پیاسه‌ی موسیقا …بورهان ئه‌حمه‌د
شارێك به‌ده‌م رۆیشتنه‌وه وه‌نه‌وز ده‌یگرێ
شارێك به‌دیار خه‌وه‌وه ئێشگی گرتووه
شارێك له كۆڵانه‌كانیا مۆسیقا هاتوو چۆ ناكا
شارێك تفه‌نگی به‌رداوه‌ته شه‌قامه‌كانی
شارێك فیشه‌ك به خه‌ڵكه‌كه‌یدا ده‌وه‌رێ
شارێك سپێتی نابێته ده‌لیلی
شارێك شانازی به‌ئه‌تككردنی كچی حه‌قیقه‌ته‌وه ده‌كا
شارێك خووی به كوشتنی په‌پووله‌و كۆتره‌وه گرتووه
شارێك له‌هیچ شتێك‌دا به‌خیلی پێ نابرێ
شارێك پێویستی به‌كه‌مێك نه‌زاكه‌ت هه‌یه
شارێك خه‌ون به فه‌زیله‌ته‌وه ده‌بینێ
شارێك هه‌میشه نادادی ده‌لاوێنێته‌وه
به‌رده‌وام چه‌پڵه بۆ به‌زین لێده‌دا
شارێك عه‌وداڵی ئازووقه‌ی روناكییه
چاوه‌رێی كه‌مپینینی تریفه‌یه
شارێك سێبه‌روو هه‌تاوی
گوڵ و باخچه‌كه‌ی
نابێته مایه‌ی حه‌وانه‌وه‌ی هه‌مووان
له‌نێوان من و شار
دیوارێك هه‌یه
مه‌زه‌نده‌م وایه
له شوورای چین ده‌چێ
بورهان ئه‌حمه‌د