Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
چەکی کۆمەڵ کوژ لە پێناو کام ئامانجدا بەرهەم دەهێنرێت؟

چەکی کۆمەڵ کوژ لە پێناو کام ئامانجدا بەرهەم دەهێنرێت؟

Closed
by August 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری تاقە سیستەمێکە تەواوی قۆناغەکانی دڕندایەتی تێپەڕاندوە، یانی ئەو سیستەمە چینایەتیانەی پێش ئەم سیستەمە سەرمایەداریە بونیان هەبوە، بۆخۆیان لەسەر چەوساندنەوەی زۆرترینی کۆمەڵگا درێژەیان بەبونی خۆیان دابوو، بەڵام چونکە ئاستی زانیاری و داهێنانیان هێندە نەبوە نەیان توانیبوو ببن بەو داهێنەرە چەوسێنەرەی کە ئەمڕۆ سیستەمی سەرمایەداری پێی گەیشتوە. دیارە قۆناغی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی ئەو کۆ مێژوەی پێش هاتنی سەرمایەداری خایاندوە، لە سەدەی چواردەوە، قۆناغ بەرەو هەڵکشانی سیستەمی سەرمایەداری چوە لە ئەوروپادا. لێرەدا ڕەنگە زۆر پێویستی بابەتەکە نەبێت کە مێژوەکان وەک خۆی چۆن هاتوە یاد بکرێتەوە، هێندەی پیویستی بابەتەکە لەسەر داهێنانی ئەو چەکە قێزەونەیە کە دەتوانێت زۆرترین مرۆڤ و گیان لەبەر و ڕوەکیش لە یەک کاتدا بکوژێت.

دەکرێت بپرسین؛ ئاخۆ گەر سیستەمی بەناو داهێنەر و سەرسوڕهێنەری سەرمایەداری خۆی تەرخان کردوە بۆ ژیانێکی باشتر و مۆدێرنانەتر بۆ گشت مرۆڤی سەر ئەم ئەستێرەیە، ئەی هۆکار چیە وا دەستی برد بۆ دروست کردنی چەکی ناوەکی و کۆی چەکە کۆمەڵکوژەکانی دیکە؟ ئاخۆ گەر ئەم سیستەمە لەو سیستەمانەی پێش خۆی دڕندەتر و نابوت تر نیە، بۆچی کارگەی چەک دروست کردنەکان داناخات و ئەو تێچوە زەبەلاحە ناخاتە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە؟ دەست بردنی ئەم سیستەمە لەڕێگای بەناو زاناکان و پلان داڕێژەرانیانەوە بۆ داهێنان لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی چەکدا، دەتوانین بە یەقینەوە بڵێین ،ئەو داهێنانە تەنها بۆ پاراستنی خاوەنانی سیستەمی سەرمایەداریە لە جیهاندا، وە بەتایبەتیش خودی خاوەن دەسەڵاتە زلهێزەکان. ئەو ڕێژە زەبەلاحەی بەکارهێنانی چەک لە جەنگی عێراق ئێرانەوە تا ئێستا، کە بوەتە هۆکاری لەنێوبردنی زیاد لە ملیۆن مرۆڤ و تێکدانی کۆی بونیاتی ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگا، بەس دەبوو بۆ سەد ساڵ بردنە پێشەوەی ئەو دوو وڵاتە، گەر لەبری ئەو چەکانە تێچوەکەی بۆ خزمەتی کۆمەڵگا بەکار بهێنرایە. کەواتە کێ دژی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیە، ئاخۆ لە خودی سیستەمی سەرمایەداری بەو لاوە هیچ بزوتنەوەیەکی تر هەیە بەو ئەندازەیە دڕندە و وەحشیگەر بێت؟ ئەوە تەنها خاوەنانی  دیفاع کەری خاوەندارێتی تایبەتن کۆی جەنگەکان دروست دەکەن لە پێناو وەگەڕ خستنی بازرگانی و وەدەست خستنی قازانجی بێشوماردا، هەر بەڕاستی دەتوانم بڵێم وەحشیترین و دڕندە ترین سیستەم لە مێژوی مرۆڤایەتیدا تەنها خودی سیستەمی سەرمایەداریە.

