Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پۆیەتیکا دەستپێک بۆ تیۆرەکردنی شانۆ

پۆیەتیکا دەستپێک بۆ تیۆرەکردنی شانۆ

Closed
by December 21, 2012 شانۆ

 

 

 

 

(١)

تیۆرەکانی شانۆ و درامای جیهانی بە شێوەیەک لە شێوەکان هێندەی سەرەتاکانی ئەدەبی درامی و دەقە شانۆییەکان دێرینە. مەبەستیش لە مێژووی دراما کتێبی “هونەری شیعر” (پۆیەتیکا) کە ئەریستۆ نووسیویەتی و خۆشی لە ساڵەکانی ٣٠٠ی پ. ز دا ژیاوە. کتێبێک کە دواتر دەبێتە دەروازەیەکی کرینگ و سەرەکی بۆ هەموو تیۆرەکانی تر، کە لەم بوارەدا نووسراون. لەلای ئەریستۆ و لەم کتێبەدا پێناسەکانی دراما، وەکوو لقێکی سەربەخۆی ئەدەب، هاوشان لەگەڵ لیریک و داستانەکاندا کراوە.  

ئەریستۆ دەقە دراماییەکان، بە یارمەتی چەندین زاراوە، کە خۆی دای هێناون، بۆ نموونە “کردار”، “کەرەکتار” ،”یەکە” شی دەکاتەوە، ئەم زاراوانەش تا ئێستا و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی لە شیکردنەوەی کارە درامی و دەقە شانۆییەکاندا بەکارهاتوون. لەم کتێبەدا ئەریستۆ تراجیدیا وەک گرینگترین فۆرمەکانی دراما ناوزەد دەکات، دەروازەکانی دونیایەک دەکاتەوە، کە تا ئێستا لە هەموو لێک دانەوەیەکدا بەکاردەهێنرێت و کاریگەرییان هەیە، بۆ نموونە: “ترس و بەزەیی” و “پاکبوونەوە”. برێشت لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردوودا، لە خۆێندنەوەیەکی قووڵی هونەری شیعرەکەی ئەریستۆوە دەگاتە بەرئەنجامێکی تر، کە بە “دژە-ئەریستۆ” ئاماژەی بۆ دەکرێت و ترادیشونێکی دوو هەزار ساڵەی تیۆری شانۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.  هونەری شیعر بە بەراورد لەگەڵ کتێبەکانی تری ئەریستۆ، جیاوازی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. تێکستەکانی کورتە و هەندێک جار تەنها ئاماژەیەکە، یان پێچەوانەی بۆچوونەکانی خۆیەتی. لە بەشی شەشەمدا (باسێکی تراجیدیا) کە ناوەندێکی گرینگی کتێبەکەیە، چوار جۆر پێشنیازی جیاواز، سەبارەت بە بنەما سەرەتاییەکانی تراجیدی دەخاتە ڕوو “تراجیدیا نواندنە بە کردەوە، نواندنەکەش لە شانۆگەرییەکەدا پەیوەندی بە پلانەوە هەیە. بەگشتی، تراجیدیا شەش بەشی هەیە، بەشەکانیش ئەمانەن: پلان، کەسایەتی، شیعر، بیرۆکە، بینەرو گۆرانی. تراجیدیا لاسایی کردنەوەی کردەوەکانە و لە پێناوی نواندن و ژیانەوەی کردەوەکانیش پەنا بۆ کەسایەتییەکان دەبات. لایەنێکی گرینگی دیکەی تراجیدیا دەقە.”  لە بەشی هەژدەدا (چەند دەستوورێکی تر بۆ شاعیرانی تراجیدی) دەرگایەکی تر بە رووی تیۆرەکانی درامادا، لە دەروازەیەکی ترەوە دەکاتەوە و تراجیدیا دابەش دەکات بەسەر چوار جۆردا: “تراجیدیا پێک هاتوو لە وەرگەڕان و دۆزینەوە، تراجیدیای ئازارچێشتن، تراجیدیای سەر بە کەسایەتی و تراجیدیای سادە”. لە بەشی  دوانزەشدا (بەشە سەرەکییەکانی تراجیدی) هەوڵی داوە فۆرمەکانی تراجیدیا بەم شێوەیە: “پێشەکی، چیرۆک، کۆتایی، کۆرس، کۆرسیش کە دوو بەشی هەیە، دەست پێ کردن و سروود. ئەم بەشەی کۆڕاڵ لە هەموو تراجیدیادکەدا هەن، بەڵام گۆرانی لەسەر شانۆ و لاوانەوە لە هەندێک، نەک لە هەموو تراجیدیایەکدا دەدۆزرێنەوە.” بەم شێوەیەش ئەریستۆ بنەما سەرەکییەکانی دراما و تراجیدیا دادەنێت و پالپشتێکی تیۆری بەهێز بۆ دەستپێکی هونەری شانۆی گرێکی دەستەبەر دەکات. هەر لەبەر ئەوەشە ئەم کتێبەی ئەریستۆ لە ناو بەرهەم و کتێبەکانی تریدا جێگایەکی تر و تایبەتمەندی هەیە. بەم شێوەیە ئەریستۆ لە دیدێکی فەلسەفی و واتاناسییەوە “سێمانتیک” شیکردنەوەیەکی وردی بۆ هەریەکە لە چەمکەکان کردووە،ئەم کارەش کە قووتابیەکانی نووسیویانەتەوە، لەوە دەچێت تەنها سەرەتاکەی بێت. 

