چینه‌ی مه‌رگ، له سێبه‌ره خۆربردووه‌که‌ی نیشتمانا
ماندوو نه‌بی ئه‌ی نیشتمان..!!!
ئه‌وه تۆی، به مۆریی گێلاسی برینه‌کانت
دوا شه‌قامت کردۆته فه‌رشی سوور
له‌به‌ر پێێ ئه‌م ته‌رزه و کڕێوه‌دا ڕاتخستووه،
ئه‌وه تۆی،له حه‌وت ته‌به‌قه‌ی مه‌رگه‌وه
غه‌زه‌بی کراسه کۆنه‌کانی دیموکراتی ده‌ڕژێنن به سه‌رتا و
هه‌تا بینه‌قاقای باران له زۆنگاوی خۆڵ خواردندایه
ئه‌وه تۆی،له‌م باخه بێ په‌رژینه‌دا
هه‌ر ڕۆژه و به به‌رگی میوه‌یه‌كه‌وه ده‌چیته هه‌ڕاجفرۆشی
ڕۆژێ وه‌ک و هه‌نارێك…
له چاوه‌ڕوانیدا سه‌وزیت لێ ده‌چۆڕێ و
له‌گه‌ڵ یه‌که‌م بای پاییزدا،له مه‌راقا شه‌ق ده‌بیت و
دوو په‌نجه‌ی کۆڵ،
ده‌ستت ده‌گرن و فڕێت ده‌ده‌نه به‌حرێکی سوێره‌وه
ڕۆژێکیش وه‌ک مزره سێوێك،
په‌نجه‌ره‌که‌ت له کرمه‌کانی ڕۆژگار ده‌که‌یته‌وه‌و
دوای هه‌ڵدانی دوا شه‌ربه‌تی ماچ و
دوا له‌زه‌تی شه‌و باوه‌شی
له ده‌ره‌وه ده‌بیته مۆزه‌خانه‌ی مێش و
له ناویشه‌وه ده‌بیته دیوه‌خانی (العروبه)
من له وون بوونی تۆدا خۆم ده‌بینم
هه‌ناره‌کانی ڕقم بۆڵ ده‌خه‌نه ئه‌رز و شه‌ق ده‌به‌ن،
من له ناوزڕاندنی تۆدا ناوی خۆم ده‌دۆزمه‌وه
له ناو ته‌پڵه‌کی جگه‌ره‌ی باڕێکدا گیان ده‌دات،
من له ژانه‌کانی تۆدا ڕیشی ئازارم سپی بووه
گوێزانی هیج حه‌کیمێ نایبڕێ…
ها بگره، ئه‌وه گڵاسێ له ویژدانم
دوو دڵۆپ ئاره‌قی شینی پێ له خاچ ده
ئه‌وه گۆچانێکی ووشك له ئێسکی خه‌مه‌کانم
هه‌سته با برۆین، ڕێگا دڕاوه‌کانی ژیان بدورینه‌وه
سنگی ئۆقره‌تم لێ واڵاکه
هاتووم مارماسی یه ژه‌هراویه‌کان له به‌رۆکت بکه‌مه‌وه،
ده‌ستم به‌رێ،با به‌گومانی ئه‌م ئێواره ته‌ماوی یانه
تۆبه بکه‌ین و له ناو تابووتی ئازادی‌دا ڕاکشێین
هاتووم….گه‌ر ئه‌م ده‌ریا لێڵه‌ی ته‌مه‌ن بوارم بدا
له ده‌ربه‌نی چرچه‌کانی نێو چاوت دا
ده‌وارێک له داخم هه‌ڵده‌م و
هه‌زار تفه‌نگی سه‌رشێت بگۆرمه‌وه مه‌مکی ژنێك
ده‌شتیك مین بگۆڕمه‌وه په‌نجه‌ی به‌جێماوی مناڵه شه‌هیدێك
باوه‌شێک ده‌مه‌داس بگۆڕمه‌وه که‌مه‌ری گوڵێك
شه‌قامێك ڕۆژنامه بگۆڕمه‌وه لێوی قه‌ڵه‌مێکی دادراو,
دنیایه‌ک شه‌قیش بگۆڕمه‌وه به ئازادی
هاتووم …گه‌ر ئه‌م تاریکی یه کوێرم نه‌کا
له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌دا قاوه‌یه‌کی تاڵ تێکه‌ین و
وه‌ك و جاران تۆ له جیاتی سێ کڵۆ شه‌کر،
ده‌مه‌ته‌قێکه‌مان بۆ شیرین که‌یت و
له‌سه‌ر که‌پره ژاڵه‌یه‌کی ژه‌هراوی حه‌قیقه‌ت
ئه‌و به چڵێ هه‌ناری بێ ڕۆحی باوه‌کۆچه‌که‌وه
منیش به مشتێ په‌شیمانی و مه‌راقه‌وه
به بێ بۆڵه بۆڵی کاتژمێره نووسته‌کان و
به بێ منه‌تی (با) و بێ منه‌تی ئاوی ده‌ستشۆره‌کان
خۆمان کونه جرج و، پینه‌ی شه‌رواڵه‌کانمان سواخ بده‌ینه‌وه
تا ئه‌وه‌نده‌ی تر نه‌بینه باخێکی به‌زه‌یی و
به‌رچینه‌کان بێن و خۆیان پڕ بکه‌ن له هه‌رمێی پێکه‌نین به‌سه‌رمانه‌وه
داده‌نیشین،باسی ئه‌و هه‌موو په‌ڕۆ ده‌که‌ین ،
که سه‌ری ڕووتی ژنێکی شاره‌زووریان نه‌شارده‌وه
باسی ئه‌و هه‌موو ده‌سته له‌رزۆکانه ده‌که‌ین،
که شه‌و و ڕۆژ له تۆێی کتێبه‌کانا ده‌نووستن و
که‌چی جانتاکانیان به زیندووی له ناو ڕه‌حله‌کانا کوشت
باسی ئه‌و هه‌موو ڕه‌نگه ده‌که‌ین،
که هیچیان له دڵ و تیری سه‌رباڵی کچێکی
کانی ئاشقان نه‌ده‌چوون.
