Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
پیاوێک … نەوزاد بەندى

پیاوێک … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

(تێبینیەکى پێویست )

( تکایەکى برایانە ) چەند پارچە هۆنراوەیەک بو ، لەم پەیجە بڵاوکرایەوە تا ڕادەیەک خوێنەران بەدڵیان بو ، هەمان شیعر بۆ گۆڤارێکى ئەدەبیم نارد ، دواى  پێپەڕبوونى چەند سەعاتێک ، بەم جۆرە وەڵامیان دامەوە:

 slaw kak  Nawzad Bandy

bbora aw nosinaat ka naardowa، nashet bo blawkrdnawa.

 

adabi serdam

من ناڵێم شاکارم نوسیوە ، بەڵام کەسانێک هەن ئەدەبى ئەلیکترۆنى ناخوێننەوە و ئەدەبى سەر وەرەقەى کاغەز ئەخوێننەوە ،بۆیە حەزم کرد لەسەر گۆڤارى وەرەقە بڵاوبێتەوە ، بەداخەوە هەندێک سەرنوسەر پەیدا بوون ناهێڵن ئەدەبى سەر وەرەقە بگات بە دەستى خەڵک ، خۆیان پێش وەخت بڕیار ئەدەن ..بە ڕاستى لە ڤیستڤاڵى حەوتى گەلاوێژ ، بیریارێکى عەرەب بە ناوى دکتۆر حامد الراوى بە ڕێزەوە لە هۆنراوەیەکى روانیم و لێکۆڵینەوەى بۆ کرد .. دواى ئەو ماکۆکى شێخ محەمەد و شیرین ک و گۆڤارى ئایندە و ڕۆژنامەى ئاسۆ و ئەم سایتەى دەنگدان یەک لە دواى یەک ڕێزیان لە نوسینەکانم گرتووە و بڵاویانکردونەوتەوە .. هەرچەندە لە حاڵەتى بڵاونەکردنەوەیاندا، من هیچ زیانێکم پێ ناگات ، ئەوە خوێنەرانن کە بێبەش ئەبن لە بەر و بومى فیکرى نەتەوەکەیان .. من تەنها بۆ خوێنەران بابەت ئەنوسم ، هەر کاتێک بزانم نامخوێننەوە ، ئەوکاتە بێ دەنگ ئەبم ، نەک سەرنوسەرێکى ناعیلاجى هەستێت بە نرخاندنم )

 

 

-1-

سوارى ئوتومبیلێک بوون ،

بۆ ئەوەى بچن بۆ بازاڕ ..

بەڵام بردنى بۆ گۆڕستان 

 

-2-

جانتایەکم بە دەستەوە بوو

دەستەسرٍێکى فرمێسکاویش لە گیرفانما بوو ..

ئەو ڕۆژە لە بازاڕ ،

یەک گرام پێکەنین نەمابوو ..

نەمئەزانى چۆن هەموو وشەکانیش لەگەڵ خۆم ببەم ،

لە جیاتى ئەوان بار بکەم ،

ئەوان منیان بار کرد ..

دەرگا – دەرگا

گەڕاین و

ماڵئاواییمان لە شار کرد 

 

 

-3-

بە یانییەکى جەژن ..

گەڕەکە قوڕاویەکەمان ،

بۆنى شلەى گۆشت و چکلێت و گوڵاوى لێ ئەهات ..

من نەمئەوێرا هەناسە بەم ،

لە ترسى ئەوەى نەبادا جەژن لە خەو هەستێت و 

بڕوا …

نەمئەوێرا جلى جەژن لەبەرکەم ،

نەبادا لەسەرم ببێ بە ماڵ و

جەژن بڕوا ..

زاتم نەئەکرد بەخێرهاتنى میوانەکان بکەم ..

ئەمویست هەر لەناو پێخەف بمێنمەوە ..

بۆ ئەوەى کات ڕاوەستێ و

شێرەبەفرینەى جەژن ،

هەتاکو عەیامێ ،

لە کۆڵانەکەى ئێمە بیبەستێ ..

 

-4-

کە هاوڕێکانى مناڵیم ئەبینم ،

هەردوو چاوم پڕ ئەبن لە فرمێسک ..

بە ڕوخسار و گیرفانەکانیانا ئەگەڕێم ،

بەڵکو پارچەیەک لە تابلۆ شکاوەکانى مناڵیم بدۆزمەوە ..

بۆنیان ئەکەم ..

تەماشاى چاویان ئەکەم ..

بەڵکو سەرنجێکى مناڵیى ..

تامێکى حەلاوە تەیب و

عەمبەر وەرێت ،

بێتە ناو هەست و سۆزمەوە ..

