Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024

ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیرانمان …. سەرکاو

Closed
by June 30, 2013 گشتی

 

 

پەیوەندی ڕۆشنبیرانمان بە ژیانەوە  و بە بەرهەمەکانی بیری مرۆڤایەتییەوە

١

بە گشتی پەیوەست بە نووسینی بواری بیرمەندی، دوو جۆر نووسین هەیە؛ نووسینی بابەتی و نوسینی خۆیی. نموونەی ئەو نووسەرانەی کە خۆیی نووسیویانە؛ مۆنتێگنی، ژان ژاک ڕوسو، فرێدریک نیتچە، ئەنتۆنان ئارتو، گاستون باشلار.. تاد. نموونەی نووسەرانەی بابەتی نووسیویانە؛ ئێمانۆئێل کانت، ،ماکس ڤێبێر، کارل مارکس، هایدێگێر، بوردیو.. تاد. ئەم دوو جۆرەیش چڵ و پۆپی تریان لێدەبێتەوە.

مۆنتێگنی دەڵێ؛ من لە نووسیندا وێنەی خۆم دەکێشم.

ژان ژاک روسو ش دەڵێ؛ من دەمەوێت خۆمتان بە ئەوپەڕی ڕووتی و ڕاستی بخەمە بەرچاو، وەک چۆن هەم.

ئارتۆ دەڵێ؛ ئەمانە وشە نین کە لەمنەوە دێنەدەر، ئەمانە پارچە گۆشتی ناو جەرگ و هەناومن کە دەیانخەمە سەر پەڕە.

تایتڵی وتارەکانی نیتچە، هەموو بە وشەی من دەستپێدەکەن؛ “من بۆ ئەم کتبی وا جوان دەنووسم”، “من بۆ وا تیژبینم”، “من بۆ وا بیردەکەمەوە.”

نووسینی کەسی ـ خۆیی؛ جۆرێکە لە وێنەکێشانی خود، جۆرێکە لە بیۆگرافی خود؛ بەڵام خودێک بە هەموو ڕاستییەکانییەوە، خودێک بە هەموو لا و گۆشە و دیوە جیاجیاکانییەوە. خود وەک جەستە و وەک بیر و وەک هەست. خودی تەواو، بێ ئارایشت، بێ جلوبەرگ، بێ ڕۆشنبیری، بێ زانین، بێ دەسەڵات، بێ سەروەت و سامان… خود وەک ڕەسەن، وەک ڕەچەڵەک، وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتیش، وەک بەرهەمێکی (خۆماڵی)ش؛ بەبێ هیچ جۆرە پەردە و پەچە و دەمامکێک.

کانت لە “ڕەخنەی هیزری پوخت”دا دەڵێ؛ دەبێ سیستمێک بۆ مێتافیزیک (مەبەستی لە فەلسەفەیە) دابنێین، وەک چۆن فیزیا و ماتماتیک ئەم کارەیان بۆ خۆیان ئەنجامداوە؛ سیستمێکی بنەمایی جێگیر کە یاساکانی نەگۆڕبن.

دیکارت لە “دەربارەی مێتۆد”دا دەڵێ؛ من دەمویست بزانم چۆن بیر دەکەمەوە، سیستمی بیرکردنەوە ڕوون بکەمەوە.

هەموو کاری فێردیناند سۆسور و بونیادگەراکان دۆزینەوەی سیستمی زانستە مرۆییەکانە. هەر بۆیە “ستروکتوری زمان” وەک ئەو سیستمە دەبینن.

ئەم دوو جۆرە لە نووسین؛ یەکێکیان باس لە مرۆڤ و مرۆڤبوونمان دەکات، ئەویتریان باس لە جیهان و جیهانبینینمان دەکات. یەکێکیان لە زانستە مرۆییە ئەدەبییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ کۆمەڵناسی، دەروونناسی، مرۆڤناسی، تیرەناسی… ئەویتر لە زانستە توندە تەواوەکانەوە؛ فیزیا، ماتماتیک، ئەندازەناسی، تەندروستی، جیۆلۆجیا…تاد.

ئێمەی کورد ناتوانین نووسینی بابەتی ـ زانستیمان هەبێت، چونکە هیچ زانستێکمان نییە کە ببێتە بنەمای ئەم جۆرە نووسینە؛ واتە نە فیزیا، نە کیمیا، نە ماتماتیک، نە جیۆلۆجی، نە ئەندازەاسی… ئەوەی لە خوێندنگاکانماندا دەخوێنرێت زۆرتر چیرۆک یا ئەدەبی ئەم زانستانەیە. ئەم زانستانە بەبێ ئەزموونگا و بەبێ کارگا و کارخانە و پیشەسازی، تیۆری دەمێننەوە، واتە نیوەناچڵ، واتە باسکردن و گێڕانەوە نەک پیشەسازی و بەرهەمهێنان.

