Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
چ كۆمیدیایەكە، نە ژن رازین نە مەلا!!

چ كۆمیدیایەكە، نە ژن رازین نە مەلا!!

Closed
by November 30, 2008 گشتی

 چ كۆمیدیایەكە، نە ژن رازین نە مەلا!!
 نورى بێخاڵى

 
 من دڵنیام لە ئێستاى كوردستاندا، لەتەك یاساى بارى كەسى، كە زۆر گرنگە بە پێى بنەما شارستانییەكان و لەبەر رۆشنایى مافەكانى مرۆڤ و ئازادییەكانى تاك و دوور لە هەژموون و سانسۆرى ترادسیۆنى كۆمەڵایەتى و ئایین (هەر ئایینێك) هەموار بكرىَ، زۆر پڕۆژە یاساى گرنگتر هەن لە كوردستاندا، كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانى خەڵك و پرۆسەكانى چاكسازى و گۆڕانەوە هەیە كاریان لەسەر بكرىَ، بۆ ئەوەى هەر تاكێك لەو وڵاتەدا هەست بە هاووڵاتیبوونى خۆى بكات و لە ئاستى ویژدانیدا خۆى بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانى و نەتەوەییەكان.
 یاسایەكى سزایى بۆ رێگرتن لە گەندەڵى.. یاسایەك بۆ میكانیزمەكانى سەربەخۆكردنى دەزگاى دادوەرى.. یاسایەك بۆ كارى داواكارى گشتى، كە تا ئێستا هیچ هاووڵاتییەك نازانىَ ئەو دەزگایە بۆ هەیە و كارى چییە.. یاسایەك بۆ رێكخستنى كاروبارى ئایینى و دەسەڵاتى پیاوانى ئایینى، وەك ئەوەى بۆ تەواوى توێژەكان هەیە.. یاسایەك بۆ سروشتى مامەڵەى نێوان هاووڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان.. یاسایەك بۆ لێپرسینەوەى ئەوانەى لە پڕىَ بوونە كوڕىَ.. یاسایەك بۆ هەڵاوێركردنى ئەنفالكراو و ئەنفالچى، شەهید و بكوژ، تێكۆشەر و فایلدار، جاش و باش.. یاسایەك بۆ كۆنتڕۆڵكردنى بازاڕ و كارى ناكارى كۆمپانیا و بەڵێندەرەكان.. یاسایەك بۆ بنبڕكردنى رۆتینى فەرمانگەكانى حكومەت و خراپ بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە موڵك و ماڵ و كەلوپەل و ئامێرەكانى دەوڵەت.. یاسایەك بۆ هاوسەنگكردنى دادوەرانەى مووچەى فەرمانبەران لە بەردەستێكەوە بۆ وەزیر، لە پاسەوانێكەوە بۆ پەرلەمانتار (بەگوێرەى خزمەت و بەرهەم) و….هتد.
 بەهەرحاڵ، ئەمێستا یاسایەك كە زۆرترین گفتوگۆ و گەنگەشە و بە یەكدا هەڵشاخانى لە نێوان چین و توێژەكانى كوردستان ناوەتەوە، یاساى بارى كەسى و لە نێویشیدا مەسەلەى فرە ژنییە، ئەوەى لەو نێوەشدا كۆمیدیایەكى سەیرە، ئەوەیە كە نە ژنان و رێكخراوەكانى داكۆكیكار لە مافى ئافرەتان رازین، نە مەلا و پیاوانى ئایینى، ئەوانەى یەكەم بەو بیانووەى گوایە مەرجداركردنى فرەژنى و بە یاساییكردنى ئەو مەرجانە، نەك رێگە لە فرەژنى ناگرىَ، بەڵكو بە شێوەیەكى دى و لە چوارچێوەى یاسادا رەوایى دانە بە پرۆسەكە، لە بەرامبەریشدا مەلاكان پێیان وایە یاساكە دژایەتى كردنى ئایین و شەریعەتى خوا و پێغەمبەرە، لەو نێوەشدا حكومەت خەریكە باجەكەى دەدات. دیارە هەر یاسایەكیش كە لە كوردستان دەردەچىَ، با پەرلەمانیش دەنگ و رەزامەندى لەسەر بدات، بەڵام دواجار دەچێتەوە بەردەم سەرۆكى هەرێم و پێویستى بە واژۆ و رەزامەندى ئەویش هەیە، دواتر ئەركى جێبەجێكردنەكە دەكەوێتە ئەستۆى دەزگاكانى حكومەت، ئیتر مرۆ نازانىَ بۆچى پیاوانى ئایینى حكومەتیان خستە ئەو حاڵەتە و هەر زوو شەڕەكەیان بردەوە ماڵى ئەو؟!
