Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
پێکهاتنی نووسینی فەلسەفی

پێکهاتنی نووسینی فەلسەفی

Closed
by July 6, 2012 فەلسەفە

 

 

پێکهاتنی (یاخود هاتنەبەرهەمی) نووسینی فەلسەفی (1) لە پێکهاتنی جۆرەکانی تری نووسین جیاوازە. چونکە نووسینی (تێکستی) فەلسەفی پێکهاتەی خۆی هەیە. ئەو پێکهاتەیە نووسینەکە لە نووسینەکانی تر، کە فەلسەفی نیین، جیادەکاتەوە. بەپێی ئەوە بێت نووسین دەشێ فەلسەفی بێت و دەششێ نا-فەلسەفی Non-philosophical. نووسینی نا – فەلسەفی تەنیا ئەو جۆرە نووسینە نییە کە فەلسەفی نییە بەڵکو ئەوەشە کە سەر بە کێلگە (حقل ، Field ، Champ) ی فەلسەفی نییە. بەواتاێ تر ، ئەو نووسینەی سەر بە کێلگەی ئەدەبی، مێژووی ، ئابووری ، کۆمەلناسی دەبێت دەشێ وەک نووسینگەلێ نا – فەلسەفی تەماشاکرێت لێ ئەم جۆرە نووسینە نا- فەلسەفییانە دژە فەلسەفیی نیین بەقەدئەوەی سەر بە بوارێ ترن لە بەرهەمهێنانی زانین. ئەمەش بەو مانایە دێت نووسینی فەلسەفی ناکارێ خۆی وەک هاوشێوە و هاومەرامی نووسینە غەیرە فەلسەفییەکان نیشاندات. هەر بۆنموونە، ئەو دیمەنەی پێکهاتەی نووسینی فەلسەفی لە زەینی خوێنەر دا دروستیدەکات لە چوارچێوەیێ هزری فەلسەفیدا بوونیادنراوە و وەک پێویستیش ئەو سێرکردن و دیدانە پێشنیاردەکات بوونی مرۆڤ دەخەنە ژێرسەرنجێ هزرئامێزانەی پڕبایەخەوە. ئەو دەمەش دەپرسین فەلسەفە چییە؟ ئەمە واشمانلێدەکات فەلسەفە لەوە جیاکەینەوە کە فەلسەفە نییە (2).

نووسینی فەلسەفی تەنیا فەیلەسوف و زمانی فەلسەفییمان یادناخاتەوە بەڵکو بابەتە فەلسەفییەکان و ، یان ئەو شتانەشمان یاددەخاتەوە دەبن بە ئامانج بۆ نووسینە فەلسەفییەکە: لەوانە زانین، مافخوازی یان جەستەی مرۆڤ و…هتد. گومانیشیناوێت، پێکهاتەی گشت نووسینێ فەلسەفی ئەوە دەستنیشاندەکات بۆ ئەو نووسینە وەک نووسینێ فەلسەفی خۆیدەردەخات و چۆنیش خۆی بەفەلسەفیکردووە. چونکە بەفەلسەفیبوونی نووسینێ فەلسەفی لە پێکهاتەی ئەو نووسینە فەلسەفیەدا پەنهاندەبێت و ئەو پێکهاتەیەش لەناوەوەی نووسینەکەدا بنجبەستوو دەبێت. ئەو پێکهاتەیەش بە زۆری لەو هزرە فەلسەفیەدا خۆی مەڵاس دەدات نووسینەکە لە نووسینێ تر ، یاخود نووسینێ نا-فەلسەفی ، جیادەکاتەوە. چونکە هزری نووسینی فەلسەفی تایبەتە و پێکهاتەی نووسینی فەلسەفی لە پێکهاتەی نووسینەکانی تر جیایە.  

