چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک بۆ تێکدانی ڕه‌وشتی ئاو، له سلێمانی
ئێمه بۆیه ڕۆمانی شاکارمان پێ نانووسرێت، چونکه شارمان نییه. سلێمانییش گوندێکی هه‌ڵئاوساوه. ئێستا زه‌ینی لادێ، مامه‌ڵه‌ی لادێییانه و ناوماڵی دێهاتییانه، به‌ڕه‌نگ و ستایلی دێهاتی له سلێمانی باوێتی. سه‌رمایه‌یش به‌زۆری که‌وتووه‌ته ده‌ست لادێیی شارنشین، که ڕه‌نگه هه‌ندێک له‌وانه نه‌توانن به‌دروستی ناوی خۆیان بنووسن. له‌کاتێکدا تاکی گوندنیشین له گونده‌که‌ی خۆی و له کێڵگه‌دا، به‌سواری تره‌کتۆر و له‌پاڵ کێڵگه‌ی مه‌ڕوماڵاتدا جوانه و وڵاتیشی پێ ئاوه‌دانه. د. ولید أحمد السید، له و‌تارێکدا به ناونیشانی ((هیئة نقاد العمارة، في عامها الاول)) نووسیویه‌تی:
(ئه‌ده‌ب و ته‌لار له یه‌ک هه‌وڵدا پێوه‌ندییان به‌یه‌که‌وه هه‌یه، ئه‌ویش توانای له خه‌یاڵ ڕۆچوون و به‌ستنه‌وه‌ی ڕووداوه‌یل و چنینیانه له یه‌ک قاڵبدا، که له بناغه‌دا پشت به داهێنان ده‌به‌ستێت.. ڕۆمانی کڵۆڵه‌کانی ڤیکتۆر هۆگۆ، به درێژی پاریسی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می به ئامانج گرتووه، هه‌وه‌ها ڕۆمانی (چیرۆکی جووتێک شار)ی له‌مه‌ڕ چارڵز دیکنز و (زقاق المدق)ی له‌مه‌ڕ نه‌جیب مه‌حفووز. زۆرێک له ڕۆمانه‌یل هه‌ن وه‌ک سه‌کۆیه‌ک بۆ گێرانه‌وه، یان وه‌ک ته‌خه‌تی شانۆ، فه‌زای شار به‌کاردێنن که له‌وێدا ڕووداوه‌یل به‌ڕێوه‌ده‌چن. به‌هیچ کلۆجێک ڕۆمان به‌بێ شار مه‌یسه‌ر نابیت و نایه‌ته نووسین))
ڕۆمانی (ته‌لاری یه‌عقوبیان)ی له‌مه‌ڕ عه‌لاء ئه‌سوانی، ناوی ته‌لاره‌که‌ی هه‌ڵگرتووه و هه‌ر له‌و ته‌لاره‌یشدا به‌ڕێوه ده‌جێت. نه‌وه‌کان له‌وێدا گه‌وره ده‌بن. ڕۆمانه‌که باس له‌مێژووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند نه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌لی میسر ده‌کات. زۆری تریش هه‌ن به‌تانی شاردا دێنه خوار، به تایبه‌تی شاری بێروت..
له‌ڕاستیدا ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ته‌لارسازی، ڕه‌گه‌زی خه‌یاڵیش کۆیانده‌کاته‌وه. ته‌لار ده‌بێته شوێن بۆ به‌ڕێوه‌چوونی چیرۆک و ڕۆمان. ژانری ڕۆمان به‌تایبه‌تی وه‌سفی وردی ئه‌و ته‌لارانه ده‌کات، که ڕووداویان تێدا به‌ڕێوه ده‌چێت. له سلێمانی، تۆ پێ نازانی ئامانج له به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌لارانه چییه؟ ئایا که‌ڵکی ئابووریان هه‌یه، یان هه‌ر له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، که پاره‌دار و (سه‌رکار)ه‌کانیان له‌پرسی سه‌رمایه‌گوزاریدا تێیناهێنن و ئامانج ته‌نیا خه‌رجکردنی پاره‌یه‌ی که‌له‌که‌بووه؟ له‌به‌رزکردنه‌وه‌ی ئه‌م ته‌لارانه‌دا پێ ناچێت کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگی ته‌لارسازیی کورد به‌هه‌ند گیرابێت. چونکه نیشانه‌یه‌ک بۆ ئه‌وێتیی (شوناس) کورده‌واری به‌و ته‌لارانه‌وه نابینرێت.
ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و ته‌لار و کۆمه‌ڵگه‌و گه‌ڕه‌که نوێیانه‌ی، که بۆ ژیانی دانیشتوان دروست کراون، ناوی بیانییان هه‌ڵگرتووه، نه‌ک ناوی کورده‌واری. ئه‌مه‌یش خۆبه‌که‌مزانین به‌رامبه‌ر بیانیی تێدا ده‌خوێنرێته‌وه. ده‌نا بۆ له‌بری سیتی شار و له‌بری په‌ره‌دایس به‌هه‌شت به‌کار ناهێنن. که‌سانی پاشڤه‌رۆ له‌ئاستی خه‌ڵکی بیانی و شارستاندا هه‌ست به کێماسی ده‌که‌ن، له‌سه‌رێکی دیکه‌وه، ئه‌و خاوه‌ن پرۆژانه له‌بریی ئه‌وه‌ی وڵات به شار و شارستان بکه‌ن، دێن شارستان به دێهاتی هه‌ڵئاوساو ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌تا ده‌یان ته‌لاری کوێرانه و هه‌ڕه‌مه‌کیی به‌رز، له که‌ناری ئه‌و شه‌قامه گشتییانه‌دا به‌رزبوونه‌توه، که یه‌کسه‌ر به‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامدا ده‌ڕوانن بێئه‌وه‌ی باخیان هه‌بێت، بێ ئه‌وه‌ی جێی وه‌ستانی ئوتومبیلیان هه‌بێت. دیاره ئه‌و خاوه‌ن ته‌لارانه به‌نیازن شه‌قامی گشتی و شۆسته‌ی گشتیی به گه‌راج بکه‌ن، ده‌نا ته‌لارێک ده نهۆم هه‌ڵچووبێت خۆ ده‌بێ شوێنی وه‌ستانی په‌نجا ئوتومبیلیشی هه‌بێت.
سلێمانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی جه‌نجاڵی که‌س له‌که‌سه، زه‌مینه‌که‌ی به توێکڵی گوڵبه‌ڕۆژه‌و توێکڵی پاقله‌ی کوڵاوو کارتی ته‌له‌فوونی ده‌ستی داپۆشراوه. تکایه له ناوجه‌رگه‌ی شاردا، که ده‌کاته به‌ر‌ده‌رکی سه‌را، که‌مێک سه‌رنجی زه‌وی بده. به ده‌گمه‌ن به‌ردێک ده‌بینیت به ساغی مابێت. هه‌ر کاسبکارێک وه‌ختایێ له کاشیڕێژ کردنی دوکانه‌که‌ی بووه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌یلی لێ بێت، ئه‌وا شۆسته‌ی پێشی دووکانه‌که‌یشی کاشی ده‌کات و پلیکانه بۆ رێبوار چێده‌کات، واته به‌ئاره‌زووی خۆی ده‌ستکاریی موڵکی گشتی ده‌کات. تۆ کاتێک له‌وێ ڕێده‌که‌یت ده‌بێ له‌بریی ئه‌وه‌ی ئاسۆیی بڕاونێت، گه‌ره‌که سه‌رومڕ سه‌یری زه‌وی بکه‌یت ده‌نا تووشی به‌ڵایه‌کی نه‌خوازراو ده‌بیت.
