پۆپه‌ری كڵوڵ و كڵۆڵیی هه‌میشه‌یی لیبڕاڵیزم .. 3
" تا ئێستا فه‌یله‌سوفان بایه‌خیان به راڤه‌كردنی بوون داوه، به‌ڵام كاتی ئه‌وه هاتووه كار بۆ گۆڕینی بكه‌ین نه‌ك راڤه‌كردنی"(ماركس)
به‌شه‌کانی ئه‌م کتێبه ….
1- پێشه‌کیی
2- ته‌وه‌ری یه‌که‌م
3- ته‌وه‌ری دووه‌م
4- ته‌وه‌ری چواره‌م و پهراوێزهکانمحهمهدی مشیر
ته‌مموزی 2008به‌شی سێیه‌م ……
(ته‌وه‌ری دووه‌م)تێڕامانێكی ره‌خنه‌ئامێز له بۆچوونه سیاسییه‌كانی پۆپه‌ر
بێگومان ئه‌و وێنایه‌ی پۆپه‌ر له‌مه‌ڕ ئاوه‌زگه‌رایی و زانست و مه‌عریفه‌ی مرۆڤایه‌تی هه‌یه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاكاری پووچگه‌رایی و گومانگه‌رایی به‌خۆوه‌ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ته‌نها له بواری ئه‌بستمۆلۆژیای په‌تی بمێننه‌وه، واته ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها مه‌عریفه له پێناو مه‌عریفه‌دابن، هه‌روه‌كو فه‌یله‌سوفه‌كانی گریكی كۆن- تیۆر- یان له كردار جیاده‌كرده‌وه، ره‌نگه تا رادده‌یه‌ك ئاسایی بن، چونكه ئه‌مه له مێژووی فه‌لسه‌فه و ته‌نانه‌ت وێژه و هونه‌ریشدا، ره‌وتێكی زانراو و باوبووه، به‌ڵام له بنه‌مادا ترسناكی ئه‌م جۆره تێهزرینانه‌ی پۆپه‌ر له‌وه‌دایه كه كاریگه‌ری نێگه‌تیڤانه‌یان به‌سه‌ر ژیانی سیاسی كۆمه‌ڵگه‌كان و ئاینده‌ی گه‌لاندا هه‌یه و ته‌نها مه‌عریفه نین له پێناوی مه‌عریفه‌دا، به‌ڵكو مه‌عریفه‌یه‌كی میتافیزیكیانه‌ی دوور له واقع و هه‌قیقه‌تن و بۆ جوانكردنی سیمای لیبڕالیزم و خۆرئاوا‌و ڕامكردنی مرۆڤایه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و ئایدیۆلۆژیای لیبڕالیزمدا ته‌رخانكراون، كه ئه‌مه‌ش پتر هه‌قیقه‌تی لایه‌نگیریانه‌ی سیاسی پۆپه‌ر به‌دیارده‌خات كاتێ نایشارێته‌وه و ده‌ڵێ:" ژیاریی خۆرئاوا تاكه ژیارییه كه به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و تاراده‌یه‌كی زۆر دانیناوه به‌خواستی ره‌وشته‌كییانه‌ی ئازادی كه‌سێتی و خواستی یه‌كسانی له به‌رامبه‌ر یاسادا، خواستی ئازادی، خواستی به‌كارهێنانی هێز له‌به‌رته‌سكترین سنووردا. له به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه كه‌من ژیاری خۆرئاوای له‌مه‌ڕ خۆمان تا ئێستا به باشترین ژیاری ده‌زانم… ئه‌گه‌ر هه‌موو شته‌كان له به‌رچاوبگرین ئه‌و تاكه ژیارییه كه تێیدا نزیكه‌ی هه‌موو خه‌ڵك هاوكارن تاكو ئه‌وه‌نده‌ی ده‌كرێ باشتری بكه‌ن… دواتر له بڕگه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌ڵێ: ژیاریی خۆرئاوا… له‌هه‌موو ژیارییه‌كان سه‌ربه‌ستتره، له هه‌مووان دادخوازتره، له هه‌مووان مرۆڤانه‌تره، باشترینی هه‌موو ئه‌و ژیارییانه‌یه كه له‌سه‌رجه‌م مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌بوون، ئه‌و باشترینه, چونكه له هه‌موویان له‌بارتره بۆ چاكتركردن "(18).
گومان له‌وه‌دانییه كه ژیاریی خۆرئاوا هه‌نگاوی زۆری بڕیوه و رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بووه له پێشخستن و گه‌شه‌كردنی مرۆڤایه‌تی هه‌ر له رێنیسانسه‌وه بگره تا ده‌گاته شۆڕشی پیشه‌سازی له به‌ریتانیا و شۆڕشی 1789 ی فه‌ڕه‌نسا و تا ئێستاش، به‌ڵام نابێ گومان له‌وه‌شدا هه‌بێ كه رژێمه سیاسییه‌كانی خۆرئاوا ره‌نگه ئێستاكه له نێو خودی وڵاته‌كانیاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رته‌سك په‌نا ببه‌نه به‌ر كارهێنانی هێز، به‌ڵام ئایا ئه‌مه پێشتر له‌نێو خۆیاندا هه‌روابووه؟ ئایا ئێستا و چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك پێشتر له‌به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپاشدا هه‌مان ره‌وتاریان هه‌بووه؟ به دڵنیاییه‌وه نه‌خێر،چونكه پۆپه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه:" شێتییه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی ئاشتی بكه‌یت بێئه‌وه‌ی جه‌نگ به‌رپابكه‌ی"**، لۆژیكی شه‌ڕخوازانه‌ی پۆپه‌ر لێره‌دا روونتر ده‌بێته‌وه به‌جۆرێ ناتوانێ به بێ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ ئه‌و ئاشتییه درۆزنانه‌یه‌ی كه بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات بهێنێته‌دی.ئاشتییه‌كه‌ی پۆپه‌ر به داگیركردن و دزینی سامانی وڵاتان و برسیكردن و وێرانكردنی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوا و له ناوبردنی ئه‌وانی دیكه‌ی جیاواز دێته‌دی، نه‌ك له رێگه‌ی دیالۆگ و پێكه‌وه‌ژیان و كه‌ناڵه‌كانی دیپلۆماتی، ئه‌گه‌ر ئه‌مه دیوێكی ئه‌م قسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پۆپه‌ر بێت، ئه‌وا دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌وه‌دایه كه هیچی بۆ ژیارییه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤایه‌تی جێنه‌هێشووه، جگه له لۆژیكی خودی پۆپه‌ر هیچ لۆژیكێك ئه‌م ره‌هاییه له قسه‌كانی پۆپه‌ردا قه‌بووڵناكات.
