Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
پەیوندى نێوان دەسەڵاتى كورد و  ناوەندى عێراق بەرەو کوێ…؟.

پەیوندى نێوان دەسەڵاتى كورد و ناوەندى عێراق بەرەو کوێ…؟.

Closed
by September 28, 2008 گشتی

 
 پەیوندى نێوان دەسەڵاتى كورد و  ناوەندى عێراق بەرەو کوێ…؟.
  د. محمد  بازیانى

 
 كاتآ توێژەرێك بە پێوەرى زانیارى و ئەكادیمى پەیوەندیەكانى نێوان دەسەڵاتى كوردو دەسەڵاتى حكومەتى مەركەزى عیراق ( كە تەنها كورد خۆى نازناوى حكومەتى فیدراڵى عیراقى لێدەنێت) دەپێوێت، ئەو راستیە حاشاهەڵنەگرەى بۆ دەردەكەوێت، كە كورد چەندە بە سادەیەوە كارە ستراتیجسازەكانى دادەمەزرێنآ، كە لە جیهانى ستراتیج و سیاسەتدا ئەرزشى ئەوتۆى نییە..! تەنانەت سادەترین ستراتیجیوان درك بەو مەسەلەیە دەكات.
  ئەوەتا بەردەوام دەسەڵاتە ساواكەى كوردستان هیلكەكانى دەخاتە ناو تەنیا یەك سەبەتەوە، وەك مناڵ كاتێك دەشكێت، لۆمەى ئەم و ئەو دەكات و جار جاریش بۆى دەگرێت.. ئەم سادەییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ستراتیجدا منداڵەكەى خۆمم بیردەخاتەوە كاتآ دایكى دەینێرێت بۆ هێلكە كڕین لە رێگا منداڵێكى لاسار شەڕى پێدەقرۆشآ و هێلكەكانى دەشكێنآ بە چاوى گریانەوە خۆى دەكات بەژوورداو، گوێم لێ دەبێت  دایكى پآى دەڵێت كا هێلكەكان..؟ ئاى بۆچ دەگریت..؟!، لە وەڵامدا دەڵێت: شكاندیان.. لەترسى ئەوەى قسەى پآ نەوترآ و لێى نەدرآ وەك هەموو منداڵێك پاساو دەهێنێتەوە و جار جاریش پەنا دەباتە بەر درۆ. بەڵام چونكە وا فێر كراوە درۆ شورەییە، لە كۆتایى ئەم  تراجیدیایەدا دان بە راستیەكەدا دەنێت كە هێلكەكەیان شكاندوە، یان بە دەستیەوە شكاوە.
  بەڵآ دەسەڵاتى كوردستان هەمان شێوەى ئەو منداڵە ساوایەیە، هەرجارێك هێلكەكانى سیاسەت و سترتیجى دەشكێت لۆمەى ئەم و ئەو دەكات، جارێك لۆمەى سوونە و بەعسیەكان و جارێكیش  ئیسلامەیە توند رەوەكان و لەم دوایەش شیعەكان كە هاوپەیمانە و ئەو پرۆتۆكۆلەى مۆریان كردوە لەگەڵیان لێى پاش گەز بوونەتەوە و، جار جاریش بە شەرمەوە لۆمەى  ئەمریكا دەكەن.. ئآ توو خوا بۆچ لۆمەى ئەموو ئەو دەكەیت.. خۆ پیاو ئەو پیاوەیە خەڵك گرەوى لینەباتەوەو  فێڵى لىَ نەكرآ، ئەگەر فێڵى لىَ كرا ئەوە چاكتر وایە بەجێى بهێڵآ، یان دان بە راستیەكاندا بنێت.. عەجەب لە دونیاى سیاسەتدا خەڵكانى كاتآ دەبینن ناتوانن ئەو بەڵێن وەعدانەى بە میللەتى خۆیانیان داوە  بیبەنەسەر، واز لە كورسى دەسەڵات دەهێنن بۆ غەیرى خۆیان و ئابڕومەندانە لە دەسەڵات و زۆر جاریش لە سیاسەت دەكشێنەوە ودەست هەڵدەگرن، بەڵام لە ووڵاتى مندا بە پێچەوانەوە، زیاتر هەوڵى قایمكردنى كورسى دەدەن.. تەنانەت هەتا بەساڵادەچن كورسیەكە زیاتر خۆشەویست دەبێت،
  عەجەب سیاسەت و ستراتیج  لەلاى دەسەڵاتدارانى كورد ئاخرزەمانە نى یە..!!.
 پێش رزگاركردنى عێراق یان داگیركردن، لەگەلأ چەند یاسا ناسوو سیاسەت وانێك لە بنكەى رۆشنبیرى كاوە بانگێشت كرابووین ، تاوتۆى پرۆژە یاساى دەستوورى فیدراڵى عێراق بكەین كە لەلایەن هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارى كوردەوە دانرابوو، پاش ئەوەى وەختى لێكۆڵینەوەكەى ئێمە هات پێشكەش ئامادەبوانمان كرد، كە تێیدا ئاماژەمان بە سیستەمى ویلایات كرد لە ئیسلامدا كە گەورەترە لە فیدرالیەت، كورد دەبێت لێزانانە كار بۆ ئەو مەسەلەیە بكات چونكە ئیسلامیەكانى عێراق بە شیعەو سوننەوە ئیدعاى ئیسلام دەكەن.. جێگرى وەزیرێك هەستایە سەرپێو داواى موداخەلەى كرد و بە عەسەبانیەكەوە رووى كردە دانیشتوان و بە گاڵتە جاریەكەوە ووتى: (( سیستەمى ویلایاتى ئیسلامى.. ئیسلامى!  