Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ڕاستیی و ڕیالیتێت له شه‌قامی ئێمه‌دا

ڕاستیی و ڕیالیتێت له شه‌قامی ئێمه‌دا

Closed
by April 24, 2011 گشتی

هه‌میشه کێشه‌کان له هه‌ڵه به‌کارهێنانی چه‌مکه‌کانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، له به هه‌ڵه تێگه‌یشتنی چه‌مکه‌کانه‌وه کێشه‌کان به‌ره‌و ئاستێکی ترسناک ده‌ڕۆن. له حه‌ڤده‌ی شووباته‌وه ئه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی تاکی کورد و سیاسییه‌کانی پێینه‌گه‌یشتن بریتیی بوو له جیانه‌کردنه‌وه‌ی ڤانداڵیتێت و خۆپیشاندان. ده‌سته‌ڵات له هه‌ژده‌ی شوباتدا هه‌لێکی نوێیدا به ڤانداڵیستان هه‌تاوه‌کوو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی خۆیان چ چاکبکه‌نه‌وه چ ده‌ستدرێژیی و تاوانه‌کانیشیان وه‌ک سه‌روه‌ریی ته‌ماشابکرێت. له حه‌ڤده‌ی شووباتدا ڤانداڵیستان تاوانبار بوون، لێ هه‌نووکه ده‌سته‌ڵات. چونکه ده‌سته‌ڵات له ماوه‌ی دوو مانگی ڕه‌به‌قدا ئه‌وه‌ی بیری لێنه‌کردبێته‌وه چاککردنی شه‌قامی کوردیی بوو. هه‌نووکه چ گه‌ره‌نتییه‌ک نییه بۆ چاککردنی ئه‌م ئاژاوه‌یه و چ گه‌ره‌نتییه‌کیش نییه بۆ نه‌کردنی سلێمانیی به کابول.
مرۆڤ ده‌بێت جیاوازیی گه‌وره بکاته نێوان ڕاستیی و ڕیالیتێته‌وه. ئه‌وه‌ی له حه‌ڤده‌ی شووباتدا ڕوویدا به ڕاست وه‌رده‌گیرێت، لێ ڕیالیتێتی ڕووداوه‌که پێویستی به گه‌ڕانه به‌دوایدا. ڕاستیی هه‌میشه فره دیوه، ده‌شێت من له دیدگای خۆمه‌وه دیوێکی ڕاستیی ببینم و که‌سێکی تریش دیوێکی تری، لێ هه‌ردووکمان ڕاستده‌‌که‌ین، چونکه کۆی هه‌موو دیوه‌کان ڕیالیتێتی بوونه‌که به‌رهه‌مدێنن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م “بوون”ه خاوه‌نی ناوه‌خنێکی نادیاره، که من به چه‌قی ڕیالیتێته‌که‌ی ناوده‌به‌م. مرۆڤ ناتوانێت گه‌مه به ڕیالیتێت بکات، لێ نه‌زانتریین مرۆڤ توانای گه‌مه‌کردنی به ڕاستیی هه‌یه. ئه‌گه‌ر من خۆر به نموونه بهێنمه‌وه وه‌ک ڕیالیتێتێک، که کۆی هه‌موو ئه‌ستێره‌کان به‌ ده‌وریدا ده‌سوڕێنه‌وه، ئه‌وا بۆ تێگه‌یشتن له ڕیالیتێتی حه‌ڤده‌ی شووبات پێویسته ته‌واوی ئه‌و چه‌مکانه‌ی، که وه‌ک وه‌رشه‌یه‌ک بۆ پشکنینی ئه‌م ڕیالیتێته پێویسته به ده‌وری حه‌ڤده‌ی شووباتیدا بسووڕێنینه‌وه نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. من ئه‌و سه‌گه‌م، که به‌دوای ڕاستییدا لوت ده‌نێم به هه‌موو کوونج و که‌له‌به‌رێکدا، له بن به‌رد و ده‌وه‌نی هه‌ر لاڕێیه‌کدا به خۆشییه‌وه بۆ ڕاستیی ده‌گه‌ڕێم.
