Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
چیرۆکی شاری خانووە بێ پەنجەرەکان

چیرۆکی شاری خانووە بێ پەنجەرەکان

Closed
by February 22, 2013 چیرۆک

لە ژوورەکەم هاتوومە دەرەوە و خەریکی پیاسەم. بێهۆ بە کۆڵانەکانی شاردا دەسووڕێمەوە. دەنگێک بەردەوام لە هاتووچۆی مێشکمدایە :
– چی ئەکەی لە ماڵەوە، تاکەی لە گەڵ کتێبەکانتا خەڵوە ئەکێشی، لە ژوورەوە ئەڕزێی و بۆن ئەکەی، جارجارە وەرە دەرەوە و بە ناوشارا سووڕێک وەیە و پیاسەیەک بکە، بەخوا لەوانەیە بە شەوارە بکەوی؟!

دەنگەکە ڕاست دەکا و جوانی پێکاوە؛ کە ویستم هەڵسم و بێمە دەرەوە؛ سمتم بە کەناپەکەدا چەسپابوو. بەچ تەقەلایەک هەستام، نەمدەوێرا بێمە دەرەوە. تەواو خووم بە ژوورەکەم گرتبووە، گیانم هیچ؛ لەشیشم لە تەک کەل و پەلەکانی ژوورەکەمدا بوونەتە هاوڕێی گیانی. یەک بست لێیان دوور بکەوێتەوە خۆی بە شەرمەزار دەزانێت. واهەست دەکا ڕفیقی نیوەڕێیە و لە هاوڕێکانی هەڵبڕاوە. کە هەستام گرفتێکی تریشم بۆ هاتە پێش؛ هەنگاوەکانم لە گەڵ فەرمانی مێشکما بێگانە بوون، بە دوایدا نەدەچوون. وەک شتێ لە کۆڵان بترسن یا ژوورەوە بە سەر کۆڵاندا فەڕز بکەن. کە هاتمە دەرەوە بینیم لە گەڵ کۆڵان و شەقامیشدا غەوارەن. لە هەر دەرفەتێک کەڵکیان وەردەگرت و دەکۆشان بەرەوژوورەکەم ڕاپێچم بکەنەوە. بە هەر کولەمەرگییەک بوو لە تەک کۆڵاندا ڕامهێنان. دوای ئەوەی بۆ ساتێک چاوەکانم بە شەوارەکەوتن؛ دووبارە بیناییم هاتەوە سەرخۆ و تامی بینینیان بەدڵم گەیاند. دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی جەستەم؛ هەموو ئەندامانی لەشم؛ یەک فەرمان و پێکەوە کەوتینە گیان کۆڵان و شەقامەکانی شار.  ڕوانیمە ئاسمان، چەند پەڵە هەوری سپی لە سەر سینگی لووسی ئاسمان هەڵنیشتبوون. هەورەکان لەگەڵ هەنگاوەکانما رێیاننەدەکرد. وەک ڕیزە نووشابە بەسەر وایەری دارتەلەکانەوە قەشقەڕە نیشتبوون. بە سەرسامییەوە دەیانڕووانییە تاقەڕێبواری کۆڵان. بۆ دەرمان قاڕەیەکیان لێ نەدەبووەوە، تەنانەت سریوەی باڵەفڕێی یەکێکیان نەدەبیسترا. واق وڕمابوون. دەتگوت سەدان پەیکەری هاوچەشنن بە ڕیز لە سەر وایەری کارەبای دارتەلەکان چێ کراون. چاوم خزایە خوارتر و لەسەر خانووەکان قەتیس ما. سەیر بوو؛ هیچ پەنجەرەیەک بە دیواری خانووەکانەوە نەمابوو. ئەمبەراوبەری کۆڵانم پشکنی، دووسێ کۆڵانی دیکەشم بڕدا، پەنجەرەم نەدی. چوومە پێش و لە قەراغ حەساری خانوێکەوە لە ئاسەواری ‌هەڵچنینی پەنجەرەکان وردبوومەوە، بیناییم ماندوو بوو، هیچ ئاسەوارێکم بۆ نەدۆزرایەوە. دیار بوو بەم زووانە هەڵنەچنراون. لەوە دەچوو هەر لەسەرەتاوە بە پلانێکی بێ پەنجەرە سازکرابن. خانووی بێ پەنجەرە…

