چیرۆكی سوهه‌یب ئه‌ڵماس له به‌رشه‌لۆنه‌یه
من مه‌حمود ئه‌ڵماسم، حیكایه‌تخوانی ئه‌م چیرۆكه. چه‌ند مانگێك له‌پاش مردنی سوهه‌یب ئه‌ڵماس شه‌وێكی گه‌رمی هاوین، بۆ یه‌كه‌م جار له ژیانمدا سه‌یری فتبۆڵێنم كرد. هه‌رگیز حه‌زم به‌سه‌یركردنی یاری فتبۆڵ نه‌بووه. كه‌چی ئه‌و شه‌وه خولیایه‌كی سه‌یرم لادروست بوو بۆ سه‌یركردنی یاری فتبۆڵ. سێ به‌شی خه‌ڵكی ئه‌م شاره مه‌ستبوون به‌دیار یاری ریاڵ مهدریدو به‌رشه‌لۆنه‌وه، ئه‌وشه‌وه منیش وه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه چاوم خستبووه سه‌رتۆپێك له‌نێوان بیست و دوو یاریزاندا. یارییه‌كه له‌نێوان یانه‌ی ریاڵ مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه بوو. له‌گۆڕه‌پانی (كاپنۆ)له خوله‌كی 35ی یارییه‌كه‌دا، تۆپ له‌پێی یاریزانێكی ریاڵ مه‌دریدابوو و كاتێك یاریزانه‌كه‌ی به‌رشه‌لۆنه هێرشی بۆ برد ئه‌ویش له‌حه‌ژمه‌تا به‌هه‌موو هێزی شووتێكی له‌تۆپه‌كه‌دا و تۆپ به‌ئاڕاسته‌ی هانده‌راندا رۆیشت و زوومی كامێراكه‌ش به‌دویدا له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌وه بۆ ناو هانده‌ران ئاڕاسته‌ی گۆڕی، تۆپه‌كه و كامێراكه له به‌رده‌م رووخساری هانده‌رێكدا وه‌ستانه‌وه. ئه‌و هانده‌ره ده‌قاوده‌ق وه‌كو سوهه‌یب ئه‌ڵماس، ده‌موچاوێكی خڕ و سپی، قژی له‌پێشه‌وه تۆزێك رووتابووه‌وه، چاویلكه‌یه‌كی چوارچێوه زیویی له‌چاودابوو. ئه‌و دیمه‌نه وه‌ها رایچه‌ڵكاندم نه‌مزانی كۆنترۆڵی ته‌له‌فیزۆنه‌كه‌م بۆكوێ هه‌ڵدا. ئه‌و چركه‌ساته گومانی مردنی سوهه‌یبم لادروستكردبوو، تاكۆتایی یارییه‌كه چاوم له ته‌له‌فیزۆنه‌كه نه‌تروكاند، به‌وردی دیقه‌تم ده‌دا، به‌ڵكو ئه‌مه خوایه جارێكی تر ئه‌و رووخساره ببینمه‌وه. رووخسارێك ده‌قاوده‌ق وه‌كو سوهه‌یب. له‌و شه‌وه‌به‌دوا گومانه‌كانم له‌مردنی سوهه‌یب تۆختربوو، هه‌ستم ده‌كرد نه‌مردووه، به‌ڵكو سه‌فه‌ری كردووه بۆ به‌رشه‌لۆنه. ئه‌ی ئه‌و پیاوه‌ی به‌ر له‌چه‌ند مانگێك له‌مه‌راسیمێكی گه‌وره‌دا ناشتمان كێ بوو!؟