زۆر ئاشکرایە، کە ئەریستۆ وەک فەیلەسوف و لێکۆڵەرەوەیەکی شیکاری دراما، تراجیدیا بە دیاردەیەک، بە سترکتورێکی تایبەتمەند و بە یەکەیەکی سەربەخۆ دادەنێت، کە جیاوازە لە شیعرو داستان. ئەم تایبەتمەندێتییەی دراماو فۆرمی تراجیدی، دەبێت لە بنەماکانی ئەو دەقە تراجیدیایانەوە، کە لەبەردەست دابووە، لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت. هەموو کتێبی هونەری شیعر لە بەرەنجامی ئەو تراجیدیایانەوە نووسراوە، کە بوونیان هەبووەو بۆ جەماوەر نەمایش کراون. هەر لەبەر ئەوەشە بنەما تیۆرییەکانی کەم و زۆر ئاماژە بە تراجیدیای کلاسیکیی دەکات. زۆربەی ئەو دەقە کلاسیکییانەش فەوتاون و هەموویان بە شێوەیەکی تەواوی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە، بەڵام ئەوەندەش ماوە، کە ئێمە بنەما تیۆرییەکەی ئەریستۆ تێ بگەین،  بۆ نموونە بەشێک لە تراجیدیاکانی ئێسخیلۆس لە ناویشیاندا: ئۆرێستێیا؛ سۆفۆکلیس لە ناویشیاندا: ئۆدیبی پادشا و ئەنتیگۆنا؛  هەندێک لە تراجیدیاکانی یوربیدس، لەناویشیاندا: میدییا.

(٢)

