسیوه. له وڵاتێکی وه‌ک سوێد، خودای ده‌کرد هه‌موو خه‌ڵکی سوێد پاشناویان”ڕاینفێڵد”، ده‌بوو، که پاشناوی سه‌رۆکی حوکوومه‌ته، ئه‌و پاشناوه نابێته هۆی ئه‌وه‌ی، که له‌گه‌ڵ تۆ و میلیۆنان بیانی و مندا، چ جیاوازییه‌کیان هه‌بێت، یا بتوانن به هۆی ئه‌و پاشناوه‌وه، زه‌وی و خانوو و مووچه وه‌رگرن و پاسه‌وانیان هه‌بێت. با ته‌واوی خه‌ڵکی بریتانیا پاشناوی “کامیرۆن)، که پاشناوی سه‌رۆکی حوکوومهتهکهیهتی و هه‌موو ئه‌مه‌ریکاییان پاشناوی”ئۆباما”، که پاشناوی سه‌رۆکه‌که‌یه‌تی و هه‌موو فرانسییان پاشناوی”سارکۆزی”، که پاشناوی سهرۆهکهکهیهتی، ده‌بوو، چی له ڕه‌وشی ئه‌و خه‌ڵکه ده‌هاته گۆڕین! هه‌موو جیهانی پێشکه‌وتوو و خاوه‌ن ئاوه‌ز به‌و جۆره‌یه، مه‌گه‌ر ته‌نێ کوردستانه وێرانه‌که‌ی تۆ و من و وڵاته شه‌که‌ته‌کانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و وا نه‌بن.
10. نه‌هێشتنی پاشناو و قه‌ده‌غه‌کردن و به‌کارنه‌هێنانی، له سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌یندا بوو و به فه‌رمانی ئه‌و بوو. سه‌ددام حوسه‌ین بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌لتکریتی(التکریتي) و ئهسسامهرائی(السامرائي) و هه‌موو ئه‌له‌کانی دیکه، ئه‌و کاره‌ی کرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاشناو هه‌ر به‌کار ده‌برا و ده‌نووسرا. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی کاک دارا، چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌ددام حوسه‌یندا نییه!
11. کاک دارا ئێستا ماڵپه‌ڕێکی ئینته‌رنێتی به ده‌سته‌وه‌یه، که ڕێگه له خه‌ڵک ده‌گرێ، ناوی چی له خۆی ده‌نێ و چ پاشناوێکی هه‌یه، ده‌ی ئه‌گه‌ر ببێته خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وا چ ده‌کات! ڕه‌نگه ئه‌و ده‌می ئه‌وه‌ی ناوی عه‌بدوڵڵا بێت هه‌ڵیواسێ، ئه‌وه‌ی هاتوچۆی مزگه‌وت بکات وه‌به‌ر گولله‌ی بدات، ئه‌وه‌ی ناوی داڤید بێت و ئه‌ستێره شه‌ش په‌ڕه‌که‌ی جووله‌که له‌مل کات زیندانیی بکات، ئه‌وه‌ی بڵێ: من سه‌ر به هۆزی جاف، هه‌مه‌وه‌ند، هه‌رکی، مه‌نگوڕ یا هه‌ر خێڵ و تیره‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستانم، به‌ردبارانی بکات! جا فه‌رمانڕه‌وایی و ده‌سه‌ڵات چۆن به‌و جۆره به‌ڕێوه ده‌چێت!
