Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەلبێر کامۆ

چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەلبێر کامۆ

Closed
by October 28, 2012 ئەدەب

 

 

 

دیدەنیکار: بۆچی ئەم ڕۆمانەت ناونا “نامۆ”؟

کامۆ: من، هیچ ناونیشانێکم بۆ ئەم ڕۆمانە دانەنا هەتا لە نووسینی تەواو بووم. ناوم لێنا “نامۆ”، چونکە بڕوام وایە، کە ناونیشانەکە تێمای سەرەکی ئەم ڕۆمانە لە خۆ دەگرێت. کاراکتەری سەرەکیم، “مێرسۆ”، بە ئاشکرا مرۆڤێکی گوێ نەدەر و بێ ئیحساسە. ناونیشانەکە، “نامٶ”، ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ “مێرسۆ”- و ڕوونیی تێڕوانینە کەمتەرخەمەکانی سەبارەت بە ژیان. بە درێژایی تەواوی ڕۆمانەکەدا، بە بەردەوامی قسە لەسەر ئەو تێڕوانینە دوور و جیاوازانە دەکات کە هەیەتی. تەنیا بایەخی ئەو سەبارەت بە ژیانی خۆی، پێداویستییە فیزیکییەکانیەتی. ئەو هەرگیز لە ژیانی خۆیدا جێ بایەخێکی سۆزمەندیی و عەقڵی نییە. وەختێ تەنیا “یەک ڕاستی”، “مەرگ”، لە ژیانیدا دەردەکەوێ، دەست دەکات بە بیرکردنەوە لە سۆز و هەڵچوونەکانی ڕووحی مرۆڤ. ئەو بەشێوەیەکی گشتیی و زۆرجار جیاکراوەتەوە لە جیهان و ژیانی خۆی. ئەو بەڕاستیی نامۆیەکە بە جیهان.

 

دیدەنیکار: دێڕی دەسپێک یان سەرەتای ئەم ڕۆمانە بووە بە یەکێک لە بەربڵاوترین وتەکان لە ئەدەبدا. کاردانەوەی بۆ ئەمە چییە، و مەبەستە بنچینەییەکانی تۆ بۆ ئەم دێڕە چی بوو؟

کامۆ: وەختێ ئەم ڕۆمانەم دەنووسی، مەبەستم نەبوو ئەم دێڕە زۆر بەناوبانگ بێت. هەتا نەمویست ئەم دێڕە سەرسوڕهێن و قەشەنگ، یا تەنانەت گرینگیش بێت. لێ پاش ئەوەی خوێنەران ئەم ڕۆمانەیان خوێندەوە، بڕوایان وابوو، کە ئەم دێڕە زۆر گرینگە بۆ ڕۆمانەکە. من هاوڕام لەتەک خوێنەرەکانم. وا بیردەکەمەوە دێڕێکی زۆر گرینگە، و تەنانەت وایش زەنمکردووە شایستەی ناوبانگییەتی. من پاڵپشتیکەرێکی بەهێزی تیۆری ئەبسێرد-بێهوودەییم، و ئەم دێڕە تیۆرەکە زۆر بەباشی کۆ و پوختە دەکات. تیۆری ئەبسێرد گفتوگۆ- دیسکەسی نەبوونی سازان دەکات لە وجوودێکی ماوەکورت و تژی ئازاری مرۆڤدا. لە سەرەتا دێڕی “نامۆ”دا، خوێنەر یەکەم سەرنج-ئاماژە وەدەست دەخا دەربارەی بێهوودەیی لە کاراکتەری “مێرسۆ” و ئەو تێلیگرافەی پێی دەگات. “مێرسۆ” بەشێوەیەکی سەرەکی دەڵێت، کە لەدەستدانی دایکی هیچ مانایەکی بۆ ئەو نییە. زۆرینەی خەڵک وا پیشان دەدەن، کە مەرگی دایکیان مامەڵەکردنێکی گەورەیە، بەڵام “مێرسۆ”، پاڵپشتیکەرێکی ناڕاستەوخۆی عەبەسییەتە، مەرگی دایکی فەرامۆش دەکات وەک ڕووداوێکی کەم بەها. پێدانی هەقیقەت و ئایدیاکان لە پشتەوەی ئەم دێڕە، من خۆشکەیفم، کە بووەتە دێڕێکی خۆشەویشت لای خەڵک و بە فراوانی ناسراوە. من زۆر بەتوندی “تیۆری ئەبسێرد” ئەزموون دەکەم، و دڵخۆشم دەتوانم ژیرییم بۆ ئەوانی دیکە بڵاوبکەمەوە. پاش بینینی سەرکەوتنی ئەم تاکە دێڕە، من زۆر ئەرێییانە تێدەگەم دەربارەی ئەوەی چی ڕوویداوە بۆ ئەم تاکدێڕە و بۆ ڕۆمانەکەیشم. 