ئەریستۆ لە کتێبی “پۆیەتیکا”دا، بیرو بۆچوونەکانی سەبارەت بە دراما و تراجیدیا لە ژێر کاریگەری و ڕەنگ دانەوەی کۆمەڵگاو سیستەمی دەوڵەتی ئەسینادا نووسیوە. لەو دەروازەیەوە، کە ئەدەب و شانۆ لە چەقی گرینگی پێدان و ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیاندا بوونە، رۆڵێکی گرینگ و لەبەر چاویان هەبووە. دواتر ئەم ترادیشۆنە گوێزرایەوە بۆ شارستانییەتی “رۆم” و سەرلەنوێ لە کۆدو کۆمەڵگایەکی تردا دەردەکەوێتەوە. لە شارستانییەتی رۆمادا، هروژمی خەڵک پێویستی بە جۆرە نەمایشیک بووە، کە لە ئەدەبەوە بنەماکانی وەرنەدەگرت، بەڵکو لە گەمەی گلادیاتور، ئاهەنگی شەپۆلی خەڵکی لەسەر شەقام، یاریگا گەورەکان و نەمایشە راگوزارییەکانەوە وەرگرتووە. بێگومان هەموو ئەمانە مانایەکی گەورەیان بۆ مێژووی شانۆ و دراما هەیە، بەڵام پێویستییان بە هیچ جۆرە لێک دانەوەو پاڵپشتێکی تێوری و فیکری نەبووە. لەم پشێووی و گەمەی گلادیاتورانەدا، کە بە ڕژانی خوێن کۆتای پێ دەهات، ئەدەب و شانۆ دەبێتە جێگای سەرنجی کەسانێکی دیاریکراو، کە شارەزای ئەدەب و شانۆی گرێکی بوون، هەروەها جۆرە ژیانێکیش، نزیک لە ژیانی گرێکییە ئەرستۆکراتییەکانەوە ژیاون. لە ژێر دەسەڵاتی “ئاگۆستینییەکان”یشدا پێگەی ئەدەب هەندێک بەهێز دەبێت و بەیارمەتی دەزگاکانی دەوڵەت سیستەمێکی هونەری و ئەدەبی گەشە دەکات، بەمەش چەمکەکانی فۆرمی تێوری ئەدەبی کلاسیکیی، بێگومان کە دراماشی لەخۆدەگرت دەردەکەوێت. 

کلاسیزمی رۆما بنەما تێورییەکانی خۆی لە هونەری شیعر “پۆیەتیکا” کەی هۆراشیۆدا رۆدەنێت، کە لە شێوەی نامەدا بۆ کورەکەی خۆی نووسیوە. نازانرێت هۆراشیۆ، چەندە پۆیەتیکاکەی ئەریستۆی لەبەرچاو بووە و لە ژێر چ کاریگەرییەکی ئەودا، نووسیویەتی. ئەریستۆ کەسێکی فەیلەسوف و پیاوی زانست و زانیاری بووە، لە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە هەوڵی داوە پێناسەی بنەماکانی دراما و تراجیدیا، پرۆسە و داستانەکان بکات و ئاماژە بە رێسا سەرەتایی و سەرەکییەکانیان بکات. بەڵام هۆراشیۆ وەک نووسەرێک، پێشنیارە  بەربڵاوەکانی خۆی بۆ نووسەرەکانی ئەو سەردەمە و هاورێ و هاوکارەکانی دەنووسێت. بە بۆچوونی هۆراشیۆ، هیچ کەسێک نابێتە نووسەرێکی باش، ئەگەر نەگەرابێتەوە بۆ سەر گرێکییەکان، ڕێساکانی ئەوان فێر نەبووبێت و شوێن پێی ئەوانی هەڵ نەگرتبێت. 

 هونەری شیعرەکەی هۆراشیۆ نووسراوێکی کورتە و تەنها مامەڵە لەگەڵ دراما ناکات، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی شیعر، دراماش بە بەشێک لە شیعر دانراوە، هۆراشیۆ بەشێوەیەکی ساکار و دوور لەقووڵ بوونەوەو بنەما زانستییەکانەوە نووسیویەتی. ئەو لەو روانگەیەوە بۆچوونەکانی خۆی دانەڕشتوە، کە ڕاڤەی کارەکان بکات، بەڵکو چۆن کارەکان دەنووسرێن، ئەمەش هەوڵدانێکە بۆ سەپاندن و دروست کردنی کۆمەڵێ رێسای جێگیر بۆ شێواز و فۆرمی نووسین. بۆ نموونە هۆراشیۆ دەڵێت: “ئەگەر دەتەوێت ببیت بە نووسەر، دەبێت مەسەلەیەک هەڵبژێریت لەگەڵ تواناکانتدا بگونجێن… باش بیری لێ بکەرەوە، کە دەتوانیت مامەڵە لەگەڵ ئەم مەسەلەیە بکەیت و لە تواناتدایە… ئەو کەسەشی بابەتێک هەڵدەبژێرێت، کە لە توانای خۆیدا نییە، ئەوا وشەو بیروبۆچوونەکانی ڕێک و سانا و روون و ئاشکرا نابن…” دەربارەی کارەکتەریش دەڵێت: “ئەگەر دەتەوێت بینەران تا پەردەی شانۆ بەتەواوی دادەدرێتەوە، بە جوانی گوێ ڕایەڵی شانۆنامەکەت بن، دەبێت بە وریاییەوە سەیری هەڵ سووکەوتی خەڵک لە قۆناخە جیاوازەکانی تەمەنیاندا بکەیت و سیمای تایبەتی بۆ هەموو قۆناخ و مەزاجێکیان دابنێیت.” 

