Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕاپۆرتی تانگانیكا… ٤ – ٥ …. نازم حیکمەت

ڕاپۆرتی تانگانیكا… ٤ – ٥ …. نازم حیکمەت

Closed
by November 23, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

نامه‌ی چواره‌م

 

له‌وانه‌یه‌ باڵداره‌کان له‌ ئیسته‌نبول و مۆسکۆ’وه‌ بێن بۆ دارولسلام

باڵداره‌کان به‌گشتی لابه‌لا ده‌ڕۆن

به‌ڵام فڕۆکه‌که‌ی من یه‌که‌مین فڕۆکه‌یه‌، که‌ له‌ مۆسکۆ’وه‌ هاتووه‌،

یه‌که‌مین ئیسته‌نبول’یش بووم،

بۆنی ئه‌فریکام ھەڵمژی

بۆنی ئه‌فریکای گه‌وره‌ی ڕه‌ش؛

بۆنی بیابانی گه‌وره‌، گیانله‌به‌رانی گه‌وره‌، خۆری گه‌وره‌، بارانی درشت و ئه‌ستێره‌ی درشت ده‌دات.

به‌ نێوان دارخورما و دره‌ختی مۆزدا هاتینه‌ شار.

چووینە‌ ئاکواریوم’ێك‌ تا چاو بڕکا سه‌وزه ‌و  تا چاو کارکا گه‌رم.

دارولسلام له‌ خۆراوای دەریالووشی هیندی’دایه‌

پێش ئیسلام، چه‌ته‌ی ده‌ریایی و بازرگانانی عه‌ره‌ب به‌ ئه‌برۆی ڕه‌شه‌وه‌ له‌م که‌ناره‌ دابه‌زین

پاش ئه‌وانیش، چه‌ته‌ی ده‌ریایی دیكە و بازرگانانی دیكە ئه‌وانی دیكە ئه‌برۆیان بۆر ‌بوو.

به‌ڵام ئه‌وڕۆ گرنگ نییه‌.

«دارالسلام» نێوه‌ندی «تانگانیکا»یه‌.

تانگانیکا،

تانگانیکا، تانگانیکا

گۆرانییه‌ك ده‌توانێ به‌م جۆره‌ ده‌ستپێبکا،

ئاوازی تام تام،

تانگانیکا، تانگانیکا،

خه‌مبارانی، شادانی، ژیرانی، دێوانانی،

که‌سكانی، سوورانی، زه‌ردانی، سپیانی، ڕه‌شانی *،

تانگانیکا، تانگانیکا …

ده‌زانی،

تانگانیکا له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتیی ئه‌فریکایه‌،

نزیکه‌ی ده‌ ملیۆن مرۆڤ، زیاد له‌ سه‌د و بیست هۆز

موسوڵمان، کریست، بتپه‌رست.

ده‌زانی،

گرنگترین به‌رهه‌می: قاوه‌، گا و گیای «سیزاڵ»ە‌

گه‌ڵاکانی سیزاڵ چه‌قۆی سه‌وز و ڕوتن

ڕێس و گوریس و گونیه’‌یان لێ ده‌چنن،

ده‌زانی،

ده‌زانی‌ پێش گه‌شته‌که‌م،

هیچ شتێك له‌مانه‌م نه‌ده‌زانی،

ده‌زانی،

گه‌شتێك که‌ له‌ته‌ك تۆدا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ کردمان 

له‌یادتە‌ که‌شتییه‌که‌مان سێ چارۆکه‌یی بوو، بنمیچی کەمانی

نیگار‌ی ‌زێڕینە كیژی پێشه‌وه‌ی لە تۆ دەچوو،

له‌سه‌ر ئاڵاکه‌ی هۆنراوە‌م بۆ تۆ نووسی

له‌ ده‌ریادا ماسی چاوزمڕود’مان گرت

باڵداری باڵ چار له‌سه‌ر بورجه‌که‌ی نیشتنه‌وه‌.