بەپێیئەوەی نووسینی فەلسەفی کار لەسەر خوڵقانی واتا و تێگەیشتن دەکات و شێوازی خۆشی لە ڕوونکردنەوە و بەڵگەهێنانەوە هەیە خۆی لە نووسینی نا- فەلسەفی جیادەکاتەوە. لێرە مەبەست لە نا- فەلسەفی ئەو نووسینەیە دەخوازێت خۆی وەک نووسینی فەلسەفی دەرخات لێ مەرجی بەفەلسەفیبوونی تیا نییە و ئێمەش بە نووسینی نا- فەلسەفی ناوزەدیدەکەین. هۆیئەوەش دەشێ بۆ ئەو لایەنەش بگەڕێنینەوە کە شێوازی بەڵگەهێنانەوە و سازاندنی سەڵمێنە هەروەها ڕوونکردنەوەی دید و گوزارە لە نووسینە فەلسەفییەکانا تابڵێیت خۆی جیا و تایبەت نیشاندەدات و ئەو تێز و یان باسانەی نووسینە فەلسەفییەکان دەیورووژێنن بە ئاکام و مەرامی ترەوە دێنەدەست و تێگەیشتنی جیاش لە زانینەکانمانا بەرجەستەدەکەن. لەلاێتر نووسینی فەلسەفی وەدووی ئەو جۆرە ڕاستیەشدا وێڵە کە نووسینەکانی تر وەدوویدا وێڵنین. بۆنموونە گەیشتن بە ڕاستی ، یەکلاکردنەوەی دید و بۆچوونەکان تایبەت بە دیاردەێ ، گەڕان بەدووی ڕیشەی بوونمان و ئەسڵی بوونەوەر و….هتد. هەروەها نووسینە فەلسەفیەکان نەک هەر لەتەک مرۆڤ و دەوروبەرەکەیدا لە گفتووگۆدان بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا لە گفتووگۆدان کە تائێستا لەو ڕوەوە بەرهەمهاتووە. لەلاێتر نووسینی فەلسەفی خۆی وەک دوا نووسین نیشاننادات و لەو شوێنەش چەقنابەستێ کە فەلسەفە نایەوێت تیایا لەکارکردن بوەستێت. مایەی سەرنجە لێرە ئەوەش بڵێین، ڕیشاڵی نووسینی فەلسەفی ئەو ووتنە فەلسەفیانەن لە چوارچێوەێ دیریکراودا لەژێرناوی نووسین دا کۆدەبنەوە. ئەو نووسینە بەوە خۆی لە نانووسین جیادەکاتەوە لەلاێ جارێ نەنووسراوەتەوە و لەلاێکی دیش مەرجەکانی بوون بە نووسینی تیا نییە. ئەمەش ئەو لایەنە بەرباسدەخات کە نووسین و نانووسین دوو شتی جیان.

سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووترا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەین، نووسینی فەلسەفی خۆی بەوە لە نووسینەکانی تر جیادەکاتەوە سەر بە پۆلی فەلسەفەیە. چونکە لە نووسینی فەلسەفیدا دیسپلینێک زاڵە جیایە لە دیسپلینەکانی تری بواری زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان ئەگەرچی جۆرە لێکئاڵانێ لەنێوان نووسینی فەلسەفی و نووسینەکانی بواری زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا ئامادەیە. ئەمەش لەسەرێ ترەوە بۆ سروشتی خودی نووسین و ئەمجار نووسینی فەلسەفی دەگەڕێتەوە کە بە نووسینی بوارە زانستیەکانی ترەوە لەپێوەندیدایە. هەروەها نووسینی فەلسەفی تەنیا کار لەسەر خستنەڕووی دید و گوزارە ناکات بەڵکو کار بۆ ڕەتکردنەوە و ڕەخنەکردنیشیان دەکات و لەڕێگای ئەوەشەوە دەگات بە دەرئەنجام و تێگەیشتنی نوێ. 

