Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ڕق لە فەلسەفە … سەروتاری چوارەم

ڕق لە فەلسەفە … سەروتاری چوارەم

Closed

 

 

لە ئێستادا فەلسەفە لە ناو ئێمەی کورد دووچاری ڕقێ ئەستوور بوەتەوە، ڕقێک کە سەرچاوەی جۆراوجۆری هەیە، ڕقێک کە زیان لە وتاری ڕۆشنبیری کوردی دەدا و بەهۆشیەوە کەلەپووری فەلسەفی مرۆڤایەتی ناشریندەکات. بۆیە ئێمە لە ڕۆژێ وەک ئەمڕۆدا، لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە دا، دەکرێ بپرسین بۆ ڕق لە فەلسەفە؟  بۆ دەبێ ڕقمان لە فەلسەفە بێت لەکاتێکا فەلسەفە پرسیارە لەسەر غەیب، ڕۆح، مەرگ و نەمری؟ هەروەها ئەوەش کە چۆن ئەم جیهانە، ئەم گەردوونەی تیایدەژین، هاتۆتەسازاندن؟ ئەوە ڕق نییە لە فەلسەفە کە تا ئێستا شوێنی فەلسەفە لەناو دامەزراوە حکومیەکان، لە زانکۆ و قووتابخانەکان، لە نێوەندی ڕوناکبیری، لە دامودەزگا پەروەردیەکان، لە مێدیا بزرە؟ ئەم بزربوونەی فەلسەفە نیشانەیە لەسەر قێزەوەنبوونی فەلسەفە، بەدگومانیە لە زانینی فەلسەفی و گشت ئەمانەش سەرچاوە لە ترسێکەوە هەڵدەگرن کە فەلسەفە یەقین هەڵوەشێنەرەوەیە، بۆ تۆڵەکردنەوەشە لە ئەرکەکانی فەلسەفە و ئەو بەرپرسیاریەتیەی فەیلەسوف لەڕووی مێژووییەوە لەئەستۆیگرتووە. بەدڵنیایشەوە ئەم ڕقە بووە بە ڕێگر لەبەردەم گەشەسەندنی هزری فەلسەفی و باوەڕنەکردنیش بەوەی بۆچوونی ئێمە وەک مرۆڤ بۆ خۆمان و بۆ دەوروبەرمان تەنیا لەڕێگای بینینە فەلسەفیەکانمانەوە پێیدەگەین. ڕقئەستووەرەکان و ناحەزانی فەلسەفە تەنیا بەمەوە ناوەستن و لایەنێ لە لایەنەکانی ڕقەکانیان لە فەلسەفە بۆئەوەی دەگەڕێننەوە کە ئەو پرسیارانەی لە سەرەتاوە فەلسەفەیان هێناوەتەقسە تائێستاش ئامادەن و لەزیادبوونیشدان. هۆی ئەمە زۆر بەکورتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ژیانی مرۆڤ لە گەلێ جەمسەرەوە ئەو پرسیارانەی تێنەپەڕاندووە یان وەڵام بۆ ئەو پرسیارانە بە جۆرێ هەمە و ڕەها دەستەبەرنەکراون. بەخۆی هەر ئەمەشە فەلسەفە لە دەجالی و فێڵبازی یان فەیلەسوف لە دەجال و فێڵباز جیادەکاتەوە. واتە فەلسەفە نە وەڵامی ئامادە و نەگۆڕی پێیە و نەش شرۆڤەی ئەوەدەکات ناپێویستە و لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا نییە. کەچی هەندێ پێیانوایە ئەو کێشانەی دێنەبەردەم فەلسەفە بەشێکی پێوەندی بەوەوەیە فەلسەفە وایلێنەکراوە لە شتی ڕۆژانەوە نزدیکبێت. بۆ ئەمەشیان دەڵێین بەدڵنیاییەوە فەلسەفە لەپاش دەرکەوتنیەوە گەڕیدەئاسا ڕەفتاریکردووە و لەگشت ئەوی بۆتە مایە سەخڵەتی مرۆڤ قسەیکردووە و بەشداریشی لە خوڵقانی چارەسەرکردووە و هیچنەبێتیش فەلسەفە پێش دەرکەوتنی ئاینە ئاسمانیەکان و بیرکردنەوە سیاسیەکان (چەپ و دژەچەپ، ڕاست و دژەڕاست ) ئامادەبوونی هەبووە و ئەم ئامادەبوونەشی لەسەر ئەوە ڕاگرتووە کە باوەڕی بە ئازادی تێفکرین و تێڕامان هەبووە و لەتەک تێگەیشتنی وەستا و خەسێنراو و نادادئامێزەکانا لە ڕووبەڕووبوونەوەدابوە، بۆیە جەغتلەوەدەکەین کە ڕق لە فەلسەفە ڕقە لە مافپارێزی و بیرفڕاوانی و مرۆڤدۆستی تا شتێتر. 