دروسته ژیاری خۆرئاوا ئێستاكه له هه‌موو ژیارییه‌كانی دی سه‌ربه‌ستتره، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی پۆپه‌ر سه‌ربه‌ستی و دابینكردنی به‌شێكی گرنكی مافه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و كه‌سایه‌تییه‌كانی تاكه‌كانی خۆرئاوا بێت له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی رێژه‌ییه و دروسته، واته مه‌سه‌له‌كه به به‌راوورد له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی سیسته‌مه‌كانیان داخراوه‌و ئازادی ومافه‌كانی مرۆڤیان به رێژه‌یه‌كی زیاتر تێدا پێشێل ده‌كرێ دروسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باس له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی خۆرئاوا بكه‌ین، ئه‌وا لێره‌دا ده‌بێ دان به‌وه بنێین كه له‌مه‌شیاندا پۆپه‌ر دروستی بۆچووه كه ئه‌وان، نه‌ك ئه‌مڕۆكه، به‌ڵكو له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیش، سه‌ربه‌ستانه ده‌ستیان له كاروباری هه‌موو وڵاتانی جیهان وه‌رداوه و سه‌ربه‌ستانه‌ش سامانه سروشتی و مرۆییه‌كانی وڵاتانی ئاسیا‌و ئه‌فریكاو…تاد تاڵانكردووه‌و مرۆڤه‌كانیان به كۆیله‌كردوون و بازرگانیان پێكردوون.
یه‌كێ له لایه‌نگرانی پۆپه‌ر سه‌رسامی خۆی بۆ ده‌ربڕیوه‌و ده‌ڵێ:"راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی له ژیاننامه‌ی ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌دایه مایه‌ی مه‌زنی و گه‌وره‌ییه، چونكه ئه‌و (واته پۆپه‌ر)خاوه‌ن هه‌ستێكی مرۆییانه‌ی به‌رزه و به‌توندی هاوسۆزی سیماكانی كڵۆڵی و نه‌داری و به‌شمه‌ینه‌تییه… دواتر ده‌ڵێ…. مادامه‌كی پۆپه‌ر كه‌ڵه پیاوی میتۆدی زانستی و بانگهێشتاكاری كۆمه‌ڵگای كراوه و لایه‌نگری دیموكراسی لیبڕاڵییه له مرۆییترین شێوه‌كانیدا و هێرشبه‌رێكی سه‌رسه‌ختی سه‌ر ماركسیزمه و به چاوێكی تیژه‌وه پێشبینی دوارۆژی سیسته‌مه گشتگیره داخراوه‌كانی ئه‌وروپای كردووه كه دوژمنی سه‌رسه‌ختی فه‌لسه‌فه‌ی راڤه‌كاری و پۆزه‌تیڤیتی لۆژیكی بوون به‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌كانی زانستیان شیده‌كرده‌وه تاكو جوانی ئه‌زه‌لی له فه‌لسه‌فه بستێنن و میتافیزیكا بپڵیشێننه‌وه، ئه‌وا پۆپه‌ر دانا و نه‌مربوو كه داكۆكی له میتافیزیكا كرد" به‌ڵام هه‌ر دوای ئه‌م پێداهه‌ڵگوتنه كاتێ ناتوانێ پاساو بۆ بۆچوونه نادروسته‌كانی پۆپه‌ر بهێنێته‌وه وچاوپۆشیان لێ‌بكا هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌ڵێ:"پۆپه‌ر خۆی به دوا رۆشنگه‌ری مه‌زن ده‌زانێ، ناشبێ خۆمان له‌و دانپێدانه بدزینه‌وه كه ئه‌و له‌و روانگه‌یه‌وه دوا كۆڵۆنیالستیشه، ئه‌و شۆڤینستانه سه‌رسامی ژیاری خۆرئاوایه و… ژیارییه‌كانی دیكه‌ش له‌به‌رچاویدا وه‌ك ئه‌و منداڵانه وان كه هه‌زارجاران بیرده‌كه‌ینه‌وه به‌رله‌وه‌ی هه‌ندێك ئازادی و سه‌ربه‌خۆییان بده‌ینێ!"(19).
لێره‌دا ده‌پرسم: باشه ده‌كرێ كه‌سێك هێنده هاوسۆزی سیماكانی كڵۆڵی و نه‌داری و به‌شمه‌ینه‌تی بێ و له هه‌مان كاتیش‌دا شۆڤینیست و كۆڵۆنیالیست بێ؟ فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك پۆپه‌ر چی له بلیمه‌تی و داهێنانه فه‌لسه‌فییه‌كانی ده‌مێنێته‌وه كاتێك شۆڤینیست و كۆڵۆنیالیست و ره‌گه‌زپه‌رست بێ؟؟ به داوای لێبووردنه‌وه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بۆ لایه‌نگرانی پۆپه‌ر جێده‌هێڵم، چونكه دڵنیام ئه‌گه‌ر باشتر و وردتری بخوێننه‌وه ئه‌و كه‌سه نامێنێ كه به‌شان و باڵیداهه‌ڵبده‌ن، مه‌گه‌ر خۆشیان هه‌مان قه‌ناعه‌تی پۆپه‌ریان هه‌بێ، دڵنیام دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی زیادتر به‌دیارده‌كه‌وێ كه پۆپه‌ریش وه‌ك بۆچوونه‌كانی ته‌نها ده‌بێته ناوێك كه له راستییدا جه‌سته‌ی نه‌بووه!!