چلۆن له ڕاستیی که‌سایه‌تیی تێده‌گه‌ین؟ هه‌ندێک تاکی سیاسیی و نووسه‌ری ئێمه، که من لێره‌دا سیاسیی و نووسه‌ره‌کانی “گۆڕان” به نموونه ده‌هێنمه‌وه، هه‌ر بۆئه‌وه‌ی به‌سه‌رمدا تێنه‌په‌ڕێت ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌‌ی له چه‌ند ڕۆژی ڕابوورددا بتڵێک ئاوی گرته سه‌رۆکی په‌رله‌مان، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خاوه‌نی ستراکتوری که‌سایه‌تیی نییه. سیاسیی و نووسه‌ره‌کانی گۆڕان ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیش، ئه‌وانه‌شی، که پێیانوایه ته‌نها هاوڕێیه‌کی نه‌وشیروانن، یان سیمپاتییان بۆ گۆڕان هه‌یه که‌سایه‌تیی بوونیان ده‌چێته ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه. که‌سایه‌تیی بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر که‌ڕاکته‌ر داده‌نێت و که‌ڕاکته‌ریش بۆ خۆی خاوه‌نی سێ کۆڵه‌که‌ی به‌هێزه، که بریتیین له یه‌که‌م: ئێتیک. دووهه‌م: ئێستێتیک. سێهه‌م: بوونه‌وه‌رێکی ده‌روونیی، که مرۆڤه. کۆڵه‌که‌ی سێهه‌م نه‌ک سیاسیی و نووسه‌ره‌کان هه‌موو مرۆڤێک خاوه‌نیه‌تی، چونکه هه‌موو مرۆڤێک بوونه‌وه‌رێکی ده‌روونییه. لێبه‌ڵێ کۆڵه‌که‌ی یه‌که‌م و دووهه‌م به‌شێکی گه‌وره و گرانی سیاسیی و نووسه‌ره‌کانی گۆڕان خاوه‌نی نین. مرۆڤ، که خاوه‌نی ئێتیک بوو شیرازه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵ تێکنادات و ژیانیان ناخاته مه‌ترسییه‌وه. مرۆڤ، که خاوه‌نی ئێستێتیک بوو پشێویی نانێته‌وه و جوانیی ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌دا که‌م ناکاته‌وه. میدیای یه‌کێتیی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌کات، که ناوی هه‌ندێک سیاسیی و نووسه‌ری گۆڕان وه‌ک که‌سایه‌تیی به‌کاردێنێت. میدیای یه‌کێتیی پێویسته به گه‌ڕانه‌وه بۆ زانستی سروشت به تێڕوانینێکی ئیمپیریی شیکردنه‌وه له‌سه‌ر تێداژیان و نواندنی تاک و کۆ له شه‌قامی کوردییدا بکات. پێناسی ئه‌م مرۆڤانه‌ له گه‌شه‌یاندا له‌ناو پانتاییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌سته‌کییدا بکات، که کاریگه‌رییه ده‌ره‌کییه‌کان بڕیار له‌سه‌ر بڕیاره ناوه‌کییه‌کانیان ده‌ده‌ن. گریمان دارلاستیک به ده‌ستێک ده‌یه‌وێت هه‌ڵماتێک بنێت به ده‌ستی پۆلیسێکه‌وه، لێ له پێش ئه‌ودا گه‌نجێکی تر هه‌ڵماتێک ده‌نێت به نێوچه‌وانی پۆلیسێکه‌وه و ڕاسته‌وخۆ ده‌یدات به زه‌وییدا، گه‌نجه‌کانی تر ده‌ستده‌که‌ن به چه‌پڵه‌لێدان و فیکه‌‌لێدان بۆی، دارلاستیک به ده‌سته‌که بڕیاره‌که‌ی خۆی ده‌گۆڕێت و ئه‌ویش هه‌ڵماته‌که‌ی ده‌نێت به نێوچه‌وانی پۆلیسه‌که‌وه و ئه‌ویش ده‌که‌وێته سه‌رزه‌ویی. ده‌شێت ئه‌م سه‌رکه‌وتنه پاڵنه‌ری گه‌نجه‌کان بێت بۆ سبه‌ینێ له‌بری دارلاستیک ده‌مانچه‌یان پێبێت یان تفه‌نگ. ئیدی لێره‌وه وه‌ڵامی گولله به گولله و کووشتن به کووشتن ده‌درێته‌وه. به‌ڵام کێ به‌رپرسه له‌م باروودۆخه؟