 

دیدەنیکار: لە چ حاڵەتێکیاندا “مێرسۆ” ئەزموونە کەسییەکانی خۆت دەنوێنێ؟

کامۆ: “مێرسۆ” هێندە ئەزموونە کەسییەکانم نانوێنێ، ئەوەندەی بیروباوەڕە کەسییەکانم بەرجەستە دەکات. من هەندێ ئەزموونی هاوشێوەی ئەو ئەزموونانەم هەبووە، کە “مێرسۆ” پێیاندا تێپەڕیوە. خۆشەویستی چەندانم لە دەست داوە. وەک ژنەکانم و لەنەکاو ئەندامانی خێزانەکەم. چەندین پەیوەندیی خۆشەویستییم هەبووە. هەروەها من، زۆر بەگرینگی و پێویستییەوە، گەواهیدەری لە داردانێکم لە ساڵی ١٩٤١. ئەویش لە داردانی پیاوێکی فەرەنسی، “گابریێل پێری” بوو. لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە لە ماوەی سەرەتاکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا کوژرا. ئەمە یەکێکە لە گرینگترین ڕووداوەکان لە ژیانی مندا، و ماندوو بووم تا بیکەمە بەشێکی مانادار لە ئەزموونەکانی “مێرسۆ”. ئەمە یەکەم سەرەکیترین ڕێیە، کە “مێرسۆ” تێیدا ئەزموونە کەسییەکانی من دەنوێنێ. بەڵام بیروباوەڕە شەخسییەکانم زۆر بەڕاستەوخۆیی بەرجەستە کراون لە کاراکتەری “مێرسۆ”دا. وەک ئەوەی بەکورتی لە وەڵامی پیشوومدا قسەم لەسەر کرد، ماندوو بووم بۆ یەکگرتنەوەی “تیۆری ئەبسێرد”، بەهێزترین بیروباوەڕی کەسییم، لە شێوازی بیرکردنەوە و بیر و بۆچوونی “میرسۆ”دا. لە دێڕەکانی دەسپێکردنی ڕۆمانەکەدا، تا بێباکیی و گوێنەدانی لە مەراسیمی بەخاکناشتنی دایکی، تا بوونی بێباکیی بۆ پرۆژەی ژنخواستنی “ماری”، تا کەمتەرخەمییەکانی لە ماوەی دادگاییکردنەکەیدا، “مێرسۆ” بە بەردەوامی عەبەسییەت نمایش دەکات. ئەمە ئەو ڕێیەیە، کە من هەڵمبژارد بۆ ئەوەی خۆم لە کاراکتەرەکەمدا بەرجەستە بکەم- زۆر بۆ ئەزموونەکانم نا وەک ئەوەی بۆ بیروباوەرەکانم.

 

دیدەنیکار: سەرچاوەی سروشی پەیوەندییەکانی “مێرسۆ”ت لە کوێوە وەرگرت؟ ئایا هیچ  جۆرە پەیوەندییەکی هاووێنەی پەیوەندی “مێرسۆ” لەتەک “ماری”ت هەبووە؟

