Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پرۆژەی دەستورو هەڵویستە جیاوازەکان….!

پرۆژەی دەستورو هەڵویستە جیاوازەکان….!

Closed
by June 30, 2013 گشتی

 

 

 

هەڵویستەیەک لەسەر بەیاننامەکەی حزبی کۆمۆنسیتی کریکاری

 

پرۆژەی دەستوری هەریمی کوردستان کە لە ئابی ٢٠٠٦ وە نوسراوەو پاش چەند ساڵ لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراو پاشان بریاروابو بیکەنە دەنگدانەوەو هەر دوا خرا تا ئەمرۆ بەلام ئیستا  پارتی بەتەنهاو بە پەلەپروزی داوای راپرسی دەکات . هەرچی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی  و گۆران و یەکیتی چەند لایەنی سیاسی تر هەیە بەهۆی هەندی ناکۆکی و تیبینی یان لەسەری داوای گیرانەوەی بۆ پەرلەمان و هەموارکردنەوەو سازان دەکەن لەسەری  پاشان دەنگدانی گشتی لەسەر بکریت.

ئیستاش کە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەریم، کە پارتی هیزی یەکەمە تیایاندا، نزیک بۆتەوە ئەم پرۆژەیە بۆتە پرس و کیشەیەکی گەورە لە نیوانیان و کۆمەڵگاشیان کردۆتە دوبەرەوە لە پاڵ خۆیان.

دیارە گومان لەوەدا نی یە کە کۆمەڵگای کوردستانیش وەک هەر کۆمەلگایەکی مەدەنی و هاوجەرخ پیویستی بە دەستوریک هەیە کە رەنگدانەوەو وەلامدارەوەی خواست و پیویستی یەکانی جەماوەری کوردستان بیت و مافو ئازادی یەکانی هاوولاتیان لە سایەیدا پیناسە بکات و دابین بکات بە یەکسانی لە رووی یاسایی یەوە.

لەم بارەیەوە پارتی کە لەگەڵ دانگدانی جەماوەری و پەسەندکردنیدایە بە زوویی هەمو بەڵگەو بەهانەیەک لە روانگەی خۆیەوە دینیتەوە بۆ پیویستی دەنگدان چونکە پرۆژەکە پارتی خۆی بەشی شیری هەبوە لە دارشتنی لە روانگەی بەرژەوەندی یە سیاسی و ئابوری یەکانی خۆیەوە.بە تایبەتی لە رووی دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەریم کە لە روانگەی پرۆژەکەوە زیاتر لە بەندی ٦١ مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەریم دەسەڵاتیکی رەهای پاشایانەی هەیەو لەسەرو دەستورو هەمو یاسایەکەوەیەو هیچ کات قابیلی لیپرسینەوە نی یە.

هەرچی ئۆپۆزیسیۆن و یەکیتیشە سەرنج وتیبینی یەکەیان زیاتر لەسەر ئەم بەندە چەق دەبەستی گەر چی ئەوان ئاماژە بە چەند بەندی تر دەدەن بەلام ناکۆکی سەرەکیان لەسەر ئەو بەندەیە کە گوایە ئەم بەندە وای کردوە کە سیستەمی سەرۆکایەتی لە پەرلەمانی یەوە بگۆری بۆ سەرۆکایەتی و دەسەلاتی زۆریشی داوە بە سەرۆک.

هەڵبەت لەم بارەیەوە سەرنجو تبینی و تا ناکۆکی یەکەیان راستەو واقعی یە بەڵام ئەم سەرنجو تیبنی یە هۆکاری تری هەیە کە وای کردوە سەرۆک ئەو هەمو دەسەلاتەی پی بدری.یانی ئەمە تەحسیل حاسلە بۆ شتی تر.

 لەم بارەیەوە نەک هەر ئۆپۆزیسیۆن و یەکیتی بەڵکو لایەنەکانی تریش کە لە نیوان ئەم دوو بەرەیەدان سەرنجو تیبینیان هەیە تا دەگاتە زۆربەی نوسەران و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران .

بەڵام گەر هەر چاودیریک پرۆژەکە بخوینیتەوەو بیداتە بەر سەرنجی رەخنەگرانە نەک لە روانگەی کۆمۆنیزم و چینی کریکارەوە وەک ئیمە، کە لە بنەمادا ناکۆکین بەم پرۆژەیەو گشتی رەتدەکەنەوە چونکە لەسەر بنەمای پاراستن و بە پیرۆزراگرتنی موڵکداری تایبەتی سەرمایەداری راوەستاوە ،کە ئەویش لەسەر چەوسانەوەی هیزی کاری چینی کریکار راوەستاوە،بەڵکو لە روانگەی هەر لایەنیکی سیاسی و کەسانی بە واقعی عەلمانی و ئازادیخواز ناکۆکی ریشەیی دەبیت بەم پرۆژەیە. بەڵام لایەنەکانی ئۆپۆزیسیون بە ئیسلامی و گۆران و یەکیتی  تا دەگاتە سۆسیالیست و تەنانەت حزبی شیوعیش بە رادەیەک، لەگەڵ زۆریک لە رۆشنبیران دەس نابەن بۆ گرفتی سەرەکی و خەوشی بەرچاوی ئەم پرۆژەیە کە لە ناوەرۆکدا ناکۆکە بە سیستەمیکی بە واقعی دیموکراسی پەرلەمانی و فرەیی و حکومەتیکی سکولارو مۆدیرن.

ئەوەی گومان هەڵنەگرە ئەوەیە لە رووی سیاسی و میژویی یەوە کە سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی و فرە حزبی پایە سەرەکی یەکەی لەسەر جیاکردنەوەی دین و قەومیەت راوەستاوە لانی کەم لەباری فەرمی و یاسایی یەوە.

هەروەک چون ماسی پیویستی بە ئاوە بۆ ئەوەی بژی  کۆمەڵگای مەدەنی و هاوجەرخ ،کە پرە لە ئایین و ئایینزاو ئایدیۆلۆژی جیاوازی قەومی و سیاسی و فکری و ئاتەئیست و دژی ئایین و..هتد ئاواش ئەم کۆمەڵگایانە بی دەوڵەتو دەسەڵاتی بی ئایین و بی قەومیەت و ئایدیۆلۆژی ناژی .ئەمە تایبەتمەندی و توخمی سەرەکی جیاکەرەوەی کۆمەڵگاو سیستەمی سیاسی ئەم سەردەمەیە لەگەل سەردەمی دەرەبەگایەتی و کۆیلایەتی.

بۆیە بۆ بەریوەبردنی کۆمەڵگایەکی  ئاوا پیویستی بە دەستوریکی سکولارو مۆدیرن هەیە کە لە سایەیدا هەمو خەڵک وەک هاووڵاتی یەکسان لەبەردەم یاسادا دانی و مافو ئازادی یە سەرەتای یەکانیان دەستەبەر بکات.

بەڵام  ئەم پرۆژەیە هەر لە یەکەم رستەوە لەسەرەوە بە ناوی خودای بەخشندەوە دەستی پیکردوەو ئیسلامی کردوە بە ئایینی فەرمی و سەرچاوەی سەرەکی دەستورو یاساو دەڵی نابیت هیچ یاسایەک دەرچی کە ناکۆک بیت لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام .هەروەها خەڵکی کوردستانی دابەشی ناسنامەی قەومی و ئەتنیکی دژ بە یەک کردوە، هەر لە کوردەوە تا تورکمان و ئاسوری و ئەرمەنی و..هتد بە پیی ژمارەی زۆرو کەمی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان کە بە زمانی جیاوازو کەلتوری جیاوازەوە مافو ئازادی یەکانیانی سنوردار کردۆتەوە .

جا بیگومانە کاتیک دەستوریک ئەم دابەش کاری یە ئایینی و قەمی وجنسی و  ئایدیۆلۆژیانە لە نیوان هاوولاتیاندا بکات ئەوە بیگومانە کە دەسەڵاتی رەهاش دەدا بە سەرۆک و بنەماڵەکەیو خیڵەکەیو حزبەکەیو قەومەکەیو ئایینەکەی و بەم شیوەیە جیاوازی دادەتاشی  و مافەکانیان دەداتە بەر مقەستی ئەو جیاوازیانە لەسەرەوە تا خوارەوە.

مەگەر هەمو دەسەڵاتە پاشایەتی یەکان بە دریژایی میژوو بە پاڵپشتی ئایین،جا هەر ئایینیک بیت، هەر وایان نەکردوەو لە خوار خوداکانیاوە لەسەر زەوی پاشاو سەرۆک نوینەری خودا نین کە ئایین دەپاریزن؟؟!لە رۆمانەکانەوە بگرە تا دەسەڵاتی پەیامبەرەکانی  وەک محمەدو خەلیفەکانی و سوڵتانەکانی عوسمانی و پاشاکانی ئەمرۆی سعودیەو مەراکیش و ئوردن و ئیران و هتد گەر چی بە روالەت کۆماریشە، تا میرەکانی کەنداو هەمویان دەسەلاتی رەهایان نی یە؟؟! کیشەکە ئەوە هەمویان ئایین و قەومیەت تایبەتمەندی سەرەکی و فەرمیانە. بۆیە بۆ دەستەبەرکردنی دەستوریکی هاوچەرخ و پیشکەوتوانە پیویستە ئەو دەستورە ئایین و قەومیەت و ئایدیۆلۆژیا نەلکینری پییەوە تا بە راستی سیستەمیکی دیموکراسی پەرلەمانی فرە حزبی دەستەبەر بیت هەر وەک ئەوەی لە وولاتانی ئەوروپا هەیە سەرەرای هەر کیشەو گرفتو جیاوازی یەکی چینایەتی کە هەیە.