باسی ئه‌و هه‌موو ته‌سبیحی فرمێسکانه ده‌که‌ین،
که سڵاواتێکیان به دیاری (عومه‌ری خاوه‌ر) نه‌دا،
هاتووم ….ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێگا سه‌رخۆشه بۆ هه‌ڵدێرم نه‌با
بنه دڕکێ له‌م گه‌رمیانه ده‌که‌مه مه‌نزڵ و
له‌بن که‌ڵه‌که به‌ردێکی ئیفلیجی چاوه‌ڕوانیدا
خۆر ده‌که‌ینه شاهید و (با)یش ده‌که‌ینه پاسه‌وان
له‌گه‌ڵ پیره‌ژنێکی پۆپ سپی خاڵاوی گه‌رمیانا
به ته‌سبیحێکی سه‌دوهه‌شتاودوو دانه‌یی
ئه‌و هه‌موو گڵۆپه چاو ده‌رهاتوانه ده‌ژمیرین،
که که‌سێ نی یه ده‌ستیان بگرێ و خێرێ بکا بۆ نیشتمان
ئه‌و هه‌موو تفه‌نگه ده‌ژمێرین ،
که ڕۆژانی له دۆڵابه شڕه‌کانی دڵمانا ده‌مانشاردنه‌وه و
ئێستا لێویان بۆ سه‌ر ده‌ریای شه‌رابه‌و، و ڕشانه‌وه‌شیان بۆ ئێمه
باسی ئه‌و هه‌موو نانه ڕه‌ق و ماش و په‌ڵپینه ده‌که‌ین
که عه‌یامێ به جۆگه‌ی ئاگراویدا ئه‌هاتن و
زۆڵه‌گیای ووشك بووی برسێتی شۆڕ‌شیان ئه‌سووتان و
شۆڕشیش حسابی ده‌مێ بنێشتی ڕزاوی بۆ نه‌کردن
باسی ئه‌و هه‌موو به‌فره ده‌که‌ین
که له سه‌رمانا خۆیان نا به سنگی سۆپاکانه‌وه‌و
داوای سووتانیان ئه‌کرد
که‌چی ئیستا خۆڵه‌مێشی کوانوه‌کانمان با چاودا ئه‌که‌ن
باسی ئه‌و پۆڵه ماسیانه ده‌که‌ین
که بۆ خۆ دانه به‌ر خۆری ژیان هه‌تبوونه که‌ناری هه‌رزه‌کاری
به‌ڵام تۆڕێکی لماوی و ڕاوچییه‌کی فاشی
هه‌موویان له جامی ئاوا خڕ کرد و
به شمشێره خوێناویه‌که‌ی ئه‌نفال له‌ت و په‌ت کران و
که‌چی ئێستا،ئێمه له زیندانه‌کانی ئازادیداین و
ئه‌ویش له شه‌قامه پان و به‌رینه‌کانی دکتاتۆریه‌تدا پیاسه ده‌کا
ڕۆژنیه، لافاوێك دوعای بۆ نه‌ڕوات و
ئه‌و هه‌ر قاچیشی ته‌ر نابێ
ڕۆژ نیه، مه‌رگ شاخ له شاخی توند نه‌کا و
که‌چی ژه‌نراڵه‌کانمان ده‌بنه ناوبژیوان
من ماڵه‌که‌م لیوان لێوه له گومان
گومانم هه‌یه له‌م هه‌موو بنه‌داره‌ی کتێبێکی تیا که‌وتوه‌و،
که‌چی به ئاسته‌م چیرۆکی وونبوونی ئاو باس ده‌که‌ن
گومانم هه‌یه له‌م هه‌موو گیرفانانه‌ی
قه‌ڵه‌میان تێدا ناشتوه‌و
که‌چی به کاڵی له‌سه‌ر کاڵ بوونه‌وه‌ی مۆمێك ده‌نووسن
چی بکه‌م تازه هاتووم.!!!..