ئەوەی لەمڕۆدا دەتوانین هەمانبێت نووسینی کەسیی ـ خۆییە. بەڵام ئەم جۆرە نووسینە پێویستی بە بوێری و ڕاستگۆییێکی بێ ئەندازە هەیە. پێویستی بە ناسینێکی چڕوپڕی هەموو بوارە جیاجیاکانی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری و بیرمەندی هەیە. پێویستی بە ئەزموونی ژیان و بەرکەوتنی ژیان و ناسینی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕ و بەرکەوتنەکانی و ڕۆیشتوویی و ڕۆچوون هەیە لەناو کۆمەڵگای خۆت و کۆمەڵگای تر (بۆ بەراوردکاری). لە سەروو هەمووشییەوە پێویستی بە زمان هەیە؛ زمانێکی باڵا، زمانێکی دەوڵەمەند، زمانێک کە دەربڕین بێت لە ئەمڕۆ و لە مێژوو، لە هەمان کاتدا لە سرووشت. پێویستی بە پەیوەندیێکی فراوان و ڕۆچوو و پتەو هەیە بە مرۆڤەکان و کۆمەڵگاوە لە لایەک و، بە بیری مرۆڤایەتی لە لایەکی تر. ئەمانە لەڕێی چییەوە نووسەر و بیرمەند پێیان دەگات؟ لەڕێی چ (هۆکارێکی گەیاندن)ەوە دەگەنە نووسەر و بیرمەند؟

٢

ئێمە دەزانین کە ئەدیبە کلاسیکییەکانمان، مەبەستم ئەوانەی تا سەرەتای سەدەی بیست، خوێندکاری (حوجرە) بوون. دواتریش کاری مەلایەتی و هەندێکیشیان اجتهادات (نووسین لەسەر زانستی قورئانی)یان کردووە. واتە ئەمانە؛ یەکەم، پەروەردەیەکی تەواو ئاینییان بووە؛ دووەم، لە هیچ بوارێکی پیشەییدا کاریان نەکردووە. هەڵبەتە لەناو دەرچووانی حوجرەکاندا، کەسانێک هەبوون کە کاری قازیێتی و حاکمێتییان کردووە، یا ڕاوێژکاری والی و سوڵتان و ئاغا و دەرەبەگەکان بوون، بەڵام هیچ کامێکیان کارێکی پیشەیی یا لە بوارێکی زانستدا کاری نەکردووە.

ئەمە وای کردووە کە پەیوەندییان بە خەڵک و کۆمەڵگا و ژیانەوە، پەیوەندییێکی مێتافیزیکی دابڕاو بێت؛ پەیوەندیشیان بە بیر و زانستی مرۆڤایەتییەوە سنووردار بێت و تەنیا لە چوارچێوەی ئاینناسی (تیۆلۆژی) و زانستەکانی ئەدەبییەکانی قورئاندا دەرنەچێت (فقە و شەریعە و تفسیر و کلام و تجوید و بلاغة و …تاد).

نووسەر و ڕۆشنبیری ئەمڕۆمان دەرچووی حوجرەکان نییە، بەڵام لە هەمان پەیوەندیدا ماوەتەوە چ بە ژیانەوە و چ بە بیری مرۆڤایەتییەوە. چۆن؟

١. کەم لە نووسەر و ڕۆشنبیرانمان پیشەیەکی هەیە؛ هەندێکیشیان لە هەموو ژیانیاندا کاریان نەکردووە؛ ئەمەش وایکردووە کە بەر شتەکان نەکەون؛ کە لەجێی بیرکردنەوە ئەندێشە بکەن. چونکە بیرکردنەوە لەڕێی پیشەیەک یا زانستێکەوە درووست دەبێت. بیرکردنەوە واتە سیستێم، هیچ پیشە و زانستێک بەبێ سیستێم ناچێتە پێش. زانست بیر درووست دەکات، بیر بەبێ زانست ئەندێشەکردنە. ئەندێشەکردن و بیرکردنەوە هێند لەیەک دەچن ئێمە تێکەڵیان دەکەین. بیر ئامانجێکی تایبەتی هەیە کە بەرهەمهێنانە، کە وڵاتێک هیچ بەرهەمێکی نەبوو، واتە بیری تێدا ناکرێتەوە. ئەدەب دەکرێت بەرهەمی ئەندێشەبێت، بەرهەمی هەستەکانمان بێت، بەڵام هیچ زانستێک بەبێ بیر بەرهەم نادێت، هیچ بیرێکیش بەبێ بەرهەمی زانستی بیر نییە. لەڕێی پیشەیێک یا چالاکییێکی کۆمەڵایەتییەوە تۆ کۆمەڵگا دەناسیت و مرۆڤ و سیستم و ڕەوشت و جۆری ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان دەناسیت؛ نەک لەڕێی هەستەکانەوە؛ بینین بیستن، تامکردن، بۆنکردن. پێنج سەدساڵ پێش ئێستە بیرمەندان ناسینی جیهان لەڕێی هەستەکانەوە بە گومڕاکار و چەواشەکار و شێوێنراو باس دەکەن. ئەوە ناسین نییە، ئەوە ئەندێشە و هەستە، دوورە لە بیر و زانستەوە.

