Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
چاوپێكەوتنێك لەگەڵ خالید عەبدولكەریم, بەكالۆریۆس لە كۆمەلناسى

چاوپێكەوتنێك لەگەڵ خالید عەبدولكەریم, بەكالۆریۆس لە كۆمەلناسى

Closed
by September 20, 2008 گشتی

 
  خالید عەبدولكەریم لەدیمانەیەك دا: بارى دەرونى زیندانیان ڕەچاو نەكراوە و هێشتا نەبۆتە پرەنسیپ
 
 گفتوگۆى عەدنانى مەلا ساڵەح(جێگرى بەڕێوەبەرى ڕادێۆى ئاسمانى جەماوەر)
 ئەوەى ماوەى ڕابردوودا جێى باس و خۆاسى ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنوسان بوو بریتى بوو لە هەبوونى سزاى جەستەى لەنێو زیندانەكانى كوردستان, نمونەشیان زیندانەكانى ئاكرىَ و سلێمانى…..هتد بەم دوایانەش ڕێكخراوى هیومن ڕایتس وتچ ڕاپۆرتێكى بڵاو كردەوە كە تیایدا باسى چەندین پێشێلكارى دەستدرێژى كردوە, كە دەكرێتە سەر زیندانیانى كوردستان لەم ڕوانگەیەوە ئەمجارەیان ڕێبازى ئازادى لەڕوى ڕەچاو كردنى بارى دەرونیەوە بڕوانێتە زیندانیان كوردستان, بۆئەم مەبەستەش  بە پێویستى زانى چاوپێكەوتنێك لەگەڵ خالید عەبدولكەریم, بەكالۆریۆس لە كۆمەلناسى  شارەزا لە دەروونناسی دا سازبكات.
 
 *ئەوانەى كە بۆ رەچاوكردنى لایەنى دەرونى زیندایان دانراون تاچەند پسپۆرن لە بوارى دەرونناسى؟
 
 وەڵام: بەپێى دیراسەتى خۆم دەربارەى شێواز و پێكهاتەى ئیدارى بەندیخانەكان,ئاشكرابووە ئەوانەى دانراون ستاف و بەڕێوەبەرن, ئەكادیمى نین و ڕەچاوى پسپۆڕێتى لەكاركردن نەكراوە, ئەمەیان ڕاستیەكە و حاشاى لێناكرێت, هۆكارەكەشى دەگەڕێتەوە بۆ ئەزمۆنى ئیدارەى كوردى, ئەو نۆرم و كەڵچەر و یاسایانە وەرگیراون و پیادە دەكرێین, مۆرك و خەسڵەتى كەڵچەرى حیزبى بەعسى پێوە دیارە, لەعێراق دا بەدرێژاى حوكمى بەعس بەندیخانەكان, بریتى بوون لە شۆێنى سزایى توند, تەنها سزاى تێادا بەكار هاتووە, و كەسانى سەربازى بەڕێوەیان بردووە, ڕەچاوى بارى دەروونى و جەسەدى تێا نەكراوە و سیستەمى دیكتاتۆرییەت بڕواى بەو پرەنسیپانە نیە, بڕواى بەچاكسازى كۆمەڵایەتى نى یە, بۆیە دەبینین جۆرى بەندیخانەكان لەعێراق دا بەگشتى و كوردستان بەتایبەتى شێوازە كۆنەكە زاڵە بەسەرى دا.لەم چەند ساڵەى دواییدا ئارەزوویەك دەبینین بەندیخانەكان لە سزاییەوە بگۆڕدرىَ بۆ چاكسازى كۆمەڵایەتى و زیهنى, بەڵام بەداخەوە ئایدۆلۆژیەتى حیزبى لە كوردستان دا ئیستاشى لەگەڵدا بێت ئەو ڕێگەیان خۆش نەكردووە ئەو گۆڕانە ڕوبدات, ئەو ئەجیندا تازەیەش بەكاریگەرى  هاتووە واتە لەفیكرەوە نەهاتووە,دواى پرۆسەى ئازادى عێراق بووەتە واقیعێك, و سیستەمەكەى ناچاركرد گۆڕانى حەتمى ڕوبدات, بۆیە ئەبینین بەندیخانە سزاییەكانیش لەژێر ئەو كاریگەریانەدا مەیلى بەچاكسازى بوون  دەكەن,ئەوەش بە دانانى ئەجیندایەكى زانستى دەكرىَ و پێویستى بە عەقڵیەتێكە بڕواى بە گۆڕانى بەندیخانەكان هەبێت, هەنگاوى سەرەتاش لەوەوە دەست پێدەكات ستاف و بەڕێوەبەرى بەندیخانەكان بگۆڕدرێن بەكەسانى پسپۆڕ لەبوارەكانى دەروونناسى و كۆمەڵناسى و یاساناس, لە شۆێن كەسانى سەربازى و ئیدارى و حیزبى, كەواتە وەڵامى پرسیارەكەت ئەوەیە نەخێر بارى دەروونى بەندییەكان ڕەچاو نەكراوە و هێشتا نەبوتە پرەنسیپ.
 