حه‌ز ده‌که‌م له به‌شوودانی ئه‌م جاره‌ی نیشتمانا لێره‌بم
هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌گه‌ڵ مناڵیما
گیرفانمان پڕ بکه‌ین له خۆڵه‌سووره‌ی ویژدان و
بیگرینه ئه‌و سه‌رچۆپیه چوارشانه‌ی
که ئاره‌ق له جه‌سته‌ی بیزار بوو،ئه‌و هه‌ر ده‌سڕه‌که‌ی فڕێ نه‌دا
له‌گه‌ڵ گه‌نجیما فه‌قیانه‌ی تفه‌نگه‌کان له‌یه‌ك گرێ ده‌ین و
لووله‌ی ده‌بابه‌کانیش پڕکه‌ین له کۆتر
ئه‌م جاره، ئه‌و لێوانه‌ی ماچـم پێ ده‌هۆنیه‌وه بۆ ڕومه‌تی
ڕیشۆڵه‌کان
تفی پێ هه‌ڵده‌ده‌م ڕووه‌و قۆی ڕه‌شی داوه‌کان
ئه‌و په‌نجانه‌ی ئاگرم پێ ده‌دزی بۆ به‌ر دیده‌ی ئه‌سپه‌کان،
ئه‌مجاره به‌ردی پێ ده‌گرمه کۆڵانه چاو ڕه‌شه‌کان
گومانم هه‌یه له بوونی زه‌ڕه‌یه‌ک درۆ له‌م مه‌مله‌که‌ته‌دا،
هه‌مووی سوعبه‌ت چی و گه‌پی مۆدێرنن
باخ بدوێنه.. ئاو بدوێنه… به‌فر بدوێنه..نان بدوێنه..(با)بدوێنه
هه‌ر باس باسی ئه‌م تاوسه کلك بڕاوه‌و
قه‌ره‌وڵ گرتنه له دڵی ئه‌م شوشه هه‌نگوینه‌یه
باخ ده‌ڵێ:کاتێ چه‌پڵه‌تان بۆ لێ ده‌ده‌م
دڕکێکم دوو ناسنامه‌ی نه‌بێت و گوڵێکم هیچ
ئاو ده‌ڵێ:کاتێ ماسیه‌کی له‌شی خۆمتان ده‌ده‌مێ
که ناوی غه‌ریبیم له‌سه‌ر هه‌ڵگرن
به‌فر ده‌ڵێ:کاتێ سه‌ماتان بۆ ده‌که‌م
دوو چڵ له ژیان نه‌شکێن له بن باڵما و
ته‌ڵانێك ئاسوده‌یش ڕه‌ق بنه‌وه بوخاتری به‌فر خۆره‌یه‌ک
نان ده‌ڵێ: کاتێ دێمه باوه‌شتان
که هه‌موو کوچه و کۆڵانێکی ئه‌م هه‌رێمه‌م بگڕێنن
(با)ش ده‌ڵێ :کاتێ نامه‌ی ئازاره‌کان ده‌گه‌یه‌نمه لای حه‌کیم
که له گه‌رما هه‌ڵم پێچن له شه‌پۆل و له سه‌رماشدا
کفنێکم له پشکۆی به‌ڕوو بۆ بدوورن
من هێشتا هه‌ر به گومانم،
گومانم هه‌یه له‌و په‌پووله بێ باڵانه‌ی،
مه‌ڵۆیه‌ک له ژانی ئه‌م باخه پاییزیانه دروێنه‌که‌ن
گومانم هه‌یه له‌و گوڵانه‌ی،
له ڕۆژی له دایك بوونی تفه‌نگا
خۆی به شانی جه‌لادێکا هه‌ڵده‌واسێ
گومانم هه‌یه له خۆشـــــــــم…
له ووشکه ساڵی یه‌که‌ی پار و
له‌م ته‌ڕه وه‌رزه‌ی ئه‌م ساڵ
چون شه‌ڕی ئاگر و پوش نزیك بۆته‌وه
تۆ بڵێی ماڵی چه‌ند په‌ڕه‌سێلکه تاڵان بێ؟
تۆ بڵێی جگه‌ری چه‌ند سنه‌وبه‌ر بسووتێ؟
تۆ بڵێی چه‌ند دارچواله سێبه‌ره‌کانیان له‌بار بچێ؟
یان تۆ بڵێی ژه‌هر ته‌ڵاقی خۆی له مار وه‌رگرێ و
شوو بکات به هه‌نگ
ڕۆژ ڕۆژی حه‌شه‌راته و
فه‌سڵ فه‌سڵی ڕه‌شه‌مێیه،
تۆ بڵێی نیشتمان له‌م ژیانه‌دا تا مردن هه‌ر بمرێ و
له ناو مردنێکا جێ به‌ڕه‌یه‌ک له ژیانی ده‌ست نه‌که‌وێ!!!
عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی هاوینی 2009
ده‌ربه‌ن