له‌ که‌ناره‌وه‌،  مه‌یمون مۆزبارانیانکردین

چارۆکه‌مان هه‌ڵدا و به‌ ده‌ریا گه‌رماکانا تێپه‌ڕین

سوڕاینه‌وه‌ و له‌ تۆڕی نیوه‌ڕوانان خۆمان ڕزگارکرد تا گەیشتینە دارولسەلام.

گەشتێك كە لەسەر نەخشە لەتەك تۆدا كردمان لە یادتە

لە دارولسەلام لەتەك « سەربازێكی گومناوی» تانگانیكایی دوام.

لە برۆنزی داڕێژراو بوو و لەسەر لاقە ڕووت و باریكەلەكانی،

چەك بەدەست، لە باری ھێرشبردندا بوو.

لە پشت سەری، شەقام و لەنگەرگە و بەردەمی جامخانە،

لای ڕاستی تەلاری بانكێك و لای چەپی كلیسایەك،

پرسیم : ” ھێرش بۆ سەر كێ دەبەی ؟ “

گوتی : ” لەشكری ئاڵمانیا “

ھەروا گوتی “تا دەستپێكی جەنگی یەكەمی جیھانی ھی ئاڵمانیا بووین.

” ئینگلتەرە ھات و فەرماندەیی گرتەدەست، ھێرشمانكردە سەر ئاڵمانیا،

ئاڵمانیا چوو و  ئینگلتەرە ھات،

ئینگلتەرە لە ھەژدەوە تا شەست و دوو لێرە ما

ساڵی شەست و دوو بریتانیا’مان وەدەرنا”

ھەروا گوتی ” كۆمارێكی ئازادین.”

گوتی و بێدەنگ بوو

دارولسەلام شارەوانییەكی جوانە.

شەقامە سەرەكییەكانی خاوێن و ڕێكن

گەڕەكێكی گەورەی ھیندی ھەیە.

ھیندەكان بە بازرگانییەوە خەریكن

ئەگەر بتوانن تەنانەت ئاوی دەریاش دەكەنە شووشە و دەیفرۆشن.

«تانگانیكا»یش دوژمنی بازرگانانی ھیندییە،

پێشتر تەنیا سپیپێشتەكان ڕێیانپێدەدرا،

ھەنووكە ھەم ناوەكەی گۆڕاوە و ھەم دانیشتوانی

كۆشكی سەرۆككۆماری،

جاران بنكەی فەرمانداری بریتانی بوو،

كۆلێژێك، چل و ھەشت ھەزار خوێندنكار، گشت تانگانیكا’یین و

مامۆستاكان بریتانی

كلیساكان، مزگەوتەكان، كۆشكەكان، ھوتێلەكان و نوێنەرەكان**.

نوێنەرگەی*** سۆڤیەت لە باڵاخانەیەكدایە، كە لە موسوڵمانان بەكرێگیراوە و

لەسەر دەرگەكەی بە ڕێنووسی عەرەبی “بسم اللە” نووسراوە،

ترام و ئۆتوبوس و ھی دیكە دیارنین،

بەڵام ئۆتومەبێل لە گشت ماركەكان،

سوكانی ھەموویان لەلای ڕاستەوەیە

بە شێوەی بریتانی.

شۆڤێرانی تانگانیكایی زۆر شارەزان

شار  ‘كابارێت’ێكی ھەیە، كە تا بەیانی كراوەیە.

تانگانیكاییەكان، ئەوانەیان كە گەلیی و ساكارن، لەسەر خاك دەخەون و ڕادەبن

لە كەپری حەسیرچنا،

زمانی فەرمی ئینگلیزی و “سوھیلی”یە

لە سەرتاسەری تانگانیكا، تەنیا یەك ئەندازیاری تانگانیكایی و

سێ پزیشك ھەن

من سەرخۆشی تانگانیكایی’م نەدی

گشت سەرخۆشەكان سپیپێست بوون.

