چەند دێڕێک سەبارەت بە شاعیر جەلال جۆبار
میلله‌تانی ڕووی زه‌مین ڕوویان به‌ره‌و ڕووناکی یه
میلله‌تی ئێمه‌ش له‌تاریکی و که‌سادی تاکی یه
باهه‌موومان هه‌ڵمه‌ت به‌رین ئه‌م ناله‌باریه لابه‌رین
نیشتمانی به‌ش خوراومان چاوه‌ڕی ی چالاکی یه
که‌ی ده‌بێ ئه‌م جۆره ناپاکی یه له‌ناو پاک بێته‌وه
زه‌حمه‌ته جۆبار مه‌گه‌ر ئه‌م ئاخه بۆ ژێرخاکی یه
ناوی جه‌لال سه‌عید عه‌بدوڵا له‌ساڵی 1929 له‌شاری کۆیه له‌دایک بووه ، به‌کۆرپه‌یی چوار مانگانه بێنازی باوک به‌هه‌ژاری و نه‌بوونی گه‌وره‌بووه . بێ چوونه خوێندنگا به‌هه‌وڵی خۆی و هاوکاری منداڵه هاوڕێکانی فێری خوێندن و نوسین به‌خه‌تێکی خۆش بووه . ڕه‌گی ئاره‌زووی هۆنراوه و ووێژه‌یی هه‌رزوو ڕواوه زۆر به‌گچکه‌یی چرۆی ده‌رکردوه به‌شیعری منداڵانه زمانی گرتووه تا له‌ساڵی 1949 له‌هه‌ڕه‌تی لاوێتی به‌سۆزی خۆشه‌ویستی به‌هره‌که‌ی ته‌واو گوڵداری بۆندار پشکفتووه . هه‌ستی گه‌رمی کوردانه و باوه‌ڕی نیشتمان په‌روه‌ری به‌شداری خه‌بات و شۆڕشی کردووه . چمکی به‌رهه‌مه‌کانی هۆنراوه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی سروشتی ، سیاسی ، فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵایه‌تی … به‌رهه‌می دانیسقه‌ی له‌خۆگرتووه :
بابچینه کوێستان بۆ گه‌شتی ئه‌م ناوه
جوانی جیهانی خوا به‌م شوێنه‌ی داوه
له‌چله‌ی هاوینا نه‌و به‌هار ببینه
قه‌ندیل مه‌ندیلی هه‌ر فڕێ نه‌داوه
جۆبار شاره‌زا و زمانزانی ئه‌ده‌بی فارسی ، لێزانی کێشه‌کانی په‌نجه و عه‌روزی عه‌ره‌بی یه . ئه‌م ناسناوه سه‌ره‌تا بۆ چاوکێشی سه‌رنجی گوێبیستانی وه‌ک ڕاپرسی به‌هره‌دارێکی نه‌ناسراو هه‌ڵگرتووه ، دوای په‌سندی هۆنراوه‌کانی ئه‌وجا خۆی له‌کۆڕی شاعیران‌دا ئاشکرا کردووه . تا ئێستا چه‌ندین نوسین یا شیعری له‌گۆڤار و ڕۆژنامه کوردیه‌کان بڵاوکرایته‌وه له‌وانه ڕۆژنامه‌ی ژینی سلێمانی و ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ، گۆڤاری هیوا ، هه‌تاو ، برایه‌تی و کاروان هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ی هاموون ، به‌شداری چه‌نده‌ها کۆڕی سیاسی و ئه‌ده‌بی ، چاوپێکه‌وتنی ڕادیۆ و ڕێپۆرتاژی ته‌له‌فزیۆنی به‌رده‌وام بووه . له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی سیاسی توشی گیران له‌به‌ندیخانه‌کانی کۆیه و هه‌ولێر ، موسل و به‌غدا ، تاراوگه‌ی دیوانیه تا ماوه‌ی شه‌ش مانگ دوورخراوه له‌قه‌زای شامیه چێشتووه . خۆڕاگری زیندان تێکۆشه‌ری کۆڵنه‌ده‌ری کوردایه‌تی چه‌ندین جار ده‌ربه‌ده‌ر هه‌روا دوو جار دوکانی تاڵان کراوه ، زۆر له‌به‌رهه‌مه شیعریه‌کانی تێدا ونبووه سوتاوه . جۆبار هاوڕێ و هاوده‌می مه‌جلیسی گۆرانیبێژه نه‌مره‌کانی وه‌ک مه‌لا ئه‌سعه‌د ، خاڵه سێوه ، تایه‌ر تۆفیق و مه‌لائه‌حمه‌د و …. ئه‌ندام و هاوکاری تیپی باواجی کۆیه تا ئێستاش زیاتر له 22 شیعری کراوه به‌گۆرانی و هونه‌رمه‌ندانی کۆیه له‌گه‌ڵ شوێنه‌کانی تری کوردستان تۆماریان کردووه هه‌میشه له‌تۆمارگا و ڕادیۆ هه‌روه‌ها ته‌له‌فزیۆنه‌کان بڵاوده‌کرێنه‌وه . جۆبار نیشانه و بوێرێکی ڕۆشه‌نبیر و نوێخوازی شاری کۆیه‌یه هه‌ر له‌زووه‌وه ڕێچکه‌شکێنی داب و نه‌ریته نا‌وازه‌کانی پێچه و عه‌با هه‌روابێته‌وه داکۆکیکارێکی ئازادی و به‌شداری ژنان له‌گه‌ر هه‌نگاونان به‌ره‌و کۆمه‌ڵگای شاره‌ستانی یه . ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی له‌بواری هونه‌ری به‌شدار و چالاکن . جۆبار تا ئێستاش له‌کۆیه ده‌ژی گه‌وره شاعیری شارێکه ، مامۆستای سیاسی پێشڕه‌وه چرای هه‌رده‌م ڕه‌وشه‌نی گوزه‌ری دوکاندار و ناودارێکی فه‌رهه‌نگ پارێزی مێژووی هاوچه‌رخی کۆیه‌یه .
له‌گوڵدانی هۆنراوه‌کانی :
وه‌سفی کۆیه
پڕ له‌سه‌یرانگه‌ی که شایان به‌رنگایه شاری کۆ
جێگه‌ی ڕابواردن و که‌یف و سه‌فایه شاری کۆ
گه‌ر بکه‌ی سه‌یری به‌هاری بێ شکه سه‌رسام ده‌بی
به‌م گوڵستان و چه‌م و کانیه‌ی تیایه شاری کۆ
باغی پڕ میوه‌ی له‌سێ لاوه سه‌ری کردۆته یه‌ک
ده‌شت و ده‌ر ڕه‌نگین به ده‌وران ده‌ور چیایه شاری کۆ
شاخ و داخی گه‌وهه‌ری به‌م ئاوی صافی که‌وسه‌ری
دڵگر و شارێکی خۆش ئاو و هه‌وایه شاری کۆ
داخه‌که‌م ده‌ردی گرانم ئه‌میه‌تی پێ نادرێ
زۆر له ده‌ست بێ ڕێگه ژێر باری جه‌فایه شاری کۆ
شارێکی واکۆن و ناودار و وه‌ها گه‌وره که‌چی
هه‌ر له بێ به‌ش بوونی جاده و کاره‌بایه شاری کۆ
گه‌ر بکه‌ن خزمه‌ت گوزاری جه‌نه‌ته ئه‌م جێگه‌یه
له‌م عێراقه لای سه‌رو یه‌که‌م قه‌زایه شاری کۆ
به‌سیه جۆبار هه‌ڵبڕێژه ئاخ‌و داخی مه‌فته‌نت
چونکه هۆی بێ خاوه‌نی خۆ ئاشکرایه شاری کۆ
کوڕی ڕۆژ
ئه‌ی کوڕی ڕۆژ هه‌رده‌مه‌ی تۆ ئاره‌زووی بارێک ئه‌که‌ی
کاتی دڵداری له‌هه‌رساتێ له‌گه‌ڵ یارێک ئه‌که‌ی