هه‌روه‌كو له بڕگه‌كانی پێشدا ئاماژه‌م بۆكرد پۆپه‌ر ته‌واوی ئه‌و رۆشنبیره خۆرئاواییانه‌ی كه ره‌خنه‌یان لێگرتووه، به تایبه‌تیش ماركسیت‌و چه‌په‌كان، به نه‌زان و گه‌مژه ناوزه‌دكردووه، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو له زۆر شوێنكات و بۆنه‌دا له وتار و لێدوانه‌كانیدا به كاره‌ساتێكی ئه‌نسرۆپۆلۆژی له قه‌ڵه‌میداون، چونكه له‌و باوه‌ڕه‌دابووه كه نابێ رۆشنبیران و بیرمه‌ندان و زانایان هۆشداری له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی پێشكه‌وتنی دڕندانه‌ی پیشه‌سازی بده‌ن، كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌چاوی سیسته‌می رفۆكی ژینگه ناكا و هۆكارێكی سه‌ره‌كیشه بۆ ئاڵوده‌بوونی هه‌وا و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای زه‌وی و دروستبوونی كونه‌كانی ئۆزۆن، كه هه‌موو ئه‌مانه به پێی لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌كانی زانایان وسروشتناسان ده‌ره‌نجامی وه‌كارخستنی خراپ و له رادده‌به‌ده‌ری سه‌رچاوه‌كانی سروشت و سیسته‌می پیشه‌سازی به‌كاربه‌رانه‌ی خۆرئاوایین، كه ته‌نها بیر له قازانج ده‌كاته‌وه، به‌ڵام پۆپه‌ر دڵڕه‌قانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئه‌م زانیارییه به‌ڵگه‌نه‌ویستانه ده‌كا و ده‌ڵێ:"زانا ناوداره‌كان هه‌میشه هه‌ق نین، من ناڵێم ئه‌وان هه‌ڵه‌ن، ته‌نها ئه‌وه ده‌ڵێم كه ئێمه زۆرجاران كه‌متر له‌وه ده‌زانین كه پێمان وایه ده‌یزانین"(20).
پۆپه‌ر پێیوایه كه‌متر له‌وه ده‌زانێ كه پێیوایه ده‌یزانێ، ئه‌گه‌ر وایه چۆن خۆی به‌دوا رۆشنگه‌ر و فه‌یله‌سوفی سه‌رده‌مه‌كه‌ی زانیووه ؟ ئه‌م وشه‌بازییه پووچه‌ی پۆپه‌ر ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه كه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی كۆك نین بخاته خانه‌ی نه‌زانان یان كه‌مزانان، به‌پێی لۆژیكی ئه‌م قسه‌یه بێ نابێ پۆپه‌ر ژیاری خۆرئاوا به باشترین ژیاری له قه‌ڵه‌م بدا و ناشبێ هێنده سوور و دڵنیابێ له‌م ره‌هاییه‌ی قسه‌كانی، چونكه كه‌متر ده‌زانێ له‌وه‌ی كه پێیوایه ده‌یزانێ!، ئه‌مه دیوێكی قسه‌كه‌یه‌تی، له دیوه‌كه‌ی دی‌دا سه‌یری ئه‌م پارادۆكسه نالۆژیكییه بكه‌ن : (هه‌ق نین – هه‌ڵه نین) ئه‌ی له‌و نێوانه‌دا به‌ڕای پۆپه‌ر ده‌بێ ئه‌و زانایانه چی بن؟! له نێوان هه‌ق نه‌بوون و هه‌ڵه نه‌بووندا مرۆڤ له كوێ خۆی بدۆزێته‌وه و چۆن له خۆی بگات؟په‌رده‌پۆشكردنی په‌یوه‌ندی نێوان پیشه‌سازیكردن و پیسبوونی ژینگه به‌و قسه‌پووچانه‌ی پۆپه‌ر جگه له دژایه‌تی زانست و له به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌می قازانج په‌رستی سه‌رمایه‌داری وپاساوهێنانه‌وه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژی لاواز و بێ بنه‌ما نه‌بێ، ده‌بێ چ حیكه‌مه‌تێكیان بۆ ئاینده‌ی سروشت و چاره‌نووسی مرۆڤایه‌تی تێدابێ ؟