ئه‌مه‌ریکا سه‌رۆکێک هه‌ڵده‌بژێرێت دایکی مه‌سیحیی ئه‌مه‌ریکاییه و باوکی موسوڵمانێکی ڕه‌شپێستی کینیاییه و بۆخۆی ڕه‌شپێسته و ئه‌ویش فه‌رمانڕه‌وای وڵاتێکه، که که‌ڵه‌گای هه‌موو جیهانه و له وڵاتهکهیشیدا، هه‌رچی نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌ز و ئایین و ڕێباز و ڕه‌نگ هه‌یه له جیهاندا تێیدایه و سه‌دان مزگه‌وت و کڵێسه‌ی جیاواز و په‌رستگه‌ی بوودایی و هیندۆس و جوو و به‌هائی و مانگا و شه‌یتانپه‌رست و هه‌موو جۆره ئایینێکی دیکه‌ی تێدایه و که‌س به که‌س ناڵێ تۆ بۆ ناوت وایه و بۆ ئه‌و جۆره جله له‌به‌ر ده‌که‌یت و بۆ به‌و زمانه قسه ده‌که‌یت و بۆ ڕه‌نگت وایه! ئه‌مه‌ی کاک دارا ئێستاکه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانێکدا ده‌یکات، که پاشناویان هه‌یه، سانسۆر و ده‌مکوتکردن و تاساندنی ئازادییه، چونکه خه‌ڵک ئازاده له‌وه‌ی چی ناوه و چی له‌به‌ر ده‌کا و چ ده‌خوات و چ ڕه‌نگێکه و چ ئایین و چ سێکسێکی هه‌یه. خه‌ڵک ئازاده له‌وه‌ی خودا ده‌په‌رستی یا شه‌یتان، هاوسێکسبازه یا وه‌ک ژن و مێردایه‌تی ده‌ژی، کراسی سوور له‌به‌ر ده‌کات یا ڕه‌ش، حه‌زی له جازه، ڕۆکه، په‌په یا شمشاڵ، گۆشتخۆره یا ڕووه‌کخۆر. ڕێگه‌گرتن له خه‌ڵک و بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی بابه‌تیان، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌بوونی پاشناو، ڕێک ده‌که‌وێته خانه‌ی هه‌ڵاواردن و جیاوازیکردن(Diskrimination)ه‌وه و چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه، که تۆ گوتاری که‌سێکی ڕه‌شپێست، هاوسێکسباز، جووله‌که، موسوڵمان، کاتۆلیک، ئێزدی، تورکمان، ئانارکیست، یا هه‌ر جۆره خه‌ڵکێکی دیکه، بڵاو نه‌که‌یته‌وه، ئه‌م کاره جیاوازیکردنه له‌نێوان خه‌ڵکدا.
12. که‌سێک ئه‌گه‌ر بڕوای به ئازادی هه‌بێت(دیاره کاک دارا خۆی به یه‌کێک له‌و که‌سانه ده‌زانێت)، ده‌بێ ڕێز له هه‌ڵبژاردن و بۆچوون و دیدی خه‌ڵک بگرێت. خه‌ڵک چ پاشناوێکی هه‌یه، ئه‌مه چ زیانێکی به خه‌ڵکی تر گه‌یاندووه! ئازادی هه‌موو که‌سێک تا ئه‌و جێگه‌یه‌یه، که کار نه‌کاته سه‌ر ئازادی که‌سێکی دیکه. تۆ ناوت هه‌رچی بێت چ پێوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه! له وڵاتی خۆمان، له خوێندنگه و سه‌ربازی و کاردا، خه‌ڵکم له‌گه‌ڵ بوونه ناویان: سهلبووخ(صلبوخ)، زهندهبیر(زندبیر)، شهییال عوزهییب مهاوش(شیال عذیب مهاوش)، زهرعوود(زرعود)، خه‌رووف تبن ئه‌سوه‌د(خروف تبن أسود)، سچحێل(صجحیل)، چهللووب، ماشه‌ڵڵا، ڕۆژباش و سه‌دان ناوی دیکه بوونه، که ڕه‌نگه بڕێک سه‌یریش بووبێتن، به‌ڵام خاوه‌نی ئه‌و ناوانه، شانازییان به ناوی خۆیانه‌وه کردووه و نه بۆ من و نه بۆ خه‌ڵکی دیکه‌یش، جێی سه‌رسووڕمان و جیاوازیی نه‌بوونه.