له‌وێ جێیه‌ک بۆ مرۆڤی پیاده نه‌ماوه به‌سه‌لامه‌تی به‌سه‌ریدا بروات. به‌ده‌ر له پارکی ئازادی، جێیه‌ک بۆ خۆشی و کات به‌سه‌ربردنی ئه‌و حه‌مکه خه‌ڵکه به‌ڕێزه نه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌ویش به‌پاره‌یه. له غه‌فله‌تێکی خه‌ڵکی شاردا کارێزی وه‌ستا شه‌ریف بوو به بیابان و شوێنێک به‌ناوی باخی به‌ختیارییه‌وه له نه‌خشه‌ی شار‌و ده‌وروبه‌یدا نه‌ما. سه‌رچنار، که نزتکترین هاوینه‌هه‌واری شاربوو، بۆ هه‌موان بوو، بێ نموودو ته‌لبه‌ندکراوه و ده‌روازه‌که‌ی له ده‌روازه‌ی زیندان ده‌چێت و چوار ده‌وری ته‌لبه‌ندکراوه. ئه‌وه‌ی سه‌ردانی بکات ده‌بێ به‌پاره بچێته ژووره‌وه. نێوان باخی به‌ختیاری و به‌کره‌جۆیشیان به‌و خه‌ڵکه ڕه‌وانه‌بینی.
ئێستا سلێمانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌که ئاوه‌که‌ی پیسه، هه‌واکه‌ی پیسه، به‌شێک له‌و خۆراکه‌ی ده‌گاته ئه‌وێ ماوه‌به‌سه‌رچووه و پیسه. شه‌قامه‌یلی پیسن و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ریشی پیس بووه، ئیتر چلۆن ده‌شێ به کۆمه‌ڵگه‌ی وه‌ها بوترێت شار. دوور له زێده‌گۆیی، ژینگه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بووه به زبڵدانێکی مه‌زن. دیسان دوور له‌زێده‌گۆیی ده‌بوایه، له تاسلووجه سکیلتێک دابنرایه‌وه و به‌پیتی درشت له‌سه‌ری بنووسرایه: ((ئه‌ی ڕێبواری ئازیز، سه‌ردانی سلێمانی زیان به ته‌ندروستیت ده‌گه‌یه‌نێت!)) له کاتێکدا بیست ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر، له ڕۆژانی هه‌ینیدا، وه‌ختایێ مزگه‌وتی گه‌وره پڕ ده‌بوو، خه‌ڵک به دڵنیاییه‌وه به‌رماڵیان له گۆڕه‌پانه‌که‌ی پێشی ڕاده‌خست و نوێژیان داده‌به‌ست، چونکه به پاکیان ده‌زانی. ئێستایش ژیان له سلێمانیدا سه‌ره‌ڕۆیی و پڕ مه‌ترسییه. پێموایه ئه‌گه‌ر هه‌روا به‌م پیسی و پۆخڵی و جه‌نجاڵییه‌ی ئێستای بمێنێته‌وه، ئه‌وا ئه‌و نه‌وا‌نه‌ی له‌م شاره‌دا ده‌رده‌که‌ون و گه‌وره‌ده‌بن ته‌مه‌نکورت ده‌بن.
که‌م که‌س له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا به‌ساغی ماوه. سه‌رچاوه ئاگاداره‌کان باسی هه‌ڵکشانی ڕێژه‌ی شێرپه‌نجه و نه‌خۆشیی دڵ ده‌که‌ن. گرانه‌تایش یه‌خه‌یان به‌رنادات. شارێکه پرسه‌ی ڕووداوه‌یلی ڕیۆبانی لێ کۆن نابێ. ده‌شێ بڵێم نه‌بوونی لێپرسینه‌وه و یاسای هاتوچۆوی توندوتۆڵ و ڕێوبانی نوێ، کاره‌ساتێکی مرۆیی وه‌ک ئه‌نفالی لێ که‌وتووه‌ته‌وه؛ وه‌لێ ئه‌نفالێکی ڕۆژانه و هه‌میشه‌یی بێده‌نگ. خه‌مخۆرێکی کارسازیش به‌رچاو ناکه‌وێت.. ئاسمانی بان شاره‌یلی دنیا شینه، که‌چی ئاسمانی بان سلێمانی ساڵ دوانزه‌ی مانگ خۆڵه‌مێشییه. تۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێ ئاسمانی شین ببینیت، گه‌ره‌که ده‌یان کیلۆمه‌تر له‌وێ دووربکه‌ویته‌وه.
ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار له کتێبه‌که‌یدا (چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک بۆ تێکدانی ڕه‌وشتی ئاو) به‌چڕی و ڕوونی، ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌ر پرۆژه‌کانی ئه‌م دوایییه‌ی ڕێوبانی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری. ڕێبوار سیوه‌یلی، که پێشه‌کیی بۆ نووسیوه، له خانه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا پۆلینی کردووه و له زنجیره کتێبی (پرۆژه‌ی فه‌لسه‌فه)دا چوارده‌هه‌مینیانه. ته‌یب جه‌بار گله‌یی زۆری له ڕێی نێوان سلێمانی و تاسلووجه هه‌یه. وه‌ک باس ده‌کات هه‌ڕه‌مه‌کی دروست کراوه. داهاتوو ڕه‌چاو نه‌کراوه و سه‌لامه‌تیی گیانی هاووڵاتییان به‌هه‌ند نه‌گیراوه. پاره‌ی زۆری تێدا به‌فیڕۆدراوه. به‌پێی ئه‌ندازه‌ی نوێ، ڕێوبانێکی نائه‌ندازه‌یی و له‌دوایه:
((بێ سه‌رو به‌ری له‌ئیش کردندا، به‌وه‌ی به‌که‌یفی خۆیان لم و کیربستۆن و مه‌وادی تر له‌سه‌ر هه‌ردوو لای ڕێگاکه به‌شه‌وو به‌ڕۆژ بڵاوده‌که‌نه‌وه و هیچ بیر له سه‌لامه‌تیی گیانی خه‌ڵک ناکه‌نه‌وه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆیش نقه‌ی لێوه نایه‌ت. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم تا ئێستا (20 تا 25) که‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه.. ئه‌رێ به‌ڕاست کێ به‌رپرسه له گیانی هاووڵاتییان؟ ئه‌رێ به‌ڕاست که‌سوکاری ئه‌و هاووڵاتییانه بۆ شکات له به‌رپرسان ناکه‌ن؟ ل، 21))
وه‌ک نووسه‌ری ئه‌ندزیار باس ده‌کات ((جاری وا هه‌یه له تاسلووجه‌وه تا سلێمانی سه‌عاتێک زیاتر ده‌خایه‌نێت، ل، 21)) له‌کاتێکدا نێوان تاسلووجه‌و سلێمانی نزیکه‌ی (15) کیلۆمه‌تره. به ڕای نووسه‌ر، که خۆی شاره‌زای بواره‌که‌یه ((ئه‌م پرۆژه‌یه (جه‌زره‌یه) پرۆژه‌یه‌کی نا ئه‌ندازه‌یی و ناشیرینه، هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ک ناگه‌یه‌نێت جگه له دروست کردنی کۆسپ و گرفت… پاره‌یه‌کی زۆری تێده‌چێ بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک زه‌ڕه سوود بگه‌یه‌نێت… له پردی که‌نه‌که‌وه‌وه تا سلێمانی، شۆسته‌که سه‌دان چاڵ و چۆڵیی تیایه وه‌ک خه‌ڵک ده‌ڵێت بووه به ته‌به‌قی هێلکه. ل، 22))
ئه‌م کتێبه ده‌یان پرسیاری به‌جێ و جیددی سه‌باره‌ت به ناته‌واوییه‌کانی ئه‌و ڕێگه‌یه ده‌ورووژێنیت و داوای وه‌ڵام له به‌رپرسان ده‌کات:
بۆ به‌رپرسانی ئێمه جه‌زره‌ی ناوه‌ڕاست ده‌شێوێنن و شۆسته چاک ناکه‌ن؟ ل،23.
