ڕووناكی ئه‌وبه‌ر پرده‌كه … عه‌زیز ڕه‌ئووف
سه‌ركه‌وتنی ئیسلامیه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی مسردا قسه‌ی زۆر و كاردانه‌وه‌ی زیاتری به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌جۆرێك كه بزه‌ی خسته سه‌ر لێوی ئیسلامیه‌كانی لای خۆشمان و بێ دوودڵی ڕاپه‌ڕینه‌كانی دنیای عه‌ره‌بی به به‌هاری ئیسلامی ناوزه‌د ده‌كه‌ن.
جارێ به‌ر له هه‌ر شت ئه‌وه‌ی له مسر ڕوویدا سه‌ركه‌وتنه به‌مانا جه‌سته‌ییه‌كه‌ی، سه‌ركه‌وتنه له‌ڕووی ده‌ركه‌وتنی قودره‌ت و توانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئیسلامیه‌كان، به‌ڵام به‌دیوه‌كه‌ی تردا فڕێدانی ئیخوانه‌كانه بۆبه‌رده‌م به‌رپرسیارێتیه‌كی گرنگ و چاره‌نوسساز. واته ئه‌گه‌ر ئیخوان له‌ماوه‌ی هه‌شتا ساڵی بوونیان له مسر وه‌ك هێز و كارهكتهرگهلێكی قوربانی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ركه‌وتبێتن، ئه‌وا دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئه‌م هێزه ده‌چێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات و جومگه گرنگه‌كانی حوكمڕأنی له مسر داگیر ده‌كه‌ن. بۆیه ئه‌م هێزه ئه‌گه‌ر به شێوازێكی عه‌قڵانی موماره‌سه‌ی سیاسه‌ت نه‌كات له مسردا، ئه‌وا سومعه‌ی ئیخوان له ناوچه‌كه‌دا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
بێشك هێزه‌كان تا له ئۆپۆزسیۆنن جوانتر و ڕوسورترن به‌رامبه‌ر به خه‌ڵك، به‌ڵام كاتێك دێنه سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، ئیتر ناشرینیه‌كانی خراپبه‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته نابووتبوونی ئه‌و هێزه، ڕێك ئیخوانیش له مسر له‌به‌رده‌م ئه‌م تاقیكردنه‌وه گرنگه‌دایه كه ئایا تا چ ڕاده‌یه‌ك ئه‌زموونی خراببهڕێوهبردنی ده‌سه‌ڵات وه‌ك ئێران و تاڵیبانی ئه‌فغانستان موماره‌سه ناكه‌ن. ئه‌مه ئه‌و ڕێگه سه‌خته‌یه كه له‌به‌رده‌م ئه‌م هێزه نوێیه‌دایه كه كاره‌كته‌ره‌كانی له‌ناو زیندانه‌وه ده‌چنه كۆشكی كۆماری.
