Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
چۆن لە فێمینیزم بڕوانین

چۆن لە فێمینیزم بڕوانین

Closed
by July 26, 2012 ژنان

 

 

  بیری فێمێنزم یەکێکە لەو بیرانەی کە لە گەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلە جیاوازەکانی  فێمینیزم و گۆڕانی داواکاریەکانی ژنان ئەویش گۆڕانی  بە سەردا هاتوە، بە تایبەت لە دوای سەر هەڵدانی فێمینستە لیزبیانەکان(feminist lesbian)، (واتە ئەو خانمانەی کە پیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان، سێکسیەکانیان وخۆشەویستیەکانیان لە گەڵ هەمان ڕەگەز ڕێک دەخەن.) لە سەرەتای ساڵەکانی 1970و کۆتاییەکانی هەشتاکان. ئەو خانمانەی کە هەڵگری ئەو بیرە بون، پێان وابوو سەر چاوەی ئازارەکانی ژنان پیاوانن یان ڕەگەزی نێر. لێرەوە  ئەو گرووپە لە خانمان بە شیوەیەکی جدی ڕەخنەی ئەو پەیوەندییان ئەگرت کە بە پەیوەندی هێترۆسێکشواڵی  (Heterosexuality)ناسرابوو، واتە (ژیان لە ناو  پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیدا کە پیوەندی سێکسی وخۆشەویستی لە گەل هەمان ڕەگەزدا ڕێک دەخرێت). پڕۆسەی هاوسەرگیری ڕەتدەکەنەوە لە گەڵ ڕەگەزی برانبەردا، چوونکە لە دیدی ئەوانەوە لە نێو ئەم پیوەندیەدا جۆرێک لە دەسەڵاتی هیرارکی بوونی هەیە و پیاو تێدا سەنتەرو بڕیاردەرە، وە  بە پێچەوانەشەوە ژن پەراوێزەو خاوەنی هیچ بڕیارێک نیە.  ئەوان لە پاڵ ڕەخنە تووندەکانیان لە بیری ماسکوولانێتی،(Masculinity) (واتە ئەو بیرەی کە سەنتراڵیەتی پیاو لە کۆمەڵگادا فەراهەم دەکات).  وکەپیتاڵیزم، لە گەڵ ئەوەشدا ئەم گرووپە لە خانمان وەک کٶمەڵێک ژنی توڕە ناسرابوون کە ڕقیان لە پیاوانە.

  بوونی ئەم تێڕوانینە لە ناو شەپۆلەکانی بزووتنەوە  فێمینێزمدا بەهانەییەکی گەورەی دایە  زۆرینەی مرۆڤەکانی کۆمەڵگایی خۆرئاوا بە جیاوازی تێڕوانین و ئاستی ڕۆشنبیریان،کە ئەو خانمانەی لە ناو ئەم بزووتنەوەیەدا کار دەکەن، بەوە تۆمەت باربکرێن کە کۆمەڵێک ژنی تووڕەن و بێری دژایەتی کردنی ڕەگەزی نێر لە کۆمەڵگادا دەچێنن.

  کورتکردنەوەی بزتنەوەی فێمینیزم و بیرەکانی فێمینیزم لەم تاک ڕەهەندەدا،  وای لە خانانمانکرد بەتایبەت لە باری تێۆرییەوە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ بزوتنەوەکە و بیرەکانی فێمینیزم بکەن. ئەمە سەرەڕای سەرهەڵدانی کۆمەڵێک شەپۆلی  تر کە کەوتنە ڕەخنەکردنی سیستمی پەتریارکی و کەلتووری مەسکولینیتی لە زۆر ڕوووەو. بزتنەوەی فێمینیزم هەر بەوە نەوەستا، بەڵکو  بووە بابەتێکی گرنگی نوو سینیی زۆریک لە ژانرە ئەدەبیەکانی وەک ڕۆمان، چیرۆک،فیلم، شانۆو گۆرانی. لە سەر ئاستی ئەکادیمی لە زۆرێک لە زانکۆکانی دنیای خۆر ئاوا تێزەکانی فێمینیزم ئەخوێنرێت. بیرەکانی فێمینیزم .هەر بەوە نەوەستاوە کە ببێت بە بابەتی ژانرە ئەدەبیەکان و وەک تێۆرە لە ناو دامەزراوە ئەکادیمیەکان بخوێنرێت، بەڵکو بووە بە شێوە ژیان و ئاکاری و دونیابینی زۆرێک لە خانمان. بە مانایەکی تر، ئەمرۆ زۆرێک لە خانمان سەر بە مەدرەسە جیاوازەکانی فێمینیزمن.  

