Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پێشوازیکردن لەدوا وێنەی قەزافی

پێشوازیکردن لەدوا وێنەی قەزافی

Closed
by November 26, 2011 گشتی

ناشریترین وێنە لەم بەهاری عەرەبیەدا، دوا وێنەی قەزافی بوو کەداوای بەزەیی دەکرد لەبکوژەکانی. وێنەی قەزافی کاتێک لەم دەست بۆ ئەو دەست پەلکێش دەکرێت ولەنێو هاواری ئەڵاهوئەکبەر وتەقەدا دەبێت بەلاشەیەک، ئەمە پەڕینەوەیەکی ڕەمزیانەی  بەهاری عەرەبیە لەچرکەساتی ئازادییەوە بۆ چرکەساتی دیسپۆتیکی دیکە، کەلەفۆرمیکی تردا خۆی نمایشدەکات.  هەر  لەگەڵ پێداکێشان وهاوار وداوای بەزەیی قەزافیدا،  کۆی نمایشی دیکتاتۆریەت دەگۆڕێت لەشانۆیەکدا کەدیمەنی  توندوتیژی ڕۆژهەڵاتمان بۆ ئاشکرادەکات. لەدوابەشی ئەم شانۆگەریە ڕۆژهەڵاتیەدا جەلاد وقوربانی ڕۆڵەکانیان دەگۆڕنەوە، خوێنڕێژ ونێچیر شوێنای یەکتری دەگرن. لەم چرکەساتەدا توندوتیژی داوای بەزەیی دەکات وبەزەیش داوای کوشتن دەکات. ئەم چرکەساتە بەدەر لەخوێندنەوەی سیاسی و لێپێچینەوەی مێژوویی، هەڵگری ئاماژەی ترسناکە، کەلەدوای کوشتنی قەزافیەوە سەرەتاکانی خۆی دەستپێکردووە. لەم دیمەنە ترسناکەدا ئەو دیسپۆتە گەورەیە ئاشکرا دەبێت کەلەنێو ڕۆحی مرۆڤەکاندا خۆی مەڵاسداوە ولەچرکەساتیکدا بەرەو تاکە فیگوری بەرجەستەبووی خۆی، کەقەزافیە، ئاڕاستەکرا. ئەم دیمەنی کوشتنە، چەندە دیمەنی دواساتەکانی دیکتاتۆریەتە، ئەوەندەش دیمەنی کوشتنی بەشێکی گەورەی ماناکانی ئازادییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نمایشکردنی جەستەی دیکتاتۆرێک وکردنی جەستەی بەشوێنای تەماشاکردن، حەزکردن لەتۆڵەسەندنەوە لەجیاتی دادپەرەوەری کۆمەڵایەتی، ئەو قەیرانە بەرچاوەیە کەلەبەردەم لەدایکبوونی دیموکراسیەتدا، لەدوای بەهاری عەرەبیەوە بانگەشەی خۆی دەکات. دیوێکی تری نمایشکردنی جەستەی قەزافی لەوەدایە کەشۆڕشگێڕان هەموو ماناکانی شۆڕشگێڕی وتوندوتیژی شۆڕشگێڕانە هەڵدەگێڕنەوە بۆ توندوتیژیەکی ڕووت بۆسەر جەستەو بۆ تەعداکردن لەسەر خودی مرۆڤ خۆی. لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانم بڵێم کەلەوێنەی قەزافیەوە فۆرمێکی تر لەتەعداکردن لەسەر مرۆڤ دەستپێدەکات، کەلەپشتیەوە دووریەکی ئیسلامەوی وئیسلامی سیاسی ڕاوەستاوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئەم توندوتیژیە دەرهاویشتەی دیکتاتۆریەت خۆیەتی. ئەمەش وەهامان لێدەکات تەواوی مەترسیانە ببینین لەدوای بەهاری عەرەبیەوە بەرەو ڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە، بەکوردستانی خۆمانیشەوە.
