Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
پڕۆژە یاسای پیرۆزیەکان پرۆژە یاسای زەوتکردنی ئازادیە!

پڕۆژە یاسای پیرۆزیەکان پرۆژە یاسای زەوتکردنی ئازادیە!

Closed
by October 13, 2012 گشتی

 

 

 

 

سەرەنجام پڕۆژە یاسای پیرۆزیە ئاینیەکان برایە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا ، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە مەبەست لەو یاسای چیە و ئامادەکەرانی ئەو پڕۆژە یاسایە بە نیازی چین ولەپشتی ئەم پڕۆژەیاسایەوە بە شوێنی چیەوەن؟

بە چاوپۆشیکردن لەوەی ئایا ئەم یاسایە ئیمکانی ئەوەی هەیە پەسەند بکرێ یان نا و ئەگەر پەسەند بکرێ چ مانایەکی تایبەتی دەبێ بۆ ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی وبۆ ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە لەسەر مەسەلەیەکی گرنگ ڕابوەستین کە دەسەڵاتی کوردی و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکەڵک وەرگرتن لە هێزی یەدەکی نوخبەی دینی وکۆڕوکۆمەڵی دینی سەربەخۆی ورێکخراو ‌هێزەئیسلامیەکانی تر بە شێوەیەکی عەوام فریوانە دەیەوێ وەک ڕوالەتی مەسەلەکە لەبەرچاوی خەڵک وێنای بکا گوایە دین و بیروباوەڕی دینی و ئیسلامی لەژێر پەلەماری جنێو سوکایەتی و پەلەماردان دان و ئاسودەیی و ئارامیان کەوتۆتە بەرهەڕەشە. 

هەرلە دەسەڵات ونوخبەی دینی و کۆروکۆمەلە ئیسلامیەکانی سەربەدەسەڵات لە مەلاکانی وەزارەتی ئەوقاف وناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان تا دەگا بە کەسایەتیەکانی حزب وڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی، هەر لەوانەوە بیگرە کە باسی بوردەباری وتۆلێرانسی دینی دەکەن تا جیاهدی وتەکفیریەکان کە ئێستا لەسایەی ئەو دەرفەتەی کە دسەڵاتی کوردی بۆی ڕەخساندون  بەو پەڕی دەست ئاوەڵایی و ئازادیەوە خەریکی کاری خۆیانن ، پێویستی یاسایەکی لەو جۆرە بەوە پاساو دەدەن گوایە عیلمانیەکان وسکولارەکان ، هێزەچەپ وئازادیخوازەکان ،  نوسەران وبیریارو ڕناکبیرانی عەقڵگەرا ، بە هۆی سوکایەتی وجنێو وبێحورمەتی بەردەوامەوە هەلومەرجێکی ئەوەندە سەختیان بۆ ئیمانداران و باوەڕداران و بۆبیروباوەڕەکانیان پێکهێناوە کە بە ناچار دەبێ پەنا بەرنە بەریاسایەک بۆئەوەی بە ئاسودەیی بتوانن مافی خۆیان لە دینداری وئیمانداری پیادە بکەن. وەک نمونەی ئەو هەوڵەش دەتوانین ئەو قسەیەی مەلابەشیر بە نمونە بهێنینەوە کە لەڕادیۆی نەوادا وتی هیچ نەماوە بە ئیسلام ودین، بە پێغەمبەران و پیرۆزیەکانی موسڵمانان نەكرێ. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا بەڕاستی ئەمە ڕاستیەکەیە؟ ئایا بەڕاستی نوخبەی دینی،گروپەدینی وئیسلامیەکان و تەنانەت بیروباوەڕی دینی بەو شێوەیە بەدەست فشاری هێزە سکولارەکان، ماف وبوونیان لەژێر هەڕشەدایە؟

هەر کەس بە تێڕوانینێکی سادەی واقیعی کوردستانی ئەمڕۆدەتوانێ بە وسەرەنجامە بگا کە ئەوە مەلاو پیاوانی دینی و ئیسلامیەکان نین کە لە کوردستاندا ماف وئازادی و بوونیان ،بیروباوەڕو بەهاو مافەکانیان بۆ قسەکردن وهەڵسوڕان لەپێناویاندا لەژێر هەڕەشەدایە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە نوخبەی دینی و کۆروکۆمەڵە ئیسلامیەکانن کە بەوپەڕی ئازادی و بەئیمکاناتێکی زۆروزەبەندەوە ڕۆژانە خەریکن گۆڤاروڕۆژنامە دەدەکەن، ڕادیۆوتەلەفیزیۆنی ناوخۆیی وئاسمانی بەڕێوە دەبەن و تۆڕو دەزگایەکی گەورەی تەبلیغی بیروباوەڕ وگوتارو قسەکانی خۆیان لەبەردەستدایە وتەنانەت بارەگاوهێزی چەکداریان هەیە و بەکردەوە ئیمکان وتوانای نائارامکردنی ئاسودەیی وئاسایشی کۆمەڵگایان هەیە.ئەوە دەسەڵات ودەزگای دینی و هێزوگروپ وڕێخکراوە ئیسلامیەکانن کە جەوازی سوکایەتی پێکردنی بەهائینسانیەکانیان پێیە وڕۆژانە خەریکی تۆقاندن وخەرفاندنی هەر ئەوئیمانداروباوەڕدارانەن کە بەناویانەوە پەلاماری ئازادی دەدەن ویاسا بۆ زەوت کردنی ئازادی وزەلیل ویەخسیرکردنیان دادەڕێژن. ئەوە ئەو هێزانەن کە ئەوانەی لە ژیانی شەخسی وکۆمەڵایەتی خۆیاندا پەیڕەوی لە مۆدێلی ئسلامی ژیان ناکەن و باوەڕوبەهای تریان هەیە بە سەرچاوەی بەرەڵڵایی و فساد وبێ ئەخلاقی وێنادەکەن و بە هەموو ئیمکاناتی خۆیانەوە خەریکن لاوانی کوردستان بەژیان ودەستکەوتەکان وبەها مرۆڤایەتیەکان نامۆدەکەن ،تۆوی کەراهیەت و دوژمنایەتی کردنی مەدەنیەتیان لە درون دا دەچێنن و بەوجۆرەش خەریکن نەوەیەکی توڕە وکەم حەوسەلەودەمارگیر پەروەردەدەکەن.