13. ئه‌م پاشناوه‌ی من(شاکه‌لی)، پتر له 150 ساڵێکه، خێزان و بنه‌ماڵه‌ی ئێمه به‌کاریان بردووه. من بۆ خۆم هه‌ر که هاتوومه‌ته دنیاوه و یه‌که‌م ناسنامه‌م وه‌رگرتووه و له خوێندنگه و زانستگه و شوێنی کار و کارگێڕی و ته‌نانه‌ت له ده‌فته‌ری خزمه‌تی سه‌ربازی و له سه‌ربازییشدا و له پاسپۆرتی عیراقی ساڵانی 1970کاندا و له هه‌موو شوێنێکدا و له هه‌موو ڕه‌وش و هه‌لومه‌رجێکیشدا، به سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌ین و به‌عسیشه‌وه تا ساڵی 1980، که له وڵات بوومه و له دهرێیش، که هاتوومه‌ته سوێد، هه‌ر هه‌مبووه و به‌وه‌وه بانگکراوم و ناسراوم و هه‌ر به‌و ناوه‌شه‌وه نووسینم بڵاو کردووه‌ته‌وه، ئیدی بۆ ده‌بێ بۆ بڵاوکردنه‌وه له‌و ماڵپه‌ڕه‌ی کاک دارادا، ده‌ستبه‌رداری ببم!
14. به‌کاربردنی ناو به‌و سیستمه سهددامییه سه‌قه‌ته‌ی عیراق و کوردستان، واته: ناوی سێیانی، له ئه‌وروپا کاره‌ساتێکه بۆ خۆی. من خه‌ڵک ده‌ناسم له سوێد، که له کوردستانه‌وه هاتوون، کوڕ و باوک و باپیر بوونه و به ژن و پیاو و بووک و کچ و کوڕ و منداڵه‌وه نێزیکه‌ی خێزانێکی 20 که‌سی یا پتر بوونه. باپێرهکه(بۆ نموونه) ناوی: (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د نادر) بووه و له سوێد ناوه‌که‌ی کراوه به(حه‌سه‌ن نادر)، ژنه‌که‌ی(بۆ نموونه) ناوی: (سه‌برییه عه‌زیز حوسه‌ین) بووه له سوێد کراوه به(سه‌برییه حوسه‌ین)، کوڕی ئه‌م پیاو و ژنه، که ئه‌ویش خودانی ژن و منداڵ بووه، ناوی(بۆ نموونه): (یووسف) بووه، که له کوردستان: (یووسف حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د) بووه، له سوێد بووه به:(یووسف ئه‌حمه‌د). کوڕی ئه‌م (یووسف)ه ناوی بۆ نموونه(موشتاق) بووه، له سوێد بووه به (موشتاق حه‌سه‌ن)، دیاره ئه‌مه بۆ کچه‌کانیشیان هه‌روا و بۆ ژنه‌کانیشیان، واته: داپیره و بووکه‌که(دایکی موشتاق)، که ئه‌وان له خێزانی دیکه‌وه و به هۆی مێردکردنه‌وه که‌وتوونه‌ته نێو خێزانی(حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د نادر)ه‌وه، ئه‌وانیش پاشناوه‌کانیان نه وه‌ک (حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د نادر)ی گه‌وره‌ی خێزانه و نه وه‌ک (یووسف حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د)ی کوڕی(حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د نادر)ی گه‌وره‌ی خێزانه، به‌ڵکه هه‌ریه‌که‌و پاشناوی جودای خۆی هه‌یه و ناوه‌کانیان جۆرێکی دیکه‌یه. له یه‌ک ماڵدا، باپیر و کوڕ و نه‌وه، سێ جۆره پاشناویان هه‌ن: نادر، ئه‌حمه‌د و حه‌سه‌ن، ئه‌وجا من هیچ ناڵێم، به‌ڵام ئه‌مه سه‌رلێشێواندنی خه‌ڵک و دواکه‌وتوویی و سه‌قه‌تی ئه‌و سیستمه‌ی عیراق و کوردستان پێشان نادات! ئه‌و جۆره ناو و پاشناوه کارمه‌نده سوێدهییهکانیشی شیت کردبوو و لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتن و سه‌ری له کارگێڕییهکانیشیان شێواندبوو. ئه‌وجا کاک دارایه‌کی دانیشتووی وڵاتێکی پێشکه‌وتووی وه‌ک بریتانیا و دانیشتووی ئه‌وروپای دیموکراتی، له پای چی ده‌یه‌وێ ئه‌و سیستمه سه‌قه‌ته‌ی کوردستان به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنێت! خه‌ڵکی کوردستان و عیراق چ خێروبێرێکیان له‌و سیستمی ناو و پاشناوه دیتووه! ئایا کاک دارا پێیوایه پێشکه‌وتنخوازی به‌وه ده‌بێت!