سپیپێستی بێكارم نەدی

گشت بێكارەكان تانگانیكایین

ئەوانەش كە لە سەرەڕێگەكان، شێری لە دار تاشراو بە گەشتیاران دەفرۆشن، تانگانیكایین

ئەفسەری تانكانیكایی’م دیت، سەرۆككۆماری تانگانیكایی و مامۆستای تانگانیكایی

“نایەرەرە”ی سەرۆككۆمار بە چاوانی ڕاماوی مامۆستایەك.

لە گشت دیوارەكانەوە تەماشا دەكا،

لەنێو چێوەكەیدا، لەپشت شووشەوە دانیشتووە و خۆی بەسەر گۆچانە دەسك سپییەكەیدا داداوە.

پۆلیس’م دیتن، كە تانگانیكایی بوون.

لە بانكەكاندا فەرمانبەری تانگانیكایی’م نەدی

یا سپیپێست بوون یا ھیندی.

مەیفرۆشەكان و كۆڵبەرەكان تانگانیكایی بوون.

گوندییەكان و شوانەكان، كرێكاران و ھەروا سەرۆكی خێلەكانیش :

لێرە زۆرێك كلیتە لەسەردەكەن، بە ڕەنگ و ئەندازەی جۆراوجۆرەوە

بە گوڵەنگ و بێ گوڵەنگەوە،

ئێمە توركەكان كلیتەمان لە یۆناییەكانەوە وەرگرتووە و لەسەری عەرەبان’مان نا.

لەوانەشە لەسەری سودان’یانیش،

ئەوانیش ناویانەتە سەر ئەفریكایانی ڕەش

یا ئەوان، یا ئینگلیزەكان، ئەگەر ئینگلیزییەكان لەسەریان نابن

سەرمسووڕنامێنێت، ئەگەر ئەسپی دەریایی كلیتە لەسەر ببینم.

 

فێبریوەری ١٩٦٣

 

*****************************

* لە دەقە توركی و وەرگێڕانە فارسییەكەیدا تاك بەكاربراوە، بەڵام لەبەرئەوەی لە كوردییەكەدا لە ئاوەڵناو جیابێتەوە و خوێنەر تووشی سەرگەردانی نەبێت، ناچاربووم [كۆ] بەكاربەرم، واتە خه‌مباری/ خەمبارانی، شادی/ شادانی، ژیری/ ژیرانی، دێوانەی/دێوانانی تانگانیكا ،

که‌سكی/كەسكانی، سووری/سوورانی، زه‌ردی/زەردانی، سپیی/سپییانی، ڕه‌شی/ ڕەشانی تانگانیكا، 

** نوێنەر : سفیر

*** نوێنەرگە : سفارت

 

ڕاپۆرتی تانگانیكا یەكێكە لە دواھەمین ھۆنراوەكانی نازم حیكمەت، چونكە لە فێبریوەری ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ‘نازم حیكمەت’ لە جونی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ‘ ڤێرا تولیاکۆڤا ‘ ھاوسەرە ڕوسەكەی كردووە، كە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەك نازم حیكمەت ھاوسەریی كردووە.

تانگانیكا، وەك دەزانن لە كاتی گەشتەكەی نازم حیكمەت دا، دوو ساڵ بوو كە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ‘ جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere كەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی ..ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێكەوتنی زنگبار ‘ كۆماری تانزانیا’ی پێكھێبنا و ‘جولیوس نایرە’ وەك سەرۆككۆماری دانرا.

 

 

 

نامه‌ی پێنجه‌م

 

له‌ دارالسلام، له‌ خانه‌باخی «ئوردووگه‌ی ڕزگاری»،

لەتاو گەرما خه‌وتن ناكرێ.

گه‌رما به ‌پێستی  جەستەمه‌وه‌ دەلكێ

ژن و مێردێکی کەنه‌دایی چه‌ند ساتێك له‌مه‌وبه‌ر نزای شه‌وانه‌یان

به‌ تۆماری دەنگیی خوێند

شێره‌کان نانەڕێنن

شێره‌کان لەنێو جه‌نگه‌ڵدان،

شێره‌کان، فیله‌کان، که‌رگه‌دنەکان،

زێبراكان *، زه‌رافه‌کان، گشت جۆره‌ مامزه‌کان

پێموایه‌ لێره‌ پڵنگ نییه‌.