دیکتاتۆریەت وێنەکانی خۆی بەرهەمدێنێت، لەنێو کڵێشەیەکی تایبەتدا ئەم وێنانە خۆیان دووبارەدەکەنەوە، وێنەکانی سەدام حوسین تاوەکو ئەمڕۆ لەعێراقدا خۆی بەرهەمدینێتەوە، بەهەمان شێوەش  وێنەکانی قەزافی یەکسەر دوای مردنی خۆی لەدایکبۆوە، ئەمە لەو ساتەدا بوو کەبکوژەکانی گوێیان لەپاڕانەوەی زەلیلانەی دیکتاتۆر نەگرت و کوشتیان. ئەو ساتە  وێنەی دووهەمی قەزافی لەدایکبۆوە کەبەزیندوویی دەیگرن و تەعدای لێدەکەن وبەبێ دادگایکردن دەیکوژن. شۆڕشگێڕەکانی میسراتە بەم کوشتنە بێبەزەییە، یەکەم وێنەی قەزافیان لەکۆی هۆشمەندی سیاسی و کۆمەلایەتی لیبیدا دووبارە کردەوە، ئیدی نوێنەرانی ئازادی وبەزەیی ودەنگی قوربانی لەچرکە ساتیکدا لەگەڵ ڕەمزی بێبەزەیی و خوێنڕشتن ودیسپۆتدا شوێنای یەکتری دەگۆڕنەوە، لەم خاڵە قورسەوە تراژیدیایەکی دیکە لەهەناوی تراژیدیایەکی گەورە لەدایکدەبێت.
قەزافی خۆی پیاوێکی نۆیرستیکاو عوسابی بوو، لەگەڵیشیدا کۆمیدیانتێکی سیاسی وهەزەلیەکی بێمانا بوو، نوسەری کتێبی سەوزو سپی بوو، پاشای پادشاکانی ئەفریقا وئیمامی سارای بێتخووبی عەرەبی وسەرکردەی ئەبەدی ناوچەکەو لەزاری خۆیەوە، خۆی بەکەسێتیەکی ئونیڤیرسالی تێدەگەیشت ونازناوەکانیش ئەوەندە زۆرن کەلەباسکردن نایەن!. بەگشتی وێنەی  ئەو سەرکردە ڕۆژهەڵاتی ودیکتاتۆرانەیە کەبڕوای بەمردنی خۆی نییە. ئەمە ئەم وێنەیە کەسەدامیشی لەگەڵ خۆیدا وەگیر هێنابوو، ئەم وێنەیەشە لەنێو ئێمەشدا خۆی دووبارەدەکاتەوە.  دیکتاتۆرەکان لەم گۆشەنیگایەوە بەند وکوێلەی وێنەکانی خۆیانن. بەرەو پێشەوەچوونی ئەم وێنەیە وپێشوازیکردن لەم وێنەیە، دروستبوونی پرۆسەیەکە لەخۆڕا دروستنابێت، لەشەو وڕۆژیکدا دوای کۆدیتاکان نایەنە سەر شانۆی ڕووداوەکان، بەڵکو هەر دیکتاتۆرەی وێنەی خۆی لەنێو تۆڕێکدا دروستدەکات کەلەگەڵ ئەقڵی کۆمەڵایەتی گشتیدا گفتوگۆدەکات. دیکتاتۆرەکان ئەوکاتە دروستدەبن کەدیکتاتۆریەت لەهەناوی کۆمەڵگە ولەدەروونی هەریەکێکدا پاڵکەوتووە، لەنێو ژیانی ڕۆژانەدا بوونی خۆی هەیە، لەشۆڕشەکاندا ولەپێچە مێژووییەکاندا ئەم دیکتاتۆریەتە نوستووە. ئەم وێنە نادیارەی نێو نەستی کۆمەڵگە لەگروپەیەکدا ولەدواجاریشدا لەسومبولی کەسێکدا  تەعبیر لەخۆی دەکات کەهەڵگری هەموو