 
 
 
 * بەپێى ئەو دیراسەتەى كە خۆت باستكرد بارى زیندانیان لە زیندانەكانى كوردستان بەگشتى لە ڕوى خزمەتكردنەوە لەهەموو لایەنەكانەوە چۆن هەڵدەسەنگێنى؟
 
 وەڵام: مەبەست لەزیندانیكردن چەمكێكى ڕێژەییە, واتا لە وڵات و كەڵچەرێكەوە دەگۆڕێت, بەڵام بەگشتى جگە لە تاوانە سوكەكان, ئەوانەى تاوانى قورس ئەنجام دەدەن و حوكم دەدرێن, بەپێى دەقێكى یاساى دەبىَ, پێویستە ئێمە ئەو دەقە یاساییە بخەینە ژێر پرسیارەوە, و لایەنەكانى بپشكنین, ئایا كاتێك تاوانبارێك مەحكوم بەزیندان دەكات, لایەنەكانى ترى ژیانى ئەم تاوانبارەى بایەخ پێداوە؟ ئەمە جگە لە لەو بەندیخانەیەى بۆى داناوە و تیێدەخرىَ, ئایا ئەو شۆێنەیە كە تاوانباران فێربكات وەكو تاكێكى بەسود بگەڕێنەوە كۆمەڵگە و  جاریكى ترهەڵە و تاوان نەكەن.
 لەكۆن دا بەندیخانەكان لەشێوازى (مغلق) داخراو بووە و سزاى جەسەدى و دەروونى و كوشتنى تیابووە, لەبەر ئەوەى بڕوا بەچاك بوونى تاوانباران نەبووە, دواتر كۆمەڵێك تێۆر پەیدابوون لەبوارى تاوانناسى دا, جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەى تاوانباران بە سكماكى لەدایك نابن, بەڵكو كۆمەڵگە و دەوروبەرەكەى فێرى تاوانى دەكات, بۆیە پێویستە چاكبكرێن و بگەڕێنەوە بۆ كۆمەڵگە, بەندیخانە چاكسازییەكان لەسەر ئەم پرەنسیپە دامەزراون, بەڵام ئەگەر سەیرى بەندیخانەكانى كوردستان بكەین, ئەگەر مەبەست لە چاكسازى كردنى تاوانبارانیش بێ, ئەوە ڕوینەداوە,زیاتر مەبەست لەجىَ بەجىَ كردنى ئەو حوكمە بووە كە بەسەرى دا سەپاوە, بایەخدان بەخزمەتگوزارى نێو بەندیخانەكان ئەبىَ لەچوارچێوەى پرەنسیپ و ئەجینداى چاكسازى كۆمەڵایەتیدا بێت, تاوانبار ئاگاى لەوە نییە چوەتە ئەو شۆێنە بۆ ئەوەى چاك بكرێیتەوە لە غەریزەكانى تاوان و خەسارمەند بە كۆمەڵگە و دەرووبەرەكەى پێویستە پاكبكرێتەوە و بكرێتە تاكێكى خاڵى لە تاوانبارێتى, و بیر و ڕەفتاریان بگۆڕىَ, ئەمەیە بەرنامەى چاكسازێتى كۆمەڵایەتى بەندییەكان, بەڵام ناشبێت یەك لایەنە ئەو بەرنامەیە جىَ بەجىَ بكرىَ, گرنگ بە بەندییەكە بدرىَ و ژینگەى سەرەكى ئەو كە لێیەوە هاتۆتە بەندیخانە پیشتگۆى بخرىَ, بۆنمونە كابرایەكى خاوەن خێزان و منداڵ تاوانێك دەكات و حوكم دەدرىَ, ئایا شیرازەى خێزانەكەى تێكناچىَ؟ ئەو منداڵانەى كە باوكیان چارەنوسى دەبێتە بەندیخانە و بىَ بەخێوكەر ئەمێننەوە توشى لادان و كارەساتى ناخۆش نابن؟! دەیان چیرۆكى لەم بابەتە ڕویداوە, ئەگەر مەبەست لە چاكسازى بێت پێویستە هاوسەنگى ڕابگیرێت, تاوان, نەبێتە هۆى لەدایك بوونى تاوانى گەورەتر بۆ كۆمەڵگە.
 