( خۆزگە سۆپەر مارکێتێک ئەکرایەوە ،

تایبەت بە تام و بۆن و خەونەکانى مناڵى ..)

 

-5-

باوکم بە مەرجى دۆندرمە و سینەما و

فیلمى هیندى ،

بردمى بۆ سەرتاشین..

فیلمەکە ناوى :

(خۆشەویستى نابینا بوو )

نازانم کەى خەوم لێکەوت ،

بەڵام لەناو پێخەفەکەم ،

هوشیار بومەوە ..

 

-6-

پیاوێک 

دیوارى لە نێوان وشە و

چاودا دروست ئەکرد ..

بۆ ئەوەى وشە قوتوکراوەکانى خۆى،

بازاڕیان نەشکێ ..

پزیشکێک ،

بۆ ئەوەى کلینیکەکەى چۆڵ نەبێ ،

هەوڵیئەدا ،

نەخۆشەکان ئازاریان نەشکێ ..

 

-7-

پیاوێ ،

ڕیشێکى چەناگەى دانا و

خۆى ناو نا : بیریار ..

پێش میللەت کەوت و

دەستى کرد 

بە نمایش و

پاککردنى بەڵاڵوکى 

شیعر و وتار ..

کە ئاوڕى دایەوە ،

کەس لە دوایەوە نەمابوو ،

هەمویان گەڕابوونەوە ،

بۆ چوار دەورى

شیعرە سەرما بردەڵە و

دەر ئەژنۆ دڕاو و

کواشیکۆر و

لوت چڵمنەکانى   ناو شار ..

 

-8-

سەرنوسەرێ ،

بە بێ ئەوەى ئاگاى لە خۆى بێ ،

بەرگێکى سەربازى و

کۆمەڵێ داڵ و نەجمەى پۆشیبو ..

بە بێ ئەوەى ئاگاى لە خۆى بێ ،

شەڕە نیتاق و

شەڕە پۆستاڵى ئەکرد ..

ئەوەى بهاتایەتە لاى ،

ئەگەر پەپولەیش بوایە ،

ناڵى ئەکرد ..

پیاوێ بوو ..

بۆنى وردە شوشەى لێ ئەهات ..

بۆنى پاشماوەى بارووتى لێ ئەهات ..

بۆنى فلیمى ڕووتى لێ ئەهات ..

 

-9-

دوو ئینزیبات ،

لە شارى ڕومادى ،

دەست بەسەریان کردبووم ،

بە تاوانى لەسەر نەکردنى بێرى ..

دوو عەگاڵ بەسەر ،

پەیدا بوون و

ئینزیباتەکانیان ڕاونا ..

وتیان بە نەعلەت بن !

هێشتا وازى لێ ناهێنن کابرا بوە بە جوندى ..

بیرَى و 

س ە ر ى   ک ێ ر ى ..

ههههههههههههههههههههههه

ئەوە ساڵى هەزار و نۆسەد و هەشتا و نۆ بوو ..

 

-10-

پیاوێ ،

کاوبۆى بەلاشى یەک -دوو کەنیسەى 

وڵاتێکى سکەندەنافى دەست کەوتبو..

یەک – دوو ژەم شەربەتى سێو و

پسکیتى وشکى خواردبوو ..

کە هاتەوە ،

چاویلکەیەکى خڕ و

فەردەیەک ئاردە دارى هێنایەوە و

بوو بە دەمڕاستى ئەدەبیات  ..

ئیتر شیعر بو بە تلیک و

چیرۆک بو بە قومار و

ڕۆمان بو بە یانەسیب ..

 

-11-

 

– دیجلە –

کە زانکۆم تەواو کرد ،

چومە سەر دیجلە ،

تێر – تێر پێکەوە گریاین ..

مراویە کێویەکان سەرسام بون ،

کوردێکى عوسات و

دیجلەیەکى عەگاڵ بەسەر ئەوەندە هاوسۆز بن ..

بۆ بەیانى کە گەڕامەوە بۆ سلێمانى ،

دیجلە هەتاکو ئاسکى کەڵەک ،

لەگەڵما هات ..

 

-12-

– هاتمەوە –

 هاتمەوە و

باسى دیجلەم بۆکردن ،

کە تاکو ئاسکى کەڵەک بەڕێى کردووم ..

باوکم وتى : کەرە .. کەر ..

دایکم وتى : ڕۆڵە ! باشى ؟

هاوڕێکانم وتیان : چیە ؟ خۆ بەتەما نیت

بەم زووانە ڕەقەم ببەستى ..

تەنها شیعر بڕواى پێکردم ..

وتى : ئەى بۆچى وێنەیەکتان بۆ یادگارى نەگرت ؟

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.