تۆ ده‌زانی له وڵاته وێرانه‌که‌ی تۆ و مندا(کوردستان) چه‌ندین کاری ساخته و فێڵ به‌و ناوی سێیانی و چوارییهوه کراوه! ده‌ڵێن یه‌کێک له‌وانه‌ی سیاسه‌تکاره کاتی خۆی، که له ئه‌وروپا بووه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه‌کی خێرخوازیدا کاری کردووه، که پاره‌وپووڵ و کۆمه‌کیان بۆ منداڵی لێقه‌وماو و سیابه‌ختی کوردستان و عیراق خڕکردووه‌ته‌وه. پاره‌یه‌کی زۆری بردووه‌ته‌وه کوردستان و له‌وێ به‌سه‌ر که‌سوکاری خۆی و گیرفانی خۆی و که‌سه‌کانی خۆیدای به‌شیوه‌ته‌وه و لیستێکی چه‌ند (فووت)یی پڕ به ناوی سێیانی وه‌ک:(ئه‌حمه‌د موحه‌ممه‌د حه‌سه‌ن، که‌ریم جاسم عوسمان، ئارام جه‌لال عه‌لی، زانا حوسه‌ین جه‌بار و….)، هێناوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وروپا و پێشانی هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌که‌ی داوه و گوتوویه‌تی، که پاره‌که‌ی به‌سه‌ر ئه‌و ناوانه‌دا به‌شیوه‌ته‌وه، له ڕاستیشدا ئه‌وانه ناوی خه‌یاڵی و دروستکراو بوونه و چێکردن و خڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ناوانه ئاسانترین کاره.
من ئه‌وپه‌ڕی ڕێزم بۆ هه‌موو ناوێک هه‌یه و ئه‌وپه‌ڕی ڕێزیشم بۆ هه‌موو ئه‌وانه هه‌یه، که ناوی سێیانی و چوارییان هه‌یه و به‌کار ده‌به‌ن و ڕێزم بۆ ئه‌وانه‌ش هه‌یه، که دڵشووشه و دڵبرین و سهرئارام و دڵخۆش و ناوی دیکه وه‌ک نازناو و پاشناو بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام هه‌ر ناوێکی سێیانی له به‌رده‌م سه‌رای سلێمانی یا شێخه‌ڵڵای هه‌ولێر یا ئه‌حمه‌داغای که‌رکووک بانگکه، ده‌یان مرۆڤ وه‌ڵامت ده‌ده‌نه‌وه.
15. کاک دارا ده‌یه‌وێت عه‌بدوڵڵا ئوێجالان، فازیل جاف، شێرکۆ بێکه‌س، جه‌لال تاڵه‌بانی، مه‌سعوود بارزانی، قوبادی جه‌لیزاده، جه‌مال بابان، شێرکۆی هه‌ژار، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی، ده‌یڤید کامیرۆن، بنیامین ناتانیاهوو، مه‌حموود ئهحمهدینهژاد، باراک ئۆباما و دیانی دیکه پاشناوه‌کانی خۆیان بگۆڕن و بیکه‌ن به: عه‌بدوڵڵا ڕابوون، فازیل ده‌مبه‌خه‌نده، شێرکۆ دڵخۆش، جه‌لال حوسامه‌ددین، مه‌سعوود مسته‌فا موحه‌ممه‌د، قوباد ڕووخۆش، جه‌مال کامڕان، شێرکۆ به‌خته‌وه‌ر، ئه‌نوه‌ر ده‌ستڕه‌نگین، ده‌یڤید که‌شخه، بنیامین خه‌نده، مه‌حموود ئارام، باراک بڵند یا باراک حوسه‌ین و….تۆ بڵێی هیچ یه‌کێک له‌و که‌سانه قایل بێت به گۆڕینی پاشناوه‌که‌ی به‌و جۆره! ئه‌گه‌ر به گوێره‌ی جاڕنامه‌که‌ی کاک دارا بێت و به گوێره‌ی دید و بۆچوون و ئاره‌زووی کاک دارا و هاوبیرانی بێت، گه‌ره‌که هه‌موو یه‌کێک له‌وانه‌ی پاشناوی خێڵ و خێزان و ده‌ڤه‌ریان هه‌یه، هه‌رچی ڕۆمانه‌کانی به‌ختیار عه‌لییه له‌پێش خۆیان دانێن و له‌وانه‌وه سروشیان بۆ بێت و ئیدی پاشناوی وه‌ک :”زوهدی شازه‌مان، مورته‌زای شه‌یتان، حه‌سه‌ن تۆفان، مه‌لای سوخته، مه‌لای هاجه‌ر، شه‌هریاری شووشه، سهرئارام، دڵشووشه، دڵبڕین، چاووهنهوشه، ههرامهشهربهت، گیرفانبه‌تاڵ، بهژنقامیش، ته‌ڕپۆش و گۆناخڕ…” و مانه‌ندی ئه‌و جۆره ناوه سه‌یروسه‌مه‌رانه بکه‌نه پاشناو بۆ خۆیان، چونکه ته‌نێ له‌و ڕۆمانانه‌دا ناوی هێنده نه‌وازه و عه‌نتیکه ده‌ستده‌که‌ون.