 *ئایا تاچەند لە بەڕێكردنى فایل و كەیسى زیندانیان شەفافیەت هەیە و حوكمەكان لە كاتى خۆیدا دەردەچَیت بۆ نمونە هیچ حاڵەتێ بەدى دەكرێت كەسێك لە زیندان بێت و حوكمى یە كلاكەرەوەى بۆ دەرنەچوبێت لە كاتێكدا بێگومان ئەمە كارێگەرى دەرونى یەكجار گەورە لەسەر زیندانیان دروست دەكات؟
 
 وەڵام:ئەوەى من تێبینیم كردبێت وەكو تۆێژەرێكى كۆمەڵایەتى, كێشەى زۆر هەیە لەكەیسى تاوانباران دا, بۆ نمونە ئەو بەندیانەى لەڕێگەى ئاسایش و شۆێنە حیزبیەكانەوە كەیسەكەیان دەنێردرىَ بۆ دادگا ودواتر حوكم دراون, یاساى ئەم وڵاتە وایە لەدواى تەواو بوونى حوكمەكە ئەبێت(مدعی) داواكەر ڕازى بێت لى و بیبەخشى, ئەگینا كەیسەكەى بە هەڵواسراوى دەمێنێتەوە و لەبەندیخانەدا دەیگوزەرێنىَ, بۆیە پێویست دەكات دڵى مدعیەكەش ڕازى بكاتەوە, زۆرجار ئەمە بووەتە كێشە, بۆ نمونە ماوەیەك پێش ئێستا نەوجەوانێك لە ئاسایشەوە تەسلیم بەدادگا دەكرىَ و حوكمى چەند ساڵێك دەیگرێتەوە بەبەندكرن, لەبەندیخانەدا قسە بۆ ڕۆژنامەیەك دەكات دەربارەى ڕۆژانى بەندبوونى لەئاسایش و نەهامەتى خۆى دەیگێڕێتەوە كە چۆن ئاسایس مافە كانى پێشێل كردووە, ئەم نەوجەوانە ئەگەر حوكمەكەى خۆیشى تەواو بكات لەو باوەڕەدا نیم ئاسایش ڕازى بێت ئازاد بكرىَ, ئەمانە كێشەى گەوهەرین.
 
 *هیچ دەستدرێژیەى سێكسى بۆ سەر زیندانیان ئەنجام نادرێت؟ كە بێگومان خودى ئەم جۆرە حاڵەتانە دواتر دەبێتە كێشەیەكى دەروونى لەسەر ئەو كەسەى كە دەستدرێژییەكەى ئەكرێتە سەر؟
 
