Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕۆژنامەگەری کوردی لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

ڕۆژنامەگەری کوردی لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

Closed

 

 

 

 

 

هەموو گەلی کورد قەرزارباری ماڵباتی قارەمانی بەدرخانن، ئەویش لەبەر دوو هۆ : یەکەمیان لەبەرئەوەی لەخەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد دژ بە داگیرکەران، ڕۆڵێکی مەزنیان گێڕاوە، هەروەها لە ڕووی بڵاوبوونەوەی بیری ناسیۆنالیزمی کوردیش ، دەستێکی باڵایان هەبووە. دووەمیان: بڕوای من گریگنترە، ڕۆڵێکی ئێجگار مەزنیان لەبواری کلتووریدا گێراوە، بەتایبەتی ئەوان بوون کوردیان فێری ڕۆژنامەگەری کرد. ئەمڕۆ یادی 115 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی دەکرێتەوە، بەدڵنییایەوە رۆژنامەگەری کوردی  پێش 115 ساڵ زۆر جیاوازتربووە تاوەکو ئەمڕۆ . ئەو کێشانەی کە تاکی کورد ئەمڕۆ پێوەی دەناڵێنێت ، زۆر جیاوازترە لەهی 115 ساڵ لەمەو پێش. ڕۆژنامە لە ساڵانی پێشوودا بەتایبەتی لە قۆناغی ڕزگاریخوازیدا، ڕۆڵێکی باش و گرینگی گێڕاوە. لێ کێشەی ڕۆژنامەی کوردی لەپاش ڕاپەڕین و رزگاربوون لە دەستی داگیرکەر دەستپێدەکات. لەبەرئەوەی ڕۆژنامە تەقلیدییەکان ، زیاتر هەر لەسەر ڕیتمی کۆن کاریان دەکرد و زیاتر لە خزمەتی حیزبەکانی خۆیاندا بوون نەک تاکی کورد. لەبەرئەوە نەیانتوانی پێشبکەون و خزمەتی گەلی کورد بکەن. ئەمڕۆ تاکی کورد ، پێویستی بەوەیە ، کە میدیاکان لە ڕووی سیاسیی و ئابووریی و یاساییەوە ، ماڤەکانی خۆی پێ بڵێت و، گەندەڵی و ناعەدالەتییەکانی دەسەڵاتی بۆ دەربخات . هەموو ئەمانەش هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی لەدایک بێت. دیارە هاوڵاتی هەر لەیەکەم ڕۆژی دەرچوونیەوە، کاری ئەوەبووە بەشێوەیەکی نوێ خزمەتی جەماوەر بکات. کەشفکردنی گەندەڵییەکان، ناعەدالەتییەکان، تاوانەکان، کاری سەرەکی ئەم رۆژنامەیە بوون. هەرچەندە چەندینجاریش لەڕووی یاسایی و سیاسییشەوە گرفت و ڕێگرییان بۆ دروستکردووە، لێ توانیویەتی لەکارەکانی خۆی بەردەوام بێت. بەدڵنییایەوە هاوڵاتیش بێ کەمووکورتی نەبووە، هەموو کارەکانی تەواوکامڵ نەبووە، چونکە هیچ شتێک لە ژیاندا تەواو کامڵ نییە. ڕاستە رۆژنامەنووسی کورد لەسەردەمی داگیرکەراندا، دەسەڵاتی داگیرکەران گەورەترین ڕێگر و دوژمنی رۆژنامەگەری کوردی بوون، بەڵام لە پاش ڕاپەرینەوە ، دەسەڵاتی  کوردیش ڕێگری زۆری بۆ ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و ئەهلییەکان دروستکردووە. هەتاوەکو ئەمڕۆش ، رۆژنامەی ئەهلی کێشەی ” نەگەیشتن بە سەرچاوە، ئامادەنەبوونی بەرپرسەکانی وڵات ، بۆ ئەوەی لێدوان لەبارەی کێشەکانەو ەبۆ بددەن ،کێشەی دارایی ،،هتد) . بەڵام بە بڕوای من گەورەترین کێشە کە ڕووبەڕوی رۆژنامەگەری کوردی بەگشتی و ئەهلی و سەربەخۆ بەتایبەتی دەبێتەوە، کۆچکردن و تۆرانی خوێنەری کوردە لە رۆژنامەکان. ئەمڕۆ زۆربەی ڕۆژنامەکان هەموویان بێ جیاوازی تووشی قەیرانی کەمی فرۆشی رۆژنامەکە و نەمانی خوێنەر بوون. دیارە هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ تەکنەلۆژیای مۆدێرن بەتایبەتی ئینتەرنێت. ئەمڕۆ تاکی کورد ئامادەیە  مانگانە 40 تا 50 دۆلار بداتە ئینتەرنێت ، ئامادەیە شەو تابەیانی خەریکی چاتکردن و فەیسبووک بێت، بەڵام ئامادەنییە هەزار دینار بداتە رۆژنامەیەک، ئامادەنییە ڕۆژانە نیو سەعات لەکاتی خۆی بۆ خوێندنەوەی ڕۆژنامەیەک دابنێت. بە  بڕوای من ئەرکی گرینگی رۆژنامەگەری کوردی لەم قۆناغەدا بریتییە لەوەی ، کە خوێنەر بۆ رۆژنامەکان بگەڕێنێتەوە. ئەمڕۆ جیهان خۆی لەبەردەم پرۆسەیەکی ئێجگار ترسناکدا دەبینێتەوە، من ناوی دەنێم ( پرۆسەی دەبەنگکردنی  مرۆڤ) . کە ئینتەرنێت و تیڤییەکان ڕۆڵێکی ئێجگار ترسناک لەم پرۆسەیەدا دەبینن. ئەمرۆ مرۆڤ وایلێهاتووە هیچ خۆی بیرناکاتەوە، هەموو عەقڵ و ژیانی خۆی تەسلیمی دوو ئامێر کردووە.( کۆمپیوتەر،تیڤی) ئەمەش خۆی لەخۆیدا ترسێکی گەورەیە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی، چونکە بەگشتی کۆمەڵگاکان بەرەو بەئامێربوون  دەچن و زۆر ئاسانە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری کۆنترۆڵی کۆمەڵگاکان بکات. جێگەی گوتنە هەردوو فەیلەسووف (ئەدورنۆ و هۆرهایمەر) پێش سەد ساڵ لەمەوپێش ئەم ترسەیان هەبوو، ئەویش لە کۆنترٶلکردنی مرۆڤ لەلایەن تەکنەلۆژیاوە. بە بڕوای من  ئەمڕۆ پێویستە  کاری سەرەکی  رۆژنامەی ئەهلی ئەوەبێت ، کە جارێکی تر خەڵکی فێری خوێندنەوەی رۆژنامەو کتێب بکات . 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.