چه‌ند شارۆیه‌ک….شارۆی ژماره 2
چه‌ند شارۆیه‌ک*
له نێو لاپه‌ره‌کانی شۆڕشی ئه‌یلولدا
البارزانی و الحرکة التحرریه الکوردیة، الجز‌ء الثالث. مه‌سعود البارزاني، 2002
له دیمانه‌ی کۆمه‌ڵناسی مێژوویی و سیاسییه‌وه
ئاسۆ بیاره‌یی
سۆسیۆ سایکۆلۆژ2009 سوێدشارۆی ژماره 2
ئایا ده‌ستپێکردنی شۆڕشێکی نه‌ته‌وه‌یی
بێ رێکخستن، بێ به‌رنامه و ئامانچ، سه‌ر ده‌گرێت؟سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول چۆن بووه، به‌رنامه‌و ئیستراتیجی چی بووه؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره گرنگه، له نێو به‌شی یه‌که‌می ئه‌م په‌رتووه‌که مێژووییه‌دا ڕون و ئاشکرا نیه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که نووسه‌ر چه‌ند باره باسی تێکچوونی پێوه‌ندی نێوان پ‌د‌ک و حکومه‌تی عه‌بدولکه‌ریم قاسم ده‌کات( بڕوانه سه‌ره‌تای لاپه‌ڕه 22)، له‌لایه‌ک، له لایه‌کی تریشه‌وه بارزانی و پ‌د‌ک، خێڵ و بنه‌ماڵه کوردیه‌کانیان بۆ شه‌ڕی دژی قاسم، به‌بێ ڕوونکردنه‌وه‌یکی ته‌واو له‌سه‌ر ئامانج و مه‌به‌سته‌کانی شۆڕش، هان داوه ، ته‌نها ئه‌و ووته‌یه نه‌بێت که بارزانی له کۆبونه‌وه‌که‌ی گوندی سێده‌کان بۆ پێشمه‌رگه‌کان پێشکه‌شy کرووه:
بارزانی یه‌که‌م ( مه‌لا موسته‌فای بارزان) : وفي حالة استنفاذ اخر مجهودي وعندما لم یعد في مقدوري المواصلة ساتوجه الی سوریة..( البارزاني و الحرکة التحرریه الکوردیة، الجز‌ء الثالث، لاپه‌ڕه 34-35) مسعود البارزاني،2002. واته له کاتێکدا ئه‌گه‌ر دوا کۆششم کۆتایی پێ هات و توانای به‌رده‌وامبوونم نه‌ما، من به‌ره‌و وڵاتی سوریا ده‌که‌ومه‌ڕێ..). ئه‌م ووتانه‌ی بارزانی له کاتێکدا بووه که سه‌ره‌تای ڕۆژانی سازدان و کۆکردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه و خیڵه کوردیه‌کان بووه بۆ شۆرشی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لێکی ژێر ده‌سته.
ته‌نانه‌ت له کۆبونه‌وه‌که‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، پ‌د‌ک له کۆتایی مانگی حوزه‌یرانی 1961 یش، هیچ به‌رنامه‌یه‌ک و ئامانجێکی نه‌ته‌ویی تێدا دیارنه‌کراوه، جگه له هه‌وڵدان بۆ کڕینی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و ڕازی کردنی خێڵه کورده‌کان بۆ چه‌ك هه‌ڵگرتن و پشتیوانی کردنی شۆڕش. شایه‌نی باسه بارزانی یه‌که‌م (مه‌لا موسته‌فا) زۆر کارامه بووه له ناسینی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ئاستی یه‌کگرتنی ئه‌و خێڵ و بنه‌ماڵانه، له لاپه‌ڕه 24 به ڕونی باسی گیانی دووبه‌ره‌کی کردووه و هه‌ر له‌و رۆژانه‌وه بۆ میکانیزمێک گه‌ڕاوه که یه‌کیان بخاته‌وه، (هه‌مان لاپه‌ڕه). له کاتی شه‌ڕی نێوان (کورد‌و قاسم)دا ئه‌و هۆزانه، وه‌کو عه‌شیره‌تی زێباری و هه‌رکی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له گه‌ڵ بارزانیه‌کاندا ناکۆک بوون، گه‌وره‌ترین خزمه‌تیان به سوپای عێراق کردووه،( بڕوانه لا 52 گرتنی شارۆچکه‌ی نه‌هله)، هه‌مان سه‌رچاوه. لێره‌دا ووشه‌ی (جحش) که به کوردی جاش ده‌گه‌ێنێت، دێته ناو فه‌رهه‌نگی کوردیه‌وه. که‌واته ووشه‌ی جاش له سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانه‌وه، نه‌ک له ساڵی 1966 له دایک بووه،(لا. 24 هه‌مان سه‌رچاوه).