باشه به‌رپرسانی ئێمه خه‌ڵکی تاسلوجه به مرۆڤ ده‌زانن؟ به کوردیان ده‌زانن؟ ئه‌ی بۆ خزمه‌تیان ناکه‌ن؟ ل، 24.
ئه‌گه‌ر مرۆڤێک له‌ناو قوڕو لیته‌و زبڵ و خاشاکدا بژی و به‌خێو بکرێت، ده‌بێ چۆن مرۆڤێکی لێ ده‌ربچێت؟ ل، 24.
ئێوه بۆ ئاو‌و کاره‌با بۆ جه‌زره‌ی ناوه‌ڕاستی ڕێگایه‌کی ده‌رێی شار ڕاده‌کێشن؟ ل، 25.
ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار، له لاپه‌ڕه (25)دا، به زمانی داتا به‌ره‌وڕوڕووی به‌رپرسان ده‌بێته‌وه و بڕی وه‌ها مه‌زن له پاره‌ی به‌فیڕۆدراو له‌م ڕێیه‌دا ده‌خاته ڕوو، ده‌کرا ده‌یان گوندی پێ ئاوه‌دان بکرێته‌وه. له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا هه‌ندێک له‌و کارانه به (غه‌ڵه‌ت و وێرانکاری) ناوده‌بات. لێره‌دا وه‌رگر سه‌ری ده‌سووڕمێت و له‌لای خۆیه‌وه، ده‌یان پرسیاری له‌جێی به خه‌یاڵدا دێت. ئه‌مانه بۆچی ئه‌وه‌نده نابه‌رپرسیارانه مامه‌ڵه ده‌که‌ن، بۆ به‌ته‌نگ گیان و سامانی خه‌ڵکه‌وه نین؟ بۆچی نێوانی مرۆڤ و ژینه‌گه تێکده‌ده‌ن؟ بۆچی مرۆڤ به ژینه‌گه‌که‌ی خۆی نامۆ ده‌که‌ن؟
جا چونکه ته‌یب جه‌بار که‌سێکی شاعیره، له‌هه‌ندێک جێ‌دا به‌شیعر، ڕه‌خنه ده‌گرێت و ناونیشانی یه‌کێک له‌باسه‌کانیش، که له مه‌ڕ (40) مه‌له‌وانگه‌ی سه‌قه‌ته. به‌هه‌ڵبه‌ست داڕیشتووه، ڕه‌نگه به‌و نیازه ئه‌مه‌ی کردبێت، کاریگه‌یی پتری له‌سه‌ر زه‌ینی به‌رپرسان هه‌بێت. ناونیشانه‌که له‌خۆیدا کۆکردنه‌وه‌ی دوو پارادۆکسه. مه‌له‌وانگه ده‌بێت پڕبێت له ئاو، که‌چی ئه‌وانه‌ی له‌مه‌ڕ سلێمانی وشکن.
چل مناڵم، چل په‌نجه‌م، هه‌شتا چاوم
چل (مه‌سبه‌حی وشک)ی بێ ئاوم
نووسه‌ر له‌به‌ر ڕۆشنایی (13) هۆکار، که له‌م کتێبه‌دا به‌درێژی ڕوونی کردوونه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت به پرۆژه‌ی چل مه‌له‌وانگه سه‌قه‌ته‌که، ده‌گاته ئه‌م ئه‌نجامه: ((ئه‌م پرۆژه‌یه‌یش یه‌کێکه له پرۆژه وێرانگوزارییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم))
یه‌کێکی دیکه له باسه‌کانی ئه‌م کتێبه، به سه‌ردێڕی (پرۆژه‌ی مه‌سره‌فی جێب)ه.. لێره‌دا ده‌ڵێت : (( ده‌بوایه به شه‌ش مانگ ته‌واو بکرایه، به‌ڵام وا شه‌ش ساڵ تێپه‌ڕی و هێشتا (50%)ی ته‌واو نه‌بووه، چونکه کۆمه‌ڵێک به‌رپرس (مه‌سره‌فی جێب)ی لێ ده‌رده‌که‌ن… ل، 33)) دواتر له‌مه‌ڕ ئه‌م پرۆژه سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه ده‌نووسێت: ((له ماوه‌ی ئه‌م (6) ساڵه‌دا ئه‌م پرۆژه‌یه دوو سێ ده‌زگای کردووه، ئیتر که ده‌گوازرێته‌وه، ده‌زگای تازه له ده‌زگای کۆنه ناپرسێته‌وه چیتان کردووه و چیتان خه‌رج کردووه؟ یه‌کسه‌ر له (سفر)ه‌وه ده‌ستپێده‌کات و کۆمه‌ڵێک به‌رپرسی تر (مه‌سره‌فی جێب)ی لێ ده‌رده‌که‌ن. یه‌کێک له خاسیه‌ته‌کانی تری ئه‌م پرۆژانه ئه‌وه‌یه (مه‌کان) و (زه‌مان) و (پاره) ی دیاری نییه، که‌س نازانێت چه‌نده ؟ به‌که‌یفی خۆیان پانی ده‌که‌نه‌وه، باریکی ده‌که‌نه‌وه، درێژی ده‌که‌نه‌وه، کورتی ده‌که‌نه‌وه، ئه‌م دیوو ئه‌و دیوی ده‌که‌ن، جار جار لێی ده‌وه‌ستنه‌وه و دوایی گوڕی لێ ده‌به‌ستنه‌وه….ل، 34))
نووسه‌ر بۆ له‌قاودانی ئه‌م دیارده ناجۆره، په‌نا بۆ شێوه نووسینی گاڵته‌ئامێزو کاریکارتێر ده‌بات، که شێوازێکه زۆر جاران، ستووننووسه‌یلی شاره‌زا له ڕۆژنامه به‌ناوبانگه‌کاندا په‌نای بۆ ده‌به‌ن.. له کۆتاییدا، به‌ته‌وسه‌وه ده‌نووسێت: (( سوپاس بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌زگای چاودێریی دارایی!))