ره‌نگه حیكه‌مه‌ته‌كه له‌و سه‌فسه‌ته پووچه‌ی خۆیدا بێ كه ده‌ڵێ:"راسته ژیان هه‌میشه له مه‌ترسیدایه. له‌و قه‌ناعه‌ته‌دام كه‌ئێمه هه‌موومان زووبێ یا دره‌نگ هه‌رده‌مرین. مه‌ترسی هه‌میشه ئاماده‌یه، له‌سه‌ره‌تای ژیانیشه‌وه هه‌روابووه، ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به ژینگه‌ش هه‌روابووه"(21)، بۆیه، به قسه‌ی پۆپه‌ر، پێویست ناكات زانایان و رۆَشنبیران و بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سوفان بشڵه‌ژێن و باس له كێشه‌كانی مرۆڤایه‌تی و كاولكارییه‌كانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بكه‌ن، بۆچی؟ چونكه هه‌ر ده‌مرین، ئیدی ئه‌گه‌ر ژینگه پیسبێ یا خاوێن هه‌ر ده‌مرین! مه‌ترسی هه‌میشه ئاماده‌یه جا چ خۆرئاوا هێرش بكاته سه‌ر وڵاته‌كانمان و سه‌روه‌ت و سامانه سروشتییه‌كانمان بدزێ یا زه‌مینله‌رزه‌یه‌ك لێمانداو بمانكوژێ هه‌ر ده‌مرین،چ به ئایدز بێ چ به بۆمبی ئه‌تۆمی هه‌رده‌مرین، به‌ڵام له یه‌كه‌میاندا هه‌موو رۆژێ به‌سستی له جیاتی جارێك سه‌دجار ده‌مرین كه‌له‌لای ئه‌وان نه‌بێ له هیچ شوێنێك چاره‌سه‌رمان نییه، چونكه ئه‌وان ته‌نانه‌ت داوده‌رمانیش مۆنۆپۆلده‌كه‌ن، له دووه‌میشدا بێ ئاخ و ژان و له ناكاو ده‌مرین، حیكمه‌تی ئه‌مه‌ش به‌قسه‌ی پۆپه‌ر له‌وه‌دایه كه ژیاری خۆرئاوا له ژیارییه‌كانی ئێمه و پله‌ی مرۆڤایه‌تی ئه‌وانیش له‌هی ئێمه به‌رزوباڵاتره و" ئایدیۆلۆژیای خۆرئاوا وێڕای ئه‌و هه‌موو سووكایه‌تی و درۆیانه‌ی بۆی هه‌ڵده‌به‌سترێن، خودی هه‌قیقه‌ت بووه.خۆرئاوا هه‌میشه له پێناو ئاشتیدا جه‌نگاوه،له ئه‌وروپاشدا به‌م ئاشتییه گه‌یشت…"(22). وه‌ك تێبینی ده‌كه‌ن پۆپه‌ر هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ك له ئایدیۆلۆژیای خۆرئاوا(هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستی ئایدیۆلۆژیای لیبڕالیزمه)به سووكایه‌تی پێكردن و درۆی هه‌ڵبه‌ستراو ده‌زانێ. سه‌یر له‌وه‌دایه كه پۆپه‌ر به پێی تیۆری به‌درۆخستنه‌وه باوه‌ڕی به هیچ راستییه‌كی زانستی نییه و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه هه‌موو تیۆرێكی زانستی ده‌كرێ به‌درۆ بخرێته‌وه، كه‌چی ئایدیۆلۆژیای خۆرئاوا به شێوه‌یه‌كی ره‌ها به خودی هه‌قیقه‌ت ده‌زانێ و هه‌رچی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌شدا بێ به‌درۆی ده‌زانێ!، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه‌دا، ده‌بوایه ئاماژه به‌وه‌ش بدات كه ئه‌وروپا دوای دوو جه‌نگی گه‌وره‌و ماڵوێرانكاری جیهانی (كه خودی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ دابه‌شكردنه‌وه‌ی جیهان له پشتیه‌وه بوون) گه‌یشته ئه‌و ئاشتییه‌ی كه پۆپه‌ر باسی ده‌كات، بۆیه نابێ ئه‌و راستییه مێژووییه فه‌رامۆش بكرێت كه خۆرئاوا هه‌میشه له پێناو ئاشتیدا نه‌جه‌نگاوه، گه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی به‌رده‌وامی ئه‌و وڵاته زلهێزانه‌ی خۆرئاواش نه‌بێت ئاشتی له سه‌رتاسه‌ری جیهان و له شوێنه‌كانی دیكه‌ش به‌رقه‌رارده‌بێت و دێته‌دی، پێویستیش به‌وه ناكات جه‌نگ به‌سه‌ر وڵاتاندا بسه‌پێنن تاكو ئاشتی سه‌قامگیربێت.
ئاوه‌ژووكردن و شێواندنی مێژوو به‌و شێوه‌ی پۆپه‌ر نه‌بێ چ سوودێكی بۆ خۆرئاوا هه‌یه؟ وه‌ك بڵێی هه‌رگیز خۆرئاوا نه‌بووه له رێگه‌ی دزینی سامانی وڵاتانه‌وه گه‌لانی جیهانی بنده‌ستكردبێ و زۆر دڕندانه له ساده‌ترین ماف و ئازادی بێبه‌شیكردبن. پۆپه‌ر له‌بیری چووه كه ئایدیۆلۆژیای نازیزم و فاشیزم له هه‌ناوی ئه‌وروپاوه سه‌ریانهه‌ڵداو ملیۆنان مرۆڤی بێ‌تاوانیان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا كرده قوربانی جه‌نگه نه‌گریس و ماڵوێرانكاره‌كانی خۆیان.