ئه‌و پرۆسه نهێنیه‌ی که له‌م به‌شه‌دا خۆی له ناو دێره‌کاندا شاردوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه که چۆن به ئاگاداری سۆڤیه‌ت، پ‌د‌ک کاری چه‌ک کڕینی کردووه، له کاتێکدا حکومه‌تی قاسم باشترین پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕوسه‌کان هه‌بووه؟ مه‌لا موسته‌فای بارزان، ڕێکه‌وتنی به ئاشکرا له گه‌ل رووسه‌کان له کرمیلن کردووه بۆ یارمه‌تی وه‌رگرتن لێیان، که له ڕیگه‌ی ئاسمانه‌وه بێت و له( دۆڵه هۆری) به‌فڕۆکه چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ دابین بکرێت، (بروانه لا 22 هه‌مان سه‌رچاوه). هه‌رچه‌نده ڕوسه‌کان په‌ژیوان بوونه‌ته‌وه و له جیاتی ئه‌وه پاره‌یان له ڕێگه‌ی(ناسکۆف)وه ناردووه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه، ئاخۆ لێره‌دا بزوتنه‌وه‌ی بارزان وه‌کو کارتێکی گوشار بۆ سه‌ر قاسم به کارهێنراوه؟ ئایا ڕوخاندنی قاسم له خزمه‌تی ڕوسیا بووه؟
هه‌رچه‌نده به‌هۆی هه‌ستی بنه‌ماڵه‌یی و تا ڕاده‌یه‌کیش هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی، له به‌ره‌کانی شه‌ڕدا، کورد، به سه‌رۆکایه‌تی بارزانی یه‌که‌م(مه‌لا موسته‌فای بارزان) سه‌رکه‌وتنی باش به ده‌ستهێناوه، به‌ڵام له‌ڕوی ڕێکسختن و پێکهاته‌وه، لاواز و بێ بروا بووه، چونکه خودی (بارزانی)یش، له شه‌ڕی نێوان خێڵه‌کان ترساوه. ئه‌م خاڵه لاوازه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول، یه‌کێک بووه له‌و هۆکارانه که زۆجار ره‌نگی خێڵه‌کی چۆکی به هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی هێناوه. بۆ نموونه، ڕازی بوونی شیخ ئه‌حمه‌د بارزانی به وه‌ستاندی شه‌ڕ دژی سوپای عێراق پایزی ساڵی 1961، به بێ ره‌چاوکردنی هاوسه‌نگی به‌ره‌کان، به‌وه‌ش پێشمه‌رگه‌ی به گشتی ناچاری کشانه‌وه کردووه،( لا 30 هه‌مان سه‌رچاوه). له لاپه‌ره 32 ش هه‌مان وێنه دووباره ده‌بێته‌وه، که هه‌ستی خێڵه‌کی زاڵبووه به‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیدا، بڕوانه شه‌ڕی جاشه‌کان و پێشمه‌رگه له مێرگه سوور، (هه‌مان سه‌رچاوه).
