Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
چۆڵکردنی ڕۆژئاوا کێشەی نەتەوەی کورد چارەسەر ناکات!

چۆڵکردنی ڕۆژئاوا کێشەی نەتەوەی کورد چارەسەر ناکات!

Closed
by August 25, 2013 گشتی

 

 

 

ماوەیەکە هەواڵی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە ڕۆژانە سەدان هاوڵاتی کوردی ڕۆژئاوا لەبەر هۆکاری ئەمنی و کێشەی سیاسی و ئابووری لەسنووری ڕۆژئاوا بۆ ناو باشووری کوردستان دەپەڕنەوەو ڕوو لەهەرێم دەکەن. ئاخۆ پەڕینەوەی کوردانی ڕۆژئاوا لەم قۆناغ و دۆخەدا تاچەند لەبەرژەوەندی کورد لەو بەشەی کوردستانە.

چۆڵکردنی ڕۆژئاوا تاچەند کێشەی کورد لەو بەشە چارەسەر دەکات، یان خود بەرەو چارەسەری دەبات. ڕژیمی بنەماڵەی ئەسەد تاکوو هەنووکە دەیان هەزار کوردیان لەو وڵاتە ماڵوێران کردووەو کوشتووە، نەتەوەی کوردیان ئاسمیلە کردووەو سیستمی ڕاگۆاستنیان لەدژی ئەم نەتەوەیە بەکار هێناوە.

هەزاران هاوڵاتی کورد لەسەر ماڵ و خاکەکەیان وەدەرنراون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕژیمی فاشیستی و دیکتاتۆرو کورد کوژی بنەماڵەی ئەسەد نەیتوانی بەئامانجی خۆی واتا بەیەک جاری ناوچە کوردنشینەکان بەنەتەوەی کورد چۆڵ بکات و ورەی ئەو نەتەوەیە تێکبشکێنێت و لەناوی ببات.

هەنووکە ئەوەی کە ڕژیمی بنەماڵەی ئەسەد نەیتوانی ئەنجامی بدات، کورد خۆی ئەنجامی دەدات و نشتیمانەکەیان چۆڵ دەکەن و ڕوو لەباشووری کوردستان دەکەن. ئەگەر بەشێوەیەکی وردبینانە لەو پرس و کێشانە بڕوانین لەڕاستیدا ئەمە کارەساتەو دەبێت پێش لەوە بگرین کە ڕۆژئاوای کوردستان چۆڵ بکرێت.

ئامانجی هێزە ناوچەییەکان و وڵاتانی دەوروبەریش ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان هێزی لاوز بکرێت و ببێتە داردەستی لایەنێکی دیاریکراو، کە لەئامانجی مێژوویی خۆی دوور بکەوێتەوەو ببێتە قوربانی بەرژەوەندی هێزە دەرەکییەکان، یان خود نەتوانێ لەمەڕ چارەنووسی سیاسی خۆی بڕیاردەر بێت.

ئیسلامییەکان لەڕۆژئاوا لەهەوڵی ئەوەدان کە کێشەی ئەمنی بخوڵقێنن و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بترسێنن، هەمان کاریان ئەنجام داو وڵامیشی دایەوەو توانیان ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە ناو دڵی دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستان. ئەوەش کێشەکەی قوڵتر کردووەتەوە.

حوکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ئەرکەی لەئەستۆیە کە پێش لەو کارەساتە بگرێت و نەهێڵێت کوردانی ڕۆژئاوا ڕوو لەهەرێمی کوردستان بکەن، یان خود دەکرێ تەنیا نەخۆش و پەککەوتووەکان ئیزنیان پێبدرێت و بێنە ناو هەرێمەوە.

لەم دۆخە نالەبارەدا کە ڕۆژئاوای کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، تاکە هەوڵێک کە دەکرێ پێش لەڕوودانی ئەو کارەساتە بگرێ ئەوەیە کە حوکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆراک و دەواو دەرمان بنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان و ئیتر ئیزن نەدات کە خەڵک لەو بەشەی کوردستان بێخۆراک و دەواو دەرمان بمێنن.

پێویستە لەسەر حوکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئیتر ڕێگە بەهاوڵاتیانی ڕۆژئاوا نەدرێت ڕوو لەهەرێم بکەن و لەجێی ئەوەدا کێشەی خوردو خۆراکیان بۆچارەسەر بکات. هاوڵاتیانی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەت باشووری کوردستان ئەرکدارن کە هاوکاری و یارمەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەنەوەو بنێرن.

دەکرێ داوا لەخەڵک بکرێت کە بەهەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ و دەگونجێ هاوکاری ڕۆژئاوا بکەن. ئەوەی کە ئەمڕۆ لەڕۆژئاوا دەبینرێ و بەلێشاو خەڵک ئەو ناوچانە چۆڵ دەکەن تەنیا بەکێشەیەکی ئەمنی چاوی لێناکرێ.