پۆپه‌ر كه ده‌ڵێ له‌و قه‌ناعه‌ته‌دام كه‌ئێمه هه‌موومان زووبێ یا دره‌نگ هه‌رده‌مرین، وه‌ك بڵێی شتێكی تازه‌ی له فه‌لسه‌فه‌دا دۆزیبێته‌وه، كه ئه‌ویش هه‌قیقه‌تی مردنه و ده‌یه‌وێ به ئێمه‌ی كه‌مزان و نه‌زانی رابگه‌یه‌نێ كه باشتر وایه به‌رله‌وه‌ی بمرین به ته‌واوی خۆبده‌ینه ده‌ست خۆرئاوا‌و به به‌ندایه‌تی ئه‌و رازیبین.كورد ده‌ڵێ (( دۆَم بێ و كڵاش بۆخۆی بچنێ))، منیش ده‌ڵێم ((پۆپه‌ر بێ و خۆرئاوا بڕازێنێته‌وه)) ده‌بێ چ كه‌سێك هه‌بێ له‌مه باشتر راستییه‌كان بشێوێنێ و جیهان بكا به قه‌رزباروكۆیله‌ی هه‌میشه‌یی خۆرئاوا؟
گومان له‌وه‌دا نییه كه ژیاری خۆرئاوا له‌ته‌ك هیلته‌ردا مۆزارت و بیتهۆڤن و باخی هه‌بووه،له پاڵ مۆسۆلینی داڤینشی و ئه‌نجیلۆ و دانتی و گرامشی و تۆلیاتی هه‌بووه، له ته‌ك هه‌موو ناپلیۆن ولویسه‌كاندا كامۆ و رۆسۆ و هۆگۆ وڤۆلتێریكی هه‌بووه،له‌ته‌ك بۆشه‌كان و رێگانه‌کاندا دا تۆماس ئه‌دیسۆن ومارتن لۆته‌ری هه‌بووه، له‌پاڵ گه‌لێ دیارده‌ی دزێودا گه‌لێ دیارده‌ی جوانیشی هه‌بووه، به‌ڵام ئایا به‌و ڕه‌هاییه‌یه كه پۆپه‌ر ده‌یه‌وێ به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا بیسه‌پێنێ؟ تۆ بڵێی ژیارییه‌كانی خۆرهه‌ڵات و ئه‌مریكای لاتین و ئه‌فریكا هیچ شتێكی به‌سوود‌و جوانیان بۆ مرۆڤایه‌تی پێنه‌بووبێت؟
هه‌ڵبه‌ته نه‌خێر، خۆرئاوای سه‌رمایه‌داری وێڕای لایه‌ن و ده‌سكه‌وته جوانه‌كانی، كه تێكۆشانی درێژخایه‌نی بزاڤی جه‌ماوه‌ریی سۆسیالیستی و چه‌پ و كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانیش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوون له به‌دیهاتنیان، گه‌لێ لایه‌نی ناشرین وقێزه‌وه‌ن و دژه‌مرۆییانه‌شی هه‌یه و تا ئێستاش مرۆڤایه‌تی له سایه‌ی باڵاده‌ستی ئه‌و سیسته‌مه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هزرییه‌ی خۆرئاوادا كۆمه‌ڵێ كێشه‌ی جیاجۆری وه‌ك: به‌شتكردنی مرۆڤ، به‌كاڵاكردنی سروشت ، هه‌ژاری، پیسبوونی ژینگه، بازرگانیكردن به‌مرۆڤ ، بێچاره‌سه‌ر مانه‌وه‌ی چه‌ندین په‌تای كوشنده‌ی وه‌ك ئایدز و ئه‌نفله‌وه‌نزای باڵنده و شێرپه‌نجه، مۆنۆپۆلكردنی زانیارییه زانستییه‌كان و به‌كۆیله‌كردنی مرۆڤه‌كان و بێدادی كۆمه‌ڵایه‌تی… تاد، به‌رهه‌مهێناوه و هه‌موو ئه‌مانه‌ش له ته‌ك جوانییه‌كاندا زاده‌ی ئه‌و ژیارییه خۆرئاواییه‌ن كه پۆپه‌ر سه‌رسه‌ختانه نكۆڵی و چاوپۆشیان لیده‌كات و ده‌ڵێ:"له خۆرئاوادا له ئاسماندا ده‌ژین، هه‌ڵبه‌ته له ئاسمانی یه‌كه‌م و هێشتا نه‌گه‌یشتووینه‌ته هی هه‌فته‌م، ئاسمانه‌كه‌مان ده‌شێ چه‌ندین چاكسازی تێدا بكرێ، هیچ هۆكارێك له ئارادانییه تا لێیبڕه‌نجێین و به‌خراپی وه‌سفكه‌ین. جیهانی ئێمه باشترینی ئه‌و جیهانانه‌یه كه له سه‌ر زه‌ویدا بوونیان نه‌بووه "(23).
وه‌ك له‌و بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا به‌دیارده‌كه‌وێ پۆپه‌ر و خۆرئاوا له ئاسمانێكدا ده‌ژین كه هه‌رگیز له سه‌ر زه‌ویدا هاوتای نه‌بووه، به‌ڵام ده‌بووایه ئه‌وه‌ش بڵێ كه ئه‌و ئاسمانه‌ی ئه‌وان، به‌تایبه‌تیش ئاسمانه‌كه‌ی ئه‌مریكا، به‌هێزو بازووی خودی ئه‌و كۆیلانه بنیاتنران كه به دڕندانه‌ترین شێوه ده‌چه‌وسێنرانه‌وه‌و وه‌ك ماركس ئاماژه‌ی بۆ كردووه كه ساڵی 1703 ئینگلیزه‌كان له‌كۆمه‌ڵه‌ی یاسادانان Assembly:" بڕیاریاندا بڕی 40 جونه‌ی بكه‌نه پاداشتی كه‌وڵكردنی پێستی سه‌ری هه‌ر هیندیه‌كی سوورپێست و هه‌ر دیلێكی سوورپێسته‌كان، به‌ڵام له ساڵی 1720 پاداشتی هه‌ر پێسته سه‌رێكی كه‌وڵكراو گه‌یشته 100 جونه‌ی، كه‌چی له ساڵی 1744دا دوای ئه‌وه‌ی هۆزێكی ناوچه‌ی كه‌نداوی ماساتشوستش به یاخی له‌قه‌ڵه‌مدرا، بڕی نرخه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بوو: كه‌وڵی سه‌ری هه‌ر نێرینه‌یه‌كی 12 ساڵان به‌سه‌ره‌وه 100 جونه‌ی، هی هه‌ر دیلێكی پیاو 105 جونه‌ی، كه‌وڵی سه‌ری هه‌ر دیلێكی ئافره‌ت یان منداڵ 50 جونه‌ی !"***
ئه‌مه‌ش به‌شێكی گرنگی هه‌قیقه‌ت و مێژووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و خۆرئاوایه‌یه كه پۆپه‌ر باسی ده‌كات، لایه‌كی دیكه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پۆپه‌ر رێك ئه‌و بۆچوونه‌ی ماركس ده‌سه‌لمێنێ كه سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیسته‌مێكی جیهانگیر له سه‌رجه‌م شوێنه‌كاندا به هه‌مان شێواز وئه‌ندازه گه‌شه‌ناكات وله‌گه‌ڵ خۆیدا نابه‌رابه‌ری و بێدادییه‌كان ده‌خوڵقێنێ، ئالێره‌شه‌وه كاره‌ساته مرۆییه‌كان روونترده‌بنه‌وه و تێده‌گه‌ین كه بۆچی ئه‌وان له‌ئاسمانن و ملیۆنان مرۆڤی بێچاره‌ش له ئه‌فریكا و ئاسیا و وڵاتانی لاتین و خۆرهه‌ڵات ناتوانن قووتی رۆژانه‌یان وه‌ده‌ستبهێنن و گیرۆده‌ی ده‌ستی هه‌ژاری و برسیه‌تی و ده‌یان په‌تا و نه‌خۆشی كوشنده و كاره‌ساتی سروشتی ده‌بنه‌وه‌و كه یه‌كێ له گرنگترین و كاریگه‌رترین هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانیان ئه‌و ره‌وته دڕندانه‌یه‌ی سیسته‌می به‌پیشه‌سازیكردنی سه‌رمایه‌داریی و شاردنه‌وه‌ی پاشه‌ڕۆ ژاراوییه‌كانه له هه‌ناوی سروشت و ژینگه‌وه.