کاتێک له سووپه‌رمارکێتێکدا له ڕیزی کاسه‌دا ڕاده‌وه‌ستم بۆ پاره‌دانی کاڵاکانم، له پێش و پاشمه‌وه‌ خه‌ڵکانی تر ڕاوه‌ستاون، لێ به‌ده‌ر له پاره‌دان هیچ شتێکی تر پێکمانه‌وه نابه‌ستێت. خه‌ڵکانی ڕیزی کاسه خاوه‌نی سیستێم نین، خاوه‌نی ئامانج نین، هه‌ربۆیه به گرووپ ناونابرێن، چونکه دوای پاره‌دان هه‌ریه‌که‌یان به لایه‌کدا ده‌ڕۆن و نابینرێنه‌وه، لێبه‌ڵێ ئه‌و که‌سه‌ی، که به‌رده‌وام ده‌چێت بۆ شوێنێک، لێره‌دا به‌بێ گوێپێدان به‌وه‌ی، که ئه‌و شوێنه کوێیه، له چوونیشیدا خاوه‌نی ئامانجه، ئامانجه‌که‌ش، ئامانجی ئه‌و نییه، به‌ڵکوو ئامانجی کۆیه‌که “به‌پێچه‌وانه‌ی سووپه‌رمارکێتێکه‌وه”، ئه‌وا که‌سی ناوبراو له ئاگایی و نائاگایی خۆیدا له ویست و نه‌ویستراوی خۆیدا ئه‌ندامی گرووپێکه. له تۆپی پێدا زۆرجار ڕووده‌دات، که به‌شێکی زۆری یارییچییه‌کان له بازنه‌یه‌کدا کۆبوونه‌وه‌یه‌کی خێرا ده‌که‌ن، تاکه که‌س، که له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار نه‌بێت گۆڵچییه، لێ ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه نییه، که گۆڵچیی ئه‌ندامی ئه‌م گرووپه نییه. به‌شێک له تاک و نووسه‌رانی ئێمه هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی سنووری تووڕه‌بوون به ده‌نگی بڵند هاوارده‌که‌ن، ئێمه ئه‌ندامی هیچ پارت و گرووپێک نین. ئه‌م هاواره نه‌ک زانیارییه‌کی هه‌ڵه‌یه ده‌گه‌یه‌نرێت به خه‌ڵکیی، به‌ڵکوو هه‌وڵی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خۆشیانه. له ئه‌وروپا و ئه‌مێریکادا نووسه‌ران پێیان شه‌رم نییه، که ئه‌گه‌ر سیمپاتییان بۆ سیاسییه‌ک یان پارتێک هه‌بێت، هه‌مانکاتیش ئه‌ندامی پارتێک بن، له سه‌رهه‌ڵدانی ئۆبامادا سه‌دان نووسه‌ر و ڕووناکبیری ئه‌مێریکا پشتگیرییان له ئۆباما کرد، که‌چیی نووسه‌رانی ئێمه ئاماده‌ی شه‌ڕکردنن له‌گه‌ڵتدا ئه‌گه‌ر بێتو به ئه‌ندامی پارتێک ناویان به‌ریت، یان پێیانبڵێیت تۆ سیمپاتیت بۆ فڵان پارت هه‌یه. ئه‌م نووسه‌رانه کاتێک سیاسییه‌ک یان نووسه‌رێکی تر به بوونه‌وه‌رێکی که‌م به‌ها ته‌ماشا ده‌که‌ن، له ڕێگای درکاندنی ئه‌م هه‌ست و تێگه‌یشتنه‌وه بڕیار له‌سه‌ر خۆیان ده‌ده‌ن. هه‌ندێک پێیانوایه ئه‌وان ڕاوێژکارن، نه‌ک ئه‌ندامی پارتێک یان گرۆیه‌کی سیاسیی. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئاخۆ نه‌زانیی نووسه‌رێک ده‌بێت هه‌تا چ ئاستێک بڕوات، که درک به‌وه نه‌کات، ئه‌و له هه‌ناوی سیستێمێکدا ده‌ژیی و یه‌کێکه له هه‌ڵسوڕێنه‌ره‌کانی سیستێم، که‌چیی پێیوابێت ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی سیستێمدایه. مه‌ترسیی ئه‌م سیستێمه‌ش له‌وه‌دایه، که خاوه‌نی مۆڕاڵ نییه، تاکه شتێک، که ئه‌و بیناسێت و هه‌وڵی بۆ بدات مانه‌وه‌یه له ژیاندا به هه‌ر نرخێک بێت. ئه‌مجۆره سیستێمانه له چرکه‌ساتدا توانای گۆڕیینی خۆیان له ڕه‌شه‌وه بۆ سپیی و له سپییشه‌وه بۆ ڕه‌ش هه‌یه، ده‌توانن سۆسیالیست بن و ده‌توانن ئیسلامی فه‌ناتیکیش بن، لیبڕاڵبوونی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن، لێ ڕیالیتێتیان نادیاره، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت له ڕێگای جوڵه و وته‌یانه‌وه درکپێده‌که‌ین، که بوونه‌وه‌رێکی ڕێسێنتیمۆ له هه‌ناوی ئه‌م سیستێمه‌دا ده‌ژیی.
 تاکێک ڕاوێژکاره له سیستێمێکدا، تاکێک، که خۆی پێیوایه بێلایه‌نه “تێبینیی: مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ده‌روونیی له سروشتیدا نییه بێلایه‌ن بێت، مرۆڤێکی بێلایه‌ن خاوه‌نی شپرزه‌یی ده‌روونییه، خاوه‌نی تێکچوونی ده‌روونییه. مرۆڤ لایه‌ندارێتیی بۆ سروشت، مرۆڤایه‌تیی، ئێتیک و مۆڕاڵ، ئازادیی …هتد. هه‌یه، کاتێک تاکێکی ئێمه ده‌ڵێ من بێلایه‌نم، که‌واته ناته‌واوییه‌ک له سروشتیدا هه‌یه وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ده‌روونیی.”. هه‌ندێک چه‌مک له په‌یڤی کوردییدا هه‌ن، که خزمایه‌تییان له‌گه‌ڵ چه‌مکگه‌لێکی گه‌رمانه کۆنه‌کان و “ئه‌ڵمان”ی ئێستادا هه‌یه، یه‌کێک له‌وانه “ڕاوێژ”ه، که له “ڕات، Rat”ی ئه‌ڵمانییه‌وه نزیکه. ڕه‌چه‌ڵه‌کی چه‌مکی ڕات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌رمانه کۆنه‌کان، که هه‌تا ئێستا له ئه‌ڵمانیادا چه‌مکێکی گرنگی په‌یڤی ئه‌ڵمانییه. ئه‌م چه‌مکه له ئێستادا خاوه‌نی چه‌ندیین پێشگر و پاشگره، که هه‌ریه‌کێکیان له بوارێکی تایبه‌ت و ئیندیڤیدووێلدا خۆی فۆرمه‌له‌کردووه. بناغه‌ی چه‌مکه‌که بریتییه له بیرکردنه‌وه، که وه‌ک ئاسترومێنتێک بۆ بژێوێی ژیان له قه‌یران و پێویستییدا ده‌خرێته‌گه‌ڕ. هه‌نووکه پارتێک، گرووپێک پێویستیان به بیرکردنه‌وه‌یه‌که، که وه‌ک ئاسترومێنتێک بۆ مانه‌وه له ژیاندا به‌کاری بهێنن، بۆ دروستکردنی ژینگه‌ی خۆیان به‌کاری بهێنن، بۆ گه‌یشتن به ده‌سته‌ڵات به‌کاری بهێنن، ئالێره‌دا که‌سی ڕاوێژده‌ر ڕاوێژکاره، بێلایه‌ن نییه له خستنه‌وه‌ی ئاژاوه و کاره‌ساتدا، بێلایه‌ن نییه له هێنانه‌کایه‌وه‌ی ئاشتیی و ئارامییدا، بێلایه‌ن نییه له سه‌رکه‌وتن و ژێرکه‌وتندا. تۆپه سپییه‌که‌ی بیلیارد کاوسالانه هۆکاره له جوڵاندنی ته‌واوی تۆپه‌کانی تردا، هۆکاری لێبوونه‌وه‌ی چه‌ندیین ئه‌نجامی تری نوێیه، به ڕازییبوون پێی یان ناڕازییبوون.
