Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
پریشکەکانی شانۆ  هارۆڵد پینتەر و زمانی چیا

پریشکەکانی شانۆ هارۆڵد پینتەر و زمانی چیا

Closed
by October 23, 2012 شانۆ

 

 

 

 

هارۆڵد پینتەر توانی مێژوویەکی نوێ بۆ شانۆی جیهانی تۆماربکات و لە ژوورە ڕیالیزمییەکانەوە، لە شێوازێکی تەبای دراماتۆرگییەوە، بمان گوێزێتەوە بۆ جیهانێکی ئەندێشەئامێزو نادیار. بە ڕستە کورت و وچانە درێژو وشە هێماگەلییەکانی، بینەران بخاتە دڵە ڕاوکێی و چاوەروانییەکی ترسناکەوە. بە شێوەیەکی گشتی شانۆنامەکانی پینتەر نەفەسێکی سیاسی لەخۆدەگرن: گەمەی دەسەڵات، ئەتمۆسفێرە ترسناکەکان، پەیوەندییە پر لە راز و نهێنیەکان،بارودۆخە سامناکەکانی ڕارەوە تاریک و دەسەڵاتە سەرکوتکەرو دەزگا داپڵۆسینەکانمان دێننەوە یاد. 

لە کاتی خۆئامادەکردنی یەکەم فیستیڤاڵی سلیمانی بۆ شانۆی نێونەتەوەیی، بڕیار درابوو کە ڕێز لە شانۆکارێکی جیهانی بگێرێت، من پێشنیاری “هارۆڵد پینتەر”م کردو هەموو کۆکبوون لەسەری. ئەم رێز لێنانەش هەندێک قسەو باسی دروست کرد، لەوانە گوایە پینتەر هەرگیز ددانی بەوەدا نەناوە کە “زمانی چیا”ی بۆ کورد نووسیبێت!؟

“پینتەر” هەمیشە هەڵوێستی سیاسی هەبووە، بەرگری لە شۆڕشی گەلان کردووە و لەم ڕووەوە لە سێ ناوچەو مەداری جیاوازی دونیاوە، بەرگری لە گەلانی چەوساوە کردووە: یەکەمیان وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، بەتایبەتیش “نیکاراگوا” دووەم ئەوروپای ڕۆژهەڵات، بەتایبەتی “چیکۆسلۆڤاکیا” سێیەمیش تورکیا بووە. پینتەر هەر لەساڵی ١٩٨٥ ەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ ئارسەر میللەر سەردانی تورکیای کرد، لەنزیکەوە لە مەسەلەی کورد دەگات، قەدەغەکردنی زمانی کوردیش بە تەواوەتی دەیوروژێنێت، کە دەشگەڕێتەوە بۆ لەندەن شانۆنامەی “زمانی چیا” دەنووسێت. 