ئه‌وان له ئاسمانن و وڵاتانی ئێمه‌ی (دواخراو) و دواكه‌وتوو و ژینگه‌ش گۆڕستانی پاشه‌ڕۆیه پیس و ژاراوییه‌كانی پیشه‌سازی و پێشكه‌وتنه ته‌كنۆلۆژییایه‌كه‌ی ئه‌وانن، واته ده‌شێ بڵێین پێشكه‌وتنی ئه‌وان به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ متمانه ده‌كاته سه‌ر دواخستنی ئێمه، كاتێكیش وه‌ك چه‌پ ره‌خنه له بۆچوونه نادروسته‌كانی پۆپه‌ر بگرین به خیانه‌تكار ناوزه‌دمان ده‌كاو پێمان ده‌ڵێ كه ئه‌وان، واته خۆرئاوا:" له باشترین جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ژین كه له هیچ شوێنێكی جیهاندا بوونی نه‌بووه- ئه‌مه وێڕای خیانه‌تكاری زۆرینه‌ی رۆشنبیران"(24)، چونكه ئایدیۆلۆژیای ئێمه‌ی رۆشنبیرانی چه‌پ به گووته‌ی پۆپه‌ر:"له رووی ره‌وشته‌كییه‌وه ئایدیۆلۆژییه‌كی شه‌ڕانگیزه و درۆیه‌كی په‌ڵه‌داره"(25).
له سه‌رجه‌م ئه‌و بڕگانه‌ی سه‌روه‌دا كاتێك پۆپه‌ر باس له خه‌سڵه‌ته‌كانی ژیاری خۆرئاواده‌كات پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌م كه بیری ژیاریی له سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكردنی كیشوه‌ركان دابه‌ش ناكرێ وه‌ك ئه‌وه‌ی پۆپه‌ر باسی لێوه‌ده‌كات، راسته ژیاریی هاوچه‌رخ زاده‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه كه له هه‌ناوی ئه‌وروپادا سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌ڵام نوێشكی ئه‌و ژیارییه هی پێش سه‌رمادارییه و ئاوه‌زگه‌رایی هاوچه‌رخیش له دۆخێكی بێجووڵه و چه‌قبه‌ستوودا نییه تا هیچ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت، به‌ڵكو سروشتی ململانێی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری به جۆرێك گۆڕانی به‌سه‌ردادێنێت كه دواجار خواستی ره‌تبوون له سه‌رمایه‌داریش ده‌گرێته‌وه. نموونه‌ی زیندووش بۆ تێكۆشان له پێناو جێبه‌جێكردنی ئه‌م خواسته زۆرن، له‌وانه‌ش بۆ نموونه: كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی جیهانی (World Social Forum)، كه چه‌ندین بزاڤی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌سایه‌تی و بیرمه‌ند و چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له خۆیدا ده‌گرێ، ئێستا له خودی خۆرئاوا‌و ئه‌مریكای لاتین و ئاسیا و ئه‌فریكا دژ به جیهانگیری سه‌رمایه‌داری و ده‌رهاویشته خراپه‌كانی تێده‌كۆشێ و رۆژ له دوای رۆژ گه‌شه‌ده‌كاو فراوانترده‌بێت و داوای جیهانێكی دیكه ده‌كات كه ئه‌گه‌ری هه‌یه.
(بۆ زانیاری زیاتر له‌باره‌ی ئه‌م كۆڕبه‌نده‌وه بڕوانه كتێبی: كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی جیهانی/ دامه‌زراندن و ئامانج/ ئاماده‌كردنی سه‌نته‌ری المسلة 2008).
به گوته‌یه‌كی دی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی پۆپه‌ر له‌و قسانه‌ی سه‌روه‌یدا له‌مه‌ڕ ژیاریی خۆرئاوا جه‌ختی لێده‌كاته‌وه هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه كه ئاوه‌زگه‌رایی له وڵاتانی كه‌ناردا(دول المحور) بوونی نه‌بووبێت بۆیه ئێستا ئه‌وان له زه‌میندا ده‌ژین و خۆرئاواش له ئاسمان، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه وڵاتانی سه‌نته‌ر (دول المركز) ده‌ره‌نجامی سروشتی ته‌ماعكارانه‌ی رژێمه ئابووری- سیاسییه‌كانیان هه‌میشه رێگرێكی به‌هێزبوون له به‌رده‌م گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی ئابووری و زانستی و ته‌كنۆلۆژی و پیشه‌سازیی وڵاتانی كه‌نار(واته وڵاتانی باشوور)، ده‌ره‌نجام سه‌نته‌ر كۆنتڕۆڵی جیهانی كردووه و ئێستا لافی باشترین ژیاری لێده‌دات، له كاتێكدا گه‌شه‌كردنی سه‌نته‌ر په‌یوه‌ندی به گه‌شه‌كردنی له رادده‌به‌ده‌ری سه‌رمایه‌دارییه‌وه هه‌یه، نه‌وه‌كو به‌وه‌ی ئه‌وروپا سه‌نته‌ری ئاوه‌زگه‌رایی بووبێت، به‌ڵكو مێژووی ئاوه‌زگه‌رایی زۆر له‌وه‌ی ئه‌وروپا دێرینتره و له ناوچه‌كانی ئاسیا و ئه‌فریكا و….تاد، ئاوه‌زگه‌رایی به‌ر له ئه‌وروپا سه‌ریهه‌ڵداوه.