 ئەو ڕاپۆرتانەى لەلایەن  هیومن رایتس ووتش لەسەر بەندیخانەكانى كوردستان بڵاوكراییەوە, جۆرەها پێشێلكارى تێدا بوو بۆ سەر مافەكانى مرۆڤ, لەوانەش ئازاردانى جەسەدى و دەروونى و دەستدرێژى سێكسى, ڕاپۆرتى ئەو ڕێكخراوە ئەو خاڵانەى ئاشكرا كردبوون,زۆرجاریش زانیارییەكان لەنێو بەندیخانەكانەوە دزە دەكەنە نێو ڕۆژنامەكانەوە بەمەش واقیعى بەندیخانەكان بۆ ڕاى گشتى دەردەكەوىَ, كە بەڵى كێشەى لەو جۆرە لەنێو بەندیخانەكانى كوردستان دا بوونى هەیە, بۆ نمونە ڕۆژێك بەسەردانى چەند هاوڕییەكى تۆێژەرى كۆمەڵایەتیم ڕێمكەوتە بەڕێوەبەرایەتییەكى چاكسازى و تێبینەرایەتى نەواجەوانان, بۆمدەركەوت نەوجەوانىَ ئەو كێشەیەى هەیە, لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕییدا لە كۆیە بەتۆمەتى دزى دەستگیر دەكرێن, لەبنكەیەكى پۆلیسى ئەو شارە دەستدرێژى دەكرێتە سەر, دواتر لیژنە بۆ ئەو ڕوداوە دەگیرىَ, و هەندێكیان بەهۆى ئازارى جەسەدى و هەمە جۆرەوە دەخرێنە ژێر چاودێری تەندروستیەوە.
 كەواتە ئەو پێشیلكاریانە ڕوبدەن و ڕویاندابێت لەوەوە دێت ئەوانەى لەكەرتى لێكۆڵینەوەى پۆلیسیدان, زانیارییەكى سایكۆلۆژى و سۆسێۆلۆژى ئەوتۆیان نیە تەنها وەكو كەرەستەیەكى خاو سەیرى تاوانباران دەكەن و ناتوانن لەناخیان تێبگەن  لەو تێكچونە  كە لە ڕەفتارى ئەوان دا ڕوودەدات و دەبێتە هۆى تاوانكردن.ئەوانەش لەكەرتى چاكسازیدان نوخبەیەكى كەم نەبىَ بەمدوایانە تۆێژەرى كۆمەڵایەتى و دەرونیەكان دائەمەزرێن لەبەندیخانەكان دا, ئەگینا ئەوەى ڕۆڵى هەبێت و خاوەن قسە بێت كەسانى سەربازین و بەدورن لەزانیاریە پێویستە مرۆییەكان دەربارەى بەندیخانە و بەندییەكان, تۆێژەرەكانیش سەرقاڵى كێشەى لابەلادەكرێن, یان دەسەڵاتیان پێنادرىَ.
 
 
 • دەڵێن زیندان قوتابخانەیە هەروەك لە قانونیشدا باسكراوە كە زیندانى كردن  بەمەبەستى چاكسازیكردنى كەسەكەیە بەپێى ئەو هەڵسوكەوتەى لەگەڵ زیندانیان دا دەكرىَ چۆن لێكى دەدەیتەوە؟
 
 وەڵام: ئەو شۆێنەى زانیارى لێوەرگیراو لەمێكشى مرۆڤەكان دا چەسپا و بەخزمەتكردنى كۆمەڵگە شكایەوە ئەوە قوتابخانەیە, دەكرىَ بڵێن بەندیخانە قوتابخانەیە, بەڵام ئایا قوتابخانەیەكى تەواو تەندروستە لە كوردستان دا؟!بۆ نمونە نەتبیستووە مامۆستاى خراپ زیانى زۆرە بۆ ئایندەیى قوتابیەكانى, بەهەمان شێوەش ئەبىَ بەندیخانەش مامۆستاى باشى هەبێت, نەك مامۆستاكانى بەهەمان شێوەى تاوانباران ئەو غەریزەیانە تێا باڵا بێت و لەنەستیان دا بىَ, بۆ نمونە بەڕێوەبەر بەندیخانەیەكى گەورە لەم وڵاتەدا بە بەندییەكانى وتبوو: ئەمەیان لاى ئێمە بوایە لەو گەرمیانە, دەمانكوشت و قڕێمان دەدایە چاڵە شۆڤڵەكانى گەرمیانەوە,  ئەم قسە و عەقڵیەتى بەڕێوەبەرى بەندیخانەیەكى گەورە بێت, ئەبىَ ئەو بەندیخانەیە ناوى چ قوتابخانەیەكى بۆ ئیستیعارە بكەین.
 
 ڕێبازى ئازادى ژمارە(534)
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.