Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
پڕۆژەی دەستوری هەرێم، چاکسازی هەڵناگرێت، دەبێ بەیەکجاری وەلابنرێت

پڕۆژەی دەستوری هەرێم، چاکسازی هەڵناگرێت، دەبێ بەیەکجاری وەلابنرێت

Closed
by February 21, 2012 گشتی

     عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com
www.abdullamahmud.com
بەجیا لەوەی دەستور لە دۆخی نەبوونی دەوڵەتدا، یان لە هەلومەرجی فیدارلیزمی! وڵات و دەوڵەتی پێکنەهاتووەی عێراقدا، یان لەدۆخی نائاسایی وڵاتیدا… دەستور دەکاتە چ کاریکاتۆریک و چ گەمەیەکی ناتەندروست، جێگای خۆیەتی سەرنج بدەینە پرۆژەی پێشنیارکراوی دەستوری هەرێمی کوردستان و ڕەخنەی ئاراستە سیاسیەکان و رەخنەی رادیکاڵ و پێشرەو لەم دەستورە.

پایەکانی دەستور
دەستوری پێشنیارکراوی هەرێمی کوردستان کە پەرلەمانی کوردستان نزیکەی دوساڵە پەسەندی کردووە و لە چاوەڕوانی خستنە گەمەی راپرسیدایەو کۆمەڵێک رەخنە لەم دەستورە بەیانکراون، کێشەی بنەرەتی ئەم دەستورە نەک لە بەندەکانیدا، یان لە زێدەڕۆی دەسەڵاتەکاندا، یان لەشیوەی داڕشتنیدا، یان لەکەمایەسیە یاساییەکانیدا، بەڵکە لە پایەترین ئاستی خۆیدا، دەستورێکە لەسەر بنەمای سرێنەوەی چینایەتی کۆمەڵگا، لەسەر بنەمای دوخستنەوەی پیناسەی هاوڵاتی بوون بۆ تاکەکانی، وە لەسەر بنەمای دورخستنەوەی دەوری راستەوخۆی جەماوەر لەدەسەڵاتدارێتی و بەڕێوەبرنی کۆمەڵگادا، لەسەر بنەمای دژی ئازادی، بێمافی دارێژراوە.
رەخنەی باڵەکانی بۆرژوازی قەومی و ئیسلامی  زۆر لە دەستورەکە، کۆنەپەرستانەترن. رەخنەی بزوتنەوەی گۆڕان و میدیا سێبەر و نووسەرانی سێبەری تا دەگات بە نووسەرو راویژکارەکانیان، لە رەخنە لەدەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم واوەتر ناڕوات، ئەوان رەخنەیان لەپایە سەرەکیەکانی دەستورەکە، رەخنەیان لەکۆنەپەرست بوونی دەستورەکە، رەخنەیان لە دژی ئازادی بوونی دەستورەکە و بنەمای بیمافیەکانی، رەخنەیان لەبەفەرمی نەناسینی چەمکی هاوڵاتی بوون، رەخنەیان لە دورخستنەوەی دەور و ئیرادەی سیاسی جەماوەر، رەخنەیان لە سەرچاوەگرتنی دەستور لەسەر پایەی ئیسلام… تاد، نییە. بەمەش جگە لە خواستی ئاڵوگۆر لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و شێوازی هەڵبژاردنیدا، شتێکی تریان نییە و بەم شێوەیە لە پێشوازی دەستورێکی کۆنەپەرستانەدا، لەبەرامبەر ئازادی و ماف و چەمکی هاوڵاتی بووندا، رۆڵی جەماوەر…وەستاون.
تا بە رەوتە ئیسلامیەکان دەگەڕێتەوە، ئەوان جگە لە خواستی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم، خوازیارن” شەریعەتی ئیسلام لەسەرچاوەیەکی سەرەکی یاسادانانەوە” بکریت بە” شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی رەهای یاساکان بن” و هێشتا بەو ئاستە لە دواکەوتووی کۆنەپەرست بوونی دەستورەکە، ناڕازین و دەیانەوێ لەوە زیاتر بیکۆنەپەرستێنن، حوکمی خودا و خولەفاکانی ڕاشدین بکەنە مەبنای یاسا و ژیانی ئینسانی ئەم سەردەمە.
ئەم دوو ئاراستە ڵیكهەڵپێکراوە لەرەخنە لەپرۆژەی دەستوری هەرێم، زۆر لەدەستورەکە کۆنەپەرستانەترن.