گومانیشیتێدانییە فەلسەفە ڕۆژگاری زۆر سەخت و ئاڵۆزی تێپەڕاندووە و قووربانی زۆری داوە. گەلێ لە بیرمەندەکان لەپێناوی بیربۆچوون و تەماشاکردنە هزرییەکانیان لەسێدارەدراون و یان دەربەدەرکراون وەکیتریش دراونەتە دادگا و نووسین و بەرهەمەکانیان سوتێنراون و ئابروبراون. هەچ تێڕامانێکیش لەمڕوەوە لە مێژووی هزری مرۆڤایەتی بکەین بۆماندەردەکەوێت چەند سیاسیەکانی شار ڕقیان لە فەلسەفە بۆتەوە هەرئەوەندەش ئاینیەکان ڕقیانلێبۆتەوە یان بەپێچەوانەوە. ترسی سیاسییەکان لە فەلسەفە سەرچاوەی لەو تێگەیشتنەوە هەڵگرتووە کە فەلسەفە کار بۆ بیر فڕاوانی و کراوەی و مافخوازی دەکات و ترسی ئاینیەکانیش لە فەلسەفە بۆ ئەو شتە دەگەڕێتەوە کە فەلسەفە قسەی لەسەر بوونمان، نەمری، ڕۆح و غەیب هەیە و، وەکیتریش شیتەڵکەرەوە و هەڵوەشێنەرەوەی یەقینە. ڕق لە فەلسەفە کە تازە نییە ئەم ڕقە مەرگی سوکراتمان بیردەخاتەوە. مەرگی سوکرات بۆسەرخستنی ڕاستی بوو. وەکیتریش بۆ سەرخستنی دانای، ئەو شتەی فەلسەفەی لێپێکدێت. ئەو ڕاستیەش کە سوکرات دەستبەرداری نەدەبوو ئەو ڕاستیەیە فەلسەفە لەئەوەڵڕۆژەکانی سەرهەڵدانیەوە وێلیبووە. گەر فەلسەفە بریتیبێتیش لە خۆشەویستی یان هاوڕێیەتی بۆ دانای پێمانوایە سوکرات هاوڕێترینکەسی ئەم داناییە بووە. بەسەرهاتی سوکراتیش فێریئەوەماندەکات ڕق لە بیرکردنەوەی فەلسەفی یان قەدەغکردنی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە بە واتای تەنیا دەمداخستن ناێت بەڵکو پێش گشت شتێک عەقڵ داخستن دێت. ئەمەش یەکێکە لە خەسڵەتەکانی سێستەمە ستەمکارەکان چونکە سێستەمە سیاسییە زۆردار و نادادپەروەرەکان ترسیان لە فەیلەسوف هەیە، ترسیان لەوانەیە بەدەنگی بەرز قسەدەکەن چونکە ئەمانە بەدەنگی بەرز بیردەکەنەوە. ئەم ترسەش هێندەی لە عەقڵی فەیلەسوفە لە دەمی فەیلەسوف نییە. ترسی زۆردارەکانی سەردەمی یۆنانی کۆنیش لە دەمی سوکرات نەبوو بەڵکو لە عەقلًی، لە بیرکردنەوەی سوکرات بوو.