له لایه‌كی دیكه‌دا پێویسته ئه‌وه بپرسین كه كامه ئایدیۆلۆژی له رووی ره‌وشته‌كییه‌وه درۆیه و به ساده‌ترین بنه‌مای ره‌وشته‌كییه‌وه پابه‌ند نییه، ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی سه‌رمایه‌داران و زله‌كۆمپانیا مۆنۆپۆلییه‌كانی جیهانی خۆرئاوا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زۆرترین قازانج له‌سه‌ر حیسابی ئاینده و دوارۆژی مرۆڤایه‌تی به هاوكاری پۆپه‌ر و هاوشێوه‌كانی ده‌هۆڵی بۆده‌كوتن، یان ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له لایه‌ن مرۆڤه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه و له ڕووی ره‌وشته‌كییه‌وه قه‌بوڵی نییه مشته خه‌ڵكانێكی وه‌ك پۆپه‌ر له ئاسمان بژین و كه‌سانێكی دیكه‌ش كه زۆرینه‌ن له سه‌ر شۆسته و تونێڵه تاریكه‌كانی میترۆ و پووشخان و ماڵه ته‌نه‌كه‌ییه‌كاندا بژین؟؟ چ بنه‌مایه‌كی ره‌وشتی رێگه به پۆپه‌ر و خاوه‌نه‌كانی ده‌دات كه ئه‌وان له ئاسمان بن و ملیارها مرۆڤی كڵۆڵیش ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌شیان نه‌بێ له ژێر سێبه‌ری ئه‌و ئاسمانه‌دا بێ کێشه بژین؟!
فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پۆپه‌ر له زۆر لایه‌ندا كه‌لێنی گه‌وره‌و زه‌قی تێدایه، یه‌كێ له‌و كه‌لێنانه‌ش ئه‌وه‌یه كه وه‌ك ئه‌و وڕێنه بكه‌ین و دانبه‌وه‌دابنێین كه:" سه‌رجه‌م پیاوانی ئاشتی جه‌نگاوه‌ربوون، ته‌نانه‌ت مه‌هاتما گاندی – یش جه‌نگاوه‌رێك بووه له پێناو ناتوندوتیژیدا"(26). سه‌یره تێكۆشه‌رێكی ئاشتیخوازی وه‌ك گاندی به (جه‌نگاوه‌ر) بزانین، له كاتێكدا ئه‌و به كردار و گفتار تادوا چركه ساتی ژیانی بانگه‌شه‌ی لێبورده‌یی و ناتوندوتیژی كردووه و به‌درێژایی ته‌مه‌نی نه‌یزانیوه به‌كارهێنانی چه‌ك یانی چی، كه‌چی پۆپه‌ر به‌مه‌ش ناوه‌ستێ و ده‌یه‌وێ گاندی-ش وه‌ك خۆی بكاته جه‌نگاوه‌رێك له پێناو ئاشتیدا!
به پێی گوته‌ی پۆپه‌ر هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك له سه‌رمایه‌داری دروستكراوی زه‌ینی رۆشنبیرانه(هه‌ڵبه‌ت ئه‌و رۆشنبیره چه‌پ و مرۆڤدۆستانه‌ی پۆپه‌ر به شه‌ڕانگێز و بێ ره‌وشت و درۆزنیان ده‌زانێ) چونكه:" به‌پیشه‌سازیكردن نابێته مایه‌ی زیادكردنی هه‌ژاری، ئه‌مه‌ش شتێكه پێویست به‌سه‌لماندن ناكات و ته‌نانه‌ت له كۆڵۆنیاڵه‌كانیشدا بارودۆخه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌ره‌و باشتر ده‌چێ"(27)، دواتر له درێژه‌ی قسه‌كانیدا رایده‌گه‌یه‌نێ كه ئامانجی بنچینه‌یی سیاسه‌تی ئێستای خۆرئاوا خۆ به‌دوورگرتنه له ململانێكان و به‌رقه‌راركردنی ئاشتییه، بۆ پڕاكتیزه‌كردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌ش :" ئێمه نابێ له‌به‌رامبه‌رهه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له پێناوی ئاشتیدا پاشه‌كشه بكه‌ین، كه له حاڵه‌ته‌كانی ئێستادا ناكرێ خۆمانی لێ لاده‌ین،ئه‌مه شتێكی دڵخۆشنه‌كه‌ره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ جیهان رزگاركه‌ین پێویسته ئه‌نجامبدرێ،یه‌كلاكردنه‌وه لێره‌دا گرنگیه‌كی دیاریكراوی هه‌یه"(28).