بەڵکوو ئەو کێشەیە بووەتە کێشەیەکی نەتەوەیی و سیاسی و مرۆیی کە پێوەندی بەناسنامەو شۆناسی نەتەوەیەکەوە هەیە کە دەیان ساڵە وەک نەتەوەیەکی بندەست لەژێر تەوژم و کاریگەری سیاسەتی فاشیستی داگیرکەرانی کوردستان پەلەفڕتێ دەکات و خوێنی دەمژن و سەرمایەکەی هەڵدەلووشن و بەفیڕۆی دەبەن.

لەم قۆناغە ناسکەدا کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێدا تێپەڕ دەبێت، ناوچەکە ڕووی لەئاڵوگۆڕە، هاوکات گەشەکردنی سیاسی و کولتووری بەخۆیەوە دەبینێت.

هاوکات خەباتی نەتەوەی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان ئاڵوگۆڕی قوڵی بەسەردا هاتووەو لەڕۆژئاوای کوردستانیش چووەتە قۆاناغی گواستنەوەو پێویستە کە هەوڵ بۆ سەقامگیری ئاشتی و پێکهێنانی حوکوومەتێکی نشتیمانی و دیموکراتی بدرێت کە تێدا کەمینە نەتەوەکانی دیکەی وەک مەسیحی و کلدانی و ئاشوورییەکان لەژێر سێبەری خۆیدا کۆبکاتەوە.

خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد لەسەردەمی نوێگەرایی و کرانەوەدا، نابێ ببێتە پاشکۆی بەرژەوەندی نەیاران و هێزە جیهانی و ناوچەییەکان.

وەک ئەرک پێویستە لەسەر هەموو پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە پتر وەخۆیان کەون و ڕێگە نەدەن کە ڕوانگەی جیاوازی حیزبی دوور لەبەرژەوەندی نەتەوەیی ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات و شەڕێکی دیکەی نەخوازراو بەرهەم بهێنێت کە ببێتە هۆی ئەوە کە ژیانی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا بشێوێنێت و تێک بدات.

خەباتی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان چووەتە قۆناغێکی دیکەو هەنووکە کاتی ئەوە گەییشتووە کە هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە دەسەڵاتێکی مەدەنی پێک بهێنرێت و چارەسەرێکی نشتیمانی و درووست و گونجاو بۆ کێشەکانی ڕۆژئاوا بدۆزێتەوەو دۆخی شێواوی ئەو بەشەی کوردستان چارەسەر بکات. پێویستە کە هێزە کوردییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕێز لەئیرادەی گەلی ڕۆژئاوا بگرن و خۆیان لەئاڵۆز کردنی ڕەوشی ئەوێ بپارێزن.

ئەو ڕوانگەیە کە دەیهەوێت لەڕۆژئاوای کوردستان پلۆرالیسمی سیاسی و فرەگەری و جیاوازی ڕەنگ و دەنگی سیاسی بوونی نەبێت هەڵەیەو ئاکامەکەی بەدووبارە کردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو کۆتایی پێدێت و ئەوەش لەقازانج و بەرژەوەندی گەلی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان نییەو پێگەی کورد کزو لاواز دەکات و هیواکانی ئەو نەتەوەیە دەکوژێت.

ئەمڕۆی ڕۆژئاوا، پتر پێویستی بەیەکێتی و یەکڕیزی هەیە نەک دووبەرەکی و وەلانانی یەکدی و ڕێز نەگرتن لەئیرادەی گشتی لایەنە جیاوازەکانی گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەش پڕ باییخە کەهیچکام لەپارتەکانی ڕۆژئاوا نەبنە پاشکۆی لایەنێکی دیکە لەپارچەو وڵاتێکی دیکە کە گرینگی بەبەرژەوەندی ڕۆژئاوای کوردستان نەدات و بارودۆخی ئەوێ لەبەرچاو نەگرێت.

مێژوو چاوەدێری پێشهات و ڕووداوەکان دەکات و وەک خۆی دەینووسێتەوە، هەر کارو کردەوەیەک کە دێتە گۆڕێ و لەکایەی سیاسی بیری لێدەکرێتەوەو هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی دەدرێت، دەبێ پێش هەموو شتێک بەرژەوەندی گشتی و ویست و داخوازی گەل لەبەرچاو بگرێت و لەچاوێلکەو گۆشە نیگای گەلەوە گەشەی پێبدرێت و هەوڵی بۆ بدرێت. هاوکات دەبێت هەموو لایەنەکان لەلایەن گەلەوە “مەشرووعییەت” بۆ دەسەڵاتی سیاسی خۆیان وەبگرن.

