Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
چەترەکان…. خولیا حوسێن

چەترەکان…. خولیا حوسێن

Closed
by January 6, 2012 ئەدەب

                                            

ئاوازی نمەی باران
عاشقانی ژێر چەترەکان دێنێتە سەما
چەترەکان چەند میهرەبانن

کە داڵدەی دڵدارەکان دەدەن و
نهێنیەکانیشیان لای کەس نادرکێنن

چەترەکان فرمێسکی بەختەوەری هەڵدەوەرێنن
کە گوێیان لە چرپەی ماچ و
لە ئۆخەی شکانی  تامەزرۆیی و
لە ڕازە پەپوولەییەکانی دڵدارەکان دەبێت

چەترەکان باوەشیان فراوانتر و
 سێبەریان فێنکتر و
ڕۆحیشیان ئارامتر دەبێت
کە ئاشقان دەیان کەن بە ماڵی خۆیان و
لە سەر کەنارەکانی تێکئاڵان
سەرخەوێک لە نێو باوەشی
خۆشەویستیدا
دەشکێنن

چەترەکان
 ئای لە دڵی ڕەنگاوڕەنگی چەترەکان!
چەترەکان
ماڵی ئەشقن
سێبەری بەختەوەرین
نە لێزمەی باران دەیان ڕووشێنێ
نە تیشکی سووتێنەری تەمووزیش
باڵەکانیان دەسووتێنێ

ئێمە، من و تۆ و ئەم و ئەو  و
هەر هەموومان
بە درێژایی تەمەن
چەترێکمان نەبوو
داڵدەمان بدات
چەترێکمان نەبوو
گوێ لە ڕازەکانمان بگرێت و
 چەترێکیشمان نەبوو
نهێنیەکانمان بپارێزێ

چەترێکمان نەبوو
ببێتە ماڵی ئەشقی ئێمە و
تەنها سەرخەوێك
لەژێر باڵەکانی
بەختەوەریدا
بشکێنین

ئێستاش زۆر بە گومانم
کە هەتا هەتایە بتوانین
لەژێر باڵەکانی بەختەوەری چەترێکدا
یەکتری بلاوێنینەوە و
داستانی  بێ ئومێدیمان بۆخۆمان بگێرینەوە

من ئیتر خۆم دەبم بە چەتر
باڵەکانی خۆشەویستی خۆم ئاوەڵا دەکەم و
ناوی خۆم دەنێم،   بە چەترە گەورەکەی ئەشق
دەبمە داڵدەی دڵدارە لانەوازە ، چاوڕەشە، شەرمنە لێوبەبارەکانی
نێو وڵاتی ڕۆحە سووتاوەکەی خۆم  و
 نهینیەکانیشیان لای  خۆشەویتترین
 کەسی خۆم  نادرکێنم .

١١/٢٠١٠

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.