لە وڵاتێکدا کە بەهاندان و گوتاری توندودڵڕەقانەی ئەم هێزەدینی وئیسلامیە وبە چاوپۆشی ولەسایەی دەسەڵات وپەرمانی کوردایەتی-ئیسلامی دا ژنانی کوردستان ئازادیان زەوت کراوە، مافی ئاسودەیی کۆمەڵایەتیان لێ سەندراوەو ڕۆژانە دەسوتێنرێن، تیرۆر دەکرێن وناچار بەخۆکوشتن دەکرێن ولەسەر جادە وشەقامەکان وفەرمانگەکان   ئەگەر بەجلوبەرگی مۆدوسفورەوە دەربکەون بەهۆی ئەوکەشوهەوایە خنکێنەرەوە کە کە ئەوهێزانە سەپاندویانە دەکەونە بەر تانەوتەشەروسوکایەتیەوە کەچی ‌هێشتا تازە خەریکن جەللاد و زاڵم دەکرێتە قوربانی وداوای پەناگەی داد ویاسای زۆرتر دەکەن بۆخۆیان لەبەرامبەر قوربانیەکانی خۆیاندا. 

ئێمە تا ئێستا نەماندیوەونەمانبیستوە نوسەرێکی ئیسلامی ودینی،مەلاو واعیزێکی ئیسلامی لەسەر قسە قسەیەک کەویستویەتی بیکاو بینوسێ وبەخەڵی بگەینێ ڕووبەڕووی هەڕەشە ی تیرۆر بووبێتەوە ،گوتارونوسینەکەی قەدەغە کرابێ و بانگی بەردەم دادگایەکیان کردبێ، ئەوەی بینراوە وبیستراوە ئەوە بوە کە نوسەران وبیریارانی سکولاروئازادیخواز بوون کە بەردەم شاڵاوی ڕاوەدونان و هەڕەشەی کوشتن و دادگاوزیندان وتکفیرکردنەوە بەهۆی ئەوەی نووسین وبیروبۆچۆن ودا‌هێنانەکانیان لەگەڵ شێوەی بیرکردنەوەی ئەوهێزانەو بەرژوەندیەکانی دەسەڵات دا ناکۆکی هەبوە. لە فەرەج فۆدەوە تا جلال صادق العظم، لەعبدالخالق معروف شاپوروقابیلەوە تا سلمان روشدی، لە مەریوان هەڵبجەییەوە تا ڕێبوار ئەحمەد وتەسلیمە نەسرین نمونەی خەرواری ئەوکسایەتیانەبوون کە لەلایەن هێزەفێندمینتاڵیست دەمارگیرە دینی وئیسلامیەکانەوەوبەچاوپۆشی و  ڕێخۆشکەری دەسەڵاتە بورژوازیەکان تەکفیرکراون،تیرۆرکراون وخوێنیان حەڵاڵ کراوە.

بۆیە ئەگەر کوردستان یاسایەکی پێویست بێ(کە پێویستیەتی) یاسایەکە ئازادی ومافەکانی خەڵک بپارێزێ،ئازادی ڕادەربڕین وگوزارشت لەخۆکردن بۆ هەموان دەستەبەر بکا،مافی پرسیارکردن وڕەخنە ودا‌هێنان بپارێزێ .دەسەڵات وئەونوخبە سیاسیە دینی وئیسلامیە دەڵالە کە خەریکە بە ناوی پیرۆزیەکانەوە ئازادی بخاتە خانەی کوفروتاوانەوە جڵەوبکاو ڕێگەی پێنەدا بە ناوی دین وپیرۆزیەکان قفڵ لەدەمی هەموومان بدا.بۆیە یاسای پیرۆزیەکان دەبێ توڕ هەڵبدرێ و هەر ئینسانێکی ئازادیخواز ئەرکیەتی کە بۆشکست پێهێنانی یەخەی دەسەڵاتی پارتی و کوردایەتی بگرێ.

 

ابراهیم حسین

١٣.١٠.٢٠١٢

ibrahimhwssain@hotmail.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.