Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
پیاوێك.. لە ئاونگ….. توانا ئەمین

پیاوێك.. لە ئاونگ….. توانا ئەمین

Closed
by November 22, 2008 ئەدەب

 پیاوێك.. لە ئاونگ….. توانا ئەمین
 
 
 دلاوەر قەرەداغى هاوڕێى من نییە، بەڵام هەندێك لەشیعرەكانى وەكو ئەو یەك دوو هاوڕێ ماندووەى هەمە دەناسمو لەگەڵیان ژیاوم.. رێكەوت وایكرد لەو رۆژانەى پێشوودا بۆ كۆڕێكى شیعریى ئەو لەگەڵ چەند هاوڕێیەكدا بچینە دەربەندیخان. كەبەیانى وادەى سەفەرەكە هات، بەڕێكەوت هەر منو دلاوەر حازر بووین، پێكەوە رۆیشتین. تەواوى رێگاى هەڵزنان بەشاخداو بەرەو دەربەند، جگە لەچەند قسەیەكى ئاسایی شتێكى وامان لەگەڵ یەك نەوت. بێدەنگو بەگوێگرتن لە (پایزى تەڵڵایى) فریبرزى لاچینى یەوە رێگەمان بڕى.. لەو سەفەرەدا من زێدەتر هەستم بەو ئارامییە قوڵەى ناو شیعرەكانى دلاوەر قەرەداغى كرد.. لەوىَ زانیم ئەم پیاوە چەند لەشیعرەكانى دەچێتو چەند لەگەڵ خۆى راستگۆیە.
 (كۆڵان)ى ئەم شاعیرە سەرەتاى بونیادنانى مێژووە بۆ شارێكى بىَ مێژوو.. ون بوون.. گەورە بوون.. فیراق.. خوێنو شۆڕش.. روخانى ئێستاو گەڕانەوەیەكى نوستالۆژى لەسەر ئاستێكى قوڵ بە ئیستاتیكایەكى بەرز بۆ جاران، جارانى سادەیى.. جارانى جوانى.. جارانى منداڵى.
 دواى ئەو هەموو ساڵە دوورى، دلاوەر لە نوێترین كاریدا (كۆڵان) دەنوسێتەوە، بەڵام ئەمجارە لەژێر ناونیشانى (دەچمەوە بۆ كۆڵانى پایز..!). نوسینەوەى سەرلەنوىَ (كۆڵان) لەو ترسەوە سەرچاوەى گرتووە؛ كەلەڕاستیدا ئەم شارە بىَ مێژووە!! "من شتێكى گرنگم لىَ ون بووە/ من شتێكى گرنگم لەبیرچووە/ من بەدواى شتێكى گرنگدا/ دەگەڕێم".
 مرۆڤ نالوىَ لەشارێكى بىَ مێژوودا بژێت، بۆیە ئەگەر دەستى كەمیش بێت دلاوەر لاپەڕەیەك لەو مێژووە تۆماردەكات. هەروەك چۆن خوێنەر ناتوانێت مێژووى هەولێر لە رۆمانەكانى كاروان كاكەسورو شێرزاد حەسەنو مێژووى سلێمانى-یش دواى حەمە فەریق حەسەن لە بەختیار علىو ئیسماعیل حەمە ئەمین-دا نەبینىَو نەخوێنێتەوە، ئاوهاش بۆ گەڕانەوەو پیاسەكردن بەزەمەنى لەدەستچووى ئەم شارەدا، خوێنەر دەتوانێت دواى ئەو مێژووە سەیرو سیحراوییەى عەتا محەمەد لەچیرۆكەكانیدا بۆ سلێمانى خەیاڵیدەكات، دلاوەر قەرەداغى بخوێنێتەوە.
 بۆساتێك بیر لەوەدەكەمەوە هەمووان لەئێستادانو رۆژانێكى تر دەنوسنەوە!.. وەك شتىَ دەڵێى هەموومان لەسەر بەیازێكى بۆر دانیشتوینو بەپەڕەموچێك مێژووى شارەكانى خۆمان دەنوسینەوە، وابزانم جارێك یەشار كەمال-یش لەبارەى خۆىو ئەستەمبوڵەوە شتێكى واى دركاند.
 ئەو مێژووەى ئەدیبێك دەینوسێتەوە جودایە لەوەى دیرۆكنوسێك خەریكێتى، هەمیشە چاوى مێژوونووسەكان لەدیوى دەرەوەى رووداوەكانو دەربارو باقوبریقى جلوبەرگى پاشاكان زیاترى نەدیوە، وەك رۆسۆ دەڵێت "مێژوونووس ئەوەندە لەسەر وەسفى سیماو روخسارى كاراكتەرە مێژووییەكانى دەوەستێت، ناوەوەیانى بیر دەچێتەوە". ئەوە چیرۆكنووسو شاعیرەكانن ئەم مێژووە تەواو دەكەنو دەینوسنەوە، زەحمەتە خوێنەرێكى دلاوەر قەرەداغى هەبێت حاجى رەشیدى عەرەبانچىو ئەسپەكانىو رادیۆ شكاوەكەى نەناسێت. مرۆڤ كەمێك دیقەتبكات دەتوانێت لەرێگاى شیعرەكانییەوە ماڵى دلاوەر لەم شارەدا بدۆزێتەوە، ئێمە كاتێك وتمان ئەستەمبوڵو سلێمانى دوو شارى بىَ مێژوون، هەر لەو رەهەندەى سەرەوەبوو، نەك ئەوەى مێزەرو مشكى، سەرەنێزو خەنجەر، ئەسپو بڕنەو لەكتێبى مێژووى ئەم شارەدا نین.
 ئەگەر شێركۆ بێكەس لەسەر ئاستى خەیاڵى نەتەوە مێژوونووسێكى شیعرى بێت، ئەوا دلاوەر قەرەداغى لەسەر ئاستى خەیاڵى تاكەكەس هەوڵێكى ترى نوسینەوەى ئەو مێژووە ونەیە.
 بىَ دلاوەر (وەك دەنگێكى جدى شیعرى) شتێك لە جوانى ئەم شارە(سلێمانى) كەمە.. وەك بڵێى جوانى لەم دەڤەرە بچوكە بىَ ئەم كوڕە بەهەنگە شەلىَ دەڕوات. لەنەوەى نوێى شیعردا بونیام دەتوانێت یەك سوپا ریزبكات كەدورو نزیك لەژێر كاریگەرى ئەم پیاوە دەرناچنو لێرەو لەوىَ بە ئەنقەستو نا ئەنقەست هەر ئەم شاعیرە دەنوسنەوە.
 كوردییەكەى دلاوەر هێندە شیرینە كە ئینسان دەتوانێت كوردییەكى شكاو و كەل تەنانەت بە وەرگێڕانەكانى ئەم، دەمەزەرد بكاتەوە.. پیاوێك هەموو ساڵێك بەخێرایى بەباوەشێك كتێبەوە خۆى دەكاتەوە بەم نیشتیمانە خەڕەكەشكاوەداو لەوسەرەوە فڕۆكەیەكى گێژ لەگەڵ خۆى هەڵى دەگرێتو دەیبات.
 پیاوێكى ئاونگى.. مرۆڤێكى دڵگەورە ئەوەتا لەیەكێك لەشیعرەكانى ئەم دواییەیدا نوسیویەتى "بەتامى بەرسیلە بوغز سوێند دەدەم زۆر بۆى دانەچێت/ ژیان كورتە".
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.