Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم شەڕی نێوان شیعەو سووننەدا..

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم شەڕی نێوان شیعەو سووننەدا..

Closed
by January 22, 2012 گشتی

ئەگەر بۆ دیرۆکی یەک سەدەی ڕابردووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێینەوە، بەچەندان قۆناغ لە ململانێی نێوان هێزەکان، کە هەمیشە بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا دابەشبوون، تێدەپەڕین: چەپ و ڕاست، مەزهەبی و سکولار، نەتەوەپەرست و نێوەنەتەوەیی، تووندڕەوو میانەڕەو… ئێستاش ڕووبەڕووی ململانێیەکی تر دەبینەوە کە باڵی خۆی بەسەر تەواوی ململانێکانی تردا دەکێشێت و وا پێدەچێ لە چەند دەهەی داهاتوودا ببێتە مایەی بێنەوبەرەو تەنانەت شەڕو پێکدادانی خوێناوی. ئەویش کێشەی نێوان شیعەو سوننەیە.
ئەم ململانێیە کە تازە بەرەبەرە خۆی دەردەخات، لە نموونەی کێشەکانی ناو عیراق، سووریا، یەمەن، بەحرەین، لەمێژیشە لە لوبناندا بە ئاشکرا دەبینرێت. و لەمە بەولاوەتریش سنوورەکان دەربازدەکات و تا دەگاتە پاکستان و ئەفغانستان و وڵاتانی باکووری ئەفەریقا..
گەرچی هەموو شیعە، و هەروا سووننەش سەر بەیەک مەرجەع و ئۆتۆریتەی مەزهەبی نین، بەڵام لە نێوان ئەم دوو بەرەیەدا بەئاشکرا ڕۆڵی دوو نێوەند دەبینرێت، کە یەکێکیان ئێران، و ئەوی تریشیان عەرەبستانی سعودی و تورکیایە.
کێشەو ململانێی نێوان شیعەو سووننە لەم قۆناغەیدا کە هێشتا سەرەتایەتی وەها بە ئاشکرا خۆی دەنوێنێت، کە سووننە خەریکە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل وەک دوژمنی سەرەکی لەبیر دەباتەوەو جێگاکەی بە ئێران دەگۆڕێتەوە. ئەوەتا ئیسرائیل ڕۆژانە پۆل پۆل عەرەبی فەلەستین لەجێگاو ڕێگای خۆیان لە قودس و شوێنەکانی تر وەدەر دەنێت و بێ یەک لەحزەش ڕاوەستان، شارو شارۆچکە لەسەرزەوی فەلەستینییەکان بنیاد دەنێت.. کەچی ئەمە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبییەوە وەک هەواڵی سێهەم و چوارەمیش گرنگیی پێ نادرێت.
شاراوە نییە عەرەبستانی سعودی (وەک لە بەڵگەنامەکانی ویکیلیکسدا هاتبوو) ، چەندان جار بە شێوازێکی فەرمی داوای لە ئەمەریکا کردووە، پێکەوە کارێک بکەن پێش بە هەڵکشانی مەترسی و زیادەڕەوییەکانی ئێران بگرن و تورکیاش کە لە لایەکەوە قەڵغانی مووشەکی لەوڵاتەکەی خۆیەوە دژ بە ئێران جێگیرکردووە، و لە لایەکی تریشەوە وەک ڕێبەرایەتی ئیسلامی مۆدێرن، شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی بە ئاقارێکدا دەبات کە لەقە لەبەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران بدات. و بەگشتی بەرنامەو پلانی ئابڵووقەدانی ئێران هەر ڕۆژ تووندوتۆڵتر دەەبێت و هەرچی زۆرتر کار بۆ ڕکێفکردنی تواناکانی بەڕێوەدەچێت.
لەولاشەوە ئێران بە غرورێکی یەکجار زۆرەوە، هەر ڕۆژ جبەخانەی سەربازی خۆی پڕچەکتر دەکات و سنووری دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە بەرفرەتر دەکاتەوەو گەرچی بەلای ئەوانەوە عەلەوییەکانی سووریاو یەزدییەکانی یەمەن شیعەی ساختەن، بەڵام وادیارە بۆ ئەم قۆناغە هیچ نەبێت دەتوانرێ سوودیان لێ وەربگیرێت و سووننەیان پێ تەنگەتاو بکرێت.
شیعە لەدیرۆکی خۆیدا وەک ئێستا بەهێزنەبووەو وادیارە خۆلە هەموو مەحاڵێکیش دەدات بۆ ئەوەی ئەم هێزە بپارێزێت، واش پێ دەچێت باشترین کارێک بەلای ئەوانەوە خۆپڕچەککردن و هەڕەشەو هێرشی هەمەلایەنەی ساردو ئەگەر پێویست بوو بۆ گەرمیش ئامادەن.