هەندێک بۆچوون و خوێندنەوەی تێوری بۆ دراما لە پۆیەتیکاکەی هۆراشیۆدا دەردەکەوێت، تەواو پێچەوانەی بیر و بۆچوونەکانی ئەریستۆن. بۆ نموونە کۆتایی پێ هێنانی تراجیدیاکان لەو رووەوەی ڕێگا بە خواوەند بدرێت لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە، کێشەو مل ملانێکان چارەسەر بکات و گوناهبارەکان سزا بدرێت و ئازاو پاڵەوانەکانیش پاداشت بکرێن. ئەریستۆ بە هەموو شێوەیەک دژی ئەم کۆتاییە بووە و دووپاتی کردۆتەوە کە لۆژیکی رووداوەکان هەر خۆیشی کۆتایی بە تراجیدیاکە “ڕووداوەکە” دەهێنێت. بەڵام هۆراشیۆ بە هیچ شێوەیەک دژی ئەم جۆرە کۆتاییانە نییە، لەوانەیە لەبەر ئەوەش بووبێت، کە پێناسەی ئەو بۆ سترکتوری دراماتۆرگی هێندە بەهێز نەبووبێت یان پەیوەندییەکانی بە دەسەڵاتەوە هێندە بەهێز بووە، کە خوازیاری ئەم جۆرە چارەسەرانە بوون، تا جیاوازییە سیاسییەکان بەهۆی پەیامنێرێکەوە، کە لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە چارەسەر بکات. 

ئەریستۆ لە “پۆیەتیکا”دا دووپاتی ئەوە دەکاتەوە ئەو دیمەنانەی کوشتن و ئەشکەنجەدان لە خۆدەگرن، لەسەر شانۆ بەرجەستە نەکرێن، بەڵکو لەدەرەوەی شانۆوە ڕووبدەن و بەهۆی پەیامنێرێکەوە لەسەر شانۆ بگێردرێنەوە. ئەریستۆ لە پشت ئەم تەکنیکەوە فەلسەفە و بیرێکی گرینگی بۆ تراجیدیا داڕشتووە: لە ڕێگای ترس و بەزەییەوە بینەران چارەنووسی پاڵەوانەکان دەبینن، ئەمەش ڕێگا بۆ پاک بوونەوە لەلای بینەران دروست دەکات. 

بەم شێوەیە دوو كتێبی “هونەری شیعر” لە دوو سەردەمی جیاوازدا دەبنە بنەما و سترکتورێکی گرینگ بۆ دەستپێکی تیۆری شانۆی ئەوروپی. 


دانا ڕەئووف

—————-

١-ئەم کتێبە بەنرخەی ئەریستۆ، “هونەری شیعر” بە دوو وەرگێرانی جیاوازەوە بە کوردی هەن: یەکەمیان لە وەرگێرانی عەزیز گەردی،لە بڵاوکراوکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما، دووەمیشیان لە وەرگێرانی د. محەممەد کەمال، دەزگای سەردەم. 

٢-ئەم کتێبەی هۆراشیۆ “هونەری شیعر” حەمید عەزیز لە هەشتاکاندا کردوویەتی بە کوردی و لە دەزگای رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی بڵاوکراوەتەوە.

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.