چه‌شنی ڕه‌نگاره به‌ئه‌نواعی ته‌رز خۆت ده‌رده‌خه‌ی
هه‌ر ده‌مه‌ی به‌رگێک ده‌پۆشی و جۆره ڕه‌فتارێک ئه‌که‌ی
که‌س نه‌بوو ڕه‌نگت بزانێ زه‌ردی سوری یا ڕه‌شی
کاشکی ده‌مزانی چیه ڕه‌نگت له‌چۆن مارێک ئه‌که‌ی
گاهێ ده‌روێشی به‌زه‌رگ و دارعه‌سا و که‌شکۆڵه‌وه
گاهێ جه‌رده و ڕێگری تاڵانی بێچارێک ده‌که‌ی
سه‌رده‌مێ به‌رماڵ به‌شانی زاهیدی حه‌ی حه‌ی ئه‌که‌ی
گاهێ شه‌للاتی به‌ڕۆژ و شه‌و دزی شارێک ئه‌که‌ی
دۆستی گورگی کاتی گۆشت خواردن به‌چه‌پڵه و ئافه‌رین
ڕوو ده‌که‌یته لای شوانیش چه‌شنه هاوارێک ئه‌که‌ی
یان له‌مزگه‌وت سه‌ربه‌مه‌ندیل بانگده‌ری سه‌رگومبه‌تی
یان له‌مه‌یخانه به یالێلی عه‌جیب کارێک ده‌که‌ی
بۆ به‌دی هێنانی گشت ئامانجێکت بلوێرژه‌نی
لێ ئه‌ده‌ی هه‌رده‌م به‌نه‌زمێ و مه‌دحی سه‌ردارێک ئه‌که‌ی
داخه‌که‌م په‌رده‌ی نه‌زانی عه‌یبی تۆی شاردۆته‌وه
بۆیه تۆش هه‌ر ڕۆژه وا په‌یڕه‌و به بڕیارێک ئه‌که‌ی
جوانی کوێستان
بابچینه کوێستان بۆ گه‌شتی ئه‌م ناوه
جوانی جیهانی خوا به‌م شوێنه‌ی داوه
له چله‌ی هاوینا نه‌و به‌هار ببینه
قه‌ندیل مه‌ندیلی هه‌ر فڕێ نه‌داوه
تاچاو لێ ی دیاره چیمه‌ن و گوڵزاره
پڕ جۆگه و کانی و ڕووباری به‌فراوه
شنه بای شه‌ماڵی پڕ بۆن و به‌رامی
له هه‌ڵمژین که وه‌ک عه‌تر و گوڵاوه
چه‌م له‌گه‌ڵ چیمه‌ن په‌رچه‌میان په‌خشانه
وه‌ک زولفی یار شانه‌ی شه‌ماڵ کراوه
له لوتکه‌ی شاخان ڕه‌نو دێنه خوارێ
به تریسکه داری به ڕووی ڕۆژ پژاوه
هه‌ر چاوه کانیه و که برژانگی ده‌وری
گوڵاڵه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگه و ده‌وری داوه
ئه‌م ناوچه جوانه شوێنی کۆچه‌ریانه
هۆبه به هۆبه ڕه‌شماڵیان هه‌ڵداوه
ده‌می ئێواره که ڕۆژ له لێواره
له‌هه‌ر هه‌واره قه‌وغا بڵاوه
باڕه له ڕان و بۆڕه‌دێ له گاڕان
مه‌ستی له‌وه‌ڕ دێنه‌وه له چیاوه
له‌پێش گاڕان دا جاش و جوانی و گۆلک
له‌یاری مل ملانه و ڕاوه ڕاوه
بلوێری شوانی له به‌رزی ته‌لانی
کیژ له‌سه‌ر کانی دێنێته سه‌ماوه
له‌بۆنی دایکیان کاریله و به‌رخۆڵه
دێته پێشوازی له باعه و شاڵاوه
هه‌ر گوێ به‌گواره که مه‌شکه‌ی له‌داره
هه‌ر بێریه و بادی به ده‌ست وه‌ستاوه
گیانێکی تازه به مرۆڤ ده‌به‌خشێ
دیده‌نی له‌م دیمه‌نه سازکراوه
چنارۆک
چنارۆک چنارۆک چنارۆکی کۆیه‌ی خۆش
سه‌یرانگاکه‌ی چنارۆک غه‌م لێ ی ئه‌بێ فه‌رامۆش
له‌م دیوی هه‌یبه‌سوڵتان به‌بای شه‌ماڵی کوێستان
دێنه سه‌ما دره‌ختان ده‌بزوێنێ هه‌ست و هۆش
سولی پاشا‌و خاڵه‌بڵباس له ساردی لێ ی ناکرێ باس
ئه‌ی ته‌زێنێ که‌لله‌کاس له هاوین که ده‌که‌ی نۆش
ڕه‌زی هه‌نجیر و مێوی میوه‌ی ده‌خورێ به لێوی
گه‌ر باش بیکا به‌خێوی ڕه‌زه‌وانی به په‌رۆش
گوتیان ئه‌مڕۆ به‌هاره ئه‌م هاوینه هه‌واره
جێ ی چاوبازی دڵداره پڕه له مه‌ست و مه‌دهۆش
لایێ به‌زم و ئاهه‌نگه لایێ شایی قه‌شه‌نگه
به به‌رگی هه‌مه ڕه‌نگه هه‌مووی بێ باده سه‌رخۆش
ڕه‌ش به‌ڵه‌کی چاومه‌ستان ده‌ست ده‌نێنه ناو ده‌ستان
له‌م ده‌م جۆگه‌وڕۆخ بێستان به گۆرانی پڕ له جۆش
په‌رچه‌م لوول
ئه‌ی په‌رچه‌م لوولی گرژ و پێچ پێچه
ڕووخشت و خۆری ژێر په‌رده و پێچه
برۆ تێکه‌ڵاوی برژانگ چه‌تری چاو
ده‌م وێنه‌ی ده‌می تازه گوڵ خونچه
لوت ڕێکی ڕومه‌ت پڕگۆشت و به‌خاڵ
شێوه سه‌رچاوه‌ی به‌خشینی خه‌یاڵ
ئه‌ی گه‌نم ڕه‌نگی گه‌رده‌ن قوڵنگی
ڕه‌فتار چه‌له‌نگی ته‌مه‌ن هه‌ژده‌ساڵ
وه‌ک مانگی ناو ته‌م ڕووی تۆم لێ دیاره
هه‌ردڵ ده‌زانێ چه‌ند پرشنگ داره
نه‌رمه نیگاکه‌ی ئه‌ستێره‌ی چاوت
به‌ره‌و سینه و دڵ له‌من له‌کاره
له‌ژێر ئه‌م په‌رده ئه‌م ڕووه بێ گه‌رده
له‌من گیراوه وه‌ک مانگی چوارده
دڵ بۆی لێده‌دا و بۆی ناکرێته‌وه
به‌م بگره‌و به‌رده ئه‌م مانگه به‌رده
جوانی سته‌مه بشاردرێته‌وه
چونکه بینای چاو پێ ی ده‌کرێته‌وه
ڕوو پۆشی پیشه‌ی ناشیرینانه
ئه‌م کاره له‌جوان ناوه‌شێته‌وه
شێوه شیرینان یه‌زدانی نه‌خشن
بۆدڵ و ده‌روون هه‌رشادی به‌خشن
ده‌نا ئۆباڵی خه‌ڵکیان دێته مل
گه‌ر په‌رده له‌ڕووی دیده ببه‌خشن
جیهان به‌جوانن ده‌ڕازێته‌وه
له‌غه‌م بۆشادی ده‌گوازرێته‌وه
سه‌یری ڕووی جوان باده‌ی جوانانه
مه‌ستیه‌که‌ی بۆ دڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه
شه‌وی زستان له کوردستان
شه‌وی مانگی ڕێبه‌ندانه ئه‌وپه‌ڕی سه‌ختی زستانه
به‌فره بارانه زڵیانه شه‌خته کاشی حه‌وشه و بانه
ڕووبه‌ندی ئاسمان هه‌ورینه زه‌وی له‌به‌رگی زیوینه
سه‌رپۆشی چیاکان سپینه گوێ سوانده سه‌ر به له‌رزانه
هه‌وره تریشقه ده‌گرمێنێ دڵۆپه فرمێسک ده‌ڕژێنێ
بروسکه ڕووناکی ده‌نوێنێ ئاسمان هه‌ر وه‌ک چراخانه
گۆرانیبێژ ڕه‌شه‌بایه ڕێژنه تیپی مۆسیقایه
دره‌خت بۆیان له سه‌مایه ته‌زره‌ش له دومبه‌ڵه‌ک لێدانه
کاتێکه وا ماڵ له‌ژووران خێزان وان له‌گوێ ئاگردان
گڵپه‌ی سۆبه و ترپه‌ی سه‌ربان شه‌وچه‌ره‌مان چیرۆک خوانه
دیمه‌نێکمان له‌ناوه‌نده وه‌ک هه‌ڵپه‌ڕکێ و زه‌ماوه‌نده
ئه‌ویش تاقمی چایه و قه‌نده چۆپی له ده‌وری چادانه
له‌م شوێنه پڕ خۆشایی یه سه‌رسینی گۆڕی شایی یه
شاباشی شایی چایی یه ساقی له‌م به‌زمه کابانه
پیاڵه ڕیزی شایی که‌ره زورناژه‌نیش سه‌ماوه‌ره
کابان بۆی به‌سه‌ما وه‌ره هه‌ڵده له غه‌می زه‌مانه
جۆبار هه‌ستی له‌سه‌ر چاوه ده‌رخست به‌ڕووی تاقمی چاوه
ده‌سکێک هه‌ڵبه‌ستی پێچاوه گه‌رچی له چا نه‌خۆرانه
به‌م وێنه‌یه
به‌م وێنه‌یه بێ وێنه‌یه به‌م شێوه‌یه مه‌نده
به‌م لێوه به‌خه‌نده ده‌مه‌که‌ت کارگه‌ی قه‌نده
مه‌یلت مه‌یه مه‌ستم به‌ووشه‌ی ئه‌م ده‌م ولێوه
سا بولبولی دڵ تاوێ بئاخێوه به‌خه‌نده
جولانه‌وه‌که‌ت ناز و ئه‌وین بازیه قوربان
تۆ هانی دڵم به‌س بده به‌م چه‌شنه ئه‌وه‌نده
ئه‌م چاوه هه‌میشه به‌نیگاکه‌ی که له‌ڕاوه
چه‌ندان دڵی ڕاوکردووه ئه‌م ڕاوچیه ڕنده
په‌رژینی قژت لاده له‌ده‌وری گوڵی گۆنات
به‌م زولفه که‌مه‌نده که دڵی به‌نده له‌به‌نده
له‌م گه‌ردنه به‌للوره که پڕ باده‌یی سووره
بۆ شه‌ربه‌تی لێوت دڵ که‌م ئاره‌زوومه‌نده
جۆبار له‌جوانیت که به‌هۆنراوه دواوه
هه‌ڵبه‌ست نیه ئه‌م شۆخیه بێنێته مه‌زه‌نده
زه‌مانه
زه‌مانه چه‌رخی گه‌ردوون چۆن ده‌سوڕێ سه‌یری که‌ن ئێوه
که چه‌ند ده‌ورو دوکان تێک چوو بزربوو چه‌ند هه‌زار شێوه
هه‌زار سولطانی خاوه‌ن عیزه‌ت و جاهو جه‌لال ڕۆیی
که خاکی قه‌لبی ئه‌مڕۆ گه‌رده‌لوولی ڕوی که‌ژ و کێوه
مه‌نازه قه‌ت به‌ماڵ و گه‌نجی دنیا ئه‌ی مرۆڤ چونکه
که مردی له‌م هه‌موو چشته دوو سێ گه‌ز جاوه‌که‌ت پێوه
به‌دونیای بێ وه‌فا بایی مه‌به به‌م ژینه که‌م عومره
بڵی ی هه‌روا ده‌ژیم و هه‌ر ده‌مێنم وا له‌پاڵ جێوه
مه‌به‌سته دڵ به‌دنیا هیجچ مه‌به غافڵ له‌خۆت یه‌ک ده‌م
مه‌رگ دایم له دووت عه‌وداڵه تا ده‌تخاته ژێر پێوه
هه‌تا ده‌توانی ڕێگه‌ی چاکه بگره دووربه له خراپه
مه‌به نزیک خراپه ڕێگه‌یه‌کی به‌دخواهه بکشێوه
گه‌لێ زۆردار له‌دنیا داری به‌دکاری ڕواند ئه‌وسا
گوناهی پڕ له‌کۆڵی کرد و کۆچی کرده ڕووی ڕێوه
هه‌زار ساڵ گه‌ر بژی یان پاڵه‌وانی ڕۆژگاری بی
ده‌بێ تاڵاوی مه‌رگی هه‌ر بچێژی سه‌د بڵێ ی دێوه
که‌وابو تاکو ماوی هه‌ر له‌تۆ وه‌سیه‌ت بێ ئه‌ی جۆبار
حه‌قیقه‌ت چۆنه هه‌رده‌م تۆ زوبان به‌م جۆره ببزێوه
Dlshadtakana@yahoo.com