ئاڵۆزیە دەروونیەکانی ئێمەیە. بەم پێیە سەدام حوسێن دیکتاتۆریک بوو تەعبیر بوو لەو توندوتیژو بێبەزەیی ودیکتاتۆریەتە ئاینی وکۆمەڵایەتیەی کەکۆمەڵگەی ئێراقی لەهەناوی خۆیدا هەڵیگرتبوو. ئەم دیکتاتۆریەتە جارێکیتر لەئەزمونی حکومەتی ئێراقی نوێ ولەفۆرمێکی تردا خۆی دووبارە دەکاتەوە، بێگومان بەئەزمونی کوردیشەوە. دیکتاتۆرەکان ئەو وێنەیە خەستدەکەنەوە لەنێو کۆمەڵگەدا، بەوەی وێنەکانی دیکە بەرهەمبهێنن، بۆنمونە (مافی سزادان) بەخشین بەدیکتاتۆر بەرواووردە بەمافی سزادانی باوک بۆ منداڵەکانی، بەمافی ئەو باوکەی منداڵیکی پێنچ ساڵانە دەباتە بەردەم مامۆستایەکی دار بەدەست ودڵڕەق وپێیدەڵێت گۆشتی بۆ تۆ و ئێسقانی بۆمن.. ئیدی فۆرمەکانی دیکتاتۆریەت خۆی دووبارە دەکاتەوە، کەمن بە(مینی دیکتاتۆر) ، یان دیکتاتۆری بچووک ناویدەبەم. دیکتاتۆریەت کار لەسەر ئەو مینی دیکتاتۆریەتە دەکات کەلەنێو هەناوی کۆمەڵگەدا خۆی پاڵخستووە، سنورەکانی ئەو توندوتیژییە کۆمەڵایەتیە فراواندەکات کەپیاوان لەسەر ژنان و ژنانیش لەسەر منداڵان و منداڵانیش لەسەر چۆلەکەو ئاژەڵەکان مومارەسەی دەکەن. کۆمەڵگەی ژێر دەستی دیکتاتۆریەت، کۆمەڵگەیەکی لێواولێوە لەمرۆڤی توڕە وتوندوتیژ وعوسابی. ئەم هێزە دوژمنکارانە کەدیکتاتۆریەت خۆی پەرەوەدەی کردووە لەچرکەساتی تەقینەوەیدا بەرەو ڕووی دیکتاتۆریەت خۆی دەبێتەوە وئەو دیمەنە ناشرینانە پیکدێنێت کەهەموو ڕۆحێک بریندار دەکات.
وێنەیەکی دیکەی دیکتاتۆریەت، مامەڵەی بنەماڵەیە لەگەڵ سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی کۆمەڵگە، وەک مافێکی لەدایکبووی خێزانێکی تایبەت، ئەوەی دەدرێت بەکۆمەڵگە دەبێتە بەخشین لەخێزانەوە بۆ کۆمەڵگە. ئیدی چاوەڕوانی بەزەیی ولوتفی بنەماڵە لەپارە بەخشینەوەدا کلتوری گەندەڵی و نەرینی تازە بەرهەمدەهێنیت، بەوەی هەموو هاوڵاتیان لەوەدا زیرەکی خۆیان نیشاندەدەن کەبتوانن نێزیک (قاسەی بنەماڵە) شتیک بۆ خۆیان بپچڕن، لەمەشەوە سوپایەک لەمەرایکار و بەرتیلخۆر دروستدەبێت وەک زیرەکی، نەک وەک لادانیک لەئەخلاقی گشتی. دزیکردن دەبێتە فەزیلە، دزیکردن لەسامانی کۆمەڵگە دەبێتە ڕیالستی وباسکردن لەدابەشکردنی سامان دادپەروانە دەبێتە خەیاڵی بەتاڵ. لەم خاڵەوە