ئێران بێ ڕاوەستان جەماوەری بەرفراوانی شیعە بەئەفسانەی ئیمام زەمان مەست و سەرخۆش و ئامادەی شەڕوشەهادەت و ڕۆیشتن بۆ بەهەشت دەکات. و گەرچی وای نیشاندەدات کە گشت ئامادەکارییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئیحتیمالی ئیسرائیل و ڕۆژئاوایە. بەڵام وڵاتانی عەرەبی سووننە پێیانوایە ئەمە لەژێر هەرناوێک و نیازەکانی ئێستا هەرچییەک بن ڕۆژگارێکی نەهێندە دوور دێت کە دژی ئەوان بەکاردێت، و پەیامەکانی شیعە بەسەرکردایەتی ئێران سنوری خۆپاراستن تێدەپەڕێنێت و دەبێ ئەوان هەمیشە لە ژێر سێبەری مەترسی ڕوودانی شەڕو هێرشکردنەسەریاندا بژین. جگە لەمەش تورکیاو عەرەبستانی سعودی، تەحەمولی ڕکەبەرێکی تریان پێناکرێت کە بانگاشەی ڕێبەرایەتیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلام بکات.
پرسیارێکی زۆر گرنگ لەپەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا ئەمەیە، کە ئایا کێشەو ململانێی نێوان شیعەو سوننە هەبوونێکی واقیعی هەیە یان سەرلەبەر ساختەیەو پڕۆژەو پلانی تری سیاسیی پێ دەشاردرێتەوە..؟
بەبڕوای من بەشێک لە کێشەو ململانێی نێوان ئەم دوو گروپە مەزهەبییەی سەر بە ئاینی ئیسلام هەبوونێکی واقیعی و ڕیشەیەکی دیرۆکیی هەیە، و لەڕووی فیقهییەوە ئەم دووانە تەنانەت یەکتری بە موسوڵمان نازانن، چونکە سووکایەتی بە موقەدەساتی یەکتر دەکەن، هەر یەکەشیان بانگاشەی شایستەیی حوکم و دەسەڵاتدارێتی بۆخۆی و بێبەریکردنی ئەوی تر دەکات. بەشێکی تریشی بریتییە لە ململانێیەکی سیاسیی ئاسایی کە هەر گروپ و پارت و ڕێکخراوێک لە پێناو بەدەستخستنی دەسەڵاتدا دەیکات. بەڵام ئەوەی کە ئەم کێشەیە قۆڵترو ئاڵۆزتر دەکات ڕەهەندی دەستێوەردانێکی بەرفراوانی بەنەخشەوپلانی دەرەکییە.
پارادۆکسی هەرەگەورە لەم ململانێیەدا ئەوەیە کە عەرەبی سووننە بەخۆی بزانێت یان نا، نەک هەر لە هاوپەیمانێتییەکی ڕانەگەیەنراودایە کە ئەمەریکاو ئیسرائیلیش لەوێدا جێدەگرن، بەڵکو ئەم دووانە لەنزیکەوە جڵەوی کارەکەشیان لەدەستدایەو یارییەکە بەڕێوەدەبەن.
لەم ناوەدا لەپێشیانەوە ئیسرائیل و ئەمەریکا، کە مەترسی ئێران زۆر بەهەند دەگرن، دەڵێی ئەمەیان لەسەر سینییەکی زێڕ لەئاسمانەوە بەخەڵات بۆ هاتۆتە خوارێ. چونکە ئەوان لەسەرێکەە دەتوانن بەباشی جڵەوی ڕووداو و کێشەکان بەدەستەوە بگرن، لەلایەکی تریشەوە پێشبڕکێیەکی خۆپڕچەککردن بهێننە کایەوە کە لایەنێکی ئێرانە. ئەمەش دەبێتە هۆی تێچوونێکی زۆری پارە بەتایبەتی بۆ وڵاتێکی ئابڵووقەدراوی ئابووریی وەک ئێران، کە لە ئاکامدا بەرەو ئیفلاسی دەبات و ئەمەش ئەو سیناریۆیەمان بیر دەخاتەوە کە لەسەردەمی شەڕی ساردا دژی یەکیەتی سۆڤیەت پەیڕەودەکرا. لایەنەکەی تری ئەم پێشبڕکێیەش عەرەبستانی سعودی و وڵاتانی تری کەنداون کە دیسان ئەمەریکاو ڕۆژئاوا قازانجی ئەو چەکانە دەچێتە خەزێنەیانەوە، کە بەوانی دەفرۆشن. لەمەش گرنگتر، ئەو شەڕەی کە لەڕابردوودا چاوەڕوان دەکرا لە نێوان ئیسرائیل و ئێران یان بەگشتی ڕۆژئاواو ئێراندا ڕووبدات، ئیتر ڕوونادات. ئیتر پێویست نییە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ڕێگای موغامەرەی شەڕێکی وێرانکەر کە پێشبینی ئاکاکامەکانی ناکرێت بگرنە بەرو هەروا پێویست نییە هیچ پارەیەکیش لەخەزێنەی ئەوان بچێتە دەرەوەو خوێنی سەربازەکانی ئەوان بڕژێت. گرنگیش نییە داخوا ئێران بەڕاستی بۆمبی ئەتۆمی دروست دەکات یان نا. و عەرەبی سووننە بەوەکالەتێکی خۆڕایی ئەم کارە ناپیرۆزە وەئەستۆدەگرێت و ئەو شەڕە ساردو گەرمە دەکات کە هی ئەو نییە، هیچ ئاکامێکیشی دەست ناکەوێت و تادێت زۆرتر پارەو سامان بە فیڕۆ دەڕوات و هەژاری و بێکاری پتر دەبێت و جۆگەلەی خوێنیش لە ڕۆیشتن ناوەستێت.