له‌ ‘باخچه‌ی ئاژه‌ڵ’ی مۆسکۆ پڵنگ’یش هه‌یه‌، ورچی سپی و پێنگوین’یش

بەستەنی قەیماخی’یش هه‌یه‌.

له‌ مۆسکۆ هه‌نووکه‌ به‌فر ده‌بارێ، دانار دانار

گه‌رما به‌ پێستی جەستەمه‌وه‌ ده‌لكێ

له ‌ژێر په‌رده‌کوله‌‌ به‌ ڕووتی خه‌وتووم،

له‌سه‌ر پەردەکوله‌که‌ مارمێلکان

لە تیمساحی گچكە دەچن، زمانیان ده‌ردەكەن،

له‌وانه‌شه‌ ئه‌مانه‌ مارمێلك نه‌بن

له‌ زیندانی «بورسا‌» له‌ چه‌رچه‌فه‌کان په‌رده‌کوله‌مان چێده‌کرد.

به‌یانیان به‌ سه‌تڵ قۆلانچه‌مان دەڕشتە دەرێ.

گه‌رما به‌ پێستی جەستمه‌وه‌ ده‌لكێ

گه‌رما له‌ ترپەی دڵم ده‌دا،

ئامێتەی خوێنم دەبێت و بە ڕەگەكانما گوزەردەكا.

بەدڵنیاییەوە لە مۆسكۆ بەفر دەبارێ،

له‌وانه‌شه‌ باران بێ؟

پێش ئه‌وه‌ی بنووی، له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ تەماشای گه‌رمیپێوت کردووە؟

پازده‌ پلە ژێر سفر بوو یا حه‌ڤده‌‌؟

له‌ پشتسه‌ری چەرپاکه‌ته‌وه‌، چراخه‌وێکی شین!

بیر له‌ چی ده‌که‌یته‌وه‌؟

نەشێ ئه‌م جاره‌ش تا سه‌رت له‌سه‌ر سه‌رین نابێ، خه‌وت لێ که‌وتبێ؟

له‌ دارولسلام له‌ که‌پرۆکه‌ی «ئوردووگه‌ی ڕزگاری»

له‌تاو گه‌رما خه‌وتن ناكرێ‌.

 

فێبریوەری ١٩٦٣

 

*****************************

* Zebra، جۆرە گوێدرێژێكە، كە لە زمانی كوردیدا بە گوێدرێژی جەنگەڵی [كەری وەحشی] ناسراوە.

 

ڕاپۆرتی تانگانیكا یەكێكە لە دواھەمین ھۆنراوەكانی نازم حیكمەت، چونكە لە فێبریوەری ١٩٦٣ ھۆنراوەتەوە و ‘نازم حیكمەت’ لە جونی ھەمان ساڵدا مردووە. ئەم ڕاپۆرتە لە شێوەی دە ھەڵبەست-نامەدا، ئاراستەی ‘ ڤێرا تولیاکۆڤا ‘ ھاوسەرە ڕوسەكەی كردووە، كە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەتەك نازم حیكمەت ھاوسەریی كردووە.

تانگانیكا، وەك دەزانن لە كاتی گەشتەكەی نازم حیكمەت دا، دوو ساڵ بوو كە سەربەخۆیی بەدەستھێنابوو و بە پێشەوایی ‘ جولیوس نایەرەرە Julius Nyerere كەوتبووە نێو وڵاتانی ھاوبەرژەوەندی ئینگلیسی ..ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٢دا بە ڕێكەوتنی زنگبار ‘ كۆماری تانزانیا’ی پێكھێبنا و ‘جولیوس نایرە’ وەك سەرۆككۆماری دانرا.

 

 

و. لە فارسییەوە: هەژێن

  www.hezheen.tk

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.