یەکێک لەو خانمە بیرمەندانەی کە هەوڵی دا تێگەیشتنێکی نوێ لە بارەی تێزەکانی بیری فێمینیزم بەرهەمبهێنت(Bell Hooks). ئەم خانمە سەرەتا هەڵدەستێت بەسەر لە نوێ پێناسەکردنەوەی بیری فێمینیزم. ئەوپێیوایە بیری فێمینیزم،  بیرێکە کە هەوڵ ئەدات  بۆ کۆتایی هێنان بەسێکسیزم(Sexism)،هەروەها بیرێکە هەوڵدەدات بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە) (Oppression، بەکاربردنی ڕەگەزی مێ بۆمەرامی سێکسی. ((Sexist exploitation

لە دیدی ئەم خانمەوە کارکردن بۆ ڕووبەڕوبونەوە و کۆتاییهێنان بە بیری  هەڵاواردنی  ڕوگەزی، یەکێکە لە بیرە بنەماییەکانی بیری فێمینیزمی. واتە هەر کلتورێک، ڕۆشنبیرییەک، ئاینێک، شێوە ژیانێک کە کاربکات لەسەر جیاوازیکردن بەشێوەیەکی نێگەتیفانە لە نێوان ڕەگەزی نێرو ڕەگەزی مێ بە بیری ماسکولینیتی ناو دەبرێت. ئەم بیرەش لە هەر پانتاییەکی جوغڕافیدا بوونی هەبێت، زٶربەی پانتاییەکانی تریش بۆ خۆی رکێف دەکات، وەک بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئاینی، ، یاسایی، ئابووری و ڕۆشنبیری…هتد. لەم حاڵەتەدا کۆمەڵگاییەکمان بۆ بەرهەم دێت کە پێی دەوترێت .(Man Domination) واتە کۆمەڵگایەک کە تیدا پیاو سەردارە لە سەر هەمو شتێک. 

هەربە ڕایی ئەو خانە، ئەو شێوە ژیانە، واتە  بیری مەسکولانێتی کە بووە بە بەشێک لە مۆڕاڵ و هەروەها بەشی هەر گەورەی هەست ونەستی ئێمە داگیر دەکات. هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان پێکدەهێنێت. لێرەوە زۆر گرنگە رووناکبیران و فێمینیستەکان هێواش هێواش پاشەکشە بەو بیرانە بکەن و لە شوێنیاندا دنیابینی و مۆڕاڵی ڕۆژانەمان بە بیرەکانی فێمینیزم بارگاوی بکەین. واتە بیرەکانی فێمینیزم بکەینە شێوە ژیان. هەڵسوکەت و مۆڕاڵ و هەست و نەستمان بە بیرەکانی فێمینیزم پڕبکەینەوە. دنیابینی فێمینزم  تەنها مۆدێلێک نیە لە ژیان کە تایبەت بێت بە ژنان وەک زۆریک لە پیاوان ئەڵین ئەوە کاری ژنانە، بەڵکو ئەوە کاری هەموو مرۆڤێکی ئازادی خوازە.  کاتێک دەتوانرێت بە ژیان بووترێت گۆڕان تیدا ڕووداوە وکەمێک مڕۆیی تربوە کە بیرەکانی فێمینیزم بوونەتە دنیابینی زۆرینەی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا. 

زۆرن ئەو پنتانەی کە لە کۆمەڵگایی ئێمەدا بیرەکانی ماسکولینیتی تێدا پیادە دەکرێت. لەوانە  خێزان، تاکە فۆڕمێکە کە مرۆڤەکان لە سایەییدا دەتوانن پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وخۆشەویستی و سێکسیەکان ڕێکبخەن. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم دامەزراوەیە تاکو ئستاش لە کۆمەڵگایی ئێمەدا دامزراوەییەکی تەواو پیاوانەی هیرارکیە کە دەسەڵات تێدا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە دەستی نێرەکانی خێزانداییە. لەم دامزراوەیەدا کارەکان ناو ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ ئەرکی سەرەکی ژنە. لێرەوە دەبینین دامەزراوەی خێزان زۆر باش کار لەسەر جیاکردنەوەو هەڵاواردنی ئەو دوو ڕەگەزە دەکات و چۆن کارەکان بە پێی ڕەگەزەکان دابەشکراون. بۆ ئەوەی ئەم دامەزراوەیە کەمێک مرۆیتربێت ئەبێت هەوڵبدرێت بە بیرەکانی فێمینیزم لۆدبکرێن. واتە  دامەزراوەی خێزان  لە دامەزراوەیەکی ماسکولینیتی بگۆڕێت بۆ دامزراوەیەک  کە لە سەر بنەمای ڕێزو خۆشەویستی دامەزرابێت و ژن و پیاو تێدا خاوەنی بڕیار بن. چۆن ژن لە گەڵ ئەو هەمو گرفتانەی کە ڕوبە ڕوویبوونەوە کاتێک بڕیاری دا بەژداری ژیانی گشتی بکات، واتە کار بکات و بەژداری بە دەست هێنانی بژێوی و ئابووری خێزان بکات و ئە و بۆچونەی ڕەتبکردەوە کە پێی وابوو ژن ناتوانێت کاری ئینتاجی بکات. زۆر گرنگە ئەمڕۆش پیاوان ئەو هەنگاوە بنێنوو بە شەرمی نەزانن کە لە ماڵەکەی خٶیاندا کاری ماڵ ئەنجامبدەنوو بەژداری بکەن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان. وە ئەو بۆچوونە ڕەتبکەنەوە، کە پێی وایە کاری ئنجابی تەنها کاری ژنانە.