پاژێکی دیکه‌ی کتێبه‌که به سه‌ردێڕی ((چه‌ن پرۆژه‌یه‌ک بۆ تێکدانی ڕه‌وشتی ئاو))ه، که ڕه‌نگه گرینگ‌ترینیان بێت، باسی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک ده‌کات بۆ کۆکردنه‌وه و هه‌ڵدانی ئاو بۆ به‌رزایی و به‌نداو دروستکردن، که ئه‌مانه‌ن:
(پرۆژه‌ی چه‌می قه‌ڵاچوالان /هه‌ڕووته‌ی ئه‌زمر)
(ناوقه‌دی ئه‌زمڕ/ به‌نداوی وشک/ چه‌می قه‌ڵاچوالان)
(تووی مه‌لیک/ ده‌باشان)
ده‌ریاچه‌ی دووکان/ خانووه‌کانی دامێنی شاخی سارا)
کاتێک مرۆڤ له‌م پرۆژانه وردده‌بێته‌وه، تێده‌گات، که بێ مه‌ڵامه‌ت نه‌بووه کورد تاکو نهۆ نه‌یتوانیوه، ببێت به خاوه‌ی کیانی خۆی و له‌م دنیا به‌رینه‌دا، جێ پێیه‌ک بۆ خۆی بکاته‌وه. ناشێ ئه‌و گه‌مانه ناوی پرۆژه‌یان لێ بنرێت، چونکه نه‌ک ئه‌ندازیار، هه‌ر مرۆڤێکی نه‌خوێنده‌واریش له‌وه تێده‌گات که ئه‌م کارانه سه‌رناگرن و هه‌تا بڵێی ساکار و بێ واتا‌و پاره به‌فیڕۆدانن.. به‌ڕاست (به‌نداوی وشک) چییه؟ به‌نداو ناوی خۆی وا به‌خۆیه‌وه، ده‌بێت ئاوی تێدا کۆکرابێته‌وه؛ وه‌لێ ئه‌وه‌تا له سلێمانی به‌نداویان بۆ کۆکرنه‌وه‌ی هه‌وا چێکردووه. ئێمه له‌به‌رانبه‌ر دۆن کیخۆته‌دا نه‌وه‌ستاوین. ئه‌مه زاده‌ی خه‌یاڵی فراوانی ڕۆماننووسێکی سه‌ر به ڕیالیزمی ئه‌فسوونی نییه. ئه‌مه له‌سه‌ر زه‌وینه‌ی واقیع له سلێمانی ڕوویداوه و ته‌یب جه‌باری ئه‌ندازیارو شاعیر ئا‌وا پێمانی ده‌ناسینێت:
((پرۆژه‌ی به‌نداوی وشکه‌و پێی ده‌وترێت (به‌ند با) وتم مه‌له‌وانگه‌ی وشک و (به‌نداوی وشک)م بیستووه، ئه‌ی (به‌ند با) چییه؟ وتیان (به‌ند با) حه‌وزێکه به به‌ردو کۆنکرێت و مونه‌ی چیمه‌نتۆو ته‌لی موشه‌به‌ک دروست ده‌کرێ، به‌رپرسه‌کان (با)ی تێدا کۆده‌که‌نه‌وه بۆ نه‌وه‌کانی دواڕۆژ! منیش وتم: ده‌ستخۆش بۆ داهێنانیان، سوپاسی دڵسۆزی و خه‌مخۆرییان ده‌که‌م بۆ نه‌وه‌کانی دواڕۆژ!… ل، 45))
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاستینه بۆ بنیاتنانی شاری سلێمانی بکه‌ین، هه‌ر ده‌بێ له ڕوانگه‌یه‌کی کوردی و له زه‌ینێکی کوردانه‌وه ئه‌م کاره ئه‌نجام بده‌ین. خوێندنه‌وه‌ی خۆرئاوایییانه‌ی شار، بۆ سلێمانی، پڕبه پێستی نابێ، چونکه ئه‌و زه‌ینه‌ی پایته‌ختی بابانی له قه‌ڵاچوالانه‌وه بۆ سلێمانی گوێزایه‌وه، له زه‌ین و هزری میرێکی کورده‌وه ده‌رهه‌ق به‌و ڕۆژگاره سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. بۆیه له‌م به‌ستێنه‌دا، واته له تافی چێ‌کردنی سلێمانیدا، ئێمه پێویستمان به‌وه نابێت، به گوته‌ی ئه‌ندازیار و ته‌لارسازه ئه‌وروپایییه‌کان، ڕاکانمان له‌مه‌ڕ بنیاتنانی سلێمانی بسه‌لمێنین.
پڕبه واتای زاراوه‌ی کورده‌واری، سلێمانی شارێکی کورده‌وارییه. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، له‌کۆنیدا پێ نه‌زانین، ئه‌و شاره کوردنشینانه‌ی تاکو ئێستایش به‌پێوه ماون، کێ بنیاتی ناون و که‌ی بنیانراون و له‌ساو په‌نای کامه ده‌وڵه‌ت و سوڵتاندا بنیاتنراون، ئه‌وا یه‌ک له‌باری سلێمانی دامه‌زرێنه‌رو میژووی دیاری هه‌یه‌و له‌سا‌یه‌ی میرنشینی بابان‌دا به‌شار کراوه. واته سلێمانی شارێکه له‌سه‌تا سه‌ت کورده‌وارییه. به مێنتاڵی کوردی نه‌خشه‌ی شه‌قام، قشڵه، گه‌رماو، بازاڕ، مزگه‌وت و خوێندنگه‌ی بۆ داڕێژراوه. به‌و نیازه‌ی پایته‌خت بێت، نه‌ک شارێکی ئاسایی.
واته ئه‌گه‌ر سلێمانی یه‌که‌م شاریش نه‌بێت، ئه‌وا له‌ڕیزی ئه‌و شاره ده‌گمه‌نانه‌ی کوردستاندایه، که کورد بۆ ئه‌وه‌ی بنیاتناوه پایته‌خت بێت. دیاره مه‌هاباد به‌رله‌وی قازی بیکاته پایته‌ختی کۆماری کوردستان خۆی شار بووه. هه‌ولێر هینده کۆنه، که‌س به‌ڕاست و دروستی پێ نازانێت که‌ینێ و کێ دروستی کردووه. واته به‌هه‌زاران ساڵ به‌رله‌وه‌ی ببێته پایته‌ختی هه‌رێم، هه‌ولێر شار بووه و چه‌ند ناوێکیشی گۆڕیوه. وه‌لێ سلێمانی کۆرپه‌ی بابانه‌و له میرانی بابان که‌وتووه‌ته‌وه. شارێک بووه له قسڵ و به‌ردو خشتی سوور و گڵ، بۆ ژیانی چه‌ند هه‌زار که‌سێک و به پێوودانگی ئه‌و ڕۆژه و له جییه‌کی مه‌حکه‌م و ستراتیجیدا بنیاتنراوه.
وه‌لێ شاری سه‌رده‌م ده‌بێ ته‌لاری به‌رز و مه‌زنه گومه‌زی تێدابێ، که هه‌م به‌رزه، هه‌میش، وه‌ک نموونه‌یه‌ک بۆ به‌رزی و قووڵی و شینایی ئاسمان، فراوانه. شار که جێژیانی ده‌یانهه‌زار مه‌ردمه، گه‌ره‌که له‌وێدا ڕووبه‌رێک بۆ ئاو، ڕووبه‌رێکیش بۆ سه‌وزایی هه‌بێت، تاکو خه‌ڵکی به به‌رچاوڕوونییه‌وه بای باڵی خۆیانی تێدابده‌ن، هه‌وای پاک هه‌ڵمژن و ژینگه‌که‌یان خاوێن بێت. گه‌ره‌که خاوه‌نی شه‌قامی فراوان و پیاده‌ڕه‌وی فراوان بێت. وا بێت ئوتومبیله‌کان و تاکه‌کانیش به‌ریه‌ک نه‌که‌ون. گه‌ره‌که ڕووبه‌رێک بۆ باڵنده‌کانیش هه‌بێ، هێڵانه‌ی لێ هه‌به‌ستن و به‌ئازادی چینه‌ی تێدا بکه‌ن و بفڕن.
شاری بێ پاساری و بولبول و له‌کله‌ک و په‌ڕه‌سێلکه و کۆتر و قه‌له‌باچکه و قه‌له‌ڕه‌ش مریشکه‌ڕه‌شه‌و قازو مراوی که‌ی شاره؟ ئه‌گه‌ر نزیک به ده‌ریاو ده‌ریاچه و ڕووبار بوو، شاری بێ ماسیگره (نه‌وره‌س) که‌ی شاره؟ شار ده‌بێ دوور له ها‌ڕه‌هاڕی ئوتومبیل و مۆتۆڕسایکل و جرتوفرتی پایسکلسوار، پیاسه شه‌قامی هه‌بێت، تا ماڵخۆو گه‌شتیاران تاوێک له‌وێدا، دوور له ژاوه‌ژاو و ڕاکه‌ڕاک، پیاسه‌ی لێ بکه‌ن و له‌وێ بخۆن و بخۆنه‌وه و بکڕن، شانیان به‌ر شانی یه‌ک و پێڵاویان به‌ر پێڵاوی یه‌کودوو نه‌که‌وێت. ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ دۆستی و په‌له‌وه‌ر د‌ۆستیی دانیشتوانه‌که‌یدا، ڕووبه‌ری هێمنی بۆ کۆتره‌کان هه‌بێت، پیاسه‌ی تێدابکه‌ن و به‌یه‌کدا هه‌ڵپژێن و بگمێنن، تا چاوو دڵی ڕێبواریان پێ ڕوون بێت. ترسی به‌نێچیربوونیان نه‌نێت و به‌ژێر ده‌ست و پێوه نه‌بن.