بۆیە لەم روانگەیەوە جگە لە لیکدانەوەو هەڵویستی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری کوردستان وەک تاکە لایەنی سیاسی کە  رونو راشکاو سەرنجو تیبینی و ناکۆکی خۆی راگەیاندوە هیچ لایەنیکی سیاسی بەو شیوەیە راینەگەیاندوە. وە هەر لەم گۆشە نیگاو بەرژەوەندی یە چینایەتی یەوەیە کە ئیمە دەڵیین هەمو لایەنە سیاسی یەکان بە دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لە یەک بەرەدان و ناکۆکی سەرەکی و ریشەییان نی یە لەگەڵ یەکتر ئەوەی هەیانە تەنها روکەشی یەو زیاتر شەریانە لەسەر پلەو پایەو پارەو بەس .بەلام بە بەهانەی ئەوەی کۆمەلگای کوردستان ئیسلامەو زۆربەیان کوردن و ..خەلک دواکەوتوەو و  دەبیت واقعی بین بین ..هتد بەم بەهانانە دەیانەوی خەلکی ئازادیخوازو ستەمدیدە گیژ بکەن. ئیمەش لە وەلامی ئەمانەدا دەلیین لەو کۆمەلگایەدا هەروەک جون موسلمان هەیە مەسیحی و یەهودی و یەزیدی و کاکەیی و بی دین و دژی دین و دواکەوتویی و پیشکەوتوییش هەیە هەر بۆیەش دەبیت هیچ دین  مەزهەب و تایەفەو نەژاد و قەومو خیلو ئایدیۆلۆژی یەک و رەنگیک زال نەکری بەسەر ئەوانی تردا هەموی وەک مرۆڤ  لە جوارجیوەی پیناسەی هاوولاتی یەکسانی تەماشا بکریت.هەلبەت وەنەبی ئەوانەی ئەم دەستورەیان دارشتوە گیل بن و ئەمانەی ئیمە دەیڵیین و دەیزانین ئەوان نەزانن و درکی پی نەکەن نەخیر مەگەر ئەوان هەمویان خاوەن شەهادەی دکتۆراو پسپۆر نین لە ناوەوەو دەرەوەی وولات دەیان ساڵ لە وولاتانی رۆژئاوا نەژیاون؟؟!! بەڵام مەسەلەکە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری یەو بۆ پاراستنی ئەم بەرژەوەندی یانە ئەم ناسنامە جیاوازانە دروست دەکەن و زەقدەکەنەوە.

لە کۆتاییدا ئەوە بڵیم کە ئیمە کۆمۆنیستەکان و چینی کریکار و هەمو ئازادیخوازان کە دەڵیین دژایەتی قوڵمان هەیە لەگەڵ ئەم پرۆژە دەستورەو سەرلەبەری رەت دەکەینەوە هاوکات ئەلتەرناتیڤی تەواوی ئیمە دەستوریکە کە پایە سەرەکی یەکانی لەسەر موڵکداری گشتی سۆشیالیستی  راوەستابی وببیتە پایەی سەرەکی بۆ سیستەمیکی سیاسی سۆسیالیستی هەروەک ئەو دەستورەی کە لە دوای شۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کە یەکیتی سۆڤیەتی لەسەر دامەزراو لە هەوڵی بەدی هینانی ئازادی و یەکسانی هەمەلایەنەی ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتی راستەقینەدا بووە.بەڵام لە ئەستەمی بەدی هینانی دەستورو سیستەمیکی وا لەمرۆدا ئەوە بیگومانە لە هەوڵی بەدی هینانی دەستورو دەسەڵاتیکی بە راستی سکولارو ئازادیخوازدا دەبین بۆ ریگرتن لە سەرکوتی رەهای باڵیک لە باڵە بۆرژوایی یە قەومیو دینی یەکان بەسەر کۆمەڵگادا چونکە بۆ ئیمە بەهەر رادەیەک ئازادی و مافە سەرەتای یەکانی جەماوەر دەستەبەر بیت بەو پلەیە ریگا بۆ بەدی هینانی تەواوی ئازادی و یەکسانی خۆش دەبیت.

کۆتایی جونی ٢٠١٣

 

موزەفەر عەبدوڵا

mozafar_as@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.