لەئێستاشا کە جۆرە عەقڵیەتێک لەناومانا بەناوی عەقڵیەتی فیقهیەوە زاڵە، کە لەگەڵ دەرکەوتنی ئیسلامی سیاسی زاڵبووە، بواری بۆ ڕەخسانی ڕق لە فەلسەفە بەتوندی سازکردووە. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی بیرمەندانی ئەم عەقڵیەتە فەلسەفەی هاوچەرخ بە فەلسەفەێ ڕۆژئاوای دژەئیسلام دەزانن. بۆیە پیادەکردنی ئەم ڕقە لەلایەن عەقڵیەتی فیقهیەوە بەرەو تێکستپەرستی و دۆگما و بیروشکیمان دەبات.ئەمەش بەهیچ جۆرێک لەتەک هزری فەلسەفیدا یەکناگرێتەوە سەرئەنجام ڕق لە فەلسەفە دەبێت بە ویستێ و لە ڕووبەڕێ بەریندا پیادەدەکرێت.

 سەرباری ئەوی لایسەرەوە ووتمان ئەم چەند دێڕەش دەخەینە سەر ووتنەکانی لایسەرەوەمان بۆئەوەی ئەوە ڕوونکەینەوە کێن دوژمنانی فەلسەفە؟ یان کێن ئەوانەی ڕقیان لە فەلسەفەیە؟ پێمانوایە دوژمنانی فەلسەفە زۆرن بەشێکیان ئەمانەن: ئەوانەی فەلسەفە لە شوێنێکا قەتیسدەکەن، ئەوانەی فەلسەفە لە قسەکردن لە ئاین و سیاسەت دووردەخەنەوە، فەلسەفە لە شەفافیەت، لە ڕاستگۆی، لە بابەتێتی و لە ئازادی هەڵبژاردن بەدووردەگرن ، و لە تووندڕەوی و دۆگما و بیروشکی نزدیکدەکەنەوە و بیری باو و بێناواخن دەکەن بە نوێنەری فەلسەفە. ئەمانە ئەوانەن کە پێیانوایە فەلسەفە لەسەرەمەرگدایە و فەلسەفە مانای گەروودناوی خۆی لەدەستداوە و بۆیە ڕاستی ڕەها دەکەن و غەیب و یەقین سەرووی گشت شتێک دەبینن. ئەمانە بۆ ئەوەی فەلسەفە بێ شکۆ و سەرکزکەن فەلسەفە لە چەنەبازی یان درێژدادڕی بریتیدەکەن و دەشیانەوێ فەلسەفە جارێتر بگەڕێننەوە بۆ ئاسمان پاشئەوەی فەلسەفە لەسەر دەستی سوکرات هێنرایەخوارەوە بۆ سەر زەوی.

آ یۆنسکۆ ساڵی 2002 بڕیاریدا سێهەمین پێنجشەمەی مانگی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم) بکات بە ڕۆژی جیهانی بۆ فەلسەفە کە دەکات 15 ی ئەم مانگە. لەوکاتەوە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بووە بە ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانس و ڤیستڤاڵی فەلسەفی. ئۆفیسەکانی یۆنسکۆ لەم ڕۆژەدا دونیایێک چالاکی لەشێوەی مێزگرد و سمینار و کۆنفڕانس بۆ  گفتووگۆکردنی ئەوی بە فەلسەفەوە بەندە ئەنجامدەدەن. ڕۆژی جیهانی فەلسەفە ڕۆژێکە لەپێناو نرخاندنی هزری فەلسەفی هاتۆتەسازاندن. 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.