چۆن قه‌یرانی ناوچه دابڕێنراوه‌كان ده‌بڕێته‌وه ؟
هه‌موان یه‌ك ده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وروژاندنی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای عیراق به پله‌ی یه‌كه‌م سیاسیه له‌سه‌ر هه‌رد و ئاستی نێوخۆ و ئیقلیمیدا پێش ئه‌وه‌ی عه‌سكه‌ری و ئه‌منی بێت،ئه‌مه‌ش چ بۆ دورخستنه‌وه‌ی خه‌ڵك بێت له ئاوردانه‌وه بۆ چه‌قبه‌ستنی حوكم و شكستی هه‌مه‌جۆر، یان بۆ داپۆشینی ئاشكرابونی گه‌نده‌ڵی و تێوه‌گلانی به‌رپرسانی به‌غدا بوبێت . له‌م باره‌شه‌وه چ ناوه‌ند بێت به رێژه‌یه‌كی گه‌وره یان ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم بۆ قازانجی حزبی و ختوكه‌دانی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌كاریان هینا، به‌م پێشهاته مه‌سه‌له‌ی ملنه‌دان به چاكسازی، چ له عیراق بێت یان له هه‌رێم دیزه‌به‌ده‌رخونه كرا .
بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه و چاره‌سه‌ریی ریشه‌یی پرسی ناوچه دابڕێنراوه‌كان له‌م فه‌زایه‌دا، فاكته‌ری كات له‌به‌رچاوگرتن له ئه‌وله‌ویاته‌كانه و بۆ مه‌زه‌نه‌كردنی پێویستیه‌كانی كاری پێویست بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك له دیاریكردنی خاڵی سه‌ره‌تا دیراسه‌تێكی قوڵ وخێرای ده‌وێت . له‌م مه‌سه‌له‌یه‌شدا چه‌ندین ئه‌گه‌ر له‌به‌رچاون، چونكه كه‌مته‌رخه‌می و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی و ململانێی نێوخیی و ملنه‌دانی ناوه‌ند، ئه‌م پرسه‌ی به رێگه‌ی هاوراز و نشێوی و به كێرڤی به‌رزونزمی جیاوازه‌وه گه‌یانده ئه‌مرۆ و ده‌ردانه‌كانی كه‌ڵه‌كه بوون و چاره‌سه‌ركردنی قورس‌تر كرده‌وه، ئه‌مه له لایه‌كه‌وه ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم هیچ هه‌لێكیان له پێناو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه نه‌قۆسته‌وه و له‌به‌رچاونه‌گرت و خۆیان به به‌شێك له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌وانی تره‌وه خه‌رێك كرد و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به نێوماڵی خۆیان و مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كانیان دایه ده‌ست قه‌ده‌ر،بۆیه ئه‌م واقعه‌ی ئه‌مرۆیان هێنایه ئاراوه .
به‌م بارودۆخه‌ی حاڵی حازریه‌وه چۆن و كێ ده‌توانێت قه‌یرانه هه‌میشه‌ییه‌كیه ببرێنیته‌وه، ئه‌وه‌ی و،هه‌ر كه‌سێك واقعیانه بیربكاته‌وه، له دواجاردا بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه پێویستمان به سازش و مامه‌ڵه‌كردنی ئاشكرا و نهێنیش هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ بێت یان ناوچه‌كه و ئه‌مریكا ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌كه‌مترین زیان قوتاربین .
كورد ناوه‌ندی عێراقی گه‌یانده واقعێك كه مه‌سه‌له مه‌زهه‌بیه‌كان كاڵ بێته‌وه و ئه‌مرۆ له روانگه‌ی نه‌ته‌وه‌چێتیه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن و هه‌ست و سۆزی تایبه‌ت به‌م چه‌مكه بوروژێنن، له‌هه‌مان كاتدا هۆكاری سه‌ره‌كی جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌ی 140 له ئه‌ستۆی كورد خۆیدایه پێش هه‌ر كه‌سێكی تر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه هیچ فشارێكی نه‌كرد و كارته‌كانی بۆ پله‌و پایه و بۆندی نه‌وت وپاره و پوڵ به‌كارهێنا و ماڵی عیراقی رێكخست نه‌ك جه‌حت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ریی ریشه‌یی ئه‌م پرسه چاره‌نوسسازه بكات .