کامۆ: هەندەک لە پەیوەندییەکانی “مێرسۆ” بە دڵنیایییەوە بنەچەی خۆیان لە پەیوەندییەکانی خۆمدا هەیە، لێ هەندەکیشیان چنراون بۆ وەسفی “تیۆری ئەبسێرد- بێهوودەیی” بەشێک لە پەیوەندییەکانی ئەو لەتەک “ماری” لە پەیوەندییە ڕۆمانتیکییەکانی خۆمەوە سەرچاوە دەگرێت. لەو پەیوەندییەدا، هەموو شتێک پەیوەندی بە سێکسەوەیە. “میرسۆ” بە دەگمەن بیرلە (به‌ جیا: بیر له‌) شتی دیکە دەکاتەوە. لەبەر ئەمە دەتوانم کاراکتەری “ئەو” و پەیوەندییە کەسییەکانی خۆم پێکەوە گرێ بدەم. بە درێژاییی ژیانم، زۆر پەیوەندییم لەگەڵ زۆر ژنی جیاوازدا هەبووە. خیانەتم لە ژنەکانی پێشووم کردووە. هۆکاری سەرەکی، کە ئەمەم کرد، بە خاتری سێکس بوو. لە خاڵێکدا، من مینا نەخۆشێکی ئالوودەبووی سێکس دیاریکرام. پێویستیم بۆ چێژی جەستەیی-فیزیکی زۆر زۆر بوو، کە ئیرادەی کردنی هەموو شتێکم هەبوو- لەناویشیاندا خیانەتکردن لەسەروو ژنەکەمەوە- بۆ وەدەستهێنانی ئەو چێژە سێکسییەی ئارەزووم دەکرد. ئێمە دەتوانین ئەم ئارەزووانە لە پەیوەندی “مێرسۆ” لەتەک “ماری”دا ببینینەوە. ئەو بە تەنیا جەختی کردۆتە سەر لایەنی جەستەیی ئەم پەیوەندییە. وەک ئەوەی تۆ دەیبینی، هەندەک سەرچاوەی سروشم بۆ کاراکتەرەکانم لە پەیوەندییە کەسییەکانی خۆمەوە وەرگرتووە. 

 

دیدەنیکار: بڕوات وایە کە “مێرسۆ” وێنەیەکی ورد و درووستی کۆمەڵێک لە خەڵک بێت؟

کامۆ: کاتێ ئەم ڕۆمانەم دەنووسی، هەوڵمدا وێنەی “مێرسۆ”، وەک وێنایەکی لیکدانەوەکانم بۆ کۆمەڵێ لە خەڵک، کە هەندێ ئەدگاری فیزیکاڵییان هەیە، بکێشم. لە “تیۆری ئەبسێرد”مدا، ژیانی مرۆڤ بێمانایە و خاڵییە لە سازان- کۆوهیرێنس. ناتواندرێ ژیانی مرۆڤ بە یەک گۆشەنیگای فەلسەفی ڕوونبکرێتەوە. ڕووداوەکان، کە ڕوو دەدەن بێمانان و پێوەندییان پێکەوە نییە. و لە کۆتاییشدا، هەموو بوون لەناو دەچێ، ئەوجا هیچ پێویست ناکا گرنگی بە ژیان بدەیت. ئەمە وێناکێشانی هەقیقی کۆمەڵێ خەڵکە. “مێرسۆ” بە ڕوونی ڕۆڵی “تیۆری ئەبسێرد” نمایش دەکات. کاتێک دەربارەی مەرگی دایکی خۆی گۆێنەدەر و بێ باکە، هەتا ئەو کاتەی لەسەر مەرگی ناچاریی خۆی نیگەرانیی دایدەگرێ، ئەدگار و تایبەتمەندییەکانی “مێرسۆ” هاوپەیوەندە بە “تیۆرییەکە”وە. هەوڵمدا بۆ خولقاندنی بەرجەستەکردنێکی مرۆڤایەتی لە “مێرسۆ”دا؛ هەرچەندە، بە ئاشکرا و بەڵگەنەویستانە بڕوام وایە، کە “ئەو” وێنە یا نوێنەرێک دەقیقی کۆمەڵێ لە خەڵکە.