 بەداخەوە زۆرێك لەو ئافرەت و چالاكوانانەى بوارى داكۆكى كردن لە ژن، هەر دوێنىَ و پێش ئەو بڕیارە بوو، كە سەر بە هەوىَ چوون و شانازیشى پێوەدەكەن، دووریش نییە زۆرێك لەوانەى ئەمڕۆ شەڕى دەستەویەخە لەسەر قەدەغەكردنى فرەژنى دەكەن، سبەى و بۆ (غایە فى نفس یعقوب) داواى هەمواركردنى بەشێك لە یاساكە و بڕگە و ماددەكانى بكەن، بەلایەكەى تریشدا مرۆ لەوە دەترسىَ، ئەگەر ئەمڕۆ مەلاكان لە پەسەندكردنى یاساى مەرجداركردنى فرەژنى (كە مافێكى رەواى مێینەیە) وا بكەونە سەنگەر و هەڕەشەكردن، دوور نییە سبەى ئەگەر یاسایەكى تایبەت بە دیاردەى ژنكوژى و بۆ سزادان و لە سێدارەدانى ئەوانەى بەناوى ناموسپرێزییەوە مێینە دەكوژن دەربچىَ و پەسەند بكرىَ، ئەوان لێى بكەنە هەلڵا، بە بیانووى بەرگریكردن لە شەڕەف، ئەویش بە لۆژیكى (من قتل فى سبیل شرفە فهو شهید).
 ئێستا خەریكە بە چەشنى سەدە تاریكەكانى ناوەڕاستى ئەوڕوپا و سەردەمى باڵادەستى كڵێسا و دادگاكانى پشكنین و چەكى لێبوردن، كە تەواوى ئازداییەكانى تاك و بەها و سەروەرى مرۆیى مرۆڤى خستبووە ژێرپىَ، پیاوانى ئایینى كوردستان بە شێوەیەكى دى و لە بەرگێكى تر و بە ماسكى دیكە و لۆژیكێكى تر ئەو پیرۆزییانە بگەڕێننەوە نێو كورد و لەو سەردەمى كرانەوە و پێشكەوتن و بانگەشەكانى مەدەنییەت و دیموكراسى، جارێكى تر كۆمەڵگەكەمان بخەنەوە ژێر بار و سێبەرى قوڕسى فەتوا و ژیان و ئازادى و بیركردنەوە و چارەنووسى تاكى كورد لە دەرەوەى یاسا شارستانى و مرۆییەكان، بە تەرازووى حەڵاڵ و حەرام ئاراستە و یەكلا بكەنەوە، كە ئەمە رێك پێچەوانەى بانگەشەكانى دەسەڵاتى كوردییە.
  بۆیە ئیتر كاتى ئەوە هاتووە حزبەكان و دەسەڵاتى سیاسى خۆى لە نێوان عەلمانییەت و عەقڵیەتى كەهەنۆتى یەكلابكاتەوە، ئەگەر دەیەوىَ ئەو دەسەڵاتە مۆدێرن و پێشكەوتوخواز و دیموكراسى و مەدەنییە بێت، كە بانگەشەى بۆ دەكات و بەو ماسكەوە و بە شانازیەوە خۆى لە بەردەم دونیاى دەرەوەى خۆیدا نمایش دەكات، با بوێرانە و بە یاسا ئایین بباتەوە شوێنى خۆى و ژیانى سیاسى و كارگێڕى و لە نێویشیدا كایەى دەسەڵات و پەروەردەیى لە حوكمى دەقەكان و فەتوا دەرباز بكات. بە مانایەكى تر ئازادى ئایین و پیرۆزییەكانى و پەیوەندى تاك و خوا بداتەوە دەست تاك خۆى و ئەو سەر پشك بێت لەسەر ئەوەى چۆن خواى خۆى دەپەرستىَ و چۆن رایەڵە رۆحییەكانى پەیوەندى خۆى لەگەڵ خوا رێك دەخات، بۆ ئەوەى كەس بەناوى نوێنەرى عەرشى خوا و پیرۆزییەكانى ئایینەوە نەبێتە وەسى بەسەر سەرى مرۆڤەكان. چونكە ئەوە بە تەنها مشتومڕەكانى یاساى بارى كەسى نییە، كە ئاماژەى ئەو ترس و هەژموونەن، بەڵكو ئەگەر وا بڕوا دەبىَ سبەى بۆ چوونە سەر ئاویش روخسەتى ئەو واعیز و وەسیەتكارانە وەربگرین، بە دڵنیاییەوە ئەو دەمەش وڵات جێهێشتن زۆر باشترە لە مانەوە وەك رەعیەتى گوێڕایەڵ و كۆیلەى دەق و پیرۆزییەكانى پیاوانى ئایینى!!
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.