Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
پەیکەری خۆشەویستی دەکرا بە جۆرێکی دی بسوتێنرایە

پەیکەری خۆشەویستی دەکرا بە جۆرێکی دی بسوتێنرایە

Closed

 

 

 

 

ئەمە بەشێکی کەمی ئەو مانشێتانەیە کە لە هەفتەی ڕابردوودا لە سایت و ماڵپەڕە کوردییەکاندا بڵاوکراونەتەوە لە پەیوەند بە سووتاندنی پەیکەری خۆشەویستییەوە. 

(پەروەردە پارکی ئازادی لە قوتابییان قەدەغە دەکات.

تابلۆیەکی پارکی ئازادی کەپڵەکان تووڕەدەکات و ماچکردن قەدەغە دەکات.

دوای شکاندن و سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستی، کێڵی گۆڕەکەی شێرکۆ بێکەسیشییان سووتاند.

لە شوێنی پەیکەرە سووتاوەکەی پارکی ئازادی، کچ و کوڕێک ماچی خۆشەویستی دەگۆڕنەوە.)

ئەوەی بۆ من گرنگە لەم وتارەدا ، سەرنجدانە لە سووتاندنی پەیکەری خۆشەویستیی لە پلەی یەکەمدا.   بێگوومان، شکاندنی کێڵی گۆڕی شیرکۆ بێکەس هەتا بڵێی کارێکی ترسنۆکانەیە و شێرکۆ لە ژیانیشیدا چەندین جار ڕووبەڕووی لەم جۆرە هێرشانە بۆتەوە. من لەم وتارەدا بەشوێن هۆکاری سووتاندن و ئەو دەستەی لە پشت ئەم کارەوەیە نیم، بەڵکە زیاتر بەشوێن کاریگەرە پۆزەتیڤەکانی سوتاندنی پەیکەری خۆشەویستییەوەم . تێروانینێک کە رەنگە بۆ زۆر کەس شوێنی قبوڵکردن نەبێت، بەڵام دیدگایەکە کە من لەم وتارەدا بەشوێنییەوە دەبم. بە کورتی ئەگەر پەیکەری خۆشەویستیش نەسوتێنرایە، دەبوایە بوسوتێنرایە. بێگوومان کردەی سووتاندن لای من، بارە رەمزییەکەیەتی نەک ئاگرتێبەردانی جەردەئاساییانە وەک ئەوەی لە دۆخی ئەمڕۆی پەیکەری خۆشەویستیدا دەیبینین. 

 

وەزیفەی پەیکەری خۆشەویستی

ئەو وەزیفەیەی پەیکەری خۆشەویستی تا ئێستا هەیبووە، ئەگەر ڕەچاوی ئەو ڕێگرییانەیش بین کە بەشێک لە ناونیشانەکانی سەرەوە باسیلێدەکەن:” پەروەردە پارکی ئازادی لە قوتابییان قەدەغە دەکات.” و ” تابلۆیەکی پارکی ئازادی کەپڵەکان تووڕەدەکات و ماچکردن قەدەغە دەکات.”، بریتی بووە لە بوونی زۆنێکی  ئازادانە تر  بۆ گەنجانی کوردستان کە بتوانن یەکتری ببینن و دەردی دڵی خۆیان بگۆڕنەوە بە بێ چاوەکانی ڕەقیب وەک ئەو حەکایەتەی گۆرانی دڵداریی کوردی باسیلێوەدەکات. ئەگەر سەرتاپای کۆمەلگا ڕێگا نادات ئاشقەکان یەکتری ببینن، ئەوا لە جوگرافیای پەیکەری خۆشەویستیدا، ئەم دەرفەتە کەمێک کراوەترە. بۆ من، هەستدەکرێت  جوگرافیای پەیکەری خۆشەویستی وەک ناوچە ئازادکراوەکانی جاران دێتە بەر چاو. با کەمێک بەراورد لە نێوان ئەم دوو زۆنەدا بکەین. 

ناوچە ئازادکراوەکانی جارانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، ئەو ناوچانە بوون کە ئەو ئازادییەی تێدا بوو کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەعسدا بوونی نەبوو. هەموو هاوکێشەی شۆڕشی چەکداری جاران لەسەر گریمانی فراوانترکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان کاری دەکرد. فراوانبوونی ناوچەی ئازادکراو، بەرتەسککردنەوەی دەسەلاتی رژێم و نزیکبوونەوە بووە لە ئازادیی. بێگوومان ئازادی بەو پێناسەیەی کە هێزە چەکدارەکانی خەباتی چەکداری پێناسەیاندەکرد. بەرتەسکبوونەوەی جوگرافییای ناوچەی ئازادکراو، بە مانای لە دەستدانی ئەو کەمە ئازادییەش بوو کە خەلکی کوردستان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا هەیان بوو. 

بەڵام ناوچە ئازادکراوەکانی خۆشەویستی لە پارکی ئازادیدا، لە رۆژی دروستبوونیەوە تا سووتاندنی رەمزەکەی کە پەیکەری خۆشەویستییە، لە گەڵ زۆر بوونی رێگرییەکانی دەوری، هەر لە یەک جوگرافییای قەتیسکراوی بچووکدا دەمێنێتەوە کە پارکی ئازادییە. لە دەرەوەی پارکی ئازادی و پەیکەری خۆشەویستیدا، ناوچە نا ئازادکراوەکانی خۆشەویستی وەک خۆی بە هەموو بەهاکانییەوە درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات. رەنگە مەغزای دانانی جوگرافییایەکی تایبەت بۆ خۆشەویستی لە رۆژگارێکدا وەک کردەوەیەکی ڕادیکاڵانە سەرنجدرابێت، بەڵام لە پاش تێپەڕینی زەمەنێکی درێژ ،  دەبێ هەڵوێستەیەک و  چاوپیاخشاندنەوەیەک بەوەدا بکرێت کە ڕۆڵی پەیکەری خۆشەویستی لەمرۆدا چییە، چی خستۆتە سەر خەرمانی پرسی خۆشەویستی و چەندێک لە ئایندەدا دەکرێ سنوورەکانی جوگرافیای خۆشەویستی فراوانتربکاتەوە.   