٢. کەم لە نووسەر و ڕۆشنبیرانمان بەدەر لە زمانی کوردی، ئەوپەڕی عەرەبی و فارسی، یا ئینگلیزیێک و فەڕەنسییێکی نیوەناچڵ، زمانێک، بە واتای زانین، دەزانن؛ کە زمانی سەرەکی خۆڕۆشنبیرکردنیان بێت و لەڕێیەوە بیری مرۆڤایەتییان ڕاستەوخۆ و بەبێ وەرگێڕان و دەستکاری پێ بگات. واتە ئەو زمانە سەرەکییەی کە لەڕێیەوە بیر و کولتوور و زانستی مرۆڤایەتییان پێ دەگات، زمانێک نییە توانای گواستنەوەی ئەمانەی هەبێت. وەک ئەوەیە بتەوێت هەزاران تۆن بە پشتی گوێدرێژێک بگوێزیتەوە؛ هەندێ زمان لە ئاستی گوێدرێژدان، هۆیەکی هاتوچۆی زۆر سەرەتایین.

بە بۆچوونی من، کێشەی هەرە گەورەی نووسەر و ڕۆشنبیرانمان ئەوەیە کە پردێکی ڕاستەقینەی پەیوەندییان لەگەڵ ژیاندا نییە. واتە پەیوەندییان بە ژیانەوە تەنیا ئەندێشەکردن و بیستن و بینینە، نەک بەرکەوتنی ڕاستەخۆ. بۆیە بەرهەمەکانیان هێندەی لەسەر هەستەکانەوە بەدیهاتوون، هێندە لەسەر بیر و هیزر و هۆشمەندی و زانین و زانست بەدی نەهاتوون.

گەر چاوێک بە ژیانی نووسەر و ڕۆشنبیرانی جیهاندا بخشێنین، بەتایبەت ئەوانەی کە کاریگەرییان هەبوو و داهێنانی گەورەیان کردووە، نابینین کەسێکیان بێکار و بێ پیشە و بێ زانست و زانینێکی تۆکمە و ڕۆچوو بووبێت. نومە:

سۆکرات، ، کە بە یەکەم فەیلەسوف دادەنرێت، کوڕی پیشەسازێک بووە و لە خێزانێکی سنعەتکاردا گەورە بووە. وەک ئەفلاتۆن دەریدەخات بۆمان، گرنگیێکی زۆری بە پەروەردەی لەش و هەستەکان داوە. خۆی سەربازێکی زیرەک و ئازا بووە. زۆر لە چەکەکانی ناسیوە و زانیویەتی بەکاریان بێنێت. زۆر لە وەرزش و یارییەکانی زانیوە و کردوونی. تەنانەت سێکسکردنیشی وەک چالاکیێک داناوە کە هەستەکان و بیری مرۆڤەکان گەشە پێدەدات.

ئەفلاتۆن سەرەتا تراژێدیانووس بووە، کە چووەتە قوتابخانەی پێتاگۆرییەکان لە سیسیل، هەموو زانستەکانی ئەوکاتەی خوێندووە؛ ئەندازە، ماتماتیک، ئەستێرەناسی…

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، زانستی مرۆڤایەتی لە پاشەکشێدایە، بۆیە پێیان دەوترێت سەدە تاریکەکان. زانا و ڕۆشنبیران (پلوتارک، سێنێک، تاسیت، ڤیرژیل…) هێندەی ڕاوێژکار و کوێخای دەسەڵاتداران بوون، هێند خەریکی کاری پیشەیی و زانستی نەبوون.