پاشناو که‌سیه‌تی و مێژوو و ژیان و پاشخانی خاوه‌نه‌که‌یه‌تی و گۆڕینی بۆ جۆرێکی دیکه به گوێره‌ی ئه‌و پێوه‌ره‌ی کاک دارا و هاوبیرانی ده‌کاته گاڵته‌کردن به که‌سیه‌تی و مێژوو و ژیان و پاشخانی ئه‌و که‌سه و سڕینه‌وه‌ی.
16. ئه‌وه‌ی کاک دارا به‌رانبه‌ر من و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی جاڕنامه‌که‌ی ده‌یانگریته‌وه کردوویه‌تی، وه‌ک ئه‌وه وایه تۆ ماڵێک یا دیوهخانێکت هه‌یه و ئێمه‌ی ئه‌وانه‌ی که بابه‌ت و وتارت بۆ ده‌نێرین حه‌فتانه یا هه‌ر چه‌ند ڕۆژ جارێک یا ماوه‌ی جارێک میوانی تۆین، یه‌کێکمان به ڕانهکوچۆغهی شاڵهوه و یه‌کێکمان به شاڵوشهپکهوه و یه‌کێکمان به چاکه‌ت و پانتۆڵه‌وه و یه‌کێمان به پانتۆڵێکی جینز و تی شوێرتێکهوه و یه‌کێکمان به کهواوسهڵتهوه و یه‌کێکمان به دشداشه و عه‌گاڵه‌وه و یه‌کێکمان به سمێڵ و ڕدینی درێژه‌وه و یه‌کێکمان بێسمێڵ و بێڕدێن و یه‌کێکمان فژدرێژ و یه‌کێکمان سه‌رتاس و تهراشکراو و یه‌کێکمان به زمانی عیبری و یه‌کێکمان به فرانسی و یه‌کێکمان به سۆمالی و یه‌کێکمان به ئیتالی و یه‌کێکمان به ڕووسی قسان ده‌که‌ین و یه‌کێکمان هیندۆس و یه‌کێکمان جووله‌که و یه‌کێکمان موسوڵمانی شیعه و یه‌کێکمان که‌روێشک ده‌په‌رستین و ئیدی هه‌ریه‌که‌مان به شێوه و جۆرێکین و دێینه ماڵ و دیوه‌خانه‌که‌ی تۆ. تۆ بڕیارێک ده‌رده‌که‌یت و ده‌ڵێی سه‌رتاس و دشداشه له‌به‌ر و ڕدێندار و فرانسی زمان و که‌روێشک په‌رسته‌کان نابێ بێنه ژوورێ و ده‌بێ وه‌ده‌رنرێن، ئه‌مه که‌ی ڕه‌وایه و که‌ی مرۆڤدۆستییه و که‌ی ئازادی و دیموکراتییه!
17. چه‌نده خه‌ڵک ئازاده له‌وه‌ی خێڵ و هۆز و ده‌ڤه‌ر و پیشه و هه‌رشتێکی دیکه ده‌کاته پاشناو، هێنده‌ش ئازاده له‌وه‌ی چ پاشناوی نه‌بێ و ناوی سێیانی و چواری هه‌ڵبژێرێ و ئه‌و سیستمه سه‌قه‌ته‌ی کوردستان و عیراق پێڕۆ بکات.
18. ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان ده‌یتوانی به دانانی سیستمی پاشناو له کوردستان، وه‌ک ئه‌وه‌ی له هه‌موو جیهان پێڕۆ ده‌کرێت، بۆ خه‌ڵکی کوردستان، خۆی له عیراق جوێ کردباوه، واته: سیستمێکی پێشکه‌وتووتری له‌وه‌ی عیراقی ساز کردبا.
19. ئه‌گه‌ر بڕیاره سیستمی ناوی سێیانی و چواری و قانوونه‌که‌ی بۆ هه‌موو کوردستانییه‌ک و عیراقییه‌ک بێت، ده‌بوو ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و عیراق ده‌ستبه‌رداری پاشناو و ناوهگهوهرهکانی خۆیان بووایه‌ن، که له ده‌ڤه‌ر و خێڵ و بنه‌ماڵه‌وه هاتوون، نموونه: جه‌لال تاڵه‌بانی، مه‌سعوود بارزانی، نووری ئه‌لمالیکی، ئه‌یاد عه‌للاوی، ئه‌حمه‌د ئه‌لچه‌له‌بی، عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم، موقته‌دا ئه‌سسه‌در، نێچیرڤان بارزانی و …..سه‌دانی دیکه.
20. دیموکراتی، به واتای قه‌بووڵکردن و قایل‌بوون به جیاوازییه‌کان و بینینی خه‌ڵک وه‌ک خۆیان و به یهکسانزانینی هه‌موو خه‌ڵک. تۆ که پاشناوی فڵان و ئه‌و و ئه‌م و من قه‌بووڵ ناکه‌یت، کام دیموکراتی و ئازادی بیروبۆچوون و که‌سیه‌تییه، که بڕوات پێیه‌تی و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌یت!
21. تاکه یه‌ک شت له کاک دارا و ئه‌وانه‌ی وه‌ک وی ده‌هزرن ده‌پرسم، له ته‌واوی ئه‌و ڕێسا و قانوون و سیستم و به‌زمانه‌ی له کوردستانه‌که‌ی تۆ و من و عیراقدا هه‌ن، تاکه یه‌ک قانوونم بۆ بدۆزه‌وه له قانوونێکی ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی باشتر و عاقڵانه‌تر بێت و پتر که‌ڵک به مرۆڤ بگه‌یه‌نێت و له خزمه‌تیدا بێت! هیچ قانوونێکی وڵاته کاولبووه‌که‌ی ئێمه له هی ئه‌وروپا باشتر نییه. هیچ سیاسه‌تکارێکی ئێمه له سیاسه‌تکارێکی ئه‌وروپایی عاقڵتر و دڵسۆزتر و کاراتر و باشتر نییه. هیچ بیرکردنه‌وه و نه‌خشه‌دانانێکی سیاسه‌تکارێکی ئێمه له هی ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکاییه‌ک هۆشیارانه‌تر و تۆکمه‌تر و ڕێکوپێکتر نییه. ئه‌وروپاییان و ئه‌مه‌ریکاییان له که‌رایه‌تی و بێعهقڵییان نییه، که پاشناویان هه‌یه و خه‌ڵکی وڵاته وێرانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌ش له عاقڵییان نییه، که پاشناویان نییه و ناوی سێیانی و چواری و هه‌ندێ جار پێنجیش به‌کار ده‌به‌ن. ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تکار و قانوونداڕێژ و نه‌خشه‌داڕێژی وڵاتی ئێمه، هه‌موو دژی خواستی خه‌ڵک و دژی پێشکه‌وتن و دژی مرۆڤن و هه‌موو چه‌وت و سه‌قه‌تن و ته‌نێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان کار ده‌که‌ن و قانوون داده‌نێن، ئه‌وجا بۆ ده‌بێ له نه‌بوونی پاشناو و به‌کاربردنی به‌و جۆره‌ی کوردستان و عیراقدا ڕاست بن، له کاتێکدا له هیچ شتێکی دیکه‌یاندا ڕاست نین! بێگومان له‌وه‌شدا وه‌ک هه‌موو شته‌کانی دیکه‌یان چه‌وتن و گه‌لێکیش چه‌وتن.
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
10/02/2011