گه‌ره‌که شار بۆ پیاسه‌ی دۆسته‌یل، دڵدارو ژن و مێرد، ده‌یان مه‌زنه باخی تێدا بێت تا له‌سای سێبه‌ری دره‌خته هه‌ڵچووه‌کاندا هه‌وای پاک و بۆنی گوڵ هه‌ڵمژن و گوێیان له چریکه‌ی بانگخۆشکه بێت و چاویان له‌فڕینی ورده‌مه‌ل و په‌پووله‌و هه‌نگ بێت و له‌وێدا ده‌ردیدڵی خۆیان بکه‌ن. گه‌ره‌که شار بۆ نمایش و ڕایکردنی میهره‌جان و گرێدانی کۆڕ و کۆبوونه‌وه، ده‌یان مه‌یدان و گۆڕه‌پانی فراوانی تێدابێت، تاکو دانیشتوانه‌که‌ی هه‌ست به‌کرانه‌وه‌و فراونیی شاره‌که‌یان بکه‌ن، شاری بێ مه‌زنه گۆره‌پان خه‌ڵکه‌که‌ی پشووکورت و ته‌نگه نه‌فه‌سن.
که‌م شاری کوردستان هه‌یه هینده‌ی سلێمانی خه‌ڵکه‌که‌ی متووی په‌یکه‌ر بن، به‌ڵام له ڕووبه‌ری سلێمانیدا یه‌ک شوێنی گونجاو بۆ دانانی په‌یکه‌ر نادۆزییه‌وه، چونکه نه مه‌یدانی فراوانی تیدایه نه پیاده‌ڕه‌وی فراوان. په‌یکه‌ریش ده‌بێ له فه‌زایه‌کی کراوه‌دا جێگیر بکرێت. وابێت، له‌وسه‌ری شه‌قامه‌که‌وه له ڕێبواره‌وه دیار بێت. وابێت به‌سه‌ر ده‌وروبه‌رو ته‌واوی مه‌یدانه‌که‌دا بڕوانێت. ده‌بوایه گه‌شتیاره‌یل هه‌ر به‌په‌یکه‌ره‌کاندا شتیک له‌میژووی ئه‌م شاره‌یان زانیبا. په‌یکه‌ر بۆ ئه‌و گه‌وره پیاوانه‌ی بنیاتیان نا.
په‌یکه‌ر بۆ سالم و نالی و پیره‌میرد و گۆران و کامه‌ران و ئازاد شه‌وقی.. ئه‌م زاتانه نموونه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ئه‌م شاره‌ن. ئه‌دی ئه‌وه نییه خۆتان نازناوی پایته‌ختی ڕۆشنبیریتان پی ڕه‌و‌ابینیوه؟ ئه‌گه‌رچی ده‌بوایه بتانوتایه (پایته‌ختی فه‌رهه‌نگی، یان کولتووری) نه‌ک ڕۆشنبیری. ئه‌دی کوان ئه‌و ڕۆشنبیرانه؟ بۆچی شوێن و ئه‌سه‌ریان نادیاره؟ بۆ ڕێزلێنراو نین؟ کوا په‌یکه‌ریان؟ کوا ماڵ و مۆزه‌خانه‌ی تایبه‌ت به خۆیان؟ تۆ بڵێی ئه‌و ئازیزانه ئێستا له ژیاندابوونایه که‌یفیان به، که‌س له‌که‌س و گه‌ڕه‌لاوژه‌ی ئه‌م شاره بهاتایه؟
سلێمانی به‌و ته‌مه‌نه کورته‌ی خۆیه‌وه، شارێکی مێژووییه. چونکه وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا، وه‌ک پایته‌خت به‌ردی بناغه‌ی دانراوه. به‌ڵام کوا دێرینخانه‌کانی؟ ده‌بوو لانیکه‌م، دوو دێرینخانه‌ی تایبه‌ت به بابان و سه‌رده‌مه‌که‌ی، به شا مه‌حموود و سه‌رده‌مه‌کی تێدابوایه و ساڵ دوانزه‌ی مانگ له‌بینه‌ردا جمه‌یان بهاتایه و خه‌ڵک به‌دریژایی ده‌یان مه‌تر ڕیزیان بۆ ببه‌ستایه‌و ببوایه به‌مایه‌ی خێر‌و به‌ره‌که‌ت بۆ شاره‌که. ده‌بوایه هه‌ر بیانییه‌ک سه‌ری ئه‌م شاره‌ی دا، دوای چه‌ند پیاسه‌یه‌ک، هه‌ر به دێرینخانه‌و په‌یکه‌ره‌کانیدا شتێک له سه‌رده‌می شا مه‌حموودو بابان حاڵی ببێت!
ڕه‌نگه به‌هه‌ڵدا نه‌چووبم ئه‌گه‌ر بڵێم، دوای بڕینه‌وه‌ی دره‌خته‌کانی، شه‌قامی مه‌وله‌وی هیچ نموودی نه‌ماوه. وێڕای سێبه‌ر و سه‌وزایی، ئه‌و دره‌ختانه، سه‌ربانه ڕووته‌ڵه دزێوه‌کانی هه‌ردوو به‌ری شه‌قامی شاردبووه‌وه. له کوێی دنیادا دره‌ختی شه‌قام خاشه‌برکراوه؟ له شاره‌یلی بیابانیشدا شه‌قامی بێ ده‌رخت نییه. به‌ڕاست کامانه‌ن ئه‌و دره‌خت و گوڵانه‌ی به سلێمانی تایبه‌تن و وێنه و بۆنی شاره‌که‌یان خۆشکردووه؟ کامانه‌ن ئه‌و مه‌لانه‌ی هێلانه‌یان له‌دره‌خته‌کانی شار هه‌ڵبه‌ستووه و شاریان پر زریوه و نه‌غمه کردووه؟
ته‌لاری جوان ئه‌وه‌یه، که به‌و شاره تایبه‌ت بێت و پێی بناسرێته‌وه، نه‌ک فۆتۆکۆپیی ته‌لاری وڵاتانی دراوسێ و دوور. قوڵله‌و ته‌لار کاتێک جوانن، که بێوێنه بن، وه‌ک قولله‌ی ئیڤڵ و بورجی خه‌لیفه‌و ئۆپێرای سیدنی و ته‌لاری (المجلس الوطني) له وڵاتی کوێت. گه‌ره‌که شووشه‌و نه‌خشی په‌نجه‌ره‌کانیشی جیاواز بن و له‌به‌رگیراوه نه‌بن، تاکو به‌تێپه‌ڕینی کات، شاریش مێژووییترو جوانتر بێت. ئا‌وا شار گه‌شه ده‌کات، ده‌ناسرێت و ده‌بێت به‌ڕووگه‌ی گه‌شتیاره‌یل و شایانی ئه‌وه‌ی پێی بوترێت شار!
گه‌ره‌که شار هێڵی پاسی شه‌وانه‌ڕۆژیی خۆی هه‌بێت، چونکه شاری نوێ شه‌ووڕۆژی بۆ نییه. شار به شه‌و چراخانه. به ڕۆژ جێی کاروفرمانه. شار ده‌بێ قه‌تار و میترۆ‌و پاسی خۆی هه‌بێت، یان هیچنه‌بێت له قه‌تارو میترۆ یه‌کێکیانی هه‌بێت. وه‌لێ سلێمانی بۆ گواستنه‌وه‌ی ڕێبوار پاسیشی نییه. خۆ ناکرێ ئه‌و کۆسته‌ره شڕانه‌ی پیربوونه و به‌بێ نه‌خشه‌وپلان کارده‌که‌ن، به‌پاس بێنه ژماردن. شار گه‌ره‌که پاسی گه‌وره‌و تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، نه‌ک شڕه کۆسته‌ری هه‌شتایه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو، به‌ژینگه نا‌حه‌ز، که هه‌ر عه‌سری لێهات پایدۆستی لێ ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر سلێمانی یه‌کێک له هۆیه‌کانی گواستنه‌وه‌ی هه‌بووایه، پێویستی به‌وه نه‌ده‌کرد هه‌ر ماڵه توتومبیلێک دوان بکڕێت و به‌ریبداته سه‌ر شه‌قامه‌کان و دووکه‌ڵی زیانیده به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ببه‌خشێته‌وه. به‌تایبه‌تی قه‌تار و میترۆی ئه‌م سه‌ردمه دۆستی ژینگه‌ن! به‌م پێیه سلێمانی ئه‌و شوێنه‌یه، که عه‌سری لێهات ده‌خه‌وێ. ڕاستت ده‌وێت ناشێ به‌شوێنی وه‌ها بوترێ شار! چونکه شار ناخه‌وێ. شڕه کۆسته‌ریش پاس نییه‌و ڕووی ئه‌وه‌ی نییه له شوێنێکدا پێی بوترێ شار، ڕێبوار بگوێزێته‌وه. کۆسته‌ر بۆ کاری تایبه‌ت شیاوه.