هاتەوە یادم؛ چەندساڵێکە لە تۆڕە ئەنتێرنیەتیەکاندا، پڕوپاگەندەیەک لە لایەن کۆمپانیا زلهێزەکانی خانووبەرەوە لە سەرەتای هەواڵەکاندایە؛

” ئاگاداری!”

بۆ سەرجەم دانیشتووانی شار!

خەونی شاری خانووە بێ پەنجەرەکان بە دیزاینێکی باڵا و مەریخییەوە دیهات، باشترین و گونجاوترین شوێن بۆ نیشتەجێ بوون. لە ناو خانووە بێ پەنجەرەکاندا ئارامی و خەونی بێ چرپە ئەزموونێکی گەلێ جیاوازە. هاوکات مۆدێڕنترین و بەڕۆژترین کەل و پەلی ناوماڵ و ژووری نووستن بۆ خانووەکان دابین کراوە. چیتر دڵەڕاوکێی هەڵاتنی خۆری بەیانیانتان نەبێ، خانووە بێ پەنجەرەکان ئەم گرفتەیان چارەسەر کردووە و واسازکراون لەگەڵ تیشکی خۆردا نامۆ بن. بە ستانداردی ئیزۆ نۆ هەزار و…. ی هەسارەی مەریخ بینا کراون. داوا لە سەرجەم دانیشتووانی ئەم شارە دەکەین سەرحیسابێک ببن و بە پەلە بەدەم بانگەوازەکەوە بێن، بە بۆنەی جێژنی لە دایک بوونی دۆنکیشۆتی سوارچاکەوە ئاسانکاری دەکرێ و دابەزینی نرخ هەیە. متمانە لە ئێمەوە دەسپێدەکا، باوەڕتان بە کۆمپانیای زلهێزی خانووبەرە بێ پەنجەرەکان بسپێرن.

متمانەپێکراو
کۆمپانیای زلهێزی خانووبەرە بێ پەنجەرەکان

شار گۆڕابوو، تاقەماڵێک نەدەبینرا پەنجەرەی ببێ. چوومە کەلێن و قوژبنەکانی یادگەمەوە، واهەست ئەکەم ئەم شێوە بینایانەم لە شوێنێکی دیکە بینیوە. دوای تاوێ بە دەست بەتاڵی و بێ هیوایی لە ژووری یادگەم هاتمە دەرەوە. کۆڵان و شەقامەکانی شار پتر سەرنجم ڕادەکێشن. بە هێمنی هەنگاو هەڵدێنمەوە. شارێکی بێ چرپەی بێ پەنجەرەی پڕ لە قەشقەڕەی قڕ و قەپکراوی نەجووڵ. سامێک چنگ لە دڵم دەگرێ. هەراسانم دەکا. ئەمە ئەو شارە نییە لە ڕابوردوودا بینیومە. لە ژێر تەمی قورسی کۆمپانیا زلهێزەکاندا بە ئەستەم هەناسەی دەردێ. دەکەومەوە بیری هەنگاوەکانم؛ لە خۆڕا نەبوو فەرمانیان وەرنەدەگرت و بە شوێنمدا نەدەهاتن. دەگەمە یەکێک لە مەیدانەکانی شار، لافیتەیەک بە بینایەکی گەورەی حوکومییەوە هەڵواسراوە:

