Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
پێشهاتەکانی ٢٤ کاتژمێری _با

پێشهاتەکانی ٢٤ کاتژمێری _با

Closed
by January 12, 2013 هۆنراوە

 

 

ئاسمان خۆی داتەکاند ،

خەمەکانی بوون بە باران ،

ئەستێرە بە تاقی ئازارەوە 

کەوتنە درەوشانەوە . 

گومان دەکەم

قەدەر پێش بەو بایە بگرێ

وەک سیخورێکی نالەبار،

سەر بە کۆشی باخچەدا شۆر دەکاتەوە

کراسی گەلا هەلدەکا

دەم لە شلکەی عەشق دەکوتێ

دەست بۆ مەمکی هەنار دەبا

بایەکە لەگەل خۆی 

ئافاتی خستۆتە سەر دوو بال .

بە هەموو پێوەرەکانی

ئەنتیمۆمەتری پیاوەتی ،

کەوتۆتە وێزەی پایز ،

بە فەریکی پاکیزەیی

دەخاتە بن کەلێنێکی

تام لە بەفر 

بەر لە بێبەر دەرنێ .

کە ئەو دێ

زەوی لە بەهەشتەوە

دەگوازێتەوە بۆ دۆزەخ.

سەوزایی بە درەختەوە

دەگۆرێ بە تەختە.

ژنێتی لە پشکۆیەکی گەرمەوە 

بۆ تۆپەلێک ئاسنی سارد .

گومان دەکەم 

بروسکە وەک شمشێری داد

سینگی واقع بکوتێ ،

درز بخاتە دلی شەو 

کەللەی تاریکی

بە ئاسماندا بەرێ .

وا مەزەندە دەکەم

هێشتا کە برووسکە تەوقە بێ 

تەوقەی بێ ئومێدی ،

لە نێوان زۆرانی شەوو

ئاشتەوایی رەشەبادا 

تەنانەت

مانگیش دووروو دەرچوو

ئەو دەمەی با

ناودەمی بەفری

پر کرد لە قرمژنی تەرزە

ئەودەسمالی تەمی پۆشی ،

چلێک هەوری دا بە خۆیدا .

گوێ بگرە 

هێشتا هەر گڤڤەی دێ ،

بە بەرۆکی باخچەو 

شەوکەتی شەوەوە

تۆ بلێی تاکەی بێ 

گڤڤەی با … 

 

 

کەژال عەلی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.