شار ده‌بێ شه‌وو ڕۆژ بۆنی قاوه‌و چایی لێ بێت. هه‌روه‌ک ده‌بێت بۆنی گوڵی لێ بێت، شاری بێ گوڵ کوا هه‌یه. باشه بۆچی سلێمانی له‌نێو هه‌زاران گوڵدا یه‌کێکیان هه‌ڵنابژێرێت تاکو بیکات به‌گوڵی خۆی؟ هه‌ر شاره به‌شتێک ناوبانگی ڕۆیوه‌و پێی ده‌ناسرێته‌وه. باشه سلێمانی به‌چی به‌ناوبانگه؟ یه‌ک له‌باری خۆم به‌ده‌ر له (گه‌زۆ) هیچی دیکه گومان نابه‌م! ئه‌وه‌یش هیچ هونه‌رێکی بۆ شاره‌وانی و ئه‌و ده‌زگه‌یانه‌ی شار به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن تێدا نییه. به‌ڵکو کاری چه‌ند کاسبکارێکی ده‌ستڕه‌نگینه. ئه‌دی بۆچی له‌نێو سه‌دان جۆر باڵنده‌ی جوانی ئه‌م کوردستانه‌دا، سلێمانی باڵنده‌یه‌ک ناکات به‌هێمانی خۆی و ناهێنێته ناو شار؟ به‌ڕاست شاری بێ باڵنده له‌کوێ هه‌یه؟ ئه‌م شتانه‌ن، که سه‌رنجی گه‌شتیار ڕاده‌کێشن و تایبه‌تمه‌ندییش به‌شارێک ده‌به‌خشن.
ئوتومبیل له ئاسن، لاستیک، شووشه و بڕێک کانزای دیکه دروست بووه و بێ گیانه. ئوتومبیل ئامێرێکه بۆ خزمه‌تی مرۆڤ داهێنراوه. هه‌رچی مرۆڤیشه وه‌ک مارکس وتوویه‌تی به‌نرخترین سه‌رمایه‌یه، به‌ڵام له کۆڵان و شه‌قامه‌کانی سلێمانیدا (ئه‌گه‌ر بشێ ناوی شه‌قامیان لێ بنێین) پێشنووره بۆ ئوتومبیله نه‌ک بۆ مرۆڤ. هه‌موو په‌ڕینه‌وه‌یه‌ک له شه‌قام سه‌ره‌ڕۆیی و دوو به‌ختییه. یان ئه‌وه‌تا دڵ له‌مست به زیگزاگ، ده‌په‌رییه‌وه، یان ده‌بیت به‌ژێره‌وه و ئاووئاو ده‌چیت. حاشایه‌کی گه‌لی خۆێنه‌ر و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه به‌ڕێزه، په‌رژینێکی قایم له نێواندا بێت. ناشێ و ناکرێ مرۆڤ ڕۆژانه وه‌ک سه‌گی خوێڕی فیچه‌ڵفاچ (زیگزاگ) به‌نێوان قه‌تاره‌ی ئوتوموبیلدا غاربدات و بپه‌ڕێته‌وه! له‌م شاردا هه‌میشه نێوانی مرۆڤ و مه‌رگ هه‌ودایه‌کی هیند باریکه به‌چاو نابینرێت.
بۆیه ئه‌وه‌ی له‌م شاره‌دا بژی هه‌ر ده‌بێ تووڕه بێت و له دڵه‌ڕاوکێدا بژی. هه‌ر ده‌بێت ده‌ستی له‌سه‌ر دڵی بێت. هه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ ژینگه‌که‌یدا ناکۆک و له‌ملانێدا بێت. کاتی خۆی شه‌قامه‌یلی سابوونکه‌ران و کانێسکان، بۆ بیست سی عه‌ره‌بانه‌ی دوو ئه‌سپی دروست کراون. وه‌لێ ئیستا له‌م شاره ته‌نگه‌به‌ره‌دا، ئوتومبیل پیاو ده‌خوات! ئه‌گه‌ر پیاسه‌یه‌ک به‌شاردا بکه‌یت، لانیکه‌م ڕێکه‌وتی شه‌ڕێک، ده‌مه‌قاڵێک ده‌که‌یت. مرۆڤێک له‌م شاره‌دا بژی به‌سه‌ریدا سه‌پاوه له ده‌رفه‌تێک، بۆنه‌یه‌ک بگه‌ڕێت، تاکو له‌و بێتاقه‌تی و خه‌فه‌ته‌ی، که ساڵانێکه هه‌راسی پێ تاڵ کردووه، خۆی به‌تاڵبکاته‌وه، جا به‌شه‌ڕ بێت، یان به خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین. لێره‌دا مرۆڤ به‌تۆپزی، ناچار به پشوو کورتی و تووڕه بوون و هه‌ڵچوون کراوه. دڵنیابه مرۆڤی وه‌هایش بێزار و ته‌مه‌نکورته. تاک له‌به‌ر ته‌نگه‌به‌ریی شوێن، بێ ئه‌وه‌ی داوای لێبوردنی لێ بکه‌ن، ڕۆژانه چه‌ندین جار پێ به‌پێڵاوه تازه بۆیاخ کراوه‌که‌یدا ده‌نێن. بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕی لێ بده‌نه‌وه و پێی بڵێن: (ببووره به‌ڕێز!) ڕۆژانه ده‌یان جار شانی لێ ده‌ده‌ن. چونکه ئه‌م ئه‌توارانه ئه‌وه‌نده پاته‌بوونه‌ته‌وه بوونه به‌کاری ڕۆژانه.
له‌ژێر عه‌ردی ئه‌م شاره‌دا چه‌ندین ڕووباری گچکه هه‌یه، تکایه به‌زێده‌گۆیی له‌سه‌رم حیساب مه‌که، ئه‌گه‌ر بڵێم، له‌م هه‌موو کارێزانه، وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندین گۆمی به‌فواره‌و که‌نار سه‌وز چێده‌کرا، ده‌کرا به‌لێکدانیان ڕووبارێکیش دروست بکرایه‌و به‌ناو شاردا تافه‌ی بهاتایه. بۆجی نا؟ خۆ خاکی(لیبیا) بیابانه، که‌چی لیبیایییه‌کان هاتوون له دووریی هه‌زاران کیلۆمه‌تره‌وه، ئاوی بن بیابانیان گه‌یاندووه‌ته پایته‌خت و ڕووباریشیان لێ دروست کردووه. له‌لای ئێمه‌یش کارێزه‌کان، که ڕه‌ونه‌ق و ئاوی ژیانی شارن، سه‌ر‌یان نراوه‌ته‌وه و داپۆشراون. به‌م کرده‌وه‌یه‌ش هاتوون شارێکی ئاویژه‌یان به‌بیابان کردووه. له‌هه‌مان کاتدا ده‌کرا له‌م کارێزانه ئاوی کانزایی به‌رهه‌م بهێنرێ. وه‌ک ده‌بینی بێ مه‌ڵامه‌ت نییه، که میرانی بابان ئه‌م شوێنه‌یان بۆ پایته‌خت هه‌ڵبژاردووه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه، له‌ئێستادا، له‌پشت سلێمانییه‌وه مێنتاڵی کراوه‌ی بنیاتنه‌رانه له‌کاردا نییه. ئه‌گه‌ر هه‌یشبێت، هیچی به‌ده‌ست نییه.