دیدەنیکار: بۆچی “ماجیسترەیت” ڕۆڵێکی وەها گرینگ دەبینێ لە ڕۆمانەکەدا؟

کامۆ: هۆکاری ئەوەی، کە من کاراکتەرێکی وەها گرینگم خولقاند لەم کتێبەدا ئەوەیە، ئەو ڕۆڵی دین دەگێڕێ. بەپێی “تیۆری ئەبسێرد”. دین هەقیقەتێکی ڕێژەییە- مانای ئەوەیە، کە دەکرێ ڕاست بێ، لێ تەنیا بۆ ئەوانەی لەگەڵ هەست و سۆز دان بۆ هەقیقەتی ڕێژەیی. بەڵام هەقیقەتە ڕێژەییەکان دەسبەجێ بێمانا دەبن لە کاتێکدا لە کۆنتێکستی ئیماندارێکی بە حەماس دا دەربهێنرێن. لە بەشەکەی دیکەی گەردووندا، ئەم بیروباوەڕانە بێنرخن. هەرچەندە، لە %٩٠ ی خەڵک لەم جیهانەدا، کە دینێکیان هەیە، هەڵەن. دینیان بێ بەهایە، لێ ئەم خەڵکانە هێشتا هەوڵ دەدەن ڕێی ئەم ئیمانە جێبەزەییەیان لە کن تەواوی خەڵک بکەنەوە- وەک ئەوانەی کە باوەڕیان بە “تیۆری ئەبسێرد” هەیە- ئەوانە بیروباوەڕە درووستەکانیان هەڵگرتووە. “ماجیسترەیت- Magistrate” لەم ڕۆمانەکەدا وێنای گشت ئەو خەڵکانە دەکا، کە باوەڕیان وایە دین وابەستە بە وجودی مرۆڤەوە گرینگە. “مێرسۆ”، ئەو کەسەیە کە بیروباوەڕەکانی خۆم سەبارەت بە ئەبسێرد- عەبەسیەت نیشان دەدات، ڕەتی بیروباوەڕەکانی “ماجیسترەیت” دەکا، کە دین گۆڕین تاکە ڕێیە بۆ “مێرسۆ” تا خۆی ڕزگار بکا. من “ماجیسرەیت”م لەم ڕۆمانەدا بەکاربرد تا دین نیشان بدات- و ئەوانەیشی کە ئیمانیان بە دین هەیە- لەم جیهانەی ئێمەدا.  

 

دیدەنیکار: بۆچی “مێرسۆ” دەتوانێ لە هۆکارەکان و ئامانجەکانی سزاکەی خۆی تێبگات، جیاواز لە زیندانەکانی دیکە؟

کامۆ: “مێرسۆ” دەتوانێ لە سزاکەی تێبگات لەبەر ئەو تێڕوانینە کەمتەرخەم و گوێندەریانەی. ئەو “نامۆ”یەکە بە ژیان و بە توندی خۆی لە ژیان جیاکردۆتەوە. لەبەر ئەمە، دەتوانێ لە ئەزموونەکانی بڕوانێ- و ئێستایش لە سزاکەی- لە گۆشەنیگایەک، کە زۆر لە بەدوا دا گەڕانی کۆمەڵی سێیەم دەچێ بۆ کوشتنی. بیروبۆچوونەکانی بێ لایەنانەن، هەروەها ئەو ڕوانینێکی بێ هەستانەی بۆ سزاکەی هەیە. ئەو لەوە تێ دەگات، کە پیاوێکی کوشتووە، و ئێستا شایستەیە لەژێر یاساکانی سیستەمی شەرعی جەزائیری- بچێتە زیندان. ئەو بەگشتی تێدەگات بۆ دەنێردرێتە زیندان. هەروەها تێیشدەگات بۆچی پاسەوانەکان سیگارەکانی لێ دەستێنن. درک بەوە دەکا، کە ئەوە سزادان نەدەبوو گەر شتانێکی چێژبەخشی وەک سیگاری هەبووایە. لەبەرئەوەی “میرسۆ” زۆر جیاکرابوویەوە لەژیانی خۆی، دەیتوانی سزادانی خۆی بەبێ هیچ لایەنگرییەک ببینێ. لەبەر ئەمە، “ئەو” دەتوانێ تێبگات بۆچی سزادانەکەی ئەوەیە، کە لەسەری سزا دەدرێ.

 

لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

سەرچاوە:

http://ebowen.wetpaint.com/page/Interview+with+Albert+Camus

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.