“ئەنتۆنیا فرەیسەر” ی ژنی پینتەر لە یاداشتگەلەکەی خۆیی و پینتەر “ئەبێت بڕۆیت” سەبارەت بە “زمانی چیا” دەڵێت (ئەو شانۆنامە تازەیەی هارۆڵد دەستی کرد بە نووسینی، زمانی چیا بوو، ئەم کارەشی ڕاستەوخۆ بۆ بەرگریکردن و دژی چەوساندنەوەی کوردەکان نووسیوە. هارۆڵد بۆی دەرکەوت کە زمانی کوردی تەنانەت لە ناو کوردەکان خۆشیاندا قەدەغەیە، ئەمەش بەشێوەیەکی بنەڕەتی و بۆ هارۆڵد هێماگەلێکی بەهێزی چەوساندنەوەیە،جیهانبینی هارۆڵد پینتەر لە چەمکی “زمان” ەوە زۆر نزیک بوو، کە زمانیش قەدەغە بکرێت، مانای وایە مرۆڤ لە هەموو بنەما سەرەکییەکانی خۆی، وەکوو مرۆڤ دادەماڵرێت. هارۆڵد هەر کە لە تورکیا گەڕایەوە بۆ لەندەن دەستی کرد بە نووسینی ئەم شانۆنامەیە.) پینتەر خۆشی لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ “میل گەساو” کە لە ساڵی ١٩٨٨ دا لە شاری نیویۆرک لەگەڵی کراوە، بەم شێوەیە باسی “زمانی چیا” دەکات ( ئیلهامی شانۆییەکەم لە گەشتێکەوە بۆ تورکیا لا دروستبوو، لەگەڵ ئارسەر میللەر و لەو ئەزموونەوە لەگەڵ کوردان هەمبوو، بۆ خۆت دەزانی کوردان رێگەپێنەدراون بە زمانی خۆیان بدوێن. ئەوە تاوانێکی گەورەیە.) پینتەر هەر لە ساڵی ١٩٨٨دا بە رۆژنامەنووس “ئان فۆرد” دەڵێت (یەکێک لەو شتانەی، کە لەبارەیەوە زانیم ئەو کاتەی لەوێ بووم، کێشەی ڕاستەقیینەی کوردەکان بوو. بە ڕوون و ئاشکرا، بە هیچ شێوەیەک ددان بە بوونیاندا نانرێت، بەڵێ، ڕێگەیان پێ نادرێت بە زمانی خۆیان قسە بکەن.) “ئەنتۆنیا فرەیسەر” ی ژنی پینتەر لە نامەیەکی ئەلکترۆنیدا، کە بۆ منی ناردووە دەڵێت( هارۆڵد پینتەر بە ڕاستی خەباتی بۆ گەلی کورد دەکرد، کە بۆ ئەو گەلێکی گرینگ بوو.) 

“زمانی چیا” شانۆنامەیەکی چڕە، بەشێوەیەکی قێزەون، کورت و توندوتیژ بەرجەستەی پێکداچوونی خەڵکی شاخ و دەزگاکانی پۆلیس و سەرباز دەکاتەوە، لەهەمانکاتدا بەشێوەیەکی شانۆیی، بێ لایەن و راستەوخۆ بینەران رووبەرووی ئامرازی سەرکوتکەری دەزگا پۆلیسییەکان و موڕاڵی نامرۆڤانەیان و رووداوەکان دەکاتەوە. زەمەن لە “زمانی چیا”دا وەستاوە و زەمەنێکی بێ کۆتاییە، ڕووداوکان مەودایەکی ڕەهاو هەتاهەتاییان لە خۆگرتووە. 

لەو نامەیەی کە لە زمانحاڵی بنەماڵەو هەڵسوڕێنەری کارەکانی پینتەرەوە، سەبارەت بەو ڕێزلێنانەی فیستیڤاڵی شانۆی نێونەتەوەیی سلیمانی بەدەستمان گەیشتووە، دەڵێن (خاتوو ئەنتۆنیا فرەیسەر پێی وایە شەرەفێکی گەورەیە، بە ناوی هارۆڵد پینتەر، مێردی خوالێخۆشبوویەوە، ئەم مێدالیایە لە فیستیڤاڵی سلیمانی بۆ شانۆی نێونەتەوەیی ساڵی ٢٠١٢ وەربگرێت. مێدالیاکە لە پاڵ خەڵاتەکانی تری هارۆڵد پینتەر، لە ناویشیانەوە خەڵاتی نۆبڵەکەی، لە کتێبخانەی بەریتانی، کە سەرجەم ئەرشیف و خەڵاتەکانی ئەوی لە خۆگرتووە، دادەنرێت.)

دانا ڕەئووف

 

تێبینی: تا ئێستا لە زنجیرەی شانۆی بیانیدا، ١٢ شانۆنامەی هارۆڵد پینتەر، لە ناویشیان دا “زمانی چیا” مان کردووە بە کوردی و بە لێکۆڵینەوەی وردەوە بڵاوکردۆتەوە. 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.