Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ''کارلۆس فوئێنتس''

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ''کارلۆس فوئێنتس''

Closed
by November 9, 2012 گشتی

 

 

 

د.س: چی وای لێکردی، وەک یەکێک لە نووسەرە پێشڕەوەکانی ئەمریکای لاتین و یەکێک لە زمانپاراوترین ڕەخنەگران لە ئیدارەی ”بووش”، ”کۆندۆلیزا ڕایس” تا جێیەکی چاولەسەری سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دوایین ڕۆمانتدا ”عەرشی داڵ،” تەنزێکی سیاسییانە، کە لەساڵی ٢٠٢٠دا ڕوودەدا، بەرزبکەیتەوە؟

ک.ف: من دڵنیاتدەکەمەوە، کە ئەم کتێبەم وەک دێو و درنج دەرکردنێک لە ڕۆح بە جادووگەریی نووسی، نەک چون پێشبینییەک. لێ ئیتر چون پێشبینییەک کۆتایی پێدێت. کۆندۆلیزا ڕایس، پێدەچێ بەڕاستی وەک سەرۆک کۆتایی پێبێت. ‘دیمۆکراتەکان’ هیچیان بە ئێمە پێشکەش نەکرد.

د.س: تۆ چۆن حەزلێکردنی گشتی بە ‘ئەو’ ڕووندەکەیتەوە؟

ک.ف: ئەو بەمێشک و وریایە. جلک بەباشی دەپۆشێ. بەتوانایە لە جیاوازیی کەم و بەئاستەم هەستپێکراو لە ڕەنگ و مانادا. وادەردەکەوێ  کە هەندێ شتی لەودیو ڕووکەشیەوە هەیە زیاترە لەوەی یەکێک مەزەندەی دەکا. ئەو دوو لاقی باشتری لە ”بووش” هەیە. و من دەزانم ”بووش” لاقەکانی بەچی دەچێ، چونکە من ئەوم لە شۆرتەکەیدا دیوە، لە پاسکیلەکەی کەوتۆتە خوارەوە.

د.س: گەر تۆ لەبارەی ژنێکەوە لەم وڵاتەدا، کە لەبەر لاقەکانی جێی بایەخ بێ، قسەبکەیت. تووشی ڕیسکی بەردەبارانکردن دەبیت. و بەمجۆرە ڕەوایە.

ک.ف: دەتوانم وا بڵێم! من مەکسیکیم!

د.س: ئاماژەت بەوە کرد، کە تۆ کەمتر خۆشییت لە شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ”ڕایس” دێت.

ک.ف: سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بیروباوەڕێکی ئاینیانەی بڕوابوون بە ناکۆکیی نێوان باشە و خراپەیە. ئەوە چون فیلمێکی سینەمایی ‘هۆڵیوود’ە. تۆ دەبێ بزانی کێ کڵاوی سپی هەیە و کێ کڵاوی ڕەش و دواتر بەرەنگاریی کڵاوە ڕەشەکە بکەیت. ئەوە ”مۆبی دیک”ە. فریشتەی باش و خراپی ”مێلڤیڵ” ئەوەیە کە لەوە گەیشتووە، کە ئەمە وڵاتێکە ئاتاجی بە دەعبایەک هەیە. هەڵخەڵەتاندنی دێوانەیەکە، کاپتن ”ئەهاب”، مانای وایە، کە نەهەنگی سپی دەبێ بڕوا. لێ وەک ‘کاترینا’ نیشاندا، شتانێکی گەورە، کۆمەڵە کێشەیەکی گەورە لە ناوخۆی ئەمریکادا هەیە. بەبێ ئەوە بەشێوەیەکی بەردەوام پێویست دەبێ جەنگی ئاینیی یا خەبات لە دژی پاشماوەی دنیا بخولقێنرێت.

د.س: بۆ پیاوێک، کە جارێک وەک باڵوێزێکی مەکسیکی لە فڕەنسا خزمەتی کردبێ، تۆ بەووردیی دیپلۆماتێکەوە دەرناکەویت. 

ک.ف: من خۆشییم لە شەڕکردن دێت. هەموو کاتێک دەچوومە ڕیزەکانەوە. دەبوو ئەوەم لەخۆما هەڵبگرتایە وەختێ من باڵوێزێک بووم.

د.س: هەرگیز بیرت لە خۆنامزەکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری مەکسیک کردبوویەوە؟ 

ک.ف: خەڵکیی دەنگ بۆ ڕۆمانووسێک نادەن. خۆ شێت نین!

د.س: بۆچی مەکسیک جێگرێکی سەرۆک کۆماری نییە؟

ک.ف: لەبەرئەوەی دەستبەجێ پیلان لەدژی سەرۆک کۆمار دەگێڕێت و لەسەر کاری لادەبا و لەوانەیشە بیکوژێت، وەک ئەوەی کە ڕوویدا وەختێ ئەرک و پیشەی جێگری سەرکۆماریی لە سەدەی نۆزدەدا لە مەکسیک هەبوو.