چەند زەحمەتە بۆ مرۆڤ بتوانێت خۆی ڕابگرێت لە کاتێکدا دیمەنی سوریالی ئاسایی ئەو کۆ منداڵە بەدبەختانە دەبینین لە ریگای تیڤیەکانەوە کە چۆن بەلادا کەوتون و گورگە برسیەکانی سەرمایەداریش بۆخۆیان وەک ئەوەی ڕۆژی شای و ئاهەنگیان بێت، کەوتونەتە ئەوەی کە ئیتر کاتی ئەوە هاتوە گورزێکی باش لە ڕژێمەکەی ئەسەد بدرێت و کۆی کارگە و جێگا نهێئنیەکانی چەکی کۆمەڵکوژ کاول بکرێت، بەڵام کار لە پێناو ڕوخاندنی ڕژێمدا نیە!؟ ئاخۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ تاقیکردنەوەی ئەو چەکە نوێیانە نابێت کە لە دوایساڵی ٢٠٠٣ وە بەرهەم هێنراون و هێشتا ڕەنگە بە شێوازی کرداری تاقینەکرابێتنەوە؟(چونکە پێش ئەو مێژوە لە جەنگی بەناو ڕزگار کردنی عێراقدا، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەرچی جۆری چەک هەبوو تاقیان کردبوەوە، دیارە ئەوە تەنها نهینیەکە کە پلان داڕێژەرانی دروست کردنی چەک دەزانن کە کاریگەری جۆری چەکەکانیان چەندە لەسەر وێران کردن و کوشتنی بەکۆمەڵی مرۆڤ.) ئاخۆ کێن ئەوانەی زاناکان و دروست کەرانی چەکی کۆمەڵکوژ ڕەوانەی وڵاتانی ژێر دەستی زلهێزانی جیهان دەکەن؟ ئاخۆ هەرخۆیان نین؟ ئەی کەواتە ئەو چەکانە بۆ چی بەرهەم دەهێنرێن، گەر خودی تەواوی ئەم ڕژێمانە ئەو بەکرێگیراوە نەبن کە لە ژێر دەستی زلهێزانی جیهاندان؟ هەر لە دەوڵەتی روسیەوە تا دەگات بە ڕەقیبە گەورە دڕندەکەی کە خودی ئەمریکایە، ئەو دوو زلهێزە سەرمایەداریەن، کە ژیانی مرۆڤایەتیان خستۆتە نێو تەڵزگەی بێهودەییەوە. ئەوە خودی ئەو دەوڵەتانەن تەنها لە پێناو هەیمەنەت کردن بەسەر کۆی وڵاتانی دیکەدا، هەردەم لە پلانی بنیات نانی هەزاران جۆری چەکن، کە تەنها قازانج لێیان کوشتنی مرۆڤە.

 درۆ گەورەکانی خاوەنانی دەوڵەتی سەرمایەداری، کە هەردەم ناوی دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ لەسەر زاریانە، بۆخۆیان ئەو داهێنەرە ڕوخێنەرەی سەر ژیانی کۆی مرۆڤایەتین لەم سەر زەویەی تێیدا دەژین، کەواتە ئەوەی چەکی کیمیای بە ڕژێمەکەی ئەسەد یان بەبەرەی ئۆپۆزیسیۆن لەو وڵاتە داوە کێ یە؟ ئاخۆ لە نێو بردنی زیاد لە سەد هەزار مرۆڤ لە سوریادا بەڵگەی ئەوە نین کە ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرە و لە خزمەتی کۆمەڵگاکەی خۆیدا نیە؟ کەواتە ئەو ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتیە و خودی وڵاتە یەکگرتوەکان بۆ ڕێگا دەدەن بە ڕژێمەکەی ئەسەد وا قەتڵ و عامی کۆمەڵگا بکات؟ ئاخۆ بەرەی نوسرە و ئەحزابی ئیسلامی سیاسی لە عێراق و سوریا هەر لەلایەن سەرانی خاوەن سەرمایەداری وەک دەوڵەتی تورکیا و قەتەر و کێ و کێوە هیدایەت ناکرێن و کۆمەکیان پێنادرێت؟ ئاخۆ گەر دڕندایەتی لە خودی سیستەمی سەرمایەداریدا نەبێت، کە خۆی بەداهێنەرترین و مۆدێرنەترین دەزانێت، چۆن ڕیگا دەدات بە دروست بوونی هەژاری و برسێتی لە جیهاندا؟ کێن ئەوانەی لە پشتی بزوتنەوە چەوسێنەرەکانی لە شێوەی ئیسلامی سیاسی و بزوتنەوە ڕەگەز پەرستەکانەوەن؟ ئاخۆ هەر خودی زلهێزانی سەرمایەداری جیهان نین؟ ڕەنگە پەرتوکی(ساڵی ٥٠١ و داگیرکاری هەر بەردەوامە) کە لە نوسینی نعوم چۆمسکیە و لەلایەن مەی ئەل نەبهان وەرگێردراوە بۆسەر زمانی عەرەبی، باشترین نموونە بێت بۆ ئاستی چەتەیی و وەحشی گەریەکانی خاوەنانی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی.