بینینی ئه‌و رووخساره تووشی جۆرێك له‌شێتبوونی كردم، به‌ره‌و بازنه‌ی شێتی بردمی. سوهه‌یب مردنه‌كه‌شی رووداوێكی سه‌رسوڕهێنه‌ربوو. ئێواره‌یه‌ك هه‌ناسه‌ی لێبڕاو مرد. پزیشكه‌كان كاتێك پشكنینیان بۆ كرد، تووشی سه‌رسوڕمان بوون. پیاوێك خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كی تۆكمه‌و ساغبوو، شوێنه‌واری هیچ نه‌خۆشییه‌ك له جه‌سته‌یدا نه‌بووه‌و جه‌ڵته لێی نه‌داوه. مردنێكی ئه‌وه‌نده سه‌یر، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌م گه‌ردوونه‌گه‌وره‌یه‌دا ئۆكسجین نه‌مابێت، له‌چركه ساتێك‌دا هه‌ناسه‌ی نه‌هاته‌وه‌و مرد. پزیشكه‌كان ده‌یانوت ئه‌م مردنه‌ی سوهه‌یب ئه‌ڵماس سه‌یرترین رووداوی مردنه. هه‌ر ئه‌وكاته كه‌وتمه گومانه‌وه، زۆریشم هه‌وڵدا نه‌ینێژین، داوام له پزیشكه‌كان كرد هه‌وڵی زیندووكردنه‌وه‌ی بده‌ن، باوه‌ڕم وابوو نه‌مردووه. به‌ڵكو تووشی غه‌یبووبه بووه، لێی ورد ده‌بوومه‌وه‌و گوێم ده‌نا به‌دڵییه‌وه‌و په‌نجه‌كانم ده‌خسته سه‌ر ده‌م‌و لووتی تا بزانم هه‌ناسه‌ده‌دا یاخود نا. باوك‌و براكانم دووریان خستمه‌وه. پزیشكه‌كان ده‌رزییه‌كیان لێدام تا هێورببمه‌وه.
تووشی هیچ حاڵه‌تێكی ده‌روونی نه‌بووم‌و ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م، گومانم له‌مردنی سوهه‌یب هه‌یه. ئه‌و شه‌وه له‌دوای بینینی ئه‌و هانده‌ره‌ی به‌رشه‌لۆنه. گومانه‌كه‌م تۆختربووه‌وه. گومانی ئه‌وه‌ی كه سوهه‌یب مردووه یاخود چووه بۆ به‌رشه‌لۆنه؟ تا به‌یانی بیرم له‌و كه‌سه ده‌كرده‌وه كه هاوشێوه‌ی سوهه‌یب بوو، خزابوومه نێو گومانێكی قوڵه‌وه. گومانی ئه‌وه‌ی كه سوهه‌یب چی لێبه‌سه‌ر هاتووه؟ ئه‌وه‌ی مردووه سوهه‌یبه یاخود ئه‌وه‌ی بینیم له‌تیڤییه‌كه‌وه ئه‌وه؟ یان سوهه‌یب نه‌مردووه‌و به‌فێڵ خۆی ونكردووه‌و چووه بۆ به‌رشه‌لۆنه؟ ئه‌وه‌ی كه مردووه هاوشێوه‌ی ئه‌وه؟ هه‌ندێكجار له‌و په‌ڕی باوه‌ڕه‌وه به‌خۆمم ده‌گوت له‌وانه‌یه سوهه‌یب له‌دوای مردنی نه‌چووبێت بۆ ئه‌و دونیا، به‌ڵكو چووبێت بۆ به‌رشه‌لۆنه! هه‌رچی چۆنێك بێت رۆژبووه‌وه‌و خۆر هه‌ڵهات‌و هه‌رزوو خۆم گه‌یانده نووسینگه‌ی تیڤی‌و داوای تۆماری یارییه‌كه‌ی ریاڵ مهدریدو به‌رشه‌لۆنه‌م كرد. دوای هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لایه‌كی زۆر، توانیم تۆماری یارییه‌كه‌یان لێ بسه‌نم. ئه‌وه‌نده دڵخۆشبووم وه‌ك ئه‌وه‌ی سوهه‌یبم دۆزیبێته‌وه! پتر له‌سه‌د جار سه‌یری ئه‌و یارییه‌م كرد. له‌و شوێنه‌ی هاوشێوه‌كه‌ی سوهه‌یب ده‌رده‌كه‌وت، به‌كۆنترۆڵه‌كه یارییه‌كه‌م راده‌گرت‌و سه‌یرم ده‌كرد، به‌سه‌عات به دووسه‌عات، جاری واهه‌بوو ئه‌وه‌نده سه‌یرم ده‌كرد، له‌حه‌ژمه‌تا هاوارم ده‌كرد. سه‌یركردنی وێنه‌ی ئه‌و كه‌سه یه‌قینی زیندوویی سوهه‌یبی له‌لا دروستكردم. ئیتر من له‌چاوی باوكم‌و براكانمه‌وه وه‌كو نه‌خۆشێك سه‌یرده‌كرام. گه‌رچی ئه‌وانیش توشی سه‌رسووڕمان ببوون له‌هاوشێوه‌كه‌ی سوهه‌یب، به‌ڵام هه‌ر زوو باوه‌ڕیان به‌وه هێنا كه جگه له هاوشێوه‌یه‌كی سوهه‌یب، هیچیتر نییه. بیریان له‌وه كرده‌وه بۆ لای پزیشكی ده‌روونیم ببه‌ن. منیش دڵنیابووم له‌وه‌ی كه سوهه‌یب له به‌رشه‌لۆنه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه سه‌یربوو ئه‌وه‌بوو كه سوهه‌یب رقی له یاری فتبۆڵ بوو، گاڵته‌شی به‌وانه ده‌هات سه‌یری یاری ده‌كه‌ن. ئه‌ی كه‌وایه ئه‌و بۆچی چووه بۆ سه‌یری ئه‌و یارییه!؟ من دڵنیام كه عه‌قڵم له‌ده‌ست نه‌داوه‌و یه‌قینم هه‌یه كه سوهه‌یب له به‌رشه‌لۆنه‌یه. باوكیشم له‌دۆخێكی زۆر غه‌مگیندابوو. بۆ مه‌رگی سوهه‌یب‌و شێتبوونی من ده‌گریا. براكانم شاربه‌شار گه‌ڕان تاوه‌كو پزیشكێكی باش بدۆزنه‌وه. سه‌رئه‌نجام له شه‌قامی پزیشكان له پایته‌خت، پزیشكێكی ده‌روونیان به‌ناوی حه‌كیم ئه‌لڕاوی دۆزییه‌وه. به‌یانییه‌ك باوكم‌و برا گه‌وره‌كه‌م بردمیان بۆ پایته‌خت بۆ لای دكتۆر.
دكتۆرحه‌كیم نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی چاره‌سه‌ری ئه‌و حاڵه‌ته ده‌رونییه‌ی من بكات، به‌ڵكو ئه‌ویش بۆ خۆی تووشی سه‌رسوڕمان‌و حاڵه‌تێكی ده‌روونی بوو. به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی وێنه‌ی سوهه‌یبی برامی بینی‌و له‌گه‌ڵ وێنه‌ی هانده‌ره‌كه‌دا به‌راوردی كرد. له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا شه‌ش جار بردمیان بۆ لای دكتۆرحه‌كیم و سێ شه‌و‌و رۆژیش له‌یه‌كێك له بیمارستانه‌كانی پایته‌ختدا مامه‌وه. هیچ كام له‌پزیشكه‌كانی پایته‌خت نه‌یانتوانی قه‌ناعه‌تم پێ بكه‌ن. نه‌یانتوانی بۆ ساتێكیش ئه‌و گومانه‌م بڕه‌وێننه‌وه. دواجار غه‌مگینیی باوكم‌و براكانم وای لێكردم ده‌ست له‌و باس‌و خواسته هه‌ڵگرم. لای ئه‌وان وا خۆم نیشانده‌دا كه گومانم له مردنی سوهه‌یب نییه‌و ئه‌وه‌شی كه بینیومه جگه له‌هاوشێوه‌ی براكه‌م، هیچی تر نییه. ئه‌مه ته‌نها له‌پێناوی ئه‌وه‌ی باوكم‌و براكانم هێوربكه‌مه‌وه. له‌وكاته‌وه به‌شاراوه‌یی به‌دوای ئه‌و هاوشێوه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێم. سه‌ره‌تا هه‌وڵمدا له رێگای ئینته‌رنێته‌وه به‌دوای هاوشێوه‌كه‌ی سوهه‌یبدا بگه‌ڕێم. له رێگای ئیمێڵه‌وه په‌یوه‌ندیم به دۆست‌و هاوڕێكانمه‌وه كرد‌و وێنه‌ی سوهه‌یب‌و هاوشێوه‌كه‌یم بۆ هه‌موو هاوڕێكانم نارد. له‌فه‌یسبوكدا وێنه‌كانم بڵاوكرده‌وه‌و رۆژانه كۆمێنتم به ئنگلیزی و به‌كوردی ده‌نووسی به‌و هیوایه‌ی هه‌واڵی سوهه‌یب بزانم. ماوه‌ی چه‌ند مانگێك چاوه‌ڕوانم كرد‌و هیچ ده‌رئه‌نجامێكی نه‌بوو. هیچكام له هاوڕێكانم نه‌یانتوانی ئه‌و كه‌سه‌م بۆ بدۆزنه‌وه، ته‌نانه‌ت (قوبادی تایه‌ربه‌گ)ی هاوڕێشم كه له به‌رشه‌لۆنه ده‌ژیا‌و هانده‌ری یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ش بوو. گومانه‌كان رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ غه‌مگینتری ده‌كردم‌و باری ده‌روونیشم به‌ره‌و خراپی ده‌چوو. خه‌ون و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌م لای هاوشێوه‌كه‌ی سوهه‌یب بوو. چه‌نده‌ها شه‌و سوهه‌یب له‌شێوه‌ی تارماییه‌ك ده‌هاته پێش چاوم. خه‌یاڵ‌و وڕێنه‌كانم سوهه‌یبی مردوویان ده‌هێنایه‌وه سه‌ر زه‌وی. چه‌نده‌ها جار له‌تارمایی شه‌وه‌وه سوهه‌یب خۆی نیشان ده‌دا و پێی ده‌گوتم وه‌ره بۆ به‌رشه‌لۆنه من له‌وێم! هه‌ندێك جاریش وام هه‌ستده‌كرد په‌رجویه‌ك، سیحرێكی ئاسمانی سوهه‌یب ئه‌ڵماسی له‌مردنه‌وه گێڕاوه‌ته‌وه بۆ دونیای سه‌ر زه‌مین. بۆ ده‌ربازبوون له‌و كێشه‌یه بیرم له‌وه‌كرده‌وه سه‌فه‌ربكه‌م بۆ به‌رشه‌لۆنه.