لە گۆشەنیگای ئەوی لایسەرەوە باسکرا مەرجە ئەو خاڵەش بوروژێنین کە، وریای و ڕوونی هەروەها قووڵی لە نووسینی فەلسەفیدا لایەنێ سەرەکییە. لێ گەلێ نووسینی فەلسەفی لەمەوە دوورە و بەئاڵۆزی و گومڕای و ناسانای و لوغزئامێزی ناسراوە. ڕاستە زۆرجار فەیلەسوفان لە نووسینە فەلسەفیەکانیانا دید و گوزارەی گومڕا و ناڕوون بەرباسدەخەن یان نووسینی ئاڵۆز و ناسانا لەپاشخۆیان بەجێدێڵن بەس ئەم لایەنە لە نووسین و فەیلەسوفێکەوە بۆ نووسین و فەیلەسوفێکی تر جیایە. کەوابێت، نووسینی فەلسەفی لوغزی خۆی هەیە. لوغزەکانی لە مەغزی نووسەردا دەخولێنەوە. بەس گەلێ نووسینی فەلسەفی بە لوغزەکانەوە تاکۆتای نامێنێتەوە و کردنەوەی لوغزی نووسینی فەلسەفیش مانا و گرینگی خۆی هەیە. ئەو نووسینە فەلسەفیانەی لێوانلێون لە لوغزی فەلسەفی کەمتر تێگەیشتن بەدەستەوە دەدەن تا نووسینە فەلسەفیە بێ لوغزەکان. بەس گەلێ فەیلەسوفیش بە فەیلەسوفی لوغز و گومڕایی هزری لە ڕۆژئاوا ناسراون بۆنموونە ڤیتگنشتاین. کێشەی ئەم جۆرە بیرمەندانە ئەوەبووە مامەڵەکردنیان لەتەک خودی فەلسەفە جیابووە و ویستی هزری خۆیان سەرووی ویستی فەلسەفەی ڕۆژئاوا کردووە و ، لەبەرامبەر بۆچوونە  فەلسەفییەکانی بیرمەندانی تر ، یاخود نووسینە فەلسەفییەکانی فەیلەسوفانی تری ڕۆژئاوا ، تووند وەستاونە و ویستوشیانە نووسینی فەلسەفی فۆڕمێ تر وەرگرێت و جیا لەو فۆڕمەی پێشتر هەیبووە. گومانیشیناوێت، دەستەمۆکردنی ناواخنی گشت نووسینێ فەلسەفی یەکێکە لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی نووسەری فەلسەفی. ئەمەش لەبەرئەوەی فەلسەفە نووسینگەلێ ناسان نییە و لەتەک ژیانی مرۆڤ و دەروبەرەکەیدا هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەشدایە. زۆربەی ئەو مشتومڕانەش لە نووسینە فەلسەفییەکانا پەنهانن ڕەنگدانەوەی ئەم لایەنەن. واتە ئەرکی فەلسەفە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەتەک ژیانی مرۆڤ و دەورووبەرەکەیدا. 

دەکرێ ئێمە لێرە سەرنج بخەینە سەر لایەنێتریش کە گرینگی بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتنی نووسینی فەلسەفی هەیە. چونکە پرسیار لەسەر نووسینی فەلسەفی دەمانباتەوە سەر باسی قسەکردن لە دەرکەوتنی نووسینیش. واتە قۆناغی بوونی ئاخاوتن بە نووسین (تێکست). لێرەوە دەشێ ئەوەش بڵێین، فەلسەفە وەک قسە و وەک نووسین دوو شتی جیایە. هۆی سەرەکی ئەم حاڵەتە تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە فەلسەفە وەک قسە بریتییە لە شتی سەرزارەکی و ئەم شتە سەرزارەکییە پێویستە ببێ بە تێکست. ئەمەش لە ڕۆژئاوا زۆری نەخایاند چارەسەری خۆی دییەوە. چونکە فەلسەفە پاش ئەوەی بوو بە نووسین (تێکست) لەوەکەوت بریتیبێت لە قسە و گێڕانەوە. مەرجە هێما بۆئەوەشکەین کە نووسینی فەلسەفی هەوڵی گێڕانەوەی شتەکان نادا و خۆشی بەوە لە ئەفسانە جیادەکاتەوە کارلەسەر یەکلاکردنەوە و خستنەڕووی بەڵگە و سەڵمێنە دەکات. گەر فەلسەفەش کاری گێڕانەوەبایە هەرگیز فەلسەفە بەو ئاستە نەدەگەیشت ئەمڕۆ پێیگەیووە. چونکە فەلسەفە بەوە خۆی لە گێڕانەوە جیادەکاتەوە کە کار لەسەر لۆگۆس دەکات و ئەو چەشنە بینین و ئیدیایانە بەرهەمدێنێ خۆی لە سێستەمی گێڕانەوە جیادەکاتەوە. ئەمەش لەسەرێترەوە پێوەندی بە مێژووی دەرکەوتنی حودی نووسینەوە هەیە. لێ بۆئەوەی نووسین هەبێت پێویستە نووسەر هەبێت. واتە فەیلەسوف پێش نووسین دەکەوێت و فەلسەفەش لەمیانەی نووسینەوە دەگەێندرێت. دیاریشە نووسینی فەلسەفی وەک گشت نووسینێ بەرهەمی خودە. خود لەڕێگای خۆنووسینەوەی خۆی نووسین بەرهەمدێنێت. ئەم لایەنە لە نووسینی فەلسەفیدا زۆرتر کاریگەرە. چونکە نووسینی فەلسەفی نووسینێ هزریە. واتە، نووسینی فەلسەفی لە پێوەندیدایە بە هزرەوە.

