Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ڕژێمی تورکیا لە نێوان فرمێسکڕشتن و خوێنڕشتندا!

ڕژێمی تورکیا لە نێوان فرمێسکڕشتن و خوێنڕشتندا!

Closed
by August 31, 2011 گشتی

ئەگەر ئاوڕێکی بە پەلە لە مێژووی تورکیا بدەینەوە، ئاشکرایە کە مێژوەکەی تژیە لە کۆمەڵکوژی و لەناوبردن و توانەوەی نەتەوەکان، بە تایبەتیش ئەرمەن و کورد. دەولەتی تورکیا دەستی نەپاراستووە لە سوتاندنی دێهات و ڕەزو باخەکان، لە کوشتن و گرتن و بڕین، لە ڕاگواستنی بەزۆرو نیشتەجێکردنیان لە ناوچە تورکن نشینەکان. مێژووی دوای جەنگی جیهانی یەکەم باسی ئەوە دەکەن کە بە دەیان هەزار خێزانی کوردیان ڕاگواستووە کە زۆریان لە ڕێگاوە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی بەدخۆراکی و هیلاکی، کە هێشتا وەک پێویست لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە. ئەگەرچی تورکیا گوایە هەندێ هەنگاوی کرانەوەی ناوە، کە دیارە لە ژێر گوشارێکی هەمەجۆردا بووە، بەڵام ئەوە لەم ڕۆژانەدا دەبینین سەرەرای ئاگربەسە یەک لەدوای یەکەکانی لایەنی کوردی و داوای گفتوگۆ، کەچی تورکیا لەشکرکێشی کردۆتە سەر باکوری کوردستان، بە ئاگرو ئاسن وەڵامی داخوازیەکانی گەلی کوردی دایەوە، ئەمەش دەق لە گەڵ لێدوانەکەی ئەم دواییەی ئەردۆگان تێکدەکاتەوە کە دەڵێ لە تورکیادا کێشەی کورد نیە، ئەمەش پەشیمانبوونەوەیە لە هەڵوێستی پێشووی بۆ کرانەوە بە ڕووی کورددا.

دیارە دەوڵەتی تورک بە تەنیا بە هێڕشکردنە سەر باکوری کوردستان دڵی ئاو ناخواتەوە، بۆیە هاوئاهەنگی لەگەڵ تۆپبارانەکانی ئێران دەکا، ئەویش بە هۆی فڕۆکە جەنگیەکانی ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق دەکاتە ئامانج، گوایە گریلای پەکەکەی لێیە. هەموومان دەزانین کە ئەو دێهاتە سنووریانە هەموویان خەڵکی بێدیفاعی سڤیلن، تا ئێستا حەوت کەسی سڤیلی شەهید کردووە، ژن و منداڵیشی تیایە. جگە لە دەربەدەرکردنی هاوڵاتیەکی زۆر، زیانێکی زۆریشی گەیاندووە بە موڵکی هاولاتیان. ناکرێ ئەم ڕووداوە بە هەڵەیەک حیساب بکرێ بەڵکو ئەوە پەیامێکە بۆ هەرێمی کوردستانی عیراق. وادیارە غرووری بێئەندازەی فاشیستی نەتەوەی تورک ڕێگای پێنادات داوای لێبووردن لە هەرێمی کوردستان بکات، بەڵکو حاشاشی لێدەکات.