ئەوەتا لە پەراوێزی ئەم ململانێێەی نێوان شیعەو سووننەدا، وا خەریکە ڕۆژئاوای چارەگران، ڕووی ناشیرینی خۆی لە بەر چاوی موسوڵمانانی جیهان ئارایشت دەکاتەوە. لەمەبەولاوەتریش واخەریکە گفتوگۆی چڕوپڕ لەگەڵ ڕێکخراوی تێرۆریستی تالیبان بە ئاشکرا بەڕێەدەچێت و ڕووداوی میزپێداکردنی سەربازانی ئەمەریکا بە کوژراوانی تالیباندا لێڵی نەکردو ڕەوتی گفتوگۆکانی نەگۆڕی و سووننەی عێراقیش کە نێوەندی خەبات و جیهادیان، دەرکردن و شەڕکردن لەگەڵ ئەمەریکابوو، وا ئەمڕۆ لەبەرانبەر پەلاماری بێ ئەمانی شیعەو ئێران خۆ لە پاڵ ئەمەریکادا دەبیننەوە.
هەروا ئاکامی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی کە بەبەرژەوەندی ڕێکخراوەکانی ناسراو بە (ئیخوان المسلمین) شکاوەتەوە، نەک هەر پێگەی ڕۆژئاوای لە ناوچەکەدا لەق نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکان، بەهێزتری کردو ئەمڕۆ لە وڵاتانی وەک تونس، میسر، لیبیا، سوریا… ڕۆژئاوا لەدوژمنەوە بۆتە هاوپەیمان و پشت و پەنا. بەڵام لە وڵاتەکانی وەک بەحرەین و یەمەن کە هەست بەسێبەری ئێران لەم دوو وڵاتەدا دەکرێت، هەڵوێستی ڕۆژئاوا پێچەوانەیە.
لێرەدا گەرچی لە ڕاپەڕینی عەفەویانەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شیعەو سووننەوە، گومانێک لەشکۆمەندی و ڕەواییدا نییە، بەڵام لە ژێر سێبەری کێشە مەزهەبییەکاندا، ئەو ئامانجانەی خوێنی لە پێناودا دوڕژێت، یان نیوەچڵانەو یانیش هەر هەمووی لەدەست دەچن.
گرفتی گەلان پرسی ئازادی و ئابڕوومەندی و نان و دیموکراسیی و بەدەستخستنەوەی کەسایەتییەکەیەتی وەک مرۆڤ، کە ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسی شیعەبوون، و سووننەبوونەوە نییە. و شیعەو سووننە وەک دوولایەنی گەورەی مەزهەبی هیچ پرۆژەیەکییان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی سەرەوە نییەو کێشەیەکی ئایدیۆلۆژی هەزاروچواردساڵە زیندوو دەکەنەوە، کە ناوچەکە لە گۆمی خوێنەوە دەکاتە دەریای خوێن.
ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەوڕاستی لە دواکەوتوویی و بەختڕەشیدا تا ئەمڕۆ هێشتۆتەوە، بە پلەی یەکەم هەمان پرسی مەزهەبگەراییە کە مۆمی زانست و عەقڵگەرایی تیایدا داناگیرسێت. و ئەم ململانێێەش، بەهارێک بەرهەم دێنێت کە تەنیا درەختی جەهالەت و خورافات تیایدا شین دەبێت.
ڕۆژان و ساڵانی داهاتوو، شاهیدی گەلێک ڕووداوی گرنگ دەبین، ڕەنگە لەواقیعدا هیچ پەیوەندییەکیان بەمەزهەبەوە نەبێت بەڵام لەژێر بەرماڵ و بەڕەی مزگەوتەکاندا دەشاردرێنەوە.
لێرەدا پرسی هەرەگرنگ و کۆتایی بۆ ئێمەی کورد ئەمەیە، کە چۆن مامەڵەیەک لەگەڵ ئەم هەلومەرجەدا بکەین.؟ ئایا بەڕاست کورد لەو هاوکێشانەدا بەژمارە حساب دەکرێت.؟ ئایا ڕێبەرایەتی سیاسی کورد هیچ پڕۆژەو پلان و نەخشیەکی بۆ داهاتوو هەیە کەلەئاستی ئەگەرەکاندا بێت.؟ ئایا خەڵکی کورد هیچ ڕۆڵێکی لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا دەبێت، یان وەک هەمیشە لە نێوان چەند سەرکردەی سیاسی و لەژوورێکی داخراودا دەردەچن..؟

   دارا مەحمود
     darachimen@hotmail.com

٢٢/١/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.