کەواتە لەنێو خودی ئەم سیستەمە داگیرکار و قازانج خۆرەدا دەتوانین کام جۆر لە پڕوپاگەندەی بەرگری کردن لە مافی مرۆڤ و کام جۆر لە داد پەروەری سەروەری ژیانی مرۆڤ ببینین! لەنێو دڵی ئەم نەزمە دڕندەیەدا تەنها کاولکاری و لێشاوی هەژاری و برسێتی بەرهەم دێت و بۆ خاوەنانی تێر نەبووی سەرمایەداریش تەنها کەڵەکە کردنی قازانجی بێ ئەژمار پەیدا دەبێت. کۆی ئەو لایەنانەی بڕوایان بە دەوڵەمەند بوونی چینێک هەیە لەسەر حیسابی برسی کردن و وەگەڕ خستنی جەنگ، بەشدار بووی نێو تاوانە گەورەکانن کە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت. لەم نێوەدا یەک لایەنیش نامێنێتەوە لە نێو هەوادارانێک کە خۆیان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ  پەیوەست کردوە بە زلهێزانی سەرمایەداریەوە و لە ژێر ڕکێفی ئەواندا مانەوەیان دیاری کراوە، بتوانن خۆیان بە دوور بگرن لەو کۆ گێژاوەی ئەمڕۆ چێنراوە بۆسەر نائارامی و نە بوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی نێو ژیانی کۆمەڵگاکان. بەرەی چینی دەسەڵاتدار ئەو تەنها تاوانبارەن  کە شایانی ئەوەن بدرێنە دادگای ڕەوای مرۆڤایەتی.

تەواوی ئەو بەناو چارەسەریانەی تا ئێستا پێش کەش کراوە بەوەی ژیانی ئەم سەر زەمینە بەرەو ئاواڵا بونێکی زیاتر و فرە کەلتوری و ژیانێکی باشتر ببرێت، نەک ئەو ئامانجە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو بەپێی ئامارەکانی خودی ئەو دەزگایانەی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکانن، ئەوە دەردەخەن کە ژیانی زیاد لە ملیار مرۆڤ لەبەردەم خەتەری برسێتی تەواو هەژاری مەزندان، ئاخۆ گەر لەلایەک سیستەمێک کە خۆی حاکمە و تەنها بونیاتی قازانج کردنی زیاتر دەناسێت، چۆن دەتوانێت چارەسەرێک پێش کەش بکات کە ژیانی مرۆڤایەتی بەرەو ئاسایش و ئارامی بڕوات؟ ئاخۆ ئەوەی ئەمڕۆ ناونراوە  دەوڵەمەند و خاوەنی زۆرترین بڕی خاوەندارێتی تایبەتن، لە کوێوە بە دەستیان هێناوە؟ ئایا خودا پێی بەخشیون یان لە چەوساندنەوە و هەژار کردنی ملیاردەها مرۆڤەوە بەدستیان خستوە؟ کەواتە دەتوانین بڵێین کۆی داهێنانی چەکەکان بۆ بەرگری نیە لە ژیانی مرۆڤایەتی، هێندەی بۆ بەرگریە لە مانەوەی ئەم سیستەمە دڕندە چەوسێنەرەی، سەرمایەداریە. بەد ڕەوشترین سیستەم دەتوانم بڵێم تەنها سیستەمی سەرمایەداری و خاوەنانی بەرگری کەری خاوەرندارێتی تایبەتن!!!!!!!! گەر ژیانێکی شایستە و دوور لە کوشتنی مرۆڤ هەبێت، ئەوا لەنێو ئەم سیستەمە چەوسێنەردا بونی نابێت، تەنها بە لە نێو چونی خودی سیستەمی قازانج پەرست و چەوسێنەر، دەتوانرێت ژیانێکی پڕ لە کەرامەت و یەکسانیخواز بەدەست بهێنرێت.

تاهیر حاجی حەسەن

٣٠/٨/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.