Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕاپۆرتی تانگانیكا ..٢-٣… نازم حیکمەت

ڕاپۆرتی تانگانیكا ..٢-٣… نازم حیکمەت

Closed
by November 19, 2013 ئەدەب

 

 

و. لە فارسییەوە: هەژێن

 

 

له‌ قاهیره‌، باخی «ئوزبه‌کیه‌»ت لە‌یاد ماوە‌؟

چووم و کورسییه‌ك که‌ پێکه‌وه‌ لە ‌بانی دانیشتبووین، دۆزیمه‌وه‌.

هێشتا پا شکاوه‌که‌ی چاكنه‌کرا‌وه‌

شه‌و بوو، له‌یادتە ؟

له‌ به‌رامبه‌رمانا، ڕۆشنایی ئه‌ستێرە و ئۆتۆمەبێلەكان لە شووشه‌به‌نده‌کانا، ئاوێته‌بووبوو و

گه‌دایێك به‌ دیزداشەوە.

له‌یادته‌ که‌ پێکه‌وه‌، لە ژنه‌ خه‌مباره‌كە دواین

ڕوخساری وه‌ك «نێفه‌رتیتی»ی شاژن وابوو

هاوسه‌ره‌ کۆمونیسته‌که‌ی پێنج ساڵ بوو گیانه‌ڵای بوو

له‌نێو بیابان، ئوردووگه‌ی کاری زۆره‌ملێ

باخی «ئوزبه‌کیه‌»ی قاهیره‌ت له‌بیر دێ؟

چووم، کورسییه‌ك که‌ له‌سه‌ری دانیشتبووین، دۆزیمەوه‌ ..

هێشتا ‌پا‌ شکاوه‌که‌ی چاكنه‌کرا‌وە‌

به‌ ڕۆژ، دره‌خته‌کان ته‌پوتۆز دایگرتوون

گه‌دا دیزداشەپۆشەكە، بۆته‌ مشتێ پێست و ئێسقان،

هاوسه‌ری ژنه‌ خه‌مباره‌که‌ش مردووه‌.

تۆ باخی «ئۆزبه‌کیه‌»ی قاهیره‌ت له‌یاد ماوە ؟

 

فێبریوەری ١٩٦٣

 

*****************************

* ڕاپۆرتی تانگانیكا یەكێكە لە دواھەمین ھۆنراوەكانی نازم حیكمەت، چونكە لە فێبریوەری ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ‘نازم حیكمەت’ لە جونی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ‘ ڤێرا تولیاکۆڤا ‘ ھاوسەرە ڕوسەكەی كردووە، كە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەك نازم حیكمەت ھاوسەریی كردووە.

** تانگانیكا، وەك دەزانن لە كاتی گەشتەكەی نازم حیكمەت دا، دوو ساڵ بوو كە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ‘ جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere كەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی ..ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێكەوتنی زنگبار ‘ كۆماری تانزانیا’ی پێكھێبنا و ‘جولیوس نایرە’ وەك سەرۆككۆماری دانرا.

—————————————–

نامه‌ی سێیه‌م

 

شه‌و، دره‌نگانێ له‌ قاهیره‌ هه‌ڵفڕین

دوور، زۆر دوور، له‌ نووکی باڵەكانیا، چرای سووری دابڕان هه‌ڵکرابوو.

ئه‌ستێره‌کانم گرتنه‌ نێو له‌پم و خه‌وتم.

 

له‌ ڕووناکی کازیوه‌دا، له‌ فڕگەی «خه‌رتوم» نیشتینه‌وه،

ڕووناکییه‌کی سپی بێ هه‌ور،

ڕوناکی سێرامیكەكان،

فنجانێکی سێرامیك، ناسك وه‌ك پێست.

«کۆمێت»ێکی دێوئاسای لێبوو

فڕۆکه‌ی هێڵی هه‌وایی سودان.

فڕۆکه‌یه‌کی وەرزشیی گچکه‌ی زه‌رد و سووریش.

تێنه‌گه‌یشتم بۆچی له‌وێنده‌رێ بوو.

 

فڕگەی «خه‌رتوم» خاوێنه‌.

خۆر له‌ فێنكی به‌یانیدا سه‌رده‌که‌وت.

پاڵتۆکه‌م خسته‌ سه‌رشان و ڕووبه‌ڕووی دانیشتم.

له‌ هه‌رکوێ بم، ته‌نانه‌ت له‌ زیندانیش،

ڕۆژم به‌ زرینگانەوەی ھەواڵێكی خۆش لە گوێما ده‌ستپێده‌کا.

سودانییه‌کان جوانن،

– ژنه‌ هۆنه‌رێکی سودانی ده‌ناسم، جوانی جوانانه‌ – *

له‌ داری ئابنۆس داتاشراوه‌.

کراسی سپی، كەتانی سپی و سپیەتی مێزەرە‌کانیان.

ئه‌فسه‌رانی یۆنانی پیاسه‌ده‌که‌ن و به‌ ئینگلیزی ده‌دوێن

ڕاوچیانی موو زێڕینیش ویسکی ده‌خۆنه‌وه‌.

ڕاوچیان بۆ ڕاوی شێر و ڕاوی په‌موو هاتوون.

تفه‌نگه‌کانیان به‌رگی نایلۆنییان هه‌یه‌.

 

خۆر بە ئەندازەی ڕمێ به‌رزبووه‌ته‌وه‌،

پاڵتۆکه‌م خسته‌لاوه‌ و چاکه‌ته‌که‌مم داکه‌ند.

«کۆمێت»ەكە وەك ھەڵچووونی بورکانێ له‌ زه‌مین به‌رزبووه‌وه‌ و

به‌ره‌و له‌نده‌ن هه‌ڵفڕی.

 

كچم تۆ له‌ کوێ بزانی،

که‌ «عوسمانی»یه‌کانی وڵاتی من، له‌م خاکه‌ سووره‌وه‌ کۆیله‌یان ده‌برد.

کۆیله‌ی بەژن دوو مه‌تری،

ھەروا عاج و ئاڵتونیش،

به‌ پشیله‌ خستنه‌ ده‌رپێی ژنان، باج و خه‌راجیان کۆده‌کرده‌وه‌.

له‌وانه‌یه هێشتا ئه‌م شێوازه‌ ‌له‌ ئاناتۆڵی باوبێ

به‌ڵام کۆیلانی ئه‌ناتۆڵی کورته‌ڵه‌ و ئێسك ئه‌ستوورن.

 

فێبریوەری ١٩٦٣

 

*****************************

* ڕاپۆرتی تانگانیكا یەكێكە لە دواھەمین ھۆنراوەكانی نازم حیكمەت، چونكە لە فێبریوەری ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ‘نازم حیكمەت’ لە جونی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ‘ ڤێرا تولیاکۆڤا ‘ ھاوسەرە ڕوسەكەی كردووە، كە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەك نازم حیكمەت ھاوسەریی كردووە.

** تانگانیكا، وەك دەزانن لە كاتی گەشتەكەی نازم حیكمەت دا، دوو ساڵ بوو كە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ‘ جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere كەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی ..ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێكەوتنی زنگبار ‘ كۆماری تانزانیا’ی پێكھێبنا و ‘جولیوس نایرە’ وەك سەرۆككۆماری دانرا.

  www.hezheen.tk

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.