هه‌ر کاتێک ڕووبه‌ره ئاوییه‌کان له سلێمانی په‌یدابوون، ئه‌وسا قازو قوڵینگ و نه‌وره‌س و ورده مه‌له ئاوییه‌کانی دیکه خۆیان ڕوو له‌شاره‌که ده‌که‌ن. خۆیان شاره‌که به‌سه‌رده‌که‌ونه‌وه و ده‌یکه‌ن به مه‌فته‌نی خۆیان. ئاو ژیانه، شاریش جه‌رگه‌ی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه. ئاو شار جوان و فێنک ده‌کات. کوان ئه‌و سه‌وزاییانه‌ی چنگ له‌دارو دیواران گیرده‌که‌ن و دیوار سه‌وزو فێنک ده‌که‌ن؟ کوا ئینجانه‌ی ده‌م په‌نجه‌ره و به‌له‌کۆنه‌ی ماڵان بۆ ڕۆشنایی چاوی ڕێبوار. بۆ ڕازاندنه‌وه و بۆنخۆشکردنی هه‌وای شار؟
ئێستا بۆ بنیاتنانی شاری جوان و خۆشگوزه‌ران، پتر شووشه به‌کارده‌به‌ن تا به‌ردو گڵ و بلۆک. تۆ له وڵاتان ئه‌وق ده‌بیت، کاتێک ده‌یان به‌رزه ته‌لاری له شووشه دروستکراو، به‌گۆشه و شێوه و ڕه‌نگی جیاواز ده‌بینی به‌ئاسماندا هه‌ڵچوون. شاری ئیستا، له‌چاو جاراندا که‌مترین ئاسن و به‌ردو به‌کارده‌بات لای خۆیشمان هێشتا (بلۆک) سه‌روه‌ره، به تایبه‌تی له پێکهاته‌ی ته‌لاره ستوونیه‌کاندا، که به حیساب فلاتی(شوققه) نوێن، وه‌لێ شوققه‌ی به‌بلۆک هه‌ڵچنراو، جۆرێکه له وشکه که‌ڵه‌ک. به زستان سارد‌و به هاوین گه‌رمن و بۆ ژیان ده‌ست ناده‌ن و ناجۆرترین خانووی لێ به‌رهه‌مدێت، که به‌رگه‌ی بوومه‌له‌رزه‌ی بڕێک به‌هێز ناگرێت.
به‌ڕاست ئه‌گه‌ر سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگییه، کوان سینه‌ماکانی؟ کوان هۆڵه‌یل بۆ نمایشی شانۆ. خۆ ده‌بوو لانی که‌م هه‌ر گه‌ڕه‌که‌و هۆڵێکی سینه‌ماو هۆڵێکی شانۆ و کتێبخانه‌یه‌کی گشتیی هه‌بوایه. ئاخر له‌م عه‌سره‌دا شاری بێ کتێبخانه چۆن ده‌بێت به پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ؟ وه‌ک چۆن نابه‌جێیه ماڵت له چوارباخ بێت و بۆ نوێژ بگه‌یته زه‌رگه‌ته، ئا‌وا نابه‌جێیه ماڵت له‌سه‌رکارێز بێت و بۆ خوێندنه‌وه و کتێب قه‌رزکردن بگه‌یته شێخ محێدێن. سلێمانی له ڕۆژی بنیاتنانییه‌وه تاکو ڕۆژانی ڕاپه‌رین مه‌ڵبه‌ندی فه‌رهه‌نگ بووه. به‌ڵام له‌ڕاپه‌ڕین به‌دواوه ساڵ به‌ساڵ، هه‌نگاو به‌هه‌نگاو هاتووه‌ته دواوه. کوا، ئه‌دی ئه‌و ڕۆشنبیرانه بۆچی به ڕووبه‌ری شاره‌وه دیار نین؟ بۆچی به‌شێکیان به‌ره‌و هه‌نده‌ران ڕه‌ویان کرد، که ئه‌وان له سه‌رده‌می به‌عسیشدا ددانیان به‌خۆیاندا گرتبوو چۆڵیان نه‌ده‌کرد؟ ئه‌دی ئه‌وه نییه حزب (خه‌ڵک) ی به ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ نامۆ به ئه‌ندام و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێتیی نووسه‌ران ته‌عین ده‌کات، که به‌دریژایی ته‌مه‌نی خۆی سلێمانی ده‌ستتێوه‌ردانی وه‌ها ناڕه‌وا و ترسناک و شموولییانه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه!
خۆ ئێستا هه‌ر ئه‌ندامێکی حزب ئاره‌زووی لێبێت، بۆی هه‌یه ببێت به ئه‌ندامی یه‌کێتیی نووسه‌رانیش. په‌یڕه‌وی ناوخۆی نووسه‌رانیش ئا‌وا نووسه‌ر ده‌ناسێنێت: ئه‌و که‌سه‌یه، که شیعر‌و چیرۆک و ڕۆمان و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ده‌قی شانۆیی ده‌نووسێت. ڕۆشنبیر تاکێکی خاوه‌ن ئیراده‌یه، تاکایه‌تیی خۆی ده‌پارێزێت، به‌هزری خۆی ده‌نووسێت، گوی له‌مستی هیج که‌س و حزب و ده‌سته‌و تاقمێک نابێت. له سلێمانی ئه‌هلی قه‌ڵه‌م و حیکمه‌ت و فه‌لسه‌فه و فه‌رهه‌نگ په‌راوێزخراوترین توێژی کۆمه‌ڵن و که‌س کا به‌کڵاویان ناپێوێت. (ئه‌هلی ته‌قه‌ڵ)، که توێژێکن خۆیان به فه‌رهه‌نگدا هه‌ڵواسیوه و ده‌سه‌نه خۆرن، به نای ناهه‌ق جێی ئه‌م توێژه زیندووه‌ی کۆمه‌ڵی گرتووه!
حاڵی حازر له سلێمانیدا، خانوو له ڕووبه‌ری سه‌د مه‌تردووجادا دروست ده‌کرێت. ئه‌مه به‌داهێنان نایه‌ته ژماردن. چونکه ئه‌و خێزانه‌ی له‌وێدا بژی، زیندانی هه‌تا هه‌تاییه! ئه‌و منداڵه‌ی له‌وێدا گه‌وره‌ببێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ ناکرێ مرۆڤێکی ساغڵه‌م ده‌رچێت. چونکه سه‌وزایی و پانتایییه‌ک گومان نابات یاریی تێدا بکات، گوڵ نابینێت بۆنی بکات و چاوی پێی ڕوون بێت. خانوو ده‌بێ دوولای باخ بێت بۆ دانیشتن و گۆشت برژاندن و گوڵزارو سه‌وزایی و جێیاریی بۆ منداڵ هه‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر شوققه‌یش بێت ئه‌وا ده‌بێت لانیکه‌م له دوولاوه دنیای ڕوونی لێوه دیاربێت. وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر ته‌لارێک، یان کۆ ته‌لارێک چه‌ند دۆنمێک زه‌ویی بۆ سه‌وزایی و گۆڕه‌پانی گچکه‌ی تۆپی پێ و یاریی منداڵان وچی و چی هه‌یه. ڤێلایش به‌و خانووه ده‌ڵێن، که هه‌ر چوار لای باخ و سه‌وزاییه. ڤێلا خانوویه‌که، له‌سه‌ر ڕووبه‌ره‌وه زه‌وییه‌کی چوارسه‌د مه‌ترو هه‌ورازتر بنیاتنرابێت. به‌م پێیه بێت، زۆربه‌ی ئه‌و ته‌لاره نوێیانه‌ی سلێمانی بۆ ژیان ده‌ستناده‌ن و ناچنه ڕیزی خانووه‌وه، به‌ڵکو ئه‌وانه داڵده‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی ژیانێکی ناعیلاجی و ناجۆر. داڵده‌گه‌لێکی به ژینگه ناحه‌زن، چونکه بێ دره‌خت و بێ ڕووبه‌وری سه‌وزایین.