پرۆژەی دەستور، پرۆژەیەک بۆ نابەرابەری و بێمافی

ئەم دەستورە پێویستە لە بەرگەوە بۆ بەرگ، توڕبدرێت. بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی دەبێ ئەم دەستورە بەتەواوی ڕەتبکرێتەوە؟ من لێرەدا بە کورتی بەنیشاندانی پایەی نابەرابەری و نائینسانی و دژی ئازادیی و هەڵاوێردنەکان، ئاماژە دەکەم، رەخنەگرتن لە بەندکان و درێژداڕییەکانی و کەموکوری یاسایی و ریفۆرمکردن و هەموارکردنەوەی کاری من نییە کە دەستورەکەم لە پایەترین ئاستیدا، بۆ جێگای رەتکردنەوەیە.

یەکەم: سڕینەوەی ناسنامەی چینایەتی کۆمەڵگا
دەستوری هەرێمی کوردستان، لە ڕوانگەی چینی بۆرژوازی کورد و قازانجپەرستی ئەم چینە نوسراوە، هاوکات کە ئەم دەستورە نابێت بکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ پایە بنەڕەتیەکانی دەستوری عێراق، کە ئەویش بەهەمان شێوە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی چینی سەرمایەداری عێراق و دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەدا داڕێژراوە.
 دەستورێکیش کە مەبناکەی چواچێوەیەک بێت بۆپاراستنی بەرژەوەندی چینی سەرمایەدارو قازانجپەرستی، ناتوانێ کۆڵەکە بنەرەتیەکانی ئەم دەستورەو بەندو بڕگەکانی ناکۆکی ریشەیی لەگەڵ خواستەکانی چینی بەرامبەری خۆی، چینی کڕیکارو جەماوەر دەستەنگ، نەبێت. یان چوارچێوەیەک نەبێت لەدژی ئەم چینە بەرهەمهێن و کۆمەڵایەتیە.
بۆیە دەستوری هەرێمی کوردستان، دەستور و ستراکتۆری چینی سەرمایەداری کوردستانە و دەسەڵاتی سیاسی سەرمایە، نوێنەرایەتی دەکات. هاوكات ئەم دەستورە بە وێنەی دەستوری زۆرێک لەوڵاتانی سەرمایەداری یەکێک لە کۆڵەکە بنەرەتیەکانی، کە کراوەتە روپۆشیێکی رەها، چاوپۆشییە لە بوونی ململانێی چینایەتی و نیشاندانی کۆمەڵگا بەوێنەی کۆمەڵگایەکی خاڵی لەچینە سەرەکیەکانی و ململانێکانی و شاردنەوەی لە ژێر ناوی بەرژەوەندی هاوبەش و هاونیشتمانیدا.
سڕینەوەی ناسنامەی چینایەتی چینی کرێکار، لەلایەن چینی سەرمایەداری کوردستان  لە دەستوردا، گەورەترین هێرشی سەرمایەداری و دەستوری یاسایی و بەنەخشەی ئەم چینەیە لەدژی چینی کرێکار و خواست و داوا رەواکانی. لەکاتێکدا چینی کڕیکار لە کوردستان داینەمۆی جوڵەی کۆمەڵگاو پێکهێنانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگایەو بناغەی بوون و مانەوەی کۆمەڵی لەئەستۆیە، کەچی بە سرێنەوەی ناسنامەی چینایەتی کۆمەڵگای کوردستان لەدەستوردا، بۆرژوازی کورد دەیەوێت ئینکاری دەوری چەوسینەرانەی و بەتاڵنبردنی دەستڕەنجی چینی کریکار، بشارێتەوە. ئەمەش دەستور دەکاتە سەنەدێکی یاسایی دژی کرێکاری و بەم پێیەش ئەم دەستورە هێ چینی سەرەکی و بەرهەم هێنی کۆمەڵگا نییە. 
  