د.س: چی بۆ ئەو شێتگیربوونە هەنووکەییەی کۆچکردن لێرە و لەوێی ئەم وڵاتەدا دەکەیت؟

ک.ف: گەڵاڵەنامەی ‘سێنسێنبرێنەر’* شتێکی کەرانەیە. چونکە هێزی کاری ئەمریکایییەکان هیچ پێویستیییەکی بەوە نییە. تۆ بەقورسی باجی غیابی ئەم کۆچبەرانە دەدەیت. وڵات تووشی چەقین و گیرخواردنێک دەبێ. خەڵکت نابێ پاسەکان بئاژوون، سەرەوکاریی ڕیستۆرانتەکان بکەن، ئاگایان لە باخەکان بێت و خەمی منداڵەکان بخۆن و نیگەرانیان ببن. تۆ ئیدی خەڵکانێکت نابێت، کە کۆششکەر بەدڵ کارکەر بن.

د.س: لە تەمەنی ٧٧ ساڵانیدا، ئایا زۆر بیر لە تەمەن و ڕەفتارباشیی-morality دەکەیەتەوە؟

ک.ف: هیچکات بیری لێناکەمەوە. چی دێت با بێت. من دوو منداڵم هەبوون، کە بەر لەوەی بگەنە تەمەنی سی ساڵانیی مردن، بۆیە من کێم تا بۆڵەبۆڵ دەربارەی زیندوو مانەوە بکەم؟

د.س: تۆ زیاد لە پشکی خۆت خەفەتبارییت بەرکەوتووە.

ک.ف: لەهەموو شت زیاتر نەبوونی کوڕەکەم لە دەوروبەرم. زۆرم شانازیی پێوە دەکرد. ئەو نیگارکێشێکی زۆرباش بوو. نەخۆشی هیمۆفیلیا- نەوەستانەوەی خوێن-ی هەبوو. شەش ساڵان بەر لە ئێستا مرد. ناتاشا، کچەکەم، نێزیکی هاوینی پێشوو مرد.

د.س: بەیانیی ڕۆژی دوای ئەم جۆرە لە لەدەستچوون، چۆن لەخەو هەڵسایت؟

ک.ف: تۆ بەردەوام دەبیت. تۆ بەردەوام دەبیت. تۆ ئەو کەسە دێنیتە دنیا کە لەناوەوەی خۆتدا خۆشتدەوێ. ئەمە ئەو شێوەیەیە کە تۆ بە عەبایەک دادەپۆشرێیت. تۆ وا لەو کچ/کوڕە دەکەیت، کە لەناوەوەی تۆدا بژیێ، تەواوی ئەو ئەزموونەی من لەتەک منداڵەکانمدا هەمبوون، لەناوەوەی خۆمدا بوونە. لەهیچ جێیەکی دیکەی نابینم. دەتوانم وێنەیەکی فۆتۆگرافیی ببینم، دەتوانم هەست بە خەفەتباریی بکەم، دەتوانم شیعرێک بخوێنمەوە، لێ ئەزموونی هەبوونی ئەوان لەناوەوەی خۆمدا، مەسەلە گرینگەکەیە.

د.س: ئایا تۆ لە ڕۆژی دواییدا خۆ دەدەیتە پاڵ باوەڕی کاسۆلیکی؟

ک.ف: ژنەکەم ئەو باوەڕەی هەیە، لێ من نیمە.

د.س: مولحیدیت؟

ک.ف: لە ئەمریکای لاتین، تەنانەت مولحیدەکانیش کاسۆلیکیین.

د.س: تۆ، وەک یەک لە باشترین ڕۆشنفیکران لەجیهاندا، بەجۆرێکی نائاسایی دڵشاد دەردەکەویت. 

ک.ف: منیش چرکەساتی خەفەتباریی زۆر گەورەم هەبووە، بەڵام نا، من نەچەوسێندراوم. من لە کاژێر حەفتی بەیانی تا دوازدە خەریکی نووسینم. من دەزانم لەو زەمەنەی لەکیسمچووە، گشت ئەو شتەی من دەمەوێ بیکەم، نووسینە. و دڵخۆشیی، یا هۆ و سەرچاوەی کەیفخۆشیی ئەو شتەیە کە تۆ گەرەکتە چ بکەیت، نەک ئەو شتەی کەسێک پێتی دەڵێ تا بیکەیت.

 

 

ئەم چاوپێکەوتنە لەلایەن ”دیبۆرا سۆلۆمۆن”،سازکراوە. و لە ٣٠ی ئەپڕڵی ٢٠٠٦ دا لە ڕۆژنامەی ‘نیو یۆرک تایمز’ بڵاوکراوەتەوە.

 

Sensenbrenner bill: گەڵاڵەنامەیەک بوو لەلایەن ‘کۆمارییەکان’ و بەتایبەت ” جیم سێنسێنبرێنەر”ەوە بۆ پاراستنی سنوور و ڕێگرییکردن لە تێرۆریزم و کۆچی نایاسایی، لەساڵی ٢٠٠٥ دا پێشنیار کردرا و بەزۆرینەی دەنگی کۆمارییەکان، لە ‘ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا’ پرۆژە یاساکە تێپەڕی، لێ ‘ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا’ی تێنەپەڕاند.

 

 

سەرچاوە:

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.