سەرباری ئەوی ووترا، نووسینی فەلسەفی شوێنێکیشە بۆ گەڕان بەدووی ڕیشەی فەلسەفەکردن و دەرکەوتنی فەلسەفە وەک هزر. بۆیە پێویستە بپرسین: بە چی نووسینی فەلسەفی لە نووسینی تر جیادەکرێتەوە؟ ئێمە پێمانوایە ئەم پرسیارە زۆر لە “پرسیاری فەلسەفە چییە؟ دەکات کە هیچکات ناکارین لێیگەڕێین نەیپرسین (3). گەر نووسینی فەلسەفی نووسینگەلێ هزری بێت نووسینی هزری چ جۆرە نووسینێکە؟ ئێمە نووسینی فەلسەفی بەو جۆرە نووسینە هزریانە لەقەڵەمدەدەین هزر لە بونیادیانا پەنهانە و خۆشیان لەو جۆرە نووسینە هزریانەش جیاناکانەوە بەناوی نووسینی زانستیەوە دەنووسرێن. هەروەها نووسینی هزری بەجۆرێ خۆینیشاندەدات نووسین بێ هزر کارانابێت و هەروەها هزر کردەێکە کە پێش دەرکەوتنی کردەی نووسین سەردەردێنێ. بەواتێکیتر، هزر لە نووسینی فەلسەفیدا گرینگی خۆی هەیە. ئەو هزرەی لە پێکهاتەی نووسینی فەلسەفیدا مەڵاسدراوە نووسینەکە بەفەلسەفیدەکا و سنوریش دەخاتە نێوان ئەو زانینەی ئەو نووسینە فەلسەفیە بەدەستەوە دەیدات لەچاو نووسینی تر. 

نووسینی فەلسەفی خاوەنی زمانی خۆیەتی و ئەو زمانەش کە خۆی وەک زمانی فەلسەفی نیشاندەدات باڵ بەسەر نووسینە فەلسەفیەکەدا دەکێشێ. فەیلەسوف لەڕێگای زمانە فەلسەفیەکەیەوە هاوسەنگی نێوان نووسینە فەلسەفیەکە و فەیلەسوفبوونی خۆی ڕادەگرێ. واتە ، زمانی فەلسەفی نووسینە فەلسەفیەکە حاڵەتێکە لە یەکلایکردنەوەی نووسینە فەلسەفیەکە لە نووسینی تر، بۆنموونە لە نووسینی مێژوویی یان ئابووریی.   

بیرماننەچێت زمانە فەلسەفیەکانی نووسینە فەلسەفیەکان وەک یەک نین و هەر فەیلەسوفە و زمانی فەلسەفی تایبەتی خۆی هەیە. زمانی فەلسەفی داڤید هیۆم لە زمانی فەلسەفی شۆپنهاوەر یان کێرکەگۆرد ناچێت هەروەها زمانی فەلسەفی لوی ئالتێسێر لە زمانی فەلسەفی کانت و ڕاسل ناچێت و بگرە زمانە فەلسەفیەکان لای هەمان فەیلەسوف هاوشێوە نییە و شێوازی گوزارەکردنەکان لەیەکناچن. بەبێگومان، ئەو بابەتە فەلسەفیەی نووسینە فەلسەفیەکە لەخۆدەیگرێ و ئەو زمانە فەلسەفیەش لە نووسینەکەدا وەگەڕدەخرێت شوێنیسەرنجە. بۆنموونە بابەتی خۆشەویستی لە فەلسەفەدا هەمیشە گرینگی خۆی هەبووە و لە فەیلەسوف یان زمانێ فەلسەفییەوە بۆ فەیلەسوف یان زمانێ فەلسەفی تر بەشێوەێک کاریلەسەرکراوە دووربووە لەو شێوە کارکردنەی فەلسەفە لەسەر بۆنموونە مەرگ یان هاوڵاتێتی کردویەتی. هەروەها کاتێ فەیلەسوفێ بابەتێ ڕەووشتی دەکات بە ئامانجی قسەکردنەکانی نووسینەکەی مۆرکی بەفەلسەفیبوونی لەوێوە پێوەدیاردەبێت کە گشت ئەوی دەنووسرێت سەرئەنجام ووتندەبن لە پێوانە و بەها ڕەووشتیەکان. کەوابێت نەک هەر ئەو زمانەی فەیلەسوف قسەیپێدەکات ئەوەدەستنیشاندەکات چەند ئەو نووسینە فەلسەفیە بەڵکو ئەو بابەتەش کە بووە بە ئامانج بۆ زمان و نووسینە فەلسەفیەکە. 

لە گەوهەردا، هەر نووسینە فەلسەفیێکیش داکۆکی لە لایەنێ فەلسەفی دەکات و  نووسینە فەلسەفیەکە ئەو داکۆکیە دەگەێنێتە ئاستێ تر. ئەو داکۆکیەش لە نووسینە فەلسەفیەکە سەردەردێنێ خۆی لەشێوەی هەڵوێستەی فەلسەفی دەردەخا و لەڕێگای ئەو هەڵوێستەکردنەوەوە بە دەرئەنجام و ئاکامی نوێ دەگات. ئەمەش وادەکات نووسینە فەلسەفیەکان هاوشێوە نەبن و هەر نووسینە فەلسەفیێک خۆی گیرۆدەی کێشە و گرفتێ دیاریکراوی فەلسەفی بکات. جێی تێبینیشە ئەوەش بێژیین، نووسینی فەلسەفی تەنیا کێشە فەلسەفیەکان بەرچاوناخات بەڵکو وەڵامیشیان بۆ ئامادە دەکات. ئەمەش دەکرێ وەک خەسڵەتێ زیندووی نووسینی فەلسەفی ڕاستەقینە لەبەرچاوبگیرێت. نووسینە فەلسەفیەکانیش بەپێی ئەو دیسپلینەی کاریلەسەر دەکەن کێشەکان یەکلادەکەنەوە و لەهەمانکاتدا وەڵامی گونجاو و ناهەتاهەتای بۆ پرسیار و گرفتە فەلسەفیەکان دەدۆزنەوە. ئەم لایەنەش لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا خۆی زۆر دووبارە نیشاندەدات. بەواتاێتر، فەلسەفەی ڕۆژئاوا ئەزموونی خۆی لە بەردەستخستنی وەڵام و ئامادەکردنی چارەسەر بۆ کێشە فەلسەفییەکان هەیە و ، هاوکات فەلسەفە لەڕووی مێژوویەوە ئامرازێک بووە بۆ بەدەستهێنانی وەڵام و چارەسەر و ڕێگاێکیش بووە بۆ ڕووبەڕوبونەوە لەگەڵ نەزانین و ئەستەمگەری.  

هەر بۆیشە گەلێ لە نووسینە فەلسەفیەکان ویستوویانە پەی بە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا بەرن و لەگەڵ بیروبۆچوونەکانی ئەو مێژووە بکەونە گفتووگۆ و ڕووبەڕووبونەوە. ئەم لایەنەش بەشێکە لە خەسڵەتە دیارەکانی نووسینی فەلسەفی. چونکە نووسینی فەلسەفی ناکارێ پشت لە مێژووی فەلسەفە بکات و ئەوی لەو مێژووەدا ووتراوە پشتگوێخرێت و مەرام و ڕێنماییەکانی ئاڕاستە و شەپۆلە فەلسەفییە جیاکانی فەلسەفەی ڕۆژئاوای بەهەندوەرنەگرن. 

ئازاد حەمە 

سەرچاوەکان:

1.ئەم نووسینە لە گۆشەی “ڕوانگەی فەلسەفی ” ژمارەی 377 و 378 ی حوزەیرانی 2012 ی “ڕەخنەی چاودێر” دا بڵاوکراوەتەوە.

2.Lars Fr. H. Svendsen. Vad är filosofi? Översättare: Joachim Retzlaff. Natur & Kultur. 2005، s. 25.

3. Gilles Deleuze & Félix Guattari. What Is Philosophy?. Translated by Graham Burchell and Hugh Tomlinson. Columbia University Press.1996 ، p. 2.

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.