نووسه‌ر و ڕۆشنبیری کورد به‌رده‌وام باس له کایه ده‌که‌ن ئینجا چ کایه‌ی په‌یڤ بێت یان سیاسه‌تی فه‌رمانڕه‌واییکردن، لێبه‌ڵێ ئه‌وه‌یان بیرده‌چێته‌وه، که هه‌موو کایه‌یه‌ک خاوه‌نی یاسای خۆیه‌تی، هیچ گه‌مه‌یه‌ک به‌بێ یاسا بوونی نییه. خودی هه‌موو مرۆڤێک خاوه‌نی یاسای ئیندیڤیدووێلی خۆیه‌تی هیچ مرۆڤێک به‌بێ یاسا بوونی نییه، خودی ڕۆبنسن له دوورگه‌ی ته‌نیایی خۆیدا خاوه‌نی یاسای خۆیه‌تی. منداڵێک، که له‌دایک ده‌بێت له‌گه‌ڵ خۆیدا یاسایه‌ک له سروشته‌وه دێنێت و له ڕێگای دایک و باوک، باخچه‌ی منداڵان، قووتابخانه، ڕژێم، کۆمه‌ڵگا، کار و …هتد‌.ه‌وه ده‌گۆڕدرێت به‌و بوونه‌وه‌ره‌ی، که هه‌موو ئه‌م فاکتۆرانه بڕیاری له‌سه‌رده‌ده‌ن. په‌روه‌رده و کۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌رج له‌سه‌ر یه‌کتریی داده‌نێنن، ئاسترومێنتی نێوان ئه‌مان بریتییه له ڕاوێژ. ڕاوێژکاریی وه‌ک فۆڕمی په‌روه‌رده‌ی مامه‌ڵه‌، جوڵه‌ی خۆی له‌نێوان په‌رده‌ی شوێن له‌سه‌ردانانێک وه‌ک ئامانج و وه‌رگێڕانێکی ڕاسته‌وخۆدا ده‌دۆزێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک، که تاکی ڕاوێژکراو فێرده‌بێت خۆی خۆی لێبخوڕێت، خۆی ببێته تاکه یارمه‌تیی خودی خۆی. ئه‌وه‌ی خاوه‌نی یاسا نییه یاخوود نایه‌وێت هاوبه‌شی خاوه‌ندارێتیی یاسایه‌ک بێت بۆ قازانجی کۆ له باشه‌دا نه‌ک له خراپه‌دا، ئه‌و که‌سه‌یه، که نایه‌وێت گه‌مه بکات. بۆ نموونه چه‌ند منداڵێک ده‌ستده‌که‌ن به پراکتیزه‌کردنی گه‌مه‌یه‌ک، هه‌موو پێکه‌وه خۆشییان له کردنی گه‌مه‌که‌دا هه‌یه، له‌پڕ یه‌کێکیان ده‌ڵێ: چیدی گه‌مه ناکه‌ین، ئه‌م ڕاوه‌ستاندنی گه‌مه‌یه له یاسای گه‌مه‌که‌دا نییه، چونکه گه‌مه‌که هێشتا ته‌واو نه‌بووه، لێ ئه‌م منداڵه سووره له‌سه‌رئه‌وه‌ی، که گه‌مه‌که ڕابوه‌ستێنرێت و چیدی گه‌مه نه‌کرێت. ئالێره‌دا درک به هه‌بوونی ویستی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی له‌و منداڵه‌دا به‌دی ده‌کرێت، که چیدی نایه‌وێت نه خۆی گه‌مه بکات و نه ئه‌وانی تریش درێژه به گه‌مه‌کردن بده‌ن. ئه‌رکی منداڵه‌کانی تر لێره‌دا درێژه‌دانه به گه‌مه‌کردن به‌بێ ئه‌م منداڵه، لێ ئه‌گه‌ر بێتو منداڵه‌کان خاوه‌نی ویستی به‌هێز نه‌بن، ده‌چنه ژێر کاریگه‌رێتیی منداڵه‌که‌وه و ئه‌وانیش ئاره‌زووی گه‌مه‌کردنیان نامێنێت. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له گه‌مه‌ی چه‌ند منداڵێک ده‌چێت، که یه‌کێک تێیاندا چیدی ئاره‌زووی نییه و ئه‌وانی تر ناچار ده‌کات، که چیدی گه‌مه نه‌که‌ن.
