ڕوانین لە ڕیشۆڵەیەک بە سیانزە شێوە
I
لەنێوان بیست چیای بەفرگرتوو،
تەنها شتێک کە دەجووڵا
چاوی ڕیشۆڵەیەک بوو.
II
من سێ عەقڵ بووم
وەک درەختێک
سێ ڕیشۆڵەی پێوە بێت.
III
ڕیشۆڵەکە لە بای پاییزا دەخولایەوە.
دیمەنێک بوو لە شانۆی بێدەنگ.
IV
ژنێک و پیاوێک
یەکن.
ژنێک و پیاوێک و ڕیشۆڵەیەک
یەکن.
V
نازانم کامیان پەسەندکەم،
جوانیی تۆنەکان
یان جوانیی ئاماژەکان،
فیکەی ڕیشۆڵە
یان ساتی دووای ئەو.
VI
چنووران پەنجەرەیان هەڵکێشاوە
لە شووشەی تییژ.
سێبەری ڕیشۆڵەکە بەسەریاندا دەڕوات
وەختی ئاموشۆ.
میزاج بەشوێن سێبەری
هۆیەکی لێڵدا دەڕوات.
VII
هێی پیاوە باریکەکانی <هەدام>
هەر خەیاڵتان لای باڵندەی ئاڵتونییە!
ئەو ڕیشۆڵانە نابینن وا بە بەردەم
ژنانی لای خۆتانەوە دێن و دەچن؟
VIII
ئاخاوتنی شکۆمەندان دەزانم
سەروای ڕەوان و کەمەندکێش
بەڵام ئەوەش دەزانم
کە ڕیشۆڵە وابەستەی هەر شتێکە
کە دەیزانم.
IX
کە ڕیشۆڵەکە لەبەرچاو ون بوو
شێوەی بازنەیەکی کێشا
لەناو چەندیین بازنەدا.
X
لەتاو دیمەنی ئەو ڕیشۆڵانەی
بەناو تیشکی سەوزا دەفڕن
تەنانەت خۆشیی فرۆشان
دەدەنە پڕمەی گریان.
XI
لەگالیسکەیەکی شوشەییدا
بە <کنێریکت>دا ڕەت بوو
جارێک ترس کوناودەری کرد
سێبەری عەرەبانە و ڕیشۆڵەکەی
لێ تێکچوو.
XII
وا ڕووبار کەوتۆتە ڕێ
دەبێ ڕیشۆڵە فڕیی بێت.
XIII
نیوەڕۆیەک بوو، مەیلەو ئێوارە
بەفر دەباری
خۆش نەدەبوویەوە
ڕیشۆڵەکە لەسەر لقی سنەوبەرێک
هەڵنیشتبوو.
شیعری: واڵاس سییڤنس
وەرگێڕانی: هێرش سەعید