هه‌رچی پاره‌م هه‌بوو كۆمكرده‌وه و داوای هاوكاریم له‌هاوڕێكانی ئه‌وروپام كرد. له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا توانیم بگه‌مه به‌رشه‌لۆنه. ته‌نها كه‌سێك ئومێدم پێی هه‌بوو شتێكم بۆبكات قوباد بوو. قوبادی تایه‌ر به‌گ هاوڕێه‌كی دێرینم بوو، هه‌رزوو به‌فریام كه‌وت و له شوقه‌كه‌ی خۆیدا جێگای كردمه‌وه‌و هه‌ر ئه‌ویش داوه‌ت نامه‌ی بۆ كردبووم. دوو رۆژ پشوومان دا و به‌یانییه‌كی زوو له‌گه‌ڵ قوبادی تایه‌ربه‌گدا، به خۆمان‌و وێنه‌یه‌كی هاوشێوه‌كه‌ی سوهه‌یبه‌وه كه‌وتینه‌گه‌ڕان به‌نێو هانده‌رانی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌و یانه‌كاندا. له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه هه‌ستم به‌نائومێدی كرد. كارێكی چه‌ند شێتانه‌بوو. گه‌ڕان به‌دوای كه‌سێكی ئاسایی‌دا كه هانده‌رێكی نه‌ناسراوی یاری فتبۆڵێنه و نازانم خه‌ڵكی كوێیه و له‌كوێوه‌هاتووه بۆ سه‌یری ئه‌و یارییه. هه‌ر ئه‌وكاته بۆم روونبوه‌وه كه من به‌دوای خه‌یاڵه‌وه‌م. راوی خه‌یاڵ ده‌كه‌م. گه‌ڕان به‌دوای كه‌سێك كه هاوشێوه‌ی مردوویه‌كه. دوای چه‌ند رۆژێك له‌گه‌ڕان هه‌ستم به‌وه‌رزبوونی قوبادی تایه‌ربه‌گ كرد. له راستیدا ئه‌و دوای شێتێك كه‌وتووه نه‌ك مرۆڤێكی عاقڵ. بۆیه هه‌وڵیده‌دا به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت خۆی بدزێته‌وه. له رووخساریدا ئه‌وه‌م خوێنده‌وه كه واهه‌ست ده‌كات عه‌قڵی خۆی داوه به‌ده‌ست شێتێكه‌وه.
بۆئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر قوباد به‌خۆمه‌وه ماندوونه‌كه‌م، شه‌وێك به‌بێ ماڵئاوایی قوبادم به‌جێهێشت. به‌ئه‌سپایی ماڵه‌كه‌یم به‌جێهێشت و خزامه ناو كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ به‌زه‌ییه‌وه. به‌دوای كه‌سێكه‌وه وێڵم كه هیچ ده‌رباره‌ی نازانم. هه‌ندیك جار ئه‌كه‌وتمه گومانه‌وه، گومانم له‌چاوی خۆم ده‌كرد، كه سیحرێكی لێكردووم. سات به سات زیاتر نا‌ئومێد ده‌بووم‌و زیاتریش كه‌ڵكه‌ڵه‌ی گه‌ڕان به‌دوای سوهه‌یب بیر‌و هۆشی داگیرده‌كردم . گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و كه‌سه‌دا كردمی به مرۆڤێكی بێ ماڵ‌و بێ نیشتیمان، مرۆڤێكی گه‌ردوونی، كه ئینتمای بۆ هیچ شتێك نییه. ئیتر وه‌ك ونبوویه‌ك له ئه‌وروپایه‌كی سه‌رمایه‌دارداریدا وه‌كو پیاوێكی شێت به‌دوای خه‌یاڵێكه‌وه‌بووم. خه‌یاڵێك كه‌پێم وایه راستییه‌كی ئاڵۆزه. تائێستاش كه ئه‌م چیرۆكه ده‌گێڕمه‌وه به‌نێو كۆڵان‌و بازاڕ‌و مه‌یخانه‌و گازینۆ‌و یانه وه‌رزشییه‌كاندا سه‌رگه‌ردانم له‌دوای سوهه‌یب. و پێش سێ رۆژ له‌بازاڕێكی قه‌ره‌بالغدا پیاسم ده‌كرد. له‌وكاته‌دا گوێم له‌ده‌نگی كه‌سێ بوو بانگی كردم مه‌حمود ئه‌ڵماس، ئه‌ڵماس…. ئه‌وده‌نگه ده‌قاوده‌ق وه‌ك ده‌نگی سوهه‌یب. كه گوێم له ده‌نگه‌كه‌بوو رچڵه‌كام، له‌شوێنی خۆم راوه‌ستام و بۆ هه‌ر چوار ده‌وری خۆمم روانی، سوهه‌یبم به‌دی نه‌كرد و ده‌نگه‌كه‌ش به‌رده‌وام له‌گوێمدا ده‌زرنگایه‌وه ئه‌ڵماس ئه‌ڵماسی برام ئه‌وه‌تام لێره ئه‌وه‌تام…….
مه‌حمود نه‌جمه‌دین