” تا بڕواری ../../.. پڕۆسەی کوێرکردنەوەی چاو بە نوێترین دەزگا و ئامێری سەردەمیانە و بێ ئازار درێژ کرایەوە، داوا لەو هاوڵاتییە خۆشەویستانە دەکەین کە بە هەر هۆیەکەوە و تا ئێستا دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە و نەیانتوانیوە سەردانی ئەم بنکەیە بکەن؛ بۆ ئەوەی بیر لە پەنجەرەی خانووە کۆنەکانیان نەکەنەوە و بە باشترین شێوە چێژ لە خەوتنیان وەربگرن، بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن و پێوەندیمان پێوە بگرن. ئەمە دوا دەرفەتە و جارێکی تر دووپات نابێتەوە…

ناوەندی 2 ی کوێرکردنەوەی چاو.”

لە ڕۆخی لافیتەکەوە وێنەی لاوێکی بێ چاوی ڕوو لە ئاسمان و لێو بە خەندە و پڕ وزەیان لە کاتی خۆ هەڵدانا؛ هەڵواسیوە. سریوەی باڵی مێشوولەیەک هەست پێناکەم. بێ ئیرادە بەرەدەستم چاوەکانم ماچ دەکا. شەپڵە لە هەنگاوەکانم ئەدا ، کرژیان دەکەم. خۆم دەگەیەنمە شەقامی سەرەکی شار. ژن و پیاوێک لە پارکی گەورەی شاردا لە سەر چوارپایەیێکی دووکەسی دانیشتوون. چاڵی چاویان پڕبووەتەوە و پێستێکی لووسیان بەسەردا کێشراوە. دەمیان خستووەتە سەریەک و لە ئاڵ و گۆڕی ماچدان. لە چەندمیتریانەوە دەگوزەرێم، نامبینن. بۆ ساتێ گوێقوڵا‌‌غ دەبن. ڕەنگە چرپەی پێم خەڵوەتیانی شکاندبێ و هەناوی هەژاندبن. لە ترسا ئەوەندەی تر هەناسەم سوار دەبێ و دڵنیاشم بەم زووانە دانابەزێتەوە. هەڵدێم ، هەست ئەکەم چەند کەسێکم بە شوێنەوەیە. لە کوێرکردنی چاوەکانم ئەترسێم. لە پەستا ئاوڕ ئەدەمەوە. دەگەمە ڕاستەی گەڕەکی خۆمان، پاشان دەیپێچمە کۆڵانەکەمان. هاڕەی بێڵ میکانیکیەک ئەوەندەی دیکە شپڕێوم دەکا. “نەکا لە سەر خانووەکەی من بن و بیانەوێ بیڕووخێنن!” تا نێزیکتر دەبمەوە؛ گومانیشم ڕەنگی کاڵ دەبێتەوە. دەگەمە تەنیشت بێڵەکە. دەنگی مۆسیقایەکی کرژ لە گەڵ بنێشت جووینی ڕانندەکەدا هاوڕیتمە. دەیناسمەوە، هاوڕێم بووە؛ چەند ساڵ لەمەوبەر لە شارەوانی دامەزراوە. یەکدوو بەردی تێدەگرم. دیارە، بە هۆی کارەکەیەوە لە چاوی گەڕاون، لە جێی چاو مێشکیان کوێر کردووە. سەری لە دەلاقەی مەکینەکەوە دەردێنێ و دەنگی پشت هاڕەی مەکینەکە دەخا:

“بمبوورە! من ڕاسپێردراوێکم و بەس، ناردوویانم ئەم تەنیا خانووە پەنجێرەدارەی شار بڕووخێنم. کۆمپانیای خانووە بێ پەنجەرەکان لێت شاکییە؛ دەڵێ: ئەم تاقەخانووە بە تەواوی بووەتە مڵۆزن و سیمای شاری شێواندووە…!”

بە پشتا و بە دیواری خانووی بێ پەنجەرەی دراوسێکەمدا شۆڕدەبمەوە، دڵم بێ تاقەتی ژوورەکەم و پەنجەرە و کەل و پەلەکانیەتی…
                                               

رزگار لوتفـــی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.