کاتێک له‌سه‌ر چیای گۆیژه‌وه سه‌یری سلێمانی ده‌که‌یت، وه‌ک براده‌رێک وه‌سفی کرد (له‌پشتی ڕادیۆی ترانسیسته‌ر ده‌چێت!) که‌ڵه‌که به‌رد و بارسته کۆنکرێتی له‌سه‌ر یه‌ک هه‌ڵچنرای بێ ڕه‌نگی که‌م سه‌وزایی بێ ڕووبه‌ره ئاوه. به ئاسمانی شاره‌وه چڕه‌دووکه‌ڵ که‌پرۆکه‌ی به‌ستووه و ترسناک دێته پێش چاو.. ڕووبه‌رێکه ئه‌گه‌ر وێنه‌ی بگریت و پیشانی هه‌ر شاره‌زایه‌کی بیانیی بده‌یت له‌لای خۆیه‌وه وه‌های وێناده‌کات نزیکه‌ی دوو سه‌دهه‌زارێک مرۆڤی تێدا بژی. که‌سێک بڕوات پی ناکات ئه‌گه‌ر بڵێی نزیکه‌ی ملیۆنێک مرۆڤ له‌م ڕووبه‌ره ته‌نگه‌به‌ره‌دا ژیان ده‌گوزه‌رێنن. نه بازاڕ نه شه‌قام و نه پیاده‌ڕه‌وی، نه ژماره‌ی قوتابخانه‌ی، هی ئه‌وه‌نین له دووسه‌دهه‌زار پتری تێدابژی. شوێنێکه به‌زۆر مرۆڤی تێ ته‌پێنراوه. له‌چڕیدا له گۆڕستانی سه‌یوان ده‌چێت! ئه‌گه‌رچی ژماره‌یه‌ک گه‌ڕه‌کی نوێ په‌یدابوون، وه‌لی له‌به‌ر زۆر هۆ، هێشتا چڕه‌به‌ندانی خه‌ڵک له سنووری شه‌قامی بازنه‌ییدا ده‌ژین.
د. ولید أحمد السید، له و‌تارێکدا به‌سه‌ردێڕی (المدینة اللامنتمیة) ده‌ڵێت: (ساڵی 1900، ده له‌سه‌دی دانیشتوانی جیهان له شاره‌کاندا ژیاون. له ساڵی 2007 دا ، ئه‌م ڕێژه‌یه بۆ په‌نجا له‌سه‌د به‌رزبووه‌ته‌وه، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، له ساڵێ 2050 دا ئه‌م ڕێژه‌یه بگاته حه‌فتاو پێنج له‌سه‌د.) به‌ڵام چڕیی دانیشتوان له سلێمانی، له ئه‌نجانی نابووتکردنی دێهاتی ده‌وروبه‌رییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، کاتێک ئه‌وان له که‌سانی به‌رهه‌مهێنه‌وه کران به ده‌ستوپێوه‌ند.
هه‌تا پێش ڕاپه‌ڕین، له هه‌موو عیراقد شاری سلێمانی فێنکترین مه‌ڵبه‌ندی پارێزگه بوو. ئێستایش به‌پێی ئاژانسی ده‌نگوباسی کوردستان، که ڕۆژانه پله‌ی گه‌رمای پارێزگه‌کانی کوردستان به‌یان ده‌کات، مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن، ده‌نا ڕۆژانه سلێمانی چه‌ند پله‌یه‌ک له هه‌ولێر گه‌رمتره. ڕۆژ هه‌یه به‌ئه‌ندازه‌ی شاری موسڵ و ڕۆژ هه‌یه له موسڵیش گه‌رمتره! ئه‌م جیاوازییه زۆره له‌چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ خۆ هه‌ڵکه‌وته‌ی سلێمانی وه‌ک جوگرافیا له جوانی بێبه‌ش نییه، به‌تایبه‌ی کۆمه‌ڵێک گردی تێدایه تۆ ده‌توانی له‌وێوه به‌شێک له‌شار ببینیت. سلێمانی ته‌خت نیه. هه‌م مه‌ترسی لافاوو سه‌رئاوکه‌وتنی لێ ناکرێت و هه‌میش به‌ئاسانی ئاوه‌ڕۆی بۆ دروست ده‌کرێت.
ئه‌وه چۆنچۆنی سلێمانی ده‌بێت به پایته‌ختی کو‌لتووریی گشت کوردستان، له‌کاتێکدا نوێنه‌ری موعته‌به‌ر و ڕاستینه‌ی فه‌رهه‌نگ بریتییه له ڕێکخراوی (یه‌کێتیی نووسه‌رانی کورد)و ئه‌م یه‌کێتییه به‌عس باره‌گایه‌کی بۆ چێکردبوو، شیاوی سه‌رۆکایه‌تیی وه‌زیران بوو، که‌چی ده‌سه‌ڵاتی خۆجێیی هات به‌خورتی لێی داگیرکرد و ماڵه‌که‌ی به‌سه‌ربه‌شی ماڵان کرد و له خانوویه‌کدا کردی به‌کرێنشین؟ ئاخر چلۆن به‌و وه‌زعه‌وه سلێمانی ده‌بێته پایته‌ختی فه‌رهه‌نگی له کاتێدا ئه‌ندامانی ئه‌م یه‌کێتیی نووسه‌رانه مافی ئازادیی هه‌ڵبژاردنی لێ سه‌ندرابێته‌وه‌و حزب ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ ته‌عین کردبێت؟
له 19ی سێپسته‌مبه‌ری 2011، له ماڵپه‌ڕی (چاو‌دێر)دا، به سه‌ردێڕی (نووسه‌ران و حکوومه‌ت) ئه‌حمه‌د عارف وتارێکی نووسیوه، له‌وێدا ده‌ڵێت: ((دوای کۆنگره‌ی ئه‌مجاره و فه‌رزکردنی سیستمی ته‌وافوق و دابه‌شکردنی پۆسته‌کانی، له‌بریی ئه‌وه‌ی حکوومه‌ت بکه‌وێته هاوکاری و ده‌ستگیرۆیییان، به‌پێچه‌وانه‌وه هیچ حیسابێکی بۆ نه‌کردن. لانیکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک هه‌ر ڕێکخراوێکی دیکه بکه‌ونه سه‌رپێی خۆیان و بتوانن خاوه‌نی پرۆژه بن…)) سه‌رنج بده، ته‌نانه‌ت حیسابی ڕێکخراوێکی ئاساییش بۆ (یه‌کێتیی نووسه‌ران)، ئه‌م ڕێکخراوه خاوه‌ن مێژووه نه‌کراوه، که زۆرێک له ئه‌دیبانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی له خۆیدا کۆکردووه‌ته‌وه.
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
سه‌رچاوه:
(1) ته‌یب جه‌بار، چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک بۆ تێکدانی ڕه‌وشتی ئاو، چاپخانه‌ی موکریانی، هه‌ولێر، 2010.
(2) د. ولید أحمد السید، هیئة نقاد العماره، في عامها الاول، القدس العربي، 28/09/2011.
(3) د. ولید أحمد السید، المدینة اللامنتمیة، القدس العربي، 11/08/2011.
سەرنج: ئەم بابەتە لە ژمارە (٢٠)ی گۆڤاری (واتە)دا بڵاوبووەتەوە.