Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پۆلیسى كوردستان دەبێ تەقە لە كێ بكات؟

پۆلیسى كوردستان دەبێ تەقە لە كێ بكات؟

Closed

 پۆلیسى كوردستان دەبێ تەقە لە كىَ بكات؟
جەمال پیرە

  رۆژى یەكشەممە 17ى ئابى رابردوو، خۆپیشاندانێكى ناڕەزایى لەلایەن دەیان هاوڵاتى شارەدێى سرێشمەى سەر بە ناحیەى خەڵیفان لەبەردەم بەڕێوبەرایەتى ناحییەكەدا رێكخرا، بەداخەوە ئەنجامەكەى بە خوێن كۆتایى هات كە بووە هۆى كوژرانى مێردمندالێكى بێتاوانو برینداربوونى چەند كەسێكى تر لە خۆپیشاندەران. لەپێناو دوبارەنەبونەوەى ئەو حاڵەتە ناشارستانیەى كە لەلایەن هێزى پۆلیسەوە ئەنجامدرا پێویستە هەوڵبدرێت، هەڵوەستەى جدییانەتر لەسەر ئەو رووداوە بكرێتو وابەئاسانى بەسەرماندا تێنەپەڕێتو لەبیرنەكرێت، چونكە ئاشكرایە رووداوى لەو شێوەیەو دوبارەبوونەوەى، زەنگێكى مەترسیدارە بۆ داهاتوى وڵاتو ناوبانگەكەى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا، لەهەمانكاتدا لەناوخۆشدا هێزى ئەمنى بڕواو متمانەى خۆى لەدەستدەدات كە مومكین نییە لێرەوە خەڵك هاوكارى سەقامگیریى ئاسایش بێت، ئەگەر ئەو توندوتیژییە هەڵوێستى پۆلیس بىَ.
 لەدنیاى پێشكەوتوودا ئەركى سەرەكى پۆلیس بریتییە لە پاراستنى مافو سیستمى كۆمەڵایەتىو دابینكردنى ئارامىو ئاسایشى گشتىو پارێزگارى لە سەلامەتى خەڵكو بەرگرتن لە تاوانكارى.ئەمەو جگە لەچەند ئەركێكى ترى وەك هاوكاریكردنى خەڵكى لە بەڕێوەبردنى كارەكانیان لە دامودەزگاكانى دەوڵەتو رێگریى لەهەر دەستدرێژییەك بۆسەر هاووڵاتیان، پۆلیس ئەو دەستە بژاردەیەیە كە تواناو تێگەیشتنو بیركردنەوەكانى لەچاو خەڵكى ئاساییدا بەرزترو لێهاتوانەترە، لە سایەى سیستمى مەدەنیدا خەمڕەوینَترینو دڵخۆشكەرترین كارمەندى حكومەت لاى هاووڵاتیان پۆلیسە، ئەمە واتاى ئەوە دەگەیەنێت كە ئەو جگە لەوەى لەپێناو دابینكردنو گوزەرانى ژیانى خۆیدا ئەو ئەركەى هەڵدەبژێرێت، لەهەمانكاتدا ئەركى سەرەكییشى دابینكردنى خۆشگوزەرانییە بۆ ئەوانى دى، لەراستیدا لە هەرێمى خۆماندا پۆلیسو دەزگا ئەمنییەكانى تر، كە نكۆڵى لە هەوڵو ماندوبونیان ناكرێت لە پاراستنى ئاسایشى وڵاتدا، بەڵام میكانیزمى بەجێگەیاندنى ئەو پەیامەى، شایانى هەڵوەستەن، پۆلیسى كورد دەتوانىَ بەو لۆژیكە كلاسیكو باوەى كە كارى پێدەكرێت، ئاسایشى من بپارێزێت بەڵام نازانىَ پەیامە بنەڕەتیەكەى خۆى لەبەرچاوبگرێت، هیچیش لەبارەى وردەكارییەكانى ترى ژیانى مەدەنى فێر