Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
پەروەردە  لە کەلتوری هاوچەرخدا

پەروەردە لە کەلتوری هاوچەرخدا

Closed
by January 12, 2012 گشتی

 

 
فێربون چالاکیەکی کەلتوریی وسیستەمێکی پلان بۆ داڕێژراوە، مامۆستا ڕاهێنراوە بۆ ئەوەی وانە بلێتەوە و خوێندکار فێرکات،پرۆگرامی خوێندن دانراوەو دادەنرێت بۆ ئەوەی لە خزمەتی قوتابی و گۆرانکاری کۆمەلایەتی و ئابوری و سیاسیدا بێت.فێربون پرۆسەیەکی مێژویی گشتگیرو هەمەلایەنە هەر لە گەل هاتن و سەرەتای ژیان و دروستبونی شارستانی مرۆڤایەتیەوە دەستی پێکردوە. لە پشت هەر پرۆسەیەکی خوێندن و فێربونەوە ستراتیژو فکرێك هەیە ئاراستەو شێوازی گەشەی سیستەمی فێربون دیاری دەکات لە ئێستاو داهاتوودا.كەلتوری فێربون و پەروەردە لە هەریەکێک لە قۆناخەکانی شارستانی مرۆڤایەتی دا کۆمەلێک تایبەتمەندی و جیاوازی خۆی هەیە بۆ نمونە لە هەر یەکێک لە قۆناخەکانی ڕاوشکاری، کشتوکاڵ و جێگیر بوون و پیشەسازی و هەتائێستا کەسەردەمی تەکنەلۆجیاو پێکەوەبەستنی دنیاییە بە تۆڕی ئینتەرنێت مرۆڤەکان شێوازێکی تایبەتی ژیان و هەلسوکەوتی خۆیان هە بوەو دەبێت بۆ تێگەیشتن لە یەکتر.کەلتور بەمانا سادەو گشتیەکەی واتە گە(شێوازی ژیان) هەموو بنەما کەلتوریەکان وەك ڕەوشتی کۆمەلگا، بنەما یاساو دەستوریەکان،زمان، دین وهەموو ئەو بنەمایانەی تر کە بەرهەمێنەری کەلتورێکن تایبەت بەو کۆمەلگایە.بەشێوەیەکی گشتی ئاستی کەلتوری شارستانی و ناشارستانی هەر کۆمەلگاو نەتەوەیەک گرێدراوی دوو لایەنە یەکەم ئەو ژینگە جوگرافیە سروشتی و، کۆمەلایەتی و، سیاسی و ئابورییەی کە کۆمەلگا تێیدا دەژی وە لایەنی دووەم ئەو سیستەمە پەروەردە و فێربونەیە کە لە قوتابخانەی ئەو  کۆمەلگایەدا بۆ هەموو قۆناغەکانی پەروەردەو فێربون دابینکراوە.  
مەبەستم لە کەلتوری هاوچەرخ ئەم بارودۆخ وسەردەمەیە کە مرۆڤایەتی تێیدا دەژی و خاوەنێتی، واتە لە ئەنجامی چالاکیەکانی مرۆڤەوە کەلتورێک بەرهەم دێت کە ئەنجامی ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخەیە کە ئەو کۆمەلگاییەی تێدا دەژی لەو کاتەدا. بۆ نموونە ئەمڕۆ لە ئەوروپادا ژیانی تاکگەرای، زۆرتر بەکاربردن، تەکنەلۆجیایی زۆر، دیموکراسیەت، جیهانگیری، کۆمەلگای هەمەکەلتوری و سۆکۆلاریزم بوەتە بەشێکی تەواوی ژیانی کۆمەلگا و وەکراوە بە بەشێك لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردن. پڕۆسەی پەرەردەو فێربون پڕۆسەیەکی داینامیك و گۆراوە و بەردەوام لە تازەبونەوەدایە چونکە کۆمەلگا بونەوەرێکی زیندوە بەردەوام لە لە گٶڕانکاری جیاوازدایە ئەگەر تەماشای سەدەکانی ناوەراست و هەتا ئێستا واتە سەدەی بیست ویەك بکەین دەردەکەوێت کە ئەو میکانیزم و ستراتیژانە چی بوون کەوا وایان کردوە کۆمەلگای مرۆیی کردوە خاوەنی ئەم بارودۆخەی ئێستای بێت.سەدەی بیست ویەك سەدەی تەکنەلۆجیاو گۆڕانکاریە خێراکانە لە کٶمەلگای مرۆڤیەتیدا، هەروەك دەبینرێت گۆرانکاریەکان ئەوەندە خێران  هەموومانی  وا سەرقاڵ کردوە فریایی ئەوە ناکەوین تێییان بگەین. کاردانەوەی ئەم گٶرانکارییانە لە سەر کٶمەلگا لە شەوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە، بۆ نمونە ئەوروپا کە خاوەنی تەکنەلۆجیاو شۆرشی کۆمەلایەتی و پیشەسازی خۆی بووە لە کاتی خۆییدا زیاتر سودمەند دەبێت لەم گۆرانکارییانە، ئەوەی کە زیاتر یارمەتی ئەوروپای داوە بۆ ئەوەی زۆرتر سودمەند بێت و  پێش بکەوێت لەگەل گۆرانکارییەکاندا تازەگەرایییەکی هاوچەرخانە و داینەمیکیانەیە  لە هەموو لایەنانەی کە پەیوەندی بە سیستەمی پەروەردە و فێربونەوە هەیە.دەولەتانی ئەوروپا بە پێی ئەزمونیان و ئاستی فکری و شارستانیان و ئەو هەموو ڵێکۆلینانەوەی کە کردویانە باوەری تەواویان وایە  سیستەمی پەروەردەی داینامیك  ئەو سیستەمەیە کە   نەوەیەکی نوێی دروست بکات بۆ سەرکردایەتی کردن و پێشکەوتنی  کۆمەڵگا لە ئێستاو داهاتوودا.  
هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سیستەمی پەروەردەی کوردوستاندا دەکرێت بەهەر شێوازێك بێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر لایەنی کەلتوری، سیاسی،ئابوری،ئنتیماو ناسنامەی ئێمە. هەر ریفۆرمێکی پەروەردەیی لە پێناو پێشخستن و باشترکردنی سیستەمی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوی  لە کوردوستاندا ئەبێت دەزگایەکی ڵێکۆڵینەوەی ئەکادیمی خۆماڵی لە پشتەوە بێت.  ئەگەر سیستەمێکی پەروەردەی تۆکمەو پلان بۆداڕیژراوی ‌هاوچەرخمان نەبێت ئەستەمە بتوانرێت نەوەیەکی چالاك وبەتوانا دروست بێت بۆ دەمی داهاتوو. لەم سەردەمەدا سنورەکان بەتەواوەتی بونیان نەماوە یان بەرەو لە ناوبون دەچن و نەوەی ئێمە بەتەواوەتی ئاگای لە هەموو گۆڕانکارییەکانی دنیایە لە ڕێگا جیاوازەکانی میدیاوە. بۆ تێگەشتن لە کاریگەری ئەم هەموو گۆرانکاریییە هەنوکەییانە  لە سەر ئێستاو داهاتوی منداڵ و نەوەی  کورد، ئێمە  ئەبێت زۆر ورد بینانە و هاچەرخانە بیربکەینەوە بۆ تێگەشتن لە هەموو ئەو کەم وکوڕیانە کە بوونەتە کۆسپی زۆر گەورە لە پێش پڕۆسەی پەروەرەدەو پێشکەوتندا. پرسیار گەلێکی زۆر هەن کە زۆر پێویستە لەم کاتەدا لە خۆمانی بکەین: چی بابەتێك لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێت؟ قوتابیەکان چی فێر دەبن؟ چۆن فێردەبن؟ چی کاتێك فێردەبن؟ئایا ئەم سیستەمە پەروەردەی ئێمە تا چەند لە خزمەت پێشکەوتنی کۆمەلگای ئیمەدایە؟ چۆن بتوانین ئەم  سیستەمە پەروەردەیە کە هەمانە هەڵسەنگێنین و تێی بگەین؟ ئەو پلانانە دڵخۆشکەرانە چین کەوا بە پشت بەستن بە ڕێگای ڵێکۆڵینەوەی زانستی کردومانن؟ چۆن بتوانین چارەسەری ئەو کێشانە بکەین کە بونەتە ڕێگر لە پێش پرۆسەی پەروەردەو فێربوندا؟.وەلام دانەوەی هەریەك لەم پرسیارانە پێویستی بە لێکۆلینەوەی زۆر وردو پرۆفیشناڵ هەیە.بۆ پێش خستنی  سیستەمی پەروەردەو فێربوون لە کوردوستاندا لەم کاتەدا زۆر پێویستە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردوستان دەزگایەکی ڵێکۆڵینەوەی پەروەردەیی سەربەخۆی هەبێت بۆ  ئەنجامدانی ڵێکۆڵینەوەی پەروەردەی و دەستەبەرکردنی تێگەیشتنێکی تەواو لە لە سەر ئاستی سیستەمی پەروەردە وە دەستنیشان کردنی ئەو کەم وکوڕیانە کە بونەتە ڕێگر لە بەردەم پێشکەوتنی  سیستەمی پەروەردە لە کوردوستاندا. بۆ ئەنجامدانی ڵێکۆڵینەوەو  خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی و زانستیانە بۆ ئەم سیستەمە پەروەردەییەی کە هەمانە لە کوردوستاندا دەتوانین سودێکی زۆر باش لە  ئەزمونی سیستەمی پەروەردەی دەولەتە پێشکەوتوەکانی  ئەوروپا وەربگرین. بێگومان بەبێ ئەنجامدانی ڵێکۆڵینەوەو هەبونی بەڵگەی تەواو ناتوانین خوێندنەوەیەکی تەواو بۆ ڕابردو ئێستاو داهاتوی پڕۆسەی پەروەردەمان بکەین. دارشتنی هەر پلان و ستراتیژێك  لە بواری چاكسازی  پەروەردەییدا  زۆر سەرکەوت ونابێت ئەگەر پێش وەخت  ڵێکۆلینەوەیەکی چروپڕو زانستیانە لە بوارەدا نەکرابێت چونکە پێش ئەوەی هەر بڕیارێك بدەین ئەبێت کۆمەڵێك ڵێکۆڵینەوەمان لە و بوارەدا کردبێت.


عەلی شێرخان

ali.mmu@hotmail.co.uk
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.