جگە لە مانەش، دوورکەوتنەوەی لە تووندو تیژی جەستەیی و ڕەمزی، هەروەها بە هەند وەرگرتنی ڕابۆچوونی ژنانو، وا سەیر نەکرێن کە بوونەوەرێکن سرووشت تەنها بۆ کاری سێکسی خووڵقاندوونی، هەوەها پیاو کاتێک لە گەڵ خێزانەکەیدا دەچێتە دەرەوە بە شەرمی بزانێت کە شان بەشانی ژنەکەی بڕوات وپێی وابیت ئە بێت چەند هەنگاوێک لەپێش ژنەکەییەوە بڕوات.  ئەمانەو دەیان وردەکاری تری ژیان، واتە لە کوێدا بینیمان ڕەگەزێک زاڵە بە سەرڕەگەزەکەی تردا، زٶر گرنگە کە ئەمە بووەستێنریت و ئەو لاسەنگیە لە کردەکانماندا بە هاوسەنگی و دونیابینی فێمینیزمی پڕبکرێتەوە. ئەمانەی ئێستا ئاماژۆمان پێکردن زیاتر پەیوەستن بە مٶڕاڵ و کردەی مرۆڤەکان لە  چوار چێوەی ماڵ وخێزاندا. چۆن گۆڕان لە ژیانی تایبەتیدا گرنگە بە هەمان شێوەش لە ژیانی گشتیدا گرنگە. بۆ نموونە، سێنتراڵیەتی پیاو، زۆر گرنگە ئەو بۆچوونە باوە بگۆڕیت  کە پێی وایە پیاو بوونەوەرێکی باڵاو ئەسیلە، بۆیە دەبێت ئەو پێشەوابێت لە زۆرێک لە بوارەکانی ژیاندا، لە وانە سیاسەت، کاری بەرێوەبردن، بواری ئابووری و بەرهەم هێنان وبواری ڕۆشنبیری و..هتد.

 سەرەڕایی ئەمانە بیری مەسکولینیتی لە زۆر شێوێن و حاڵەتدا بوونی هەیە لە کۆمەڵگایی ئێمەدا. لە وانە  وینەی سەر دیوارەکان، پەیکەری ناو پارکو شوێنە گشتیەکان هەموویان گووزارشت لە وجودی پیاو ئەکەن. پاڵەوامەکان، قارەمانەکان و زانستخوازۆکان  لەم وڵاتەی ئێمەدا هەموویان پیاوبوون وژن لەم شتان هیج پشکێکی بەر نەکەو توە.

ئەم خانمە بۆ جێکەوتەکردنی ئەو بەهایانە و کەلتوور فێمینیزمی کە ئاماژۆمان پێدان لە ژیاندا داوای کارکردنمان لێدەکات بۆ فەراهەمکردنی پڕۆسێسیک کە پێی دەوترێت کۆنشیەسنێس رەیزینگ (Consciousness  rising). واتە کارکردن بۆ بەرزکردنەوەو گۆرێنی ئەو ڕۆشنبیرییە ماسکولینتەی  کە نەستی کۆگەلی ئێمە پێک دەهێنێت. دیارە ئەم کارە پێویستی بە کەسانی ئازادی خوازو خانمانی فێمینست هەیە، ئەگەر چی لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژمارەیەکی زۆر ڕیکخراومان هەیە، بەڵام ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوانە مەرج نیە فێمینیزم بن. مێبوون ژن بوون، تەنانەت ئەو ژنانەی کە لە ڕێکخراوەکان کاردەکەن وهاتوو هاواری ئەوەدەکەن کە بەرگری لە ژن دەکەن مەرج نیە فێمینیست بن. ئەو خانمە پێی وایە کە فێمینیستی سیاسی ڕاستەقینە، هەمیشە لە کەلەپچەوە دەمانباتە ئازادی، لە نەبوونی خۆشەویستی بۆ خۆشەویستی، لە کاتێکدا بەبێدادپەروەری خۆشەویستی بوونی نیە.

 

 

          نووسینی: تریفە عەلی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.