نەكراوە، لە زۆربەى حاڵەتدا چەكى دەستى ئەو بۆ ترساندنى خەڵكە نەك بۆ ئاسودەكردنى دەروونی ئەو خەڵكە، بەجۆرێك راهێنراوەو بەخەڵك ناسراوە كە خۆشەویست نەبىَ، نەبونى خۆشەویستی خەڵكو پۆلیسیش واتاى نەبونى هاوكارى نێوانیان دەگەیەنێت، بەكورتى ئەو بارودۆخەى پۆلیس لە وڵاتى ئێمەدا پێویستى بە لێكدانەوەى زیاترەو شایانى ئەوەیە پێداچونەوەى بۆ بكرێت، چونكە ئێمە دوچارى حاڵەتێكى مەترسیداربووین بەوەى كە كارى پۆلیسی بووە بە كاسبییەك خەڵكى لە لادێكانەوە هێنایە دەرەوەو دەستبەردارى كشتوكاڵو بوژانەوەى وڵاتى كردن، ئەو حاڵەتە چەندین خوێندكارى لە دوا قۆناغى سەرەتاییدا ناچاركرد بۆ بژێوى ژیانى ببێ بە پۆلیسو دەست لە خوێندن هەڵگرێتو بڵێت مادام موچەى پۆلیس لە موچەى مامۆستایەك زیاترە بۆچى لەوە زیاتر خۆم ماندوو بكەم؟!! پێویستە لێرەوە بزانرێت كێن ئەوانەى دەبىَ ئەركى پۆلیسیان بدرێـتەدەست.؟! بۆچى لەم وڵاتەدا بەتەنها بڕوانامەى سەرەتایى مەرجى بە پۆلیسبوون بىَ؟!! ئەمە هۆكارێكى سەرەكییە لەوەى كە پۆلیسێك نەزانىَ مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان بكاتو كوێرانە بەریبێتە گیانى هاوڵاتیى. وایدەبینم سەبارەت بە بەكارهێنانى چەك دژ بە هاوڵاتیانو خۆپیشاندەران لەلایەن پۆلیسى كوردەوە، دوو گریمانە هەیە، یان ئەوەتا پێى نەوتراوە كەى چەكەكەى بەكاربێنێت!!؟ یاخود بە مەبەستو بە بەرنامە تێگەیەنراوە كە لەو حاڵەتانەدا بەكارى بێنێت؟!!.
 پێویستە بوترێت كە بەپێى یاساى هەندىَ وڵات، تەنانەت لە وڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستیشدا پۆلیس بۆ بەجێگەیاندنى ئەركو چاڵاكییەكانى، لە پێناو پاراستنى ئاسایشى خەڵكو دەوڵەتدا، رێگەى پێدراوە لەچەند حاڵەتێكدا چەكەكەى بەكاربهێنێت، بۆ نمونە لە حاڵەتى راكردنى تاوانبار لە ژێردەستى پۆلیسەوە، ئەگەر بێتو ئەو بەكارهێنانەى تاكە رێگایەك بێت بۆ وەدیهێنانى ئەركە یاساییەكەى خۆى، بەڵام بۆ ئەمەش ئەبىَ دوو خاڵى سەرەكى رەچاوبكات، یەكەمیان ئەوەیە بەرامبەرەكەى ئاگاداربكاتەوە كە ئەو بە نیازى بەكارهێنانى چەكەكەیەتى، دووهەمیشیان لەكاتى بەكارهێنانیدا دەبىَ قاچەكانى ئەو كەسەى تەقەى لێدەكرێت بكرێتە سێرەى مەبەست، بۆیە دەكرىَ پێمانوابىَ ئەو حاڵەتەى كە لە ولاتى ئێمەدا روودەدات دەرنجامى بىَ پلانىو نەبونى هۆشیارى پیشەییە لاى تاكى پۆلیسو كارمەندانى ئاسایشدا.
 
 jamalpira@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.