ئایا بوونی  پەیکەری خۆشەویستی بە مانای ڕەوایەتدان نییە بەوەی کە خۆشەویستی  لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ئازادە و  لە دەرەوەی ئەم جوگرافیایەشدا دەکرێ ئەو کۆیلەی کولتور و ئایین و بەها دواکەوتووەکانی کۆمەڵگا بێت. ئایا وەزیفەی “پێشمەرگەکان”ی خۆشەویستی فراوانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی خۆشەویستیی نییە تا ئەو تێڕوانین و بەهایەی لە جوگرافیای پەیکەری خۆشەویستیدا باڵادەستە دەکرێ لە ناوچەکانی دیکەشدا سەروەر بێت. بەڵام ئایا هەستناکرێت ئاشقانی کۆمەڵگای ئێمە پشتوێنی بێکارییان لێکردۆتەوە و رازین بەوەی کە بوونی زۆنێکی بچکۆلە  بۆ خۆشەویستی هەستێکی لە چەشنی:” لە هیچ باشترە”ی  بەرهەمهێنابێت و بەوەی چوونە شەڕی بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا کارێکی سەختە، ملدان و ڕازیبوونێکی پاسیفیستانەی بەرهەمهێنابێت؟  

 

بە بڕوای من ئەگەر پەیکەری خۆشەویستی  نەسوتێندرایە، زیانەکانی مانەوەی لە نەمانەوەی زیاتر دەبوو. چونکە ئینسانی ئێمەی لە وەهمی بوونی ئازادیی خۆشەویستیدا پەلکێشدەکرد بۆ جوگرافییایەکی بچکۆلە کە پارکی ئازادی و سنوورەکانی دەوری پەیکەری خۆشەویستییە. بەوەی تا ئێستاش هیچ کۆششێکی تر لە لایەن “پێشمەرگەکان”ی خۆشەویستییەوە نەدراوە تا سنوورەکانی ئازادی خۆشەویستی لە پارکی ئازادیدا بێنێتە دەر و بیکاتە پرسیاری سەرتاپای رووبەری کۆمەڵگا، پەیکەری خۆشەویستی دۆخێکی سست و تەمبەڵی بۆ ئینسانی ئێمە دروستکردووە کە خۆشەویستی تەنها دەکرێ لە شوێنێکی دیاریکراودا ئازاد بێت . لە دەرەوەی ئەو سنوورەشدا چی دەگوزەرێ، پرسیاری من نییە.  لە کاتێکدا ئازادی یاخود هەیە یاخود بوونی نییە. ئەم دۆخە تێروانینی ئێمە بۆ ئازادی قفڵدەکات و جۆرێک لە قەناعەت و تەنانەت رەزامەندی بۆ قایلبوون بەوەی کە هەیە پەرەپێدەدات. 

بە بڕوای من، پەیکەری خۆشەویستی ئەگەر نەشسوتێنرایە دەبوایە لە باری رەمزییەوە گڕی ڕەخنەی تێبەردرابا بەوەی کە:” تا کەی خۆشەویستی سنووردراو بێت؟ ، چی دەبێت ئەگەر لە شوێنێکی دیکەی شاردا دوو کەس دەست لە ملانی یەکتر بن؟. بەڵام تا پەیکەرەکە لە شوێنی خۆیەتی، ئەم پرسیارانە لە ئاستێکی فراوانتردا دەنگدانەوە پەیدا ناکەن.  

 بەڵام سووتاندنی پەیکەری خۆشەویستی ئەم پرسیارانە دەکاتە پرسیاری ڕۆژ. 

 ئەوەتانێ کامەران نەجم کە لەگەڵ خۆشەویستەکەی لە شوێنی پەیکەرە سووتاوەکە ماچی ئاشقانە دەگۆرنەوە و دەڵێ:” پێویست ناکات پەیکەرێکی تر بۆ خۆشەویستی دروست بکرێتەوە. دەبێت گەنجان ئازادی خۆشەویستی ئاشکرایان هەبێت. ” بەڵام ئایا ونبوونی پەیکەرەکە، بە مانای گواستنەوەی نیگای ئێمە نییە لەسەر جوگرافیایەکی دیاریکراو بۆ خۆشەویستی بۆ سەر تاپای کۆمەڵگا، بە بڕوای من کامەران نەجم ئەوە دەڵیت. ئەگەر خاڵێکی گەش لە سووتاندنی پەیکەری خۆشەویستییدا هەبێت، ئازادکردنی نیگای پرسیاری ئێمەیە بۆ خۆشەویستی لە سنوورەکانی خۆشەویستییەکی قەتیسکراودا بۆ خۆشەویستی وەک مافێک کە دەبێ لە سەرتاپای کۆمەڵگادا بوونی هەبێت.  بە کورتییەکەی بینینی فەزایەکی گەورە ترە کە لە دەرەوەی جوگرافیای پەیکەردایە. رەنگە مانەوەی پەیکەر دەرفەتی ئەم پرسیارکردنانەی نەڕەخساندایە. 

 

بەکر ئەحمەد

20131020

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.