دوو فیگور لەهۆشمەندی گشتی کۆمەڵگەدا پێکدێت، ئەوەی ڕیالیستیە و لەنێوەڕاستی ژیانە وئەوەشی لەلێوارەدایەو شکستەخواردووە، ئەو فاشیلەیە لەفانتازیای خۆیدا باس لەدابەشکردنی سامان دەکات، داوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکات. دیارە وێنای ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە لەم چوارچێوەیەدا خوێندەوەی بۆدەکرێت. لەم خاڵی گۆڕینەوەی شوێنای ڕیالستی وخەیاڵیدا، بنەماڵەی دەسەڵاتدار سامانی گشتی بەکاردێنێت بۆ پێکهێنانی کەشێکی ئاوەها کەدەزگاکانی دەوڵەت تێدا گەشەدەکەن، لەم کەشەدا ئەوانەی نێزیک قاسەکەن ودەستیان بەسەردا گرتووە براوەکانن وکۆی کۆمەڵگەش دۆڕاوە، لەچرکەساتی کوشتنی قەزافیدا دۆڕاوەکان وێنەی گەورەترین براوە تێکدەشکێنن وگوێ لەبەزەیی ناگرن، چونکە دۆڕاوەکان نایەنەوێت زیاتر لەچل ساڵ  بەدۆڕاوەیی و شکستەخواردوو ژیان بەسەربەرن..
وێنەی قەزافی و دەرکەوتە کوردییەکانی لەهەرێمی کوردستاندا، لەچوارچێوەی مافی کوشتن وسزادانی ڕەها ومافی خەرجکردنی بێسنووری سامانی کۆمەڵگە پێناسە دەکرێت وخۆی بەرهەمدینێتەوە، ئەم دوو توخمە (مافی کوشتن و خەرجکردن ) دروستکەری وێنەی قەزافی بوون، ئەو مافەشە بەداخەوە کەدەسەڵاتی کوردی هەوڵی بۆدەدات. لەسەدەی ناوەڕواستدا دەستەواژەیەک هەیە دەڵێت (لەکوێدا قاسەی پادشا هەبێت، لەوێدا مەملەکەت هەیە)، دەسەڵات وەها سەیری پارەی نەوت وبودجە دەکات وەک (قاسەی پادشا)، لەم خاڵەوە قسەکردن لەسەر ژیانی پەڕلەمانی و هەڵبژاردن وچاکسازی درۆیەکی گەورەدەبن، مادامەکی قاسەی پادشا لەبندەستی بنەماڵەکاندا گیریخواردووە، لێرەوە دەبێت پرسیار لەسەر ئەم قاسەیە بکەین، ئەمەش ڕوونادات گەر کۆی دەزگای حکومەتی دانیشتووی سەر قاسە نەخەینە ژێر پرسیارەوە نەک سازشی لەگەڵدا بکەین ولەپەڕلەمانەکەیدا دانیشین. هەموو پیلانە ئابووریەکانی دەوڵەت، هەموو یاساکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی وپەیمانەکان، کاتێک پوچەڵی خۆی نیشاندەدات کەکوڕی بنەماڵە لەشەوێکدا موچەی هەزارەها لەڕۆڵێتدا دەدۆڕێنێت. نەخشەکانی چاکسازی کاتێک دەبنە جێگەی توڕەیی کەقەیتولەکانی دەوروبەری قاسەکە بەر توڕەیی دیکتاتۆر دەکەون، بەڵام لەپلەیەکی وەزیفی تردا