Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پشتگوێ‌ خستنی گەنجانی ناوچە جێناكۆكەكان زەنگێكی مەترسیدارە

پشتگوێ‌ خستنی گەنجانی ناوچە جێناكۆكەكان زەنگێكی مەترسیدارە

Closed
by July 20, 2012 گشتی

 

 

لەدوای پرۆسەی ئازادای عێراقەوە لە ساڵی 2003وە دانیشتوانی سنووری ماددەی سەد و چل لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەندەوە تاڕادەیەكی مەترسیدار پشتگوێخراون, بەجۆرێك دانیشتوانی ئەم ناوچانە ڕۆژانە ژیانێكی سەخت و كەم خزمەتگوزاری بەڕێدەكەن. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەم ناوچانە بۆ هەمیشە مەیدانی ململانێی سیاسی نێوان هەولێر و بەغداد بووە, ململانێكان گەرچی زیاتر لەڕێی ڕاگەیاندن و لێدوانی توند و چاوسوركردنەوە بووە دژ بە یەكتر, بەڵام بەدەر نەبووە لە هێزجوڵاندن و لەشكركێشی بەرەو ئەو ناوچانە.

گرنگی پێنەدان و پێشكەش نەكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە گەشتۆتە ئاستێك بە ئاسانی دەتوانرێت هەست بە توڕەیی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بكرێت, ڕۆژ نییە لە ڕێی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە خەڵكی ئەو سنوورە گلەیی و گازندەی خۆیان ئاراستە لایەنی پەیوەندیدار نەكەن. ناڕەزاییەكانی ئەو سنوورە تەنها شارێك و قەزایەكی نەگرتۆتەوە بەڵكو سەرتاپای ناوچە جێناكۆكەكانی گرتۆتەوە, تەنها نەتەوە و پێكهاتەیەكی نەگرتۆتەوە بەڵكو سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو ناوچەیە لەو جۆرە ژیانە ناڕازین. 

لە سایەی دوو حكومەتدا ژیانی دانیشتوانی ئەم ناوچانە هێندە سەخت بووە خەڵكی ناوچەكە ناچارن بەرەو هەرێم ناوچەكانیان بەجێبهێڵن. سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاری ئەم ناوچەیە بەدەست خراپی باری ئاسایشەوە دەناڵێنن, رۆژ نییە كردەیەكی خۆكوژی یان ڕفاندن و كوشتنی هاوڵاتییەك لە سنوورەكەدا ڕوونەدات ! ئەوەی جێی سەرنجە هەردوو حكومەتەكە بەردەوام شەڕی ماددەی سەدوچل و نەوت و گاز و خاكی ناوچەكە دەكەن, بەڵام تا ئێستا نەیان توانیوە خزمەتگوزارییەكی باش و هێمنی و ئاسایشێكی سەقامگیر لە ناوچەكەدا دەستەبەر بكەن.

دیارە هەموو چین و توێژەكانی ناوچەكە ئەم نەهامەتی و دەردەسەرییە ئەچێژن, بەڵام گەنجانی ئەم ناوچەیە گەورەترین قوربانی دەستی هەردوو حكومەتەكەن. خزمەتگوزاری ئەم ناوچەیە بۆ توێژی گەنجان لە ئاستێكی كەمدایە یان هەندێ‌ جۆرە خزمەتگوزاری هەر بوونی نییە, گەنجان لەم ناوچەیەدا لە دوای تەواوكردنی زانكۆ و پەیمانگا دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ناڕەخسێت, ئەمە لەكاتێكدا هەریەك لە كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی..هتد پێویستیەكی زۆریان بە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان هەیە. ئەگەر پارێزگای كەركوك بە نموونە وەربگرین, بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك وەكو خۆیان ڕایدەگیەنن پێویستی بە زیاتر لە پێنج سەد پشكە, بەڵام حكومەتی هەرێم تەنها حەفتا پشكی بۆ دیاری كردوون ! ئەگەر خانەقین بە نموونە وەربگرین ئەوا لە كۆی شەش سەد دەرچووی خوێندكاری زانكۆ و پەیمانگا لەو قەزایەدا حكومەتی هەرێم هیچ پشكێكی بۆ تەرخان نەكردوون ! ئەمە لەكاتێكدا هەریەك لە پارێزگاكانی هەرێم نزیكەی دوو هەزار پشكیان بۆ دیاری كراوە. 

پشتگوێ‌ خستنی گەنجانی ناوچە جێناكۆكەكان بەم شێوەیەی ئێستا و بەردەوامبوون لەسەر ئەم شێوازە لە خزمەتكردنی ئەو ناوچانە رۆژ بە ڕۆژ توڕەییەكی زیاتری لێدەكەوێتەوە, هاوڵاتیان بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی زیاتر نائومێد دەكات. ئەگەر ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردن بەردەوام بێت دوور نییە ئەم ناوچانە لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕووبەڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزای دەربڕینێكی گەورە بێتەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بۆ داواكردنی مافەكانیان. بۆیە دەبێت حكومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لەو ناوچانە بڕوانێت و ئاستی خزمەتگوزرییان بەرەو باشتر پەرەپێبدات, بۆئەوەی بتوانرێت هەست و سۆزیان بۆ نیشتیمان فراوانتر بكرێت و زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن, نەك بە پێچەوانەوە بێت. 

هێمن محەمەد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.