كاتێك محه‌مه‌د مورسی ( كه له خۆرئاوا خوێندویه‌تی)، ئه‌زموونه‌كانی موباره‌كی له‌به‌ر چاوه له‌مه‌ڕ گه‌نده‌ڵێ و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات، بۆیه ئه‌و دێت و باس له‌وه ده‌كات موچه‌یه‌كی كه‌می ده‌وێت، هاوسه‌ره‌كه‌ی نایه‌وێت وه‌ك هاوسه‌ری موباره‌ك له گه‌نده‌ڵیه‌وه تێوه بگڵێت و خانمی یه‌كه‌می ئه‌و وڵاته ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، ئه‌مانه ئه‌و مهسجانهن كه ئه‌م هێزه نوێیه ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت، به‌ڵام ڕاستیه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م هێزه نوێیه چۆن به شێوازێكی عه‌قڵانی مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و جیاوازییه‌كانی مسر قبوڵ ده‌كه‌ن. گرنگه ئه‌م هێزه نوێیه ئه‌زموون له حوكمڕانی پێش‌و وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌شی له‌به‌رچاو بێت كه ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه نوێیه له ئێستاوه كهمالیزمێكی بێ كه‌ڵبه بێت وه‌ك داد و گه‌شه‌پێدان له توركیا، دواتر ماسكی سه‌ر ده‌م و چاوی هه‌ڵده‌ماڵرێت و ڕوخساری ناشرینی به‌ته‌واوی ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌زموونی زۆرمان له‌به‌رده‌ستایه كه هێزه دینیه‌كان هاتونه‌ته سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له‌گه‌ڵ خۆیاندا ئاینیان نابووت كردووه، ئێران و تاڵیبان له ئه‌فغانستان دیارترین نمونه‌ی حوكمڕانی خراپ بوون له ناوچه‌كه‌دا. ئیخوانه‌كانی مسر ئێستا له‌به‌رده‌م تونێلهكهدان. یان ئه‌م هێزه ده‌بێته نمونه‌یه‌كی حوكمڕانی پێرفێكت ( كه ئومێد ده‌كه‌م وابێت) یان له ئێستاوه كه كه كه‌ڵبه‌ی نیه كۆمه‌ڵێك هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌خۆیان ڕای بكه‌ن و دواتر هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هێزه‌كانی تر بده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیمام خومه‌ینی له ئێران كردی و دواتر جیاوازی له‌و وڵاته كوشت و ئێرانی كرده مه‌مله‌كه‌تی حیجاب و عه‌مامه به‌جۆرێك ئه‌وه‌ی تیایدا موماره‌سه ناكرێت ئایینه.
بزه‌ی سه‌رلێوی ئیسلامیه‌كانی لای خۆمان به سه‌ركه‌وتنی ئیسلامیه‌كان له دنیای عه‌ره‌بیدا دڵخۆشیه‌كی ئیشكاڵئامێزه. ئیسلامیه‌كانی لای خۆمان ئه‌گه‌ر خۆیان بۆ به‌هاری ئیسلامی ئاماده كردبێت ده‌بێت دیدی خۆیان بۆ ڕه‌فتار و ئاكاریان بگۆڕن، چونكه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین ته‌ماشای هێزه ئیسلامیه‌كانی لای خۆمان بكه‌ین به‌وه‌ی كه ئه‌م هێزانه گه‌ر بێنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات چۆن جیاوازیه‌كان ده‌هێڵنه‌وه و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ناده‌ن. گوتاری ئیسلامی سیاسی گوتارێكی شمولییه و توانای خوێندنه‌وه‌ی خۆی نیه چجای خوێندنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی تر. گوتاری ئیسلامی سیاسی له كوردستان گوتارێكی ته‌واو كۆنزێرڤاتیڤانهیه و تێكه‌ڵه‌یه‌كه له خوێندنه‌وه‌ی ئایین به مانایه‌كی ته‌واو ته‌قلیدی له‌گه‌ڵ تێڕوانینێكی ته‌واو سه‌له‌فی و تاكڕه‌و كه له گوتاری مه‌لایه‌كی نه‌خوێنده‌وار ته‌جاوه‌زی نه‌كردووه.
ئیسلامیه‌كانی ئێمه به‌ر له‌وه‌ی به سه‌ركه‌وتنی ئیسلامیه‌كانی ناوچه‌كه خه‌نده بچێته سه‌ر لێوانیان، ده‌بێت ته‌فسیری خۆیان بگۆڕن و لههێزێك كه هه‌ر سه‌رگره‌می سه‌پاندنی دیده كۆنزێرڤاتیڤهكانیانن له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، پێویسته كراوه‌تر و میانڕهوتربن له‌وه‌ی كه هه‌ن. ئه‌گه‌رنا ڕووناكی ئه‌وبه‌ر پرده‌كه، تروسكایی دووری سه‌ركه‌وتنی براكانیان كۆمه‌كیان ناكات.