دەردەکەونەوە. لەم خاڵەوە (گەندەڵی) ناونیشانی دووهەمی دیکتاتۆریەتە، دووی دووهەمی دراوی دیکتاتۆریەتە، هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەندەڵی لەدیکتاتۆریەت جیابکەینەوە، چونکە دیکتاتۆرەکان گەندەڵن وگەندەڵەکانیش بۆئەوەی بەگەندەڵخۆری بمێننەوە پێویستە ببن بەدیکتاتۆر. بەمشێوەیە وێنەی قەزافی لەچوارچێوەی خۆیدا دادەنێین ولەبەردەمی دیمەنی سیاسەتی کوردیدا هەڵیدەواسین، بۆئەوەی بزانین ئەوە کێها گروپ و دەستەیە سەرسامە بەوێنەیە و کێهاشە دژی ئەو وینەیە کاردەکات! و کیهاشە سازش دەکات بۆ مانەوەی ئەو وێنەیە؟. دەسەڵاتی کوردی لەدوای ڕاپەڕینەوە بەسەرسامیەوە بەرامبەر ئەم وێنەیە بۆتەوە، سەرسامە بەو دەسەڵاتە ڕەهایەی بەشارئەسەد و قەزافی وموبارەک ودیکتاتۆرەکانی ناوچەکە ولەهەمان پڕنسیبەوە کەسامانی کۆمەڵگەی کوردی (قاسەی پادشایە)، ئاوەها زیاتر لەبیست ساڵە لەسەر ئەو قاسەیە شەڕی ناوخۆ هەڵگیرساو بەهەزارەها کوژراو بەهەزارەهاش ئاوارەی مەنفاکان بوون، کەچی چیرۆکی قاسەو بنەماڵە رۆژبەڕۆژ  سنورەکانی حکایەت دەبڕێت ودەبێتە واقیعێکی سیاسی ترسناک کەدەسەڵات بەرەو وێنەی قەزافی دەبات و ئێمەی نائومێدان لەم دەسەڵاتەش بەرەو وێنەی پێچەوانەی، وێنەی شۆڕشگێڕانی میسراتە. هەڵەیەکی گەورەیە وامەزندە بکەین کەئەم توندوتیژیە تەنها لەئیسلام ومێژووی ئیسلامەوە سەرچاوەی هەڵگرتووە، ئەمە تەفسیریکی کاڵ وکرچە وبێمانایە، بەڵام لەهەمانکاتێشدا لەودیوو کاڵ وکرچێتیەوە ترسێکی گەورەی لەنەستی دەسەڵاتی کوردیدا خۆی مەڵاسداوە، بەوەی ڤیلاکانیان وسامانیان بەرامبەر هەمان چارەنوس ببنەوە. دیوی دووهەمی ئەم ئیدانەکردنی بێبەزەییە بەرامبەر قەزافی، لەڕەمزەکانی دەسەڵاتەوە جیاوازە لەئیدانەکردنی ڕۆشنبیران بۆ هەمان کردە، ئەوان لەترسی هەمان چارەنوس وڕۆسنبیرانیش لەخەمی گەورەیان بۆ ماناکانی ئازادی. بەدیویکی تردا گەر ڕەهەندێکی ئیسلامەوی لەبەهاری عەرەبیدا گەمەی خۆی بکات ئەوا مافی خۆیەتی مادامەکی بەشدارە لەجەنگدا لەدژی دیکتاتۆریەت ومادامەکی وەک لەتونس ڕوویدا لەگەمی دیموکراسیدا و لەچوارچێوەی دیموکراسیدا تەعبیر لەخۆی دەکات. ململانێکانی دوای ڕووخانی گەندەڵی ودیسپۆت نابن بەپۆزش بۆ مانەوەی دیسپۆت خۆی.  