نیشتیمانێک، که هێشتا له قۆناغی ئازادییدایه پێویستی به پاراستنه، ئازادیی نیشتیمانێکی داگیرکراویش گه‌مه‌ی منداڵان نییه، که‌ی ویستت ده‌ستیپێبکه‌یت و که‌یش ئاره‌زووت نه‌ما تێکیبده‌یت. سیاسیی و نووسه‌ر و ڕۆشنبیره‌کانی ئێمه هه‌تاوه‌کوو ئێستا له نرخی ئازادیی تێنه‌گه‌یشتوون، ده‌شێت من ئه‌م ڕسته‌یه‌م ده‌یانجار له نووسیین و گفتووگۆدا به‌کارهێنابێت، لێ هه‌رگیز له دووباره‌کردنه‌وه‌ی ماندوو نابم “نرخی ئازادیی له‌وه‌دا نییه، که به‌هۆیه‌وه ده‌گه‌ین به چیی؟ به‌ڵکوو له‌وه‌دایه، که چ نرخێکمان له‌پێناوی گه‌یشتن پێیدا خه‌رج کردووه”. ڕشتنی هه‌موو دڵۆپه‌ خوێنێک له ئێستای شه‌قامدا به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ئه‌و دڵۆپه خوێنه هی پۆلیسێکه یان هی گه‌نجێکی خۆپیشانده‌ر، بریتییه له نرخی ئازادیی. ئێمه ده‌یان ساڵه هه‌قی ئه‌م ئازادییه به مادده و خوێن ده‌ده‌ین، به‌بێئه‌وه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان درکی پێبکه‌ین. هه‌بوونی چه‌ند سیاسییه‌کی بێ مۆڕاڵ ناکرێت ببێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مه‌یه‌ک، که هێشتا ته‌واومان نه‌کردووه. تاکی دڵسۆز ئه‌و تاکه نییه ته‌خته‌ی شانۆی تێکۆشان چۆڵ ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌و تاکه‌یه، که ناهێڵێت شوێنێکی نوێ بۆ سیاسییه‌کی تری بێ مۆڕاڵ چۆڵ بێت “مانه‌وه‌ی دکتۆر به‌رهه‌م ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م تێزه‌یه”. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و ڕۆشنبیره‌کانمان ڕاستده‌که‌ن با بێن جێگای چه‌ند سیاسییه‌ک بگرنه‌وه، که پێیانوایه زیانیان له قازانج زیاتره. با ده‌یان ساڵ له ته‌مه‌نی خۆیان له‌پێناوی ئاینده‌یه‌کی باشتردا خه‌رج بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌م تێکۆشانه پێویستی به ئه‌قڵه نه‌ک به‌رد و ئاگر و بارووت.
