Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
چەن جوانە كێلاسى خەمت

چەن جوانە كێلاسى خەمت

Closed
by March 15, 2008 ئەدەب

…حەمە سەعید كەلارى

  سەفا بەخشە
 باخچەى  سەوزى  هاوڕێیەتیت
 كاتىَ  دەستى  خەیاڵى  بۆ  درێژ ئەكەم
 درەختى  تەڕى  سەلاریت  چرۆ  ئەكاو
 ئەمدوێنىَ،
 چەن ئاوسە
 هەورى  سپیى  میهرەبانیت
 كاتىَ  نم نم  دائەكات و
 بەرۆحى  نوقمى  شەكەتم
 قومىَ  ئۆقرەیى  ئەبەخشىَ ،
 چەن  عەزیزیت
 جار  نا  جارىَ
 تەرزەى  بەهارى  سەرشێتیت
 بەسەر  دارشاتوى     تەمەنما
  دائەبارىَ و
 گەڵاى  سەوز باوى  میحنەتم   ئەتەكێنىَ ،
 چەن بە تامە
 نەرمە  گوێزى   سەخیتەبعى   مەحەبەتت
 دەنك دەنك   ئەڕژێتە كۆشى گەرمیانى نەستمەوەو
 شعورى  نازكى شیعرم  لە خەوى قووڵ  هەڵئەسێنىَ ،
 چەن شیرینە
 قوڵپى   سەرچاوەى   سەبووریت
 لەو كاتەدا شنە بایەك هەڵئەكات و
  دێت  و بە كوڵ  ئەمگرێنى و
 لە باوەشى  گەرم و نەرمى  تەسكینیدا  ئەمخەوێنىَ ،
 چەن   جوانە   گێلاسى   خەمت
 ئازار   رێژمەكا  بەكپیی
 كپیى   كاتى   دواى   نیوەشەو
 كە   عاشقان   بێدارن و
 گەردوونیش   هەڵئەسىَ   لە خەو
 ئەو لەحزە    سۆفیانە ،    خود
 كراسى   بێدەنگى   ئەدڕىَ و
 یەك   رستە   ئەڵێت :
 ( انا الحق ) .
 ئەى   كائینە   غەریبەكە
 مەپرسە   چۆن
 مەپرسە     بۆ 
 مەپرسە   چەن 
 شیرینیت لام ،
 هیچ  نازانم
 تەنیا  ئەوەم  لایەقینە
 لەم ساتەدا
 تۆ  لەتێكیت لە  رۆحم و
 بەشێكیت  لە نوورى  خودا .
 
 
 " * "
 گەر جوانیەكان نەناسین و عاشق نەبین ـ، هەر زوو هەڵبجە و ئەنفال فەرامۆش ئەكەین 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.