وێنەی کوڕەکانی قەزافی لای ئێمە لەوکاتەدا دووبارە دەبیتەوە، کە کوڕی سەرکردەو سەرۆکەکان وەک (سەیف ئیسلام وموعتەسەم) هەریەکەو هێزیکی لەژێردەستدایەو لەژێرناوێکدا هاوڵاتیانی بەناوی دژە تیرۆر دەفڕێنن و تۆمەتباری دەکەن ولەسەروو هەموو دادگاو یاسایەکەوە مامەڵەدەکەن. بەداخەوە ئەم وێنەیە لەئەزمونی کوردیدا خۆی دووبارە دەکاتەوە ولەداهاتووشدا ئەم دەزگایە توڕەیی خەڵک بۆخۆی دەپچڕێت، کاتیک پەیمانەکانی چاکسازی و قسەی بریقەدار ناتوانن ڕێگربن لەبەرامبەر ئەو توڕەییە، ئیدی تەقینەوەی خەڵک لەو ساتەدا بەرەڕووی ئەو دەزگا بەناو ئەمنیانەی بنەماڵەیە. دیکتاتۆرەکان مردنیان وەک خۆیان ناشرینە، هەر چۆن لەگەڵ خۆشیاندا ناشرینی بەرهەمدینن وناشرینی چارەنوسیانە…لیبیەکان لەحەڤدەی شوباتی ساڵی پار دەستیان بەخۆپیشاندانی ئاشتیانە کرد بەڵام دەزگاکانی بنەماڵەی قەزافی خەڵکیان ناچار کرد پەنابەرنە بەر چەک. لەحەڤدەی شوباتی ساڵی پاردا هێزی زێڕەڤانیەکەی پارتی کەبەنیازی دەست شکاندنی سلێمانی لەدەرەوەی شار خۆی بۆ هێرش ئامادەکردبوو، گەر ئەو هێزە بەو هەڵەیە هەستایە ئەوا خۆپیشاندان دەبووە بەرەنگاربونەوەی چەکداری نێوان سلێمانی وزێڕەڤانی، هەموو کەسیک بەناچاری پەنای دەبردە بەر کڵاشینکۆفی نێو دۆڵابەکەی، ئیدی ئەوان دەبوونە وێنەکانی قەزافی و ئێمەش وێنەی شوڕشگێڕەکانی میسراتە، بەداخەوە ئەم ئەگەرە هێشتا سێبەرەکانی خۆی درێژدەکاتەوە. ئەمە خۆشبەختانە ڕووینەداو  لەسنووری خۆپیشاندانەکانی سەرادا وەستایەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە چیرۆکەکە کۆتایی هاتووە، مادامەکی هێزێکی تری دەمامک بەسەر جارێکیتر بەچەکەوە ئەو خۆپیشاندانە سەرکوتدەکەن ولەدوایدا ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لەگەڵ پەیمانەکانی چاکسازیدا تائەمڕۆ خەڵک هێمندەکەنەوە.  ئەمەش هیچ لەو هەقیقەتە کەمناکاتەوە کەوێنەکانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان وسەرکردەکان لەم دەڤەردا یەک لەدوای یەک لەناودەچن، خەڵکیش نایانەوێت تەماشاکارێک بن و بەبەهانەی دوژمنانی دەرەوە هەڵبخەڵەتێن. بەداخەوە دووبنەماڵە لەکوردستاندا لەدابەشکردنی هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆردا، هیزێکی گەورەیان لەبەردەستدایە کەنازانین بەچ توانا وحیکمەتێک ئەم دوو دەزگایە بەخشراون بەکوڕەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە، بۆچی هەن. لەبەرئەوە پەڕلەمان بێمانایە کەدەزگای دژەتیرۆری ژێردەستی بنەماڵە بتوانێت تورەکە بکات بەسەر هەر هاوڵاتی ورۆژنامەنوس وئەکتیڤیستێکدا.  مادامەکی قاسەکە لەبەردەستی بنەماڵەدایە و هێزەکەش لەبندەستی خۆیانە گەر هەر گۆڕانکاریەک  دەستپێبکات، دەبێت لەو دووانەوە دەستپێبکات، لەقاسە و هێز، دەبێت قاسە بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ڕاستەقینە وهێزیش بۆ دەزگا ڕەسمیەکان نەک بنەماڵە. بەم شێوەیە ڕێگردەبین لەدووبارەبوونەوەی وێنەکانی قەزافی لەنێوماندا وکەسیش بەو ناشرینیە ناکوژرێت…         

          
       
ئیسماعیل حەمەئەمین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.