ئەو پارت و ڕێکخراوانەی کەدەبنە پاشکۆی لایەنەکانی دیکەو ویست و ئیرادەی گەل وەک ئەوەی کە هەیە لەبەرچاو ناگرن و باییخی پێنادەن، بۆ هەمیشە وەک پاشکۆ دەمێنن و گەلیش وەلایان دەنێ و دووریان دەخاتەوەو دەکەونە ناو زبڵدانی ڕەشی مێژوو، کارو کردەوەکانیان بۆ هەمیشە دەبنە پەڵەیەکی ڕەش بەنێو چاوانیانەوە.

ئەوەی کە ئەمڕۆ لەحوکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان چاوەڕێ دەکرێت ئەوەیە کە هەوڵ بۆ ئەوە بدات کە یەکێتی و یەکڕیزی نێوان هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەهێزتر بکات و وەک چاوەدێرێکی ژیر لەئاست ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا ژیرانە مامەڵەو هەڵسووکەوت بکات و نەکەوێتە ناو بازنەی سیاسەتی هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و گەلی کورد لەڕۆژئاوا لەبیر بکات، یان خود ببێتە بەشێک لەکێشەکان، نەک دۆزینەوەی ڕێگەی چارەسەری بۆ ڕووداوەکان.

وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نشتیمانی لەپێوەندی بەڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، پێویستە لەسەر هەموو پارت و ڕێکخراوەکانی هەرچوار پاڕچەی کوردستان کە وەک پرسێکی هەستیارو گرینگ و چارەنووسساز لێی بڕوانن، نەک وەک پرسێکی لاوەکی کەخۆیانی لێبەدوور بگرن و باییخ و گرینگی پێنەدەن و بەکێشەیەکی نێوخۆیی وڵاتی سوریە چاوی لێبکرێت و پێناسەی بکەن.

ئەوەی کە تاکوو ئیستا ڕوون نییە، تێڕوانینی پارت و ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی کوردستانە کە تاکوو هەنووکە بڕیاری خۆیان نەداوەو لەئاست هەڵسووکەوتی تیرۆریزمی ئیسلامی لەڕۆژئاوای کوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەوە لەکاتێک دایە کە لەئاست ئەوەی کە لەمیسرو وڵاتانی دیکە تێپەڕ دەبێت جیاواز پێناسە دەکرێت و تێڕامانی خۆیان بەشێوەی ڕوون ڕاگەیاندووە.

لەکۆتایی ئەم کورتە وتارەدا بەپێویستی دەزانم کە ئاماژە بەوە بکەم کە دەبێت ئیسلامی سیاسی لەکوردستان ڕوانگەی خۆی لەپێوەندی بەکوشتارەی خەڵکی سڤیل لەڕۆژئاوای کوردستان بەڕاشکاوانە بخاتە ڕوو و هەڵوێستی خۆی بنوێنێ.

ئەوەش ئەرکە لەسەرشانی کوردانی ڕۆژئاوا کە پتر ددان بەخۆیاندا بگرن و ڕۆژئاوای کوردستان چۆڵ نەکەن، چونکوو بەچۆڵکردنی ڕۆژئاوا کێشەکان قوڵتر دەبنەوەو هێرشەکانیش پەرە دەستێنێت، لەبەر ئەوە ئامانجی گشتی و لەکۆدا ئەوەیە کە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن خەڵکی کوردەوە چۆڵ بکرێت، کاتێک لایەنە دەرکی و ئیسلامییەکان کەنەیاری کوردن هەست بەکاریگەر بوونی هێرشەکان لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، ئیتر پتر گوشار دێنن و کێشەی مەزنتریان بۆ ساز دەکەن و بازنەی هێرشەکان بەرفەراوانتر دەکەن.

نەڕۆخانی بەشار ئەسەدو ڕژیمی فاشیستی سوریە لەم قۆناغەدا بەقازانجی خەڵکی کوردە، چونکوو دەرفەتێکی باش و گونجاو دەبێ بۆ ئەوە کە خەڵکی ڕۆژئاواو هێزە سیاسییەکانی ئەوێ پتر خۆیان ڕێکبخەنەوەو ئامادەی هێرش و پارێزگاری و کۆنترۆڵکردنی هەر دۆخ و هەلومەرجێک بن کە لەکاتی ڕۆخانی بەشار ئەسەد یان خود سەرکەوتنی ناوبراو بەسەر دژبەرەکانیدا بێتە پێشەوە.