دووەم: چەمکی هاووڵاتی بوون 
پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان چۆن هوشیارانە دەور و بوونی چینی کرێکار و ململانێی چینایەتی ناو کۆمەڵ، نادیدە دەگرێت، بەهەمان شێوەش چەمکی هاوڵاتی بوونیش ناکاتە مەبنا. چەمکی هاوڵاتی بە مانای یەکسانی حقوقی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی نەتەوەیی، دینی، رەگەزی، نەژادی، بیروباوەر و مەرام، کارو پیشەو پلەوپایە و رەگەزنامەو…تاد، بەڵام پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە جێگای ئەوە لە مادەی پێنجەمیدا دەڵێت ” گەلی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە کورد، عەرەب، تورکمان، کلدان، سریان، ئاشوری و ئەرمەن و هاوڵاتیانی دیکەی هەرێمی کوردستان” ئاماژە دان بەو ناسنامە قەومی و تایفیانە یانی رەتکردنەوەی ئاشکرای مافی هاوڵاتی بوونی حقوقی و یەکسان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا. لە حاڵێکدا هەر دەستورێکی سەردەمی لەجێگای ئاماژەدان و ناسنامە بەخشین و پۆلێن پۆلێنکردنی دانیشتوانی بە فۆرمۆلبەندی دانیشتوان، یان هاوڵاتیان… دەست پێدەکات.  چونکە ئەگەر بریار بێت دەستور یەکسانی بیئەملاو ئەگەر و بەڵام و مەڵام سەربەخۆ لە رەگەزنامەو ناسنامەیان لە هەموو ماف و ئەرکە یاساییەکاندا بە فەردی و مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانیەوە…یەکسان بن، ئەم ئاماژە و پۆلێن پۆلێن کردنەی پێویست نییە. بۆیە ئەم دەستورە لەسەر مەبنای پلەبەندی و ناسنامە رەگەزییەکان داڕێژراوە و چەمکی هاوڵاتی کردۆتە چەمکێکی بێبەها، بەو هۆیەشەوە دەستورێکە لەسەر پایەی رەتیکردنەوەی مافی هاوڵاتی بوون و دژایەتی حاشاهەڵنەگری مافە جیهانداگرە ئینسانییەکان، بینا کراوە.