لە کۆتایی چاخی ناوەڕاست و سەرەتای ژیانەوەی ئیتالییەوە، زانایان بەدەر لە زانستە تیۆرییەکان، زانستە تەواوەکانیشیان خوێندووە. (زانستە تەواوەکان مەبەستم فیزیا و بیرکاری و ئەندازەناسی و کیمیا و ئەلجەبر…). بەدەر لە زمانەکەی خۆیان دەبوو لاتینی و یۆنانی بزانن. چونکە هەموو بیری مرۆڤایەتی بەو دوو زمانە نووسرابووەوە. خوێندنی زۆرەملێی لاتینی و یۆنانی تا سەرەتای سەدەی بیست لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەورووپادا برەوی بووە. (هەڵبەتە بۆ ئەوانەی کە دەیانویست ببنە زانا یا پیشەیەکی گرنگی دەوڵەتی بەدەستبێنن).

مۆنتێگنی سیاسەتمەدار بوو، سەفیر بوو. بەهۆی کارەکەیەوە لە ئیتالیا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا زۆر ژیابوو. شارەوانی شاری (بۆردو) بوو؛ کە سارێکی گرنگی فەرەنسایە. بەدەر لە فەڕەنسی و ئیتالی، یۆنانی و لاتینی تەواو دەزانی.

دیکارت بە هەمان شێوە. مامۆستای فەلسەفەبوو لە کۆشکی شاکانی هۆڵەندا. فیزیا و کیمیا و ئەستێرەناسی خوێندبوو. لاتینی و یۆنانی وەک فەڕەنسی دەزانی.

ژان ژاک ڕوسۆ وەرگێڕانی لاتینی هەیە. یۆنانی و ئیتالی و ئینگلیزی دەزانی. کشتوکاڵ و گوڵناسی دەزانی و کتێبێکی لەوبارەوە هەیە. مۆزیک دانەر بوو، دوو سەنفۆنیای گرنگ و دوو کتێبی گرنگی هەیە لەسەر مۆزیک. کاری ئیداریشی زۆر کردووە و مامۆستایێتیشی کردووە.

چێخۆڤ دکتۆر بوو.. گۆرکی و مارکس هەموو پیشەیەکیان کردووە لە ژیانیاندا، مارکس فەڕەنسی و ئینگلیزی وەک ئەڵمانییەکەی دەزانی. ستاندال نزیکەی بیست ساڵ سەرباز بوو. یەکەم ڕۆمانی لە ٣٨ ساڵیدا نووسی. پیێر کۆرنێی پارێزەر بوو. فێردیناند سێلین پزیشک بوو. سێرڤانتێس ساڵانێکی زۆر سەرباز بوو؛ ئەوەبوو لە شەڕی تورکەکاندا بەدیل گیرا و وەک کۆیلە فرۆشرا. ئەلبێر کامۆ یاریکەری فوتبۆڵ بوو؛ فوتبوۆڵ بە یاری کۆمەڵ دەناسرێت. هیچ وەرزشێک وەک فتبۆڵ مرۆڤ بە کۆمەڵگا و بە پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵ و تاکەکان لەنێوان خۆیاندا و سیستمی پێکەوە ژیان و ئامانجی هاوبەش و ستراتیژ و کەسایەتی سەربەخۆ ناناسێنێت، دواتر کاری جۆراوجۆریشی کردووە…تاد.

واتە نووسەرانی ڕۆژئاوا، لە ئاڵوگۆڕ و بەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆ و بەهێزدا بوون لەگەڵ ژیان و خەڵکدا. بۆیە بەرهەمەکانیان کاریگەری ڕاستەخۆی هەیە بۆ سەر ژیان و خەڵک. ئەوانەی ئێمە ژیان بە لەشیاندا تێنەپەڕیوە.. لە دوورەوە و لە دەرەوە ژیان و کۆمەڵگا و مرۆڤەکان دەبینن، لە ئاڵوگۆڕ و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆدا نین لەگەڵ ئەمانەدا. بەبێ پیشە، چالاکی کۆمەڵایەتی، زانستێکی تەواو، زمانێکی باڵا، ئەستەمە بیر بەرهەم بێنیت. ئەوەی تۆ درووست دەکات و بەرهەم دەهێنێت بۆیە ئەوەی تۆ درووستی دەکەیت و بەرهەمی دەهێنیت؛ ئەندێشە و خەیاڵ و وشەسازی و یاریکردن بە مێشکی خۆت و خوێنەرتە، واتە زبڵ و گەندوگووە و هیچی تر؛ با بە شێوەش لە بیر و هونەر و ئەدەب و زانست بچێت، با گەورەترین بەهرەی لاساییکاری و لاساییکردەوەیشی تێدا بێت. (درێژەی هەیە)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.