هیوای داهاتووی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان و بەتاییبەت ڕۆژئاوای کوردستان و ئەم قۆناغەی کە لەوێ تێپەڕ دەبێت لەیەکگرتن، یەکێتی و یەکڕیزیدا کۆدەبێتەوە. لەو دۆخەی کە ئەمڕۆ ڕۆژئاوا پێیدا تێپەڕ دەبێت، پشت بەستن بەپشتیوانی دەرەکی بەڕیسکێکی مەزن پێناسە دەکرێت و دەبێ هێزەکانی ڕۆژئاوا پێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵگای ئەوێ بەهێزتر بکەن و ڕیشک داکێشنە ناو هەموو چین وتوێژێکی کۆمەڵ. ڕێگای سەرکەوتنیش بەناو گەلدا تێپەڕ دەبێت.

یەکێ لەئەرکە هەرە مەزن و نەتەوەییەکان کە دەکەوێتە ئەستۆی حوکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان ئەوەیە کە دەواو دەرمان، خۆراک و خواردن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دابین بکات و لەبوارەکانی دیکەی مرۆیی هاوکاری ڕۆژئاوا بدات، نەک بەناردنی هێزی چەکدار بۆ تێوەگلان لەڕووداوەکانی ئەو بەشەی کوردستان خۆی تووشی کێشەی سیاسی و ئاڵۆزی ناوچەکە بکات. هەرچەند تاکوو هەنووکە ناردنی هێز لەئارادا نییە.

ناردنی هێز بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کێشەکان قوڵتر دەکاتەوەو ڕێگە بۆ لایەنی دیکەش خۆش دەکات کە خۆی لەکێشەکانی ئەوێ تێوەگلێنێ و لەهەمبەر ئەوەی کە لەڕۆژئاوا تێپەڕ دەبێت هەڵوێست وەربگرێت، چونکوو ئیتر ئەو کات هەموو هێزە ناوچەییەکان بەرژەوەندی خۆیان لا گرینگ دەبێ و بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییە هەموو کارێک ئەنجام دەدەن و هەموو هەوڵێکیش دەخەنە گەڕ.

حوکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێگەیەکی دیکەش دەتوانێ کاریگەری لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا دابنێت و هاوکاری ئەو بەشەی کوردستان بکات. ئەو ڕێگەش خۆ لەدیپلۆماسی سیاسیدا دەبینێتەوە کە لەو ڕێگایەوە هەوڵ بۆ ئەوە بدات کە ڕوانگەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی و هێزەکانی دیکەش لەپێوەندی بەڕۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت و باییخ بەگرینگی و پێگەی کوردان لەڕۆژئاوا بدەن.

حوکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندی سیاسی، ئابووری، کولتووری و بازرگانی لەگەڵ چەندین وڵاتی گرینگ لەجیهاندا هەیە کە بەرژەوەندی هاوبەشیان پێکەوە گرێ دراوەو لەو ڕێگایەوە دەتوانێ کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەکی ئەو وڵاتانە لەپێوەندی بەپرسی ڕۆژئاوای کوردستان دابنێت.

تەوژمی ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە، ئەوەندە بەهێز نین کە خەڵکی ڕۆژئاوا ناچار بکات کە نشتیمان و ماڵ و مڵکی خۆیان بەجێبهێڵن و ڕوو لەناوچەیەکی دیکە بکەن. هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا پێویستە لەهاتنە ناوەی کوردانی ڕؤژئاوا بۆ باشووری کوردستان ڕێگری بکرێت، بەڵام هاوکاری و یارمەتیان پێشکەش بکرێت و تەنیا ئیزن بەنەخۆش و پەککەوتووەکان بدرێت کە بێنە ناو باشووری کوردستانەوە. بەداخەوە تاکوو ئیستا حوکوومەتی هەرێم لەو پێوەندییەدا کەمتەرخەم بووەو بەگوێرەی پێویست ئاوڕی لەپێداویستییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نەداوەتەوە.

ئەو گمارۆو ئابڵۆقە ئابوورییە کە لەلایەن تورکیە، ئۆپۆزیسیۆنی سوریەو ڕژیمی بەشار ئەسەد لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان پێڕەو دەکرێ، ئەرکی هەرێمی کوردستانە کە وەک تاکە دەروازە ی کراوە، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بۆ ئەوە بخاتە گەڕ کە کارەساتی مرۆیی لێنەکەوێتەوەو پێشگیری لەڕوودانی هەرشێوە ڕووداوێکی نەخوازراو بکات.

هاوکات پێویستە کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەهەرێمی کوردستان داوا لەمەلاو پێشنوێژی مزگەوتەکانی کوردستان بکەن کە خەڵک لەڕۆیشتن بۆ “جیهادکردن” لەسوریە لەدژی هێزە کوردییەکان خۆ ببوێرن.

 

 

لەنووسینی: ئاریتما موحەممەدی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.