      سێیەم: بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا
دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی مۆدیرن کە خەڵکی کوردستان بواری ئازادانەو راستەوخۆیان هەبێت لە کاروباری سیاسی بەرێوەبردنی کۆمەڵگادا، مەرجی بنەرەتی دەسەڵاتێکی بنیاتنراوی تەندروستە کە دەتوانێ دەستبەری ماف و ئازدییە سیاسیەکان و دۆخی یەکسان بۆ هەموو تاکەکانی فەراهەم بکات. وە تەنها سیستەمێکی سیاسی پشت بەستوو بە دەورو بەشداری راستەوخۆی دانیشتوان دەتوانێ یاساو ریسای ئابوری و خۆشگوزەرانی گشتی و قانوون کاری پێشرەو کۆمەڵە یاسایەکی شارستانی کە ببیتە مەبنای سەقامگیرکردنی کەلتور و بەهای بەرزی پەیوەندی ئینسانی و ئازادیخوازانە فەراهەم بکات.
سیستەمی سیاسی پەرلەمانی و کۆماری و دیموکراتی، لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدرالێ عێراقدا، نە مایەی وەدیهاتنەو نە دەتوانێ سیستەمێکی سەقامگیری سیاسی بێت و نە زەمانەتێک بۆ دێژەپێدانی هەیە. ئەوە بە جیا لەوەی سیستەمی پەرلەمانی لە هیچ شوێنێکی دنیای لانکی بەناو دیموکرسیشدا نەبۆتە سەکۆیەک بۆ دەورو بەشداری راستەوخۆ ئازادانەی خەڵک لە سیستەمی سیاسیدا، بێگومان لە وڵاتانی وەکو عێراقدا و لە دۆخی دەسەڵاتی میلیشیایی بێقەوارەی دەوڵەتی جغرافیای کوردستاندا، پێگرتنی سیستەمی دیموکراسی کە بۆنی ئەلگۆی غەربی و ولاتانی دیموکراتی بۆرژوازی لێبێت، خەون و خۆزگەیەکی سەرمەستانەیە. بۆیە ئەم دەستورە بەو پێناسەی کە لە مادەی یەکەمیدا دەڵێت” …سیستەمە سیاسیەکەی پەرلەمانی، کۆماری دیموکراتیەو پشت بە فرەلایەنی سیاسی و بنەمای لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستاودەستکردنی ئاشتیخوازانەی دەسەڵات لە ڕیگای هەڵبژاردنی گشتی و راستەوخۆی نهێنی و دەورییەوە دەبەستێ” جگە لە بانگەشەیەکی کۆپیکراوی بێبنەما هیچی تر نییە، ئەگەر ئەمە وەکو خەونیش ببێتە واقعیەتێکی ناچاوەروانکراو دیسان ئەم سیستەمە جێگایەکی ئازادانەو دۆخێکی بۆ بەشداری جەماوەری فراونی جەماوەر فەراهەم ناکات. سیستەمی پەرلەمانی لە بنەرەتدا لەسەر بنەمای بیئیرادەکردنی جەماوەر لە دەخالەتی سیاسیدا دامەزراوە، لە کوردستان ئەمە وەکو کۆپیش لەسەر بنەمای سەرکوتی سیاسی و بەرگرتن بە ئازادییە کەم و کورتەکان، دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت.   
                  چوارەم: رەتکردنەوەی ئازادی
 ئەم دەستورە چۆن دژی بوونی چینی کریکارو مافی هاوڵاتی بوون و دەوری ئازادانەی خەڵکە لەدەسەڵاتدا، ئاواش دژی ئازادیی و لەسەر بنەمای وەستانەوە بەرووێ ئازادیدا دارێژراوە. مادەی شەشی دەستور دەڵێت”…بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەیەکی سەرەکی یاسا دانان ” هەروەها لە بەندی یەکەمی هەمان مادەدا هاتووە” نابێ یاسایەک دابنرێت ناکۆک بێت لەگەڵ حوکمە نەگۆرەکانی ئیسلام…” ئەمە نیشان دەدات کە ئەم دەستورە دەستورێکی سەرچاوەگرتوو لە شەریعەتی ئیسلامە و هەر ئەمەش کراوەتە مەبنای بەند و بڕگەکانی و چوارچێوەیەکی لە پێشدا دیاریکراو و پێشمەرجی  پەسەندکردنی هەر یاسایەک.
ئەمە بەڕاشکاوی دەکاتە وەستانەوەی یاسایی و دەسەڵات لەبەرامبەر ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، رەتکرنەوەی هەموو یاساو رێسایەک کە پێچەوانە حوکمەکانی شەریعەتی ئیسلام بیت. وە یانی دەست ئاوەڵاکرنی یاسایی ئیسلام و ئیسلامیەکان و حوکمەکانی شەریعەت بۆ دارشتن و هاوکات پیادەکردنی هەر یاسا و ریسایەکی جیاوازیخواز، پڕ سوکایەتی، وە وەستانەوە بەروی هەموو یاساو رێسایەکی سەردەمی و ئازادیخوازانەو جێگیرکردنی جیاوازیخوازی لەسەر پایەی دینی، لە نیوان هاوڵاتیان و ماف و ئەرکەکانیان و پاریزراونەبوونی یاسایی و کۆمەڵایەتی جەستەیی و دەرونی و ژیاری هاوڵاتیانیتری نا ئیسلام و نا پابەند بە یاساو شەریعەتی ئیسلامدا. وە جێگایەک بۆ ئازادی دینداری و بێدینی، بۆ جیاکردنەوەی دین لە ژیانی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەو فێرکردن .. وە بۆ یەکسانی ژن و پیاو ناهێڵێتەوە.
بۆیە ئەم دەستورە لەدواپلەی کۆنەپەرستیدا نوقم و دژی ئازادی بیروباوەر و مافی فەردی تاک و مافی نادیندیەکان و هەڵگری دینەکانی تر و مافی یەکسانیخوازی ژنان و سەربەخۆیی فەردییە.  