له‌دوای ڕاپه‌ڕیین هێشتا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌ستیپێنه‌کردبوو. گه‌نجێک بووم به هیوایه‌کی گه‌وره‌وه بۆ ئاینده‌یه‌کی باشتر تێده‌کۆشام. له‌به‌ر دادگای کۆنی سلێمانییدا ئینزیباتێک داوای پێناسی لێکردم، پێمنه‌بوو. له ڕێگای گفتووگۆوه نه‌متوانی باوه‌ڕی پێبهێنم، که من مرۆڤێکی خراپ نیم یان مه‌ترسیی نیم بۆسه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه. به پاڵ بردمی بۆ “نفووس”ی سلێمانیی له‌وێ نزیکه‌ی هه‌تا نیوه‌ڕۆ له ته‌والێتێکی بچکۆلانه‌‌ی تارییکدا ده‌رگای له‌سه‌ر داخستم. ئه‌وێ بنکه‌ی ئینزیباته‌کان بوو. پاشان به ئاتۆمۆبیلێکی تر له نیوه‌ڕۆدا بردیانم بۆ ئینزیباتخانه‌ی سلێمانیی، له‌وێ دیسان کردیانمه هۆده‌یه‌کی تاریکه‌وه، پاش دوو کاتژمێر ئینزیباتێکی تر بانگیکردم، وتی وه‌ره ده‌ره‌وه له‌به‌رده‌می نه‌قیبێکی ئینزیباتدا ئه‌گه‌ر ناوه‌که‌یم هه‌ڵه‌نه‌کردبێت ناوی “جه‌مال” بوو، به‌زۆر قاچی پێ جووتکردم و پێویست بوو قاچ بده‌م به زه‌وییدا و سالوتیره‌ی بۆ بکه‌م. ئه‌و کات ئه‌ندام که‌رتی ڕێکخستن بووم، کۆمیته‌کان هێشتا به باشی دانه‌مه‌زرابوون، توانیم باوه‌ڕ به نه‌قیبه‌که بهێنم و ئازادم بکات، لێ کاتێک ئازاد بووم پاشنیوه‌ڕۆ بوو، هه‌رچی ئیشی ئه‌و ڕۆژه گرنگه‌م هه‌بوو له‌کیسم چوو. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم: له‌به‌رخاتری مامه‌ڵه‌ی ئینزیباتێکی نه‌زان و نه‌قیبێکی سه‌رده‌می به‌عس ناکرێت من نیگه‌ران بم له ڕاپه‌ڕیین، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی من و پێشمه‌رگه‌ی دێریین و خه‌ڵکانی باش نه‌بێت ئه‌م هه‌موو نه‌زانانه نابنه پۆلیس و ئینزیبات، ئه‌م هه‌موو ئه‌فسه‌ره کۆنه‌به‌عسییه نابنه خاوه‌ن بڕیار. که هیچ که‌سێک بێزی نه‌یه‌ت ببێت به پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، پۆلیسی ئاسایش …هتد. ئه‌وا خه‌ڵکانێک هه‌ن سووپاسی حکومه‌تیش ده‌که‌ن ئه‌و کاره‌یان پێبسپێرێت. له ئه‌وروپادا پۆلیسێتیی ئه‌رکێکی ئێتیکیی و مۆڕاڵییه، که هه‌موو که‌س توانای نییه ببێته پۆلیس یاخوود ده‌زگای پۆلیس هه‌موو که‌سێک وه‌رناگرێت ببێت به پۆلیس ئه‌گه‌ر بێتوو شیاوی ئه‌و پۆسته نه‌بێت.

له‌‌دوای ٣١ی ئاب دایکم بۆ دوو هه‌فته‌یه‌ک له بنکه‌ی پۆلیسی ئیسکان زیندانیی بوو، ئه‌و ئه‌فسه‌ری ئاسایشه‌ی، که بووه هۆی زیندانیکردنی  دایکم، پراکتیزه‌ی تۆڵه‌یه‌کی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دایکمدا کرد، ئه‌و ئه‌فسه‌ره شوێنێکی گه‌وره‌ی خراپی له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی من دانا، من ئه‌و کات وازم له یه‌کێتیی هێنا. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئاخۆ ئه‌و ئه‌فسه‌ره ئێستا چ کاره‌یه؟ ئه‌رکی یه‌کێتیی له ئێستادا ته‌نها گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه نییه بۆ ژیان له ئارامیی و ئاسایشدا، به‌ڵکوو ئه‌رکی له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه، که کێ وه‌ک پۆلیس، ئاسایش ده‌نێرێته سه‌ر شه‌قام؟ له حه‌ڤده‌ی شووباته‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا خه‌رجیی ئارامکردنه‌وه‌ی شه‌قام زۆر له‌وه زیاتر بووه، که گه‌نج داوای ده‌کات، کاتی ئه‌وه هاتووه، که یه‌کێتیی نه‌هێڵێت چیدی نه گه‌نج بکرێته ئاسترومێنتی سیاسیی و نووسه‌ره‌کانی گۆڕان نه سلێمانییش بکرێت به کابول.

 

پۆڵا سه‌عید

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.