ده‌بێت كورد به‌كۆتایی هاتنی ئه‌م قه‌یرانه كاتیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆیشتنی كات له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دانیه و، ده‌بێت تا بڕینه‌وه‌ی ئه‌م پرسه میژووییه به‌رده‌وام بێت و چاره‌سه‌ریی كۆتایی قه‌یرانه هه‌میشه‌ییه‌كه بكاته یه‌كه‌مین ئه‌وله‌ویاتی كاری سیاسی خۆی .
به كورتی ئێستا چوار رێگه‌مان له‌به‌رده‌مدایه كه پێویسته به وردی دراسه‌ت بكرێن و باشترینیان وه‌ك ستراتیجی كار و جێبه‌جێ كردنی ئه‌م ئه‌ركه هه‌ڵبژێردرێت؛
یه‌كه‌م : ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك بداته ده‌ست خه‌ڵكی ناوچه‌كه به خۆیان به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیانه‌وه كه رێگه‌ی گونجاو بگرنه‌به‌ر و چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه بدۆزنه‌وه، بێگومان ئه‌مه‌ش بێ ده‌ستێوه‌ردان تێناپه‌رێت، به‌ڵام بریاری یه‌كلاییكه‌ره‌وه لای ئه‌وان ده‌بێت و ئه‌مه‌ش هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی خۆی ده‌وێت .
دووه‌م : له‌گه‌ڵ ناوه‌ند به هه‌موو شێوه‌یه‌ك تا ده‌گاته سازش و رێككه‌وتن له‌ده‌رئه‌نجامی دانوستان بیبرێنێته‌وه، له‌م حاڵه‌ته‌شدا ده‌بێت ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه بۆ سه‌ر هه‌رێم له بیر بكرێت .
سێیه‌م : هه‌وڵی به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌م پرسه بدات و، لێره‌شدا زۆر پێویسته نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌مریكا به‌شداربن و بێشك هێزه ئیقلیمیه‌كانیش رۆڵی خۆیان ده‌گێرن و خۆیان فه‌رز ده‌كه‌ن، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی زۆر روون نابێت و كارتی فشاری كوردیش لاوازتر ده‌بێت .
چواره‌م :كورد چاوه‌رێی هه‌لێكی گونجاو یان روداوێكی كتوپر بێت كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌كاری بێنێت و ده‌رس و په‌ندی له رابردوو وه‌رگرتبێت و به خۆی چاره‌سه‌ری ریشه‌یی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بسه‌پێنێت و له كاتی تێكه‌ڵاوبونی كارته‌كان له كاتی پشێویدا هه‌نگاوه‌كان ئاسان ده‌كات بۆ ئه‌و كاره .
بۆ سه‌رخستنی هه‌ر رێگه‌یه‌ك وا پێویست ده‌كات كورد خۆی به بنیاتنانی پێگه سه‌ره‌كیه‌كانی یه‌كێتی و ته‌بایی و رێكخستنی نێو ماڵی كورد و جێبه‌جێ كردنی چاكسازی و به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری گشتی و رۆشنبیریی خه‌ڵك وپێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی تا راده‌ی خودئیكتیفا كردن سه‌رقاڵ بێت وپله‌یه‌ك پێشبكه‌وێت، به هه‌موو شێوه‌یه‌كیش ده‌رئه‌نجامی له‌ده‌ستدانی دوا هه‌ل له‌به‌رچاو بگرێت .
عیماد عه‌لی