وەها دێتە بەرچاو لەدوای ئەوەی کە حیزبی دادو گەشەپێدان، بۆ سێیەمین جار لە هەڵبژاردندا زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، دیارە تورکیای ئەردۆگان هەناسەی عوسمانلیەتی جارانی هاتۆتەوەبەر و وەک کوێخای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەفتار دەکات، یان بە واتایەکی تر دەیەوێ شکۆی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئیسلامی بگەڕینێتەوە. ئەوەتا ڕٶژ نیە حوکمی ڕاست و چەوت لە سەر لیبیا و میسرو یەمەن و عیراق نەدات. دەربارەی سوریا دەڵی ئێمە متمانەمان بە سەرۆکی سووریاو ڕژێمەکەی نەماوە، ئۆپۆزیسیۆنە ئیسلامیەکانی لەباوەش دەگرێ و هیچ بەدووریش نیە بە گلۆپی سەوزی ئەمریکی لەشکرکێشیشی بکا، کە دیارە بۆ پاڵپشتی کردنی ئیسلامیەکان و بۆ لەناوبردنی ئاواتەکانی گەلی کوردە لە سووریا، لەترسی ئەوەیە نەوەک هەمان ئەزموونی هەرێمی فیدرالی کوردستانی عیراق لە سووریا دووبارە ببێتەوە کە ئاگرەکەی ناوماڵی خۆیشی دەگرێتەوە.

ئێوە سەیری ئەم سیاسەتە دووڕووەی دەوڵەتی تورک بکەن، لەلایەک فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بێشەرمانە خوێنی حەوت کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان دەڕێژێ، ماڵی هاوڵاتیان وێران دەکات،  ڕەزو باخیان دەسووتێنێ، بەداخەوە نە یوئێن و نە ووڵاتانی دنیا نەهاتنە گۆ! کەچی لە سەر کوشتنی چەند کەسێک لە کەرتی غەززە بە هۆی فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیلەوە، هەڵدەداتێ و فرمێسکی تیمساحی دەڕێژێ بۆ ئەوەی وەک برا گەورەی عەرەبان خۆی نیشان بدات. هەر هەمان دەوڵەتی تورک، ماوەیەک لەمەوبەر چەند کەسێکی تورکی لەناو پاپۆڕێکدا لێکوژرا گوایە یارمەتیان بۆ کەرتی غەززە دەنارد، داوا لە ئیسرائیل دەکات داوای لێبوردن بکات، لەلایەکی ترەوە بە یەکەوە لەگەڵ ئیسرائیل مانۆری سەربازیان بەردەوامە و هاوپەیمانی سەربازیان هەیە! یان لەلایەکی ترەوە لەسەردانێکی بۆ سۆماڵ، فرمێسک بۆ برسیەکانی سۆماڵ دەڕێژێ و یارمەتی داراییان دەدات؟ ئەم ڕەفتارە دیماگۆگیانە بۆ ئەوەیە لەلایەک چاوبەستەگی جەماوەری ئیسلامی تورکیا بکات و هەروەها بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیەتی لە باکوور و باشووری کوردستان لەلایەکی ترەوە. دیارە بانەکەی تورکیا سێ هەوایە.

لە کاتێکدا ئەوەندە گلەیی لە ووڵاتانی دنیا ناکرێ کە نەهاتوونەتە دەنگ، بەڵام خۆ هەقە گلەیی لە سەرۆکەکانمان بکرێ کە  هەڵوێستێکی شیاویان نەبووە، ئەوەی هەشە زۆر لاوازە، هیچ نەبێ ئەوان دەتوانن بە فەرمی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن کە ئەو دەوڵەتانە چیتر بۆمباباران و تۆپبارانی هەرێمی کوردستان نەکەن و هەڵوێستێکی توندتر وەرگرن.

ئینجا ئەگەر خۆمان لە خەوی خۆشی ناهوشیاری نەتەوایەتی هەڵنەستین، ئەگەر لە سیاسەتی داڕشتنەوەی دنیای نوێدا ووریا نەبین، ئەگەر پلان و تەکتیکی گونجاو بەکار نەهێنین و هەر بە پیکی  کۆن ئاواز بخوێنین، لەوانەش گرنگتر ئەگەر دەسەڵاتی کوردی لەگەڵ داخوازیەکانی کۆمەڵانی خەڵکدا خۆی ئاشت نەکاتەوە کە لە دادپەرەوەری کۆمەڵایەتیدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوە بێگومان گڵۆلەمان دەکەوێتە لێژی و کەس فریامان ناکەوێت.

hoshmend-salih@hotmil.com
30-08-2011
 
سەدیق ڕەنجبەر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.