              پێنجەم: ئازادی بیروباوەرو ڕۆژنامەگەری
دەستور چۆن لەسەر پایەی دژی کرێکاری، دژی هاوڵاتی بوون و دژی دەوری خەڵک و دژی ئازادی نووسراوە، ئاواش دژ ئازادی بیروباوەڕو رۆژنامەگەرییە، بەندی دەیەم لە مادەی ١٩ دەڵێت” هەموو کەس مافی ئازادی دەربرێنی هەیەو پیویستە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و هۆیەکانی ڕادەربڕین و راگەیاندن و فرەلایەنیان مسۆگەر بکرێ، بەڵام ئەمە توانج و تەشەر ودەستدرێژی بۆسەر مافی خەڵکی دیکەو سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینیەکان و هاندان بۆ توندوتیژی و برەوپێدانی رق و کینە لەنێو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان-عێراقدا ناگرێتەوە”
ئەمە بەیانێکی ئاشکرای نەک هەر کۆتکردنی ئازادی بیروباوەرو ڕۆژنامەگەرییە، بەڵکە سەنەدێکە بۆ رێگەگرتن لە رەخنەگرتن لەهەر بیروباوەرو ئایدۆلۆژیاو کەسایەتیەکی دینی و قەومی و کەلتور و بیروباوەرێ باوی کۆمەڵ و چینی دەسەڵات بەدەسەتی کۆمەڵگا.
بە پیرۆزکردنی هەر دین و قەوم و ئایدۆلۆژیایەک و رەگەزو نەژاد و… تاد، ناکۆکیەکی بنەرەتی هەیە لەگەڵ ئازادی و یاسا و ریساو پێودانگە مەدەنییەکانی کۆمەڵگا…بۆیە ئەم دەستورە بە مانای وشە دەستوری بەزۆر کۆتکرنی ئازادی و بەزۆر بە پیرۆزکردنی دین و قەوم و کەلتورە سەرچاوەگرتوەکانیانە. خۆی دەبێت کۆسپێکی سەرەکی لەبەردەم یاسای سەردەمی و جێگا نەهێشتنەوە بۆ ئازادی و بیروراو رۆژنامەگەری… ئاخر ئازادییەک ڕیگەی رەخنەگرتن و توێژینەوەی لەژێر ناوی پیرۆزی دینی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و کەلتوری … بگرێت، جگە لە ستایشی دەسەڵات و چینەداراکان و کۆنەپەستی چی بۆ دەمێنێتەوە. ئازادی دین و بێدینی و جیایی تەواوەتی دین و قەومچیتی لە دەوڵەت، سڕێنەوەی یاساکان و ئاسەوارەکانی دین و کاریگەریەکانی لەسەریان. وە کردنی دین و قەوپەرستی بەکاری تایبەتی تاکەکان، هەنگاوی سەرەتایی و پێشمەرجی ئازادی و  ئازادی تاکەکان و  ئازادی رۆژنامەگەییە.
 ئەو چەند بەشە بناغەیەی کە ئاماژەم پێکردوون، سەرەکی ترین پایەکانی دەستورن کە دەکرێ ناوەرۆکی هەموو دەستورەکەو هەموو بەندەکانی تری، بەیان بکات. وە بەو هۆیەوە دەستور لە بنەرەتدا لەسەر سڕینەوەی ململانێی واقعی نێو کۆمەڵگا، لەسەر پایەی رەتکردنەوەی چەمکی هاووڵاتی بوون و دەوری ئازادانەی جەماوەر لە پرۆسەی سیاسیدا، وە لەسەر بناغەی و ببێمافی و ئازادی و ئازادی بیروباوەرو ڕۆژنامەگەری، دارێژراوە، قابیلی هەموارکرنەوە یان چاکسازی نییە، ریفۆرم هەڵنەگرەو لە روانگەی چینی کرێکارو جەماوەری کوردستان و ئازادی و ئازدیخوازی و رۆژنامەگەری ئازاد پێشکەوتنخوازی سەردەمدا، جێگای رەتکردنەوەی بێئەماو ئەگەرە.
ناوەراستی شوباتی ٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.