له ته‌رازووی سۆسیۆ مێژووییه‌وه، به‌سته‌ری ئاین و خێڵ، له گه‌رمه ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی که ناوی شۆڕشی ئه‌یلوله، له نیوان تاکی خێڵه‌کان ئه‌ستوورتر بووه تاکو بوونی گرێدانی نه‌ته‌وه‌یی ، بروانه ووته‌ی یه‌کیک له سه‌رۆک جاشه‌کان: ان کان القتال بین الحکومة و البارزانیین، فانأ مع الحکومة، اما اذا کان القتال بین العشائر والبارزانیین فأنا مع البارزانیین، واته ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌که جه‌نگی نێوان بارزانیه‌کان و حکومه‌ته، من له‌گه‌ڵ حکومه‌تم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له نێوان خێڵه‌کان و بارزانیه‌کان بێت، من پشتی بارزانیه‌کان ده‌گرم،( لا 32. هه‌مان سه‌رچاوه). له‌ڕۆ مێژووییه‌وه، ئه‌وه ئاستی دیرۆکی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێشه‌وه چوونی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بووه. که‌واته لێره‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان تاڕاده‌یه‌ک چنگ ده‌که‌وێت، که سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی ئه‌یلول چۆن بووه، به‌رنامه‌و ئیستراتیجی چی بووه؟ وه‌ڵامه‌که‌ش له بۆچونی ئه‌و سه‌رۆک خێله به‌رجه‌سته ده‌بێت که نووسه‌ر به جاش ناوی بردووه. که‌واته شۆڕشی ئه‌یلول ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی وه‌کو شۆڕشێکی نه‌ته‌وه‌یی پێشکه‌وتوخواز بووبێت، به‌ڵام هه‌سته خێڵه‌کی و بنه‌ماڵه‌ییه‌که، هێنده زاڵبووه، که نه‌یتوانیوه هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له ناو تاکی کورد بچێنێت. بۆیه لێره‌دا پێویست بوو نووسه‌ر، له به‌رئه‌وه‌ی مێژووی گه‌لێکی نووسیوته‌وه، باسێکی تێر و ته‌سلی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بکردایه. چونکه باسکردنی شه‌ڕه‌کان به ته‌نها هیچ نادات به ده‌سته‌وه، ئه‌گه‌ر ماتریاڵێکی زیندووی له پاڵدا نه‌بێت. بگره وه‌کو چیرۆکێک دێته‌و پێش چاو و ده‌بێته شتێکی ئه‌فسانه‌یی. گرنگی داتا‌و زانیاری له سه‌ر ئه‌و شۆڕشه و هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌ک له‌وه‌دایه، که ده‌بێته بناغه‌یه‌ک یان ئه‌زموونێک بۆ هه‌ڵنانه‌وه‌ی هه‌نگاوی نوێ له پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌یه‌کی تردا.
پرسیارێک که دێته ئاراوه ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌کرێت کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌بێ رژێمێک، به‌بێ رێکخستنێک و..هتد، له دۆخی پاشکه‌ووتوی میلله‌تی کورد دا، له‌و ساڵانه‌دا، که نۆرم و پێوه‌ره‌کانی خێڵ و بنه‌ماڵه و ئاین، تاکی کوردیان له خۆدا پاسیڤ و بێ گیان کردبێت، یان گونجاوه ڕابوونیان پێ بکرێت، به‌بی ئه‌وه‌ی بزانن چی ده‌که‌ن؟
سه‌رچاوه:
تێبینی ئه‌م شارۆیه ته‌نها تایبه‌ته به به‌شی یه‌که‌می( البارزانی و الحرکة التحرریه الکوردیة، الجز‌ء الثالث. بارزانی، 2002 لا، 21-39).
مسعود البارزانی (2002). البارزانی و الحرکة التحرریه الکوردیة، الجز‌ء الثالث. اربیل: مطبعة وزارة التربیة