پۆپه‌ر به هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ دڵخۆش نییه،به‌ڵام نایشارێته‌وه كه له رێگه‌ی جه‌نگه‌وه ده‌یه‌وێ جیهان رزگاربكات، سه‌یره به جه‌نگ دڵخۆش نه‌بیت، به‌ڵام بانگه‌شه‌ی بۆ بكه‌یت، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه پۆپه‌ر ده‌یه‌وێ كامه جیهان رزگار بكات و له چنگ و چه‌پۆكی كێ رزگاری بكات؟ جیهانی خۆرئاواكه‌ی خۆی یان ئه‌و جیهانه‌ی كه خۆرئاواكه‌ی ده‌ستی تێهاویشتووه و به‌رده‌وام وێرانی ده‌كات؟؟ ئه‌و له پێشه‌كی كتێبی (( كڵۆڵیی ئایدیۆلۆژیا))ره‌خنه له‌و حه‌تمیه‌ته مێژووییه ده‌گرێ كه مه‌تریالیزمی مێژوویی ماركسیزم له روانگه‌ی ململانێی چینه‌كانه‌وه باسیكردووه و ده‌ڵێ:" له وتارێكمدا به ناونیشانی ( نه‌زۆكی مێژووگه‌رایی) هه‌وڵمدا روونیبكه‌مه‌وه كه ئه‌م مه‌زهه‌به میتۆدێكی نه‌زۆكه- واته هیچ به‌رهه‌مێكی نابێت"****، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه كه خۆی جه‌نگ به‌حه‌تمییه‌تێك بزانێت بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی و نه‌شتوانێ خۆی لێ لابدات!! ئه‌و جگه له جه‌نگ هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی باشتری پێ نییه بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشتی!! سه‌یره ره‌خنه له حه‌تمیه‌تێك بگریت كه له به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تیدایه، به‌ڵام سه‌یرو سه‌مه‌ره‌تر ئه‌وه‌یه كه‌خۆت بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه سیاسییه‌كانی خۆرئاوا، كه به‌شێكی مرۆڤایه‌تییه، جه‌خت له حه‌تمیه‌تی جه‌نگ بكه‌یته‌وه!
زۆرانێك له بیرمه‌ندانی چه‌پ له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا له‌و باوه‌ڕه‌دان كه" نه سه‌رمایه‌داری و نه لیبڕالیزمیش ئاشتی و به‌خته‌وه‌رییان پێشكه‌ش نه‌كردووه، به‌ڵكو جه‌نگ و چه‌وسانه‌وه و رووتاندنه‌وه و ئاژاوه‌یه‌كی جیهانی بێهاوتایان پێشكه‌شكردووه"*****
هه‌رچه‌نده من له گه‌ڵ ره‌هایی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نیم، به‌ڵام وه‌ك روونده‌بێته‌وه:" هه‌ڵوێسته جه‌نگییه‌كانی پۆپه‌ر له گه‌ڵ تیۆركارییه( فه‌لسه‌فییه‌كانی) ناكۆك نین، به‌ڵكو له گه‌ڵ تێزه ئه‌بستمۆلۆژییه‌كانی زۆر كۆكن … شه‌ڕانگێزی و دوژمنكارییه‌كانی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵقوڵاوی كڕۆكی فه‌لسه‌فه‌كه‌یین، پۆپه‌ر له‌م خاڵه‌دا به‌به‌راورد له گه‌ڵ ئه‌رستۆدا هه‌ڵوێستێكی كۆنه‌په‌رستانه‌ی هه‌یه كه له هه‌ندێ لاپه‌ڕه‌ی كتێبی سیاسه‌ت قسه‌ی ترسناكی ده‌رهه‌ق به كۆیله‌كان كردووه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ره‌خنه‌ی له‌و حكومه‌تانه‌ش گرتووه كه ده‌ستووره‌كانیان- وه‌كو (سپارتا)- متمانه‌یان كردۆته سه‌ر جه‌نگ، له‌مباره‌یه‌شه‌وه گوتوویه‌تی ئه‌وانه‌ی لاوان به‌گیانی ململانێ په‌روه‌رده ده‌كه‌ن چاره‌نووسیان وێرانییه…به‌ڵام كاتێ پۆپه‌ر گه‌لانی كۆڵۆنیاكراوی پێشان به منداڵی بچووك ده‌چووێنێ ته‌نانه‌ت ئه‌فلاتۆنیش شتی وای نه‌كردووه، چونكه ئه‌و دانی به‌وه ناوه كه ژیاریی میسرییه‌كان پێشكه‌وتووتربووه له‌هی گریكه‌كان"(29).
وه‌ك تێبینیده‌كه‌ین بۆچوونه سیاسییه‌كانی پۆپه‌ر پڕبه‌پێست و زۆر شۆڤینستانه خزمه‌تی سیاسه‌ته‌كانی خۆرئاوای لیبڕاڵ ده‌كه‌ن و له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی داكۆكیكردنن له هه‌موو كه‌موكورتییه‌كانی ئه‌و سیسته‌مه، ماوه‌ته‌وه بگوترێ كه شكستی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤیه‌ت، وێڕای هه‌موو كه‌موكورتییه‌كانی، بۆشاییه‌كی به‌رفراوانی سیاسی و هزری به‌دوای خۆیدا جێهێشت كه نیولیبڕالیسته‌كان له‌و كاته‌وه به‌باشی ده‌یقۆزنه‌وه. چونكه ئه‌م شكسته" ده‌روازه‌ی به‌ڕووی قۆناغێكدا كرده‌وه كه گوتارێكی دیموكراسی تێیدا باڵاده‌سته‌و كاكڵی گوتاره‌كه‌ش په‌یوه‌سته به لایه‌نی كه‌می لیبڕالیزمی په‌رله‌مانی و هه‌ڵبژاردن، له‌گه‌ڵ گرێدانی خواستی دیموكراسی وه‌ك"حوكمێك"به ئابووری بازاڕ،له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌گه‌ری به‌دیهێنانی دیموكراسی جیاكراوه‌ته‌وه له‌و تێكۆشانه جه‌ماوه‌رییانه‌ی كه هه‌میشه مه‌رجێكی پێویستن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادییه دیموكراسییه‌كان"******درێژه‌ی هه‌یه …….