چه‌ند شیعرێكی عه‌لی كاكاوند
نوح
به‌ڕاست كاتێك نوح
ته‌مه‌نی بووه نۆسه‌د ساڵ
شتێكی له منداڵی خۆی بیر ده‌هاته‌وه؟
دایه‌گه‌وره‌ی بێ ده‌ست
من كه كڕنووشم بۆ كه‌س نه‌بردووه
له به‌رامبه‌ر تۆدا ده‌نووشتێمه‌وه
تا قه‌یتانی پێڵاوه‌كانت بۆ گرێ بده‌م
دایه‌گه‌وره بێ ده‌سته‌كه‌م!
تاشه‌به‌رد
لێگه‌ڕێ له‌م ئه‌شكه‌وته‌دا
وه‌ها له یه‌كتریدا ون بین
به دیواره‌كانه‌وه بلكێین و بمرین
ساڵانێك دواتر كه‌سێك لێره‌وه تێده‌په‌ڕێ
وێنه‌ی دوو خێوی ئه‌ویندار ببینێ
كه ئیدی ئه‌وسا دوای نه‌وه‌یان بڕاوه.
ئه‌به‌دی
گه‌رچی لێره كامێرایه‌ك له گۆڕێ نییه
كه دوایین هه‌ناسه ده‌ده‌یت، پێكه‌نه
تێكه‌ڵه‌ی مردن و كه‌نین، مرۆڤ جوانتر ده‌كات.
نه‌مری
تاڵێك له قژی كچی چاپخانه‌كه
كه‌وته سه‌ر په‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌م
دواتر چه‌ند هه‌زار كه‌س كۆپی قژی ئه‌ویان بینی
كێ چوزانێ؟
ره‌نگه ساڵانێك دواتر
هه‌ر دووكمان نه‌مربین.
هه‌وه‌ڵین ئه‌وین
گوڵه‌كان نایلۆن بوون
دوای ساڵانێك بوو تێگه‌یشتم گوڵفرۆشییه‌كان گوڵی راسته‌قینه‌شیان هه‌یه
ساڵانێك دواتر بوو تێگه‌یشتم ناوچه‌وانت تێك نابوو.
ناودژ
قه‌له‌ڕه‌شه‌كان به‌فریان خۆشه‌وێ
كۆتریش دووكه‌ڵكێش
باڵنده‌كان به دژه‌كانه‌وه ده‌ژین
تۆیش به‌م هه‌موو هه‌سته‌وه
له ماڵه‌وه قه‌فه‌سی كه‌نارییت هه‌یه.
بڕۆنزی
چه‌ند قه‌ڕنێكه ئه‌وینداری سكرتێری مۆزه‌خانه‌كه‌م و
ده‌ستم بۆ درێژ كردووه
ئه‌و پێیوایه من ته‌نها په‌یكه‌ری فه‌رمانده‌یه‌كم
كه به‌ڕێكه‌وت ده‌ستی رووه‌و مێزه‌كه‌ی ئه‌وه‌و
خه‌ریكه فره‌مانی جه‌نگ ده‌رده‌كات.
ده‌ریا
دژواره ده‌ریابوون
دایكێكی چه‌ند غه‌مگین و پرسه‌دار!
ده‌بێت ئاگات له ماسی و ماسیگریش بێت.
هێوری
گه‌ر هاتییه لام
ده‌ریام بۆ مه‌هێنه
راسته ده‌ریا شه‌پۆلی هه‌یه‌ن رۆخی هه‌یه‌ن گوێچكه‌ماسی هه‌یه.
به‌ڵام ماسی و كۆسه ماسی و لاشه‌ی زۆریشی هه‌یه
ده‌زانی من نه‌حه‌وسه‌ڵه‌ی ئاژه‌ڵی ماڵیم هه‌یه
نه‌دڵی له‌باوه‌ش گرتنی ئه‌م هه‌موو لاشه‌یه.
ته‌نیایی
له پشته‌وه ته‌قه‌یان لێده‌كرد
له پێشه‌وه‌یش ته‌قه‌یان لێده‌كرد
كه شه‌ڕ ته‌واو بوو
هه‌موو گه‌ڕانه‌وه ماڵه‌وه‌و پێشوازی گه‌رمیان لێكرا
ئه‌و هه‌روا سه‌نگه‌ر بوو.
گوندی جیهانی
گوندی جیهانی بێ مانا ئه‌مه‌یه:
له كونجێكی ژووره‌كه‌دا رادیۆكه‌ت به گوێته‌وه نووساندووه
تا ده‌نگی هه‌واڵه‌كه‌ی له نێو بۆمبابارانه‌كه‌دا باشتر بژنه‌وی
ئه‌و له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه هه‌لاژاوه‌و
كه‌ناڵه‌كان ده‌گۆڕێ
تا بزانێ له وڵاته‌كه‌ی تۆ چ باسه.
تۆران
ژنه پێڵاوه‌كانی جووت ده‌كات
وه‌ك دوو كه‌روێشكی سپی نیگه‌ران
كابرا كاتژمێره‌كه‌ی داده‌نێ
وه‌ك كه‌ڵه‌كی نزمی ده‌وری ئۆردوگا
ژنه جانتاكه‌ی هه‌ڵده‌گرێ
رێك وه‌ك ژنه‌كه‌ی وێستكه‌ی كازابلانكا
كابرا له سه‌ر سیسه‌مه‌كه‌ی راده‌كشێ
وه‌ك تابووتێك كه سه‌ری مردووه‌كه‌ی دیار بێت
ژنه له پێچی پلیكانه‌كان ده‌چێته خوارێ
وه‌ك كه‌وتنه خواره‌وه‌ی به‌رد بۆ بنی دۆڵێك.
بلدۆزه‌ره‌كان
ئه‌م هه‌موو ماڵه‌مان رۆناو
خشتێك نه‌بووه هی خۆمان
من و بلدۆزه‌ره‌كان باشتر ده‌زانین
رێگه‌كان دروستكراون
تا مرۆڤه سه‌رگه‌ردانه‌كان سه‌رگه‌رم بكه‌ن
ماڵه‌كانیان دروستكردووه
تا مرۆڤه سه‌رگه‌رمه‌كان بخه‌وێنن.
گه‌ڵاكان
گه‌ڵاكان یه‌ك یه‌ك ده‌وه‌رن
جارجارێكیش به‌كۆمه‌ڵ گۆڕێكی لووله‌كی له هه‌وادا دروست ده‌كه‌ن.
دار به‌رده‌وام ده‌بێت
پرسه‌داری منداڵه‌كانی نابێ
پێیوایه ئه‌وان چوون بۆ سه‌فه‌ر و
دووباره ده‌گه‌ڕێنه‌وه
گه‌ڵاكان تاق و ته‌نیا ده‌وه‌رن
تاق و ته‌نیا پان ده‌بنه‌وه‌و گسك ده‌درێن
به‌ڵام هه‌موو پێكه‌وه ده‌سووتێن.
هه‌ڵپه‌سێراو
من بیر له گوێره‌كه‌یه‌ك ده‌كه‌مه‌وه
كاتێ گه‌وره‌بوو نه‌بێته گا.
سه‌رچاوه
سردخانه
علی كاكاوند
موسسه انتشارات نگاه
تهران، چاپ اول، 1391