بابە تۆ چى دەڵیێت حەزرەتى بۆش هەموو شتێكى بڕاندۆتەوە ئێمە تازە بووینە بە دەوڵەت.. تۆ تازە تازە باسى سیستەمى ئیسلامى دەكەیت.. واز لەم قسە كۆنانە بهێنە.. بەڵام قسەكانى تەواو نەكردبوو شەمشەمە كوێرەیەك تێى ئاڵا وەك تەیرە ئەبابیلكە لێى نەدەبوەوە .. وەك عادل ئیمامى لێهات، خەڵكەكە قاقاى پێكەنینیان بەرز بویەوە و كابراى جێگرى  وەزیر تەنها ئەوەندەى پێكرا شوێنى كۆڕبەندەكە بە جێ بهێڵێت.. بەڵام حەزرەتى بۆش وا خەریكە خولى وولایەتەكەى تەوابێت و بە شكستییەوە كۆشكى سپى بەجێبهێلێت كوردیش  دەستى خەریكە لەبن هەمانەكەوە  بە بەتاڵى دەربێنێت.. نە بۆش نە نا بۆش نەیتوانى ئەو بۆشیەى كە لە بۆشدا خەرجى كردوە لە بۆش رزگار كات.
 لێرەدا تەنها راستیەك ماوە كە دەبێت بیزانین ئەرآ كوڕینە سیاسەت و ستراتیج لەلاى دەسەڵاتدارانى كورد وەك سیاسەتە میكیافیللیەیە كە دەڵێت درۆ بكە درۆ بكە تا خەڵك بڕوات پێدەكات.. باوباپیرمان دەیانووت ئەو كەسەى مومارەسەى سیاسەت دەكات دەبێت خزمەتكار بێت، چونكە دەبێت پێداویستیەكانى میللەت دابین بكات، پێداویستیە جەستەى و گیانیەكان..گیانى و روحیەكان بۆ ئەوەى ئادەمیزادێكى سالم وتەندورست دوور لە گرێ و گۆڵە، ئارام، متمانە بە خۆ… دروست بێت . لایەنى مادیش ئەوەى كە ئادەمیزاد پێویستێتى بۆ ئەوەى رەوڕەوەى ژیانى بەسەربات بۆى دابین بكرآ، هەر لە خۆراك و خانوو، پێداویستیەكانى، تا ژن و ژن خواستن.. بەڵام بە داخەوە سیاسەت و ستراتیج لەلاى دەسەڵاتدارانى كورد بەم شێوەیە نیە، بەڵكو میكیافیللییە، چونكە هەموو شتێك بۆ چەند كەسێك یان چەند حیزێك یان چەند بنەماڵەیەكە.. واتە لە خزمەت میرە.. میللەتیش سندانى لێدات، دەبێت بكرێت بە قوربانى میر .. گرنگ میرە و مانەوەى میرە..!! عەجەب لە سیاسەتى ئەمڕۆ لەلاى دەسەڵاتى كورد.. میر كاتآ دەدۆڕى پەنا بۆ میللەت دەبات و فەرمانى بەرگرى و موقاومەت بۆ میللەتىرەش و رووت دەردەكات، بەڵام دەبێت سكیان خاڵى بێت چونكە میر واى فەرموە عەجەب لەم سیاسەتە..!.
 ئێستا تەنها ئەو شتە ماوە بیڵێن پەیوەندى دەسەڵاتى كوردى و حكومەتى ناوەند بە چ ئاقارێكدا دەڕوات.. بە دیدى ئێمە وەك ستراتیجیوانێك، بەرەو گۆڵكردن دەڕوات.. حاشا نەك دەسەڵاتى كوردى گۆڵ بكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە.. ئەوەتا ئەو حكومەتەى كە تا دوێنى هاوپەیمانى كورد بوو ئەمرۆ پێشمەرگە بە میلیشیا لە قەڵەم دەدات، دەَێت ئەگەر كورد عاقڵ نەبێت پێشمەرگە چارەنووسى وەك لەشكرى مەهدى دەبێت.. كورد دەبێت سەنگى خۆى بزانێت، ئەگەر پیآ زیاد راكێشێت ئەوا جاشەكانى سەردەمى رژێمى سەددامى بە گژا ئەكەم.. كۆنە ئەنفالچیەكان و كۆنە بەعسیەكان زیندوو دەكەمەوەو، درز دەخەمە نێوان كۆمەڵگەى كوردیەوە.. لەملاشەوە تا ئێستا كەسانێك ماوە وەك ئەو جێگر وەزیرە بیر دەكاتەوە وا دەزانێت حەزرەتى بۆش ..! فریاى دەكەوێت، بەڵام كورد ووتەنى ((ئەگەر بەتەماى شیوى جیران بیت بە بآ شێو سەردەنێیتەوە))، جا كارتێك كە بە دەست دەسەڵاتدارانى كوردەوە ماوە میللەتە، بەڵام ئەبێت ئاوڕى لێبدرێتەوە تاكو ئەوانیش ئاوەڕ لە دەسەڵاتى كورد بدەنەوە، تۆپەكە لە گۆڕەپانى دەسەڵاتى كوردیدایە، ئایا ئەم كارتە